242998834_1328769544246110_6206985333680327326_n.jpg

لەبارەى کۆی کارەکانی جوبران خەلیل جوبران

دکتۆر فەرهاد شاکەلی

جبران خەلیل جبران [یا جوبران/جەبران]م کاتێک ناسی کە هێشتا لە پۆلەکانی ناوەندیدا دەمخوێند. زۆر جاری تریش ئەمەم باس کردووە. پێم وایە کاک لەتیف هەڵمەتی هاوڕێیشم زۆر جاری باس کردووە.

 

کتێبخانەی گشتیی کفری زۆر دەوڵەمەند بوو. ئێمەیش لەو تەمەنەدا سەرمان تێ کردبوو، هەموو شتێکمان دەخوێندەوە. نازانم چۆن بوو کە ئەدەبی تاراوگە [أدب المهجر]مان ناسی؟ ئەو ئەدەبەی نووسەرە لوبنانییە کۆچکردووەکان بۆ ئەمەریکای باکوور و ئەمەریکای باشوور نووسیبوویان: جبران و ئیلیا ئەبوو مازی و میخائیل نوعەیمە و زۆری تریش.

 

لەناو هەموویاندا، من زیاتر جەبرانم خۆش دەویست. نووسینەکانی تەنیا ئەوە نەبوو بیانخوێنیتەوە، دەبوو بیانکەیتە گۆرانی. کە بە عەرەبییش دەمنووسی هەوڵم دەدا ئەو شێوازە ڕۆمانتیکییەی جوبران بە کار ببەم.

 

لەو ساڵانەدا بەشێکی باشی کتێبەکانیم خوێندەوە. ئێستا کە کاک ئازاد بەرزنجی ئەو کارە گەورەیەی ئەنجام داوە و هەموو بەرهەمەکانی جەبرانی کردوونە کوردی، بە ڕاستی هیی ئەوەیە دەستخۆشییەکی گەورەی لێ بکرێت.

 

ئەمە تەنیا وەرگێڕان نییە، بەڵکە داهێنانیشە. داهێنانێکە دەکرێ بە تەنیشت داهێنانەکانی جەبرانەوە دابنرێن و بگوترێ کوردیش نووسینی وای هەیە.

 

پیرۆزە لە وشەی کوردی، لە زمانی کوردی، لە کتێبخانەی کوردی، بەڵام پێش ئەوانیش لە کاک ئازاد بەرزنجی. پیرۆزە لەو گەنج و ڕەواڵە کوردانەی لەسەرەتای خوێندنەوە و ژیانی ئەدەبیدان.

چەندە خۆشبەختن ئەوان کە ئەمڕۆ جەبران بە کوردی دەخوێننەوە.


ئەم بابەتە 113 جار خوێندراوەتەوە