243121820_409679424232777_6229065852726686521_n.jpg

ئایا دەکرێت لەدوای کارەسات شیعر بهۆنینەوە؟

 

بۆ ئەو گیانبەختکراوانەی لە ئەنفالی کوردستاندا چاویان بڕییە چاوی گۆڕهەڵکەن

 (پاش شەڕ، مردووەکان یەک پرسیاریان لە هەموو ڕزگاربووەکان دەکرد: ئایا دەتوانن چیرۆکی ئێمە بگێڕنەوە؟ ئێمە ئێستا وەڵامەکەی دەزانین: نا. ئێمە چیرۆکی ئەوانەمان بۆ ناگێڕدرێتەوە و هەرگیزیش ئەم کارەمان پێ ناکرێت. ئەوانەی قسەیان کرد، قسەکانیان نەبیسترا؛ ئەو چیرۆکەی ئێوە بیستتان، ئەو چیرۆکە نەبوو وا ئەوان وتیان). ئێلی ویسێل

 سڵاڤۆی ژیژەک لە پێشەکی کتێبی (تووندوتیژی، شەش ڕوانینی ژێرچاوی) لە زمان (فاین ئیشتاین)ەوە بیرەوەرییەکی جێی سەرنج لە شاعیری سەردەمی ستالین، (ئانا ئاخماتۆڤا) دەگێڕێتەوە: «ئانا ئاخماتۆڤا لە بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە ئەو کاتەی لەوپەڕی یەکلاکردنەوەکانی ستالین، لە ڕیزێکی درێژدا لەبەردەم زیندانی لینینگراد چاوەڕێ بووە هەواڵی کوڕەکەی -واتە "لێف"- بزانێ چی بەسەر هاتووە: ڕۆژێک کەسێک لەناو ئاپۆرەی خەڵکەکەدا منی ناسییەوە. لە پشت سەرم ژنێکی گەنج کە لە سەرمان لێوی شین هەڵگەڕابوو و بەدڵنیاییەوە هەرگیز منی بە نێو نەدەناسی (ڕاوەستابوو). ئەو پاش بیستنی ناوم لەو سستییەی کە هەموانی داگرتبوو هاتە دەر و بە ورتە پرسی-لەوێ هەمووان بە ورتە قسەیان دەکرد- (ئایا دەتوانی ئەم دۆخە وەسف بکەی؟) من وەڵامم دایەوە (بەڵێ دەتوانم). لێرەدا بوو کە بزەیەکی بێگیان و تیژتێپەڕ نیشتە سەر ڕووخساری، ڕووخسارێک کە ئیتر شێوەی مرۆڤی نەدەدا.»(ژیژک،١٣٩٧:١٣-١٤). ئەم بیرەوەرییە -هاوشێوەی خودی ژیژەک- ئێمە بەرەو ڕستە بەناوبانگەکەی (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) سەبارەت بە «شیعر و کارەسات» دەبا: «هۆنینەوەی شیعر لەدوای ئاشۆویتس دوورە لە شارستانیەت و فەرهەنگ». ڕستەیەک کە ساڵی (١٩٥١) لە وتارێکدا نووسرا و تەوەرەکەی ڕەخنەی فەرهەنگ و کۆمەڵ بوو و تا ئەمڕۆکەش بە گوتەی مایکڵ هانبورگێر «سەبارەت بە نەبوونی دەرەتان بۆ نووسینی شیعرە لیریکەکانی پاش ئاشۆویتس کتێب و وتار‌گەلێکی زۆر نووسراوە، چ بگا بە هۆنینەوەی شیعر سەبارەت بەو»(اباژری و دیگران،1372:٢٤٦). (هێربێرت مارکوزە)ش لە یادداشتێکدا بە ناوی: «شیعری لیریک لەپاش ئاشۆویتس»، جارێکی تر ناوەرۆکی ئەم ڕستەیەی ئادۆرنۆ، لە ئاستی پرسیارێکی بنەمایی بۆ نووسراوەکانی خۆی گەڵاڵە دەکات. بە بڕوای مارکوزە دەکرێ لەدوای ئاشۆویتس شیعر بهۆنرێتەوە، بەڵام بە مەرجێک: «[...] ئەگەر شیعر، لە چوارچێوەی نامۆبوونێکی ئاشتینەخوازانەدا، ئەو سامناکییەی کە هەبوو و بەردوام بوونی هەیە، سەرلەنوێ ئاراستە بکاتەوە»(مارکوزە،بی‌تا). ئەو لە درێژەدا کێشەکە زۆرتر لە نووسینی (پەخشان)دا دەبینێ هەتا نووسینی شیعر، چونکە پەخشان زیاتر لە شیعر قەرزداری ڕاستێتییە و لەودا «نامۆبوون بە شێوەیەکی دژوارتر دەستەبەر دەبێت»(هەمان). ئەگەرچی مارکوزە پێی وایە لە پەخشانەکانی سامۆئێل بێکێت و کافکادا ئەم نامۆبوونە دەستەبەر بووە. ژیژەک لە بەرایی کتێبی باسکراودا هەر ئەم بۆچوونەی -هەڵبەت بە لێکدانەوەیەکی جیاواز- هەیە، کەوابوو پاش ئاشۆویتس: «ئەوەی وا ناکرێت پەخشانە نەک شیعر. پەخشانی ڕیالیستی هەرەس دێنێت، بەڵام وێناکردنی شاعیرانەی فەزای تاقەتپڕووکێنی ئۆردووگا ئاکامی دەبێت... شیعر بەپێی پێناسەکان سەبارەت بە شتێکە کە ناکرێ ڕاستەوخۆ بپەرژێیە سەری و دەبێ بە شێوەی شاراوە و ئاماژە قسەی لەسەر بکەیت»(هەمان).

ئەگەر ئێمەش وەکو مارکوزە بوێریی ئەوەمان هەبێت کە بە ڕستەکەی ئادۆرنۆ، وشەی «لیریک» -لە پاش شیعر- زیاد کەین، پێدەچێ کێشەکە تا ڕادەیەک ئاسانتر چارەسەر بێت: "پاش ئاشۆویتس، هۆنینەوەی شیعری لیریک وەحشیگەرییە"، لێرەدا بە زیادکردنی چەمکەکان، راستێنە (مصداق) شیعرییەکانمان کەم کردەوە و خۆمان لەگەڵ شیعری عاشقانە و هەستە تاکەکەسییەکان سەبارەت بە گێڕانەوەی کارەسات یەکلا کردەوە. ناکرێ لەدوای کارەسات شیعری لیریک بهۆنینەوە، چونکە ڕواڵەتی دزێوی کارەسات دەڕوشێنێت و دایدەبەزێنێتە سەر ماکێکی جوانیناسانە. بەڵام لە ڕوانگەیەکی دیکەوە کێشەکە تەنیا هۆنینەوەی شیعری لیریک یان نا، لیریک لەدوای کارەسات نییە، بەڵکو وێناکە بە شێوەیەکی دیکە دەبێت. لە سەرەتادا ئاماژەم بە بیرەوەرییەکی شاعیری ڕووس، ئانا ئاخماتۆڤا کرد کە لە وەڵامی یەکێک لە شڵەژاوەکانی سامی ستالینیدا دەڵێ: توانای وەسفی وەها دڵەڕاوکێ و ترسێکی لە شیعرەکانیدا هەیە. بەم ئاماژەیە لەگەڵ نموونەیەکی پێچیاوتر و دژوارتر لە توانای هۆنینەوەی شیعر بەرەوڕووین. نموونەیەک کە بە «توانین/ نەتوانینی گێڕانەوەی کارەسات» دەست پێدەکات، بۆیە زیاتر جەخت لەسەر شایەتحاڵەکانی کارەسات دەکاتەوە. لێرەدا ئاراستەی پرسیارەکانمان بەم چەشنە دەردەکەون: کێ دەتوانێ شایەتێکی ڕاستەقینە بۆ ئەو کارەساتە بێت کە ڕوویداوە؟ یان چ کەسانێک -جیا لە مێدییۆم یان چەشنی ئەدەبی/ هونەری- دەتوانن کارەسات بگێڕنەوە؟ لە لایەکی دیکەوە لە ئەگەری گێڕانەوەیدا، ئایا دەکرێ لە هەقیقەتی پەتی کارەسات نزیک بینەوە؟

والتێر بینیامین لە «تێزگەلێک سەبارەت بە مێژوو»دا بەشێوەی خوازەیی باسی (فریشتەی مێژوو) دەکات کە باڵەکانی بەرەو ڕابردوو دەکاتەوە و بەسەر وێرانەکانی مێژوودا دەفڕێت تا ڕیوایەتێک لە کارەسات و وێرانی ناو مێژوومان بۆ بگێڕێتەوە، بەڵام گەردەلوولی پێشڤەچوون بە باڵەکانیدا دەخشێ و ئەو لە ئاراستەکەی دەترازێنێت و تووڕی دەداتە ناو داهاتووەوە. (فریشتەی مێژوو)ی بینیامین بە هەڵوێست، تێفکرین، گوێدان و بە ڕوانینێکی کۆنەپارێزانەوە چاو لە ڕابردوو دەبڕێت، بۆ ئەوەی «لە چنگ فەرامۆشی ڕزگاری کات». فریشتەی مێژوو، خۆی لەناو کارەساتدا نەژیاوە و تەنیا شایەتێکی دووەمە و چاوەدێری وێرانەکانی مێژووە، کەوابوو شایەتییەکانی لە هەقیقەتی پەتی کارەسات نزیک نابنەوە و گێڕانەوەی تەواوکۆی لە کارەسات پێ نییە. لە ڕاستیدا فریشتە تەنیا گێڕەوەی ڕاپۆرتێکی دەستی دووە لە وێرانی. بە سەرنجێکی وردتر بۆمان دەردەکەوێت کە بابەتی گێڕانەوەی کارەسات، لەسەر شایەتە عەینییەکانی کارەسات چڕ بووەتەوە، واتە کەسانێک کە خودی کارەساتەکە ژیاون و سنوورە مرۆیی و نامرۆییەکانی ئەویان بەتەواوی ئەزموون کردووە.

لەم بارەیەوە جۆرجیۆ ئاگامبێن لە کتێبی «پاشماوەکانی ئاشۆویتس»دا بە تاووتوێی بیرەوەریی ڕزگاربووانی گرتووخانەکانی نازی، جیاوازی دەخاتە نێوان دوو چەشنە شایەت لە زمانی لاتیندا. یەکەمیان (Testis)ە، بە واتای شایەتێک کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە بابەتەکەدا بەشدار نییە و تەنیا بینەریەتی، وەک کەسی سێهەمی بابەتەکەیە و شایەتێکە لە دەرەوەی بازنەی ڕووداوە. دووهەمیان (Superstes) کە خۆی بەشێک لە بابەتەکەیە و بەشێوەیەک لەناخیدا ژیاوە. شایەتیی ئەم کەسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە خودی خۆیەوە هەیە. ئاگامبێن بە هێنانەبەرباسی بیرەوەری و نووسراوەی کەسانێک وەک پریمۆ لۆوی، یان جۆرج سمبیریۆن باسی چینێک لە زیندانیکراوەکانی نازی دێنێتە گۆڕێ کە بە وشەی نامۆی (Muselmann)- مووزێلمان- ناودێر دەکران، واتە ئەو زیندانیانەی لە نزمترین ئاستی مرۆیی و یاساییدا بوون. کەسانێک کە بەهۆی ترس و ئەشکەنجەی نازییەکانەوە بەر لە مەرگی بایۆلۆژی، خۆیان ئەسپاردەی مەرگێکی هێمای و سایکۆلۆژی کردبوو و هەر چەشنە شوناسێکی مرۆییان لێ سەندرابووەوە. مووزێلمان کەسانێکی داماڵدراو لە یاسا و لە خوارەوەترین ئاستی نائومێدی ئوردوگادا بوون، کەسانێک کە بە گوتەی پریمۆ لۆوی لە سنووری نێوان مرۆڤ و نامرۆڤدا جەولەیان دەکرد، مرۆڤێک کە تەنانەت توانای خۆڕاگری و هاتوهاواریشی لە بەرامبەر کوورەکانی مرۆڤسووتاندنی نازییەکاندا نەبوو، بێ ئەوەی بچوکترین خۆڕاگرییەک بنوێنێت خۆی لە کوورەکانی ئاگر دەهاویشت. ڕواڵەتگەلێکی تێکشکاو و چەمیو وەک ئەوەی هەمیشە خەریکی کڕنووشبردن بن، مردووانێکی بزۆک بە لەشێکی کەنەفت و بێدەنگییەکی هەمیشەییەوە. هەر لەم ڕووەوەیە کە لۆوی ناوی کتێبەکەی بە پرسیارێکی تەوساوی لەم چەشنە مرۆڤە ناو دەنێ: ئایا ئەوە مرۆڤە؟

هەروەک وترا(Superstes)  شایەتێکە کە خۆی لەناو ڕووداودا ژیاوە، کەوایە دەتوانێ شایەتی لەسەر کارەسات بدات. بەڵام بە گوێرەی ئاگامبێن شایەتی لەسەر دۆخی کارەساتباری ئۆردوگاکانی نازی تەنیا وەسفی ئۆردوگاکان و ئەزموونە تاکەکەسییەکان نییە، بەڵکو دەربڕینی چۆنیەتی سنوورێکە کە مرۆڤ لە نامرۆڤ جیا دەکاتەوە، بە وتەیەک سەرجەم ئەزموونەکانی کارەسات لای کەسێکە کە لە «مرۆڤەوە بووە بە نامرۆڤ». لە دۆخی ئۆردوگای نازیدا، ئەم نامرۆڤە، هەمان مووزێلمانە. پریمۆ لۆوی و جۆرج سمبیریۆن، ئەگەرچی خۆیان لەناو کارەساتدا بوون و دەکرێ بە (Superstes)یان بهێنینە ئەژمار، بەڵام بە قەراری مووزێلمان کارەساتیان ئەزموون نەکردووە، ئەوان و زیندانیانی دیکەی ڕزگاربوو، هاوشێوەی مووزێلمان تووشی مەرگی هێمایین و بڕینی بەناچاری سنوورەکانی مرۆیی بەرەو نامرۆیی نەبوونەوە. کەوابوو بە وتەی ئاگامبێن، گێڕانەوەی ئەوانیش ناتەواوە، چونکە تەنیا بەشێک لە هەقیقەتی کارەساتیان بینیوە. لەم ڕووەوە تەنیا شایەتێک -کە دەکرێ وەک بەڵگە بیهێنیەوە- لە دۆخی ئۆردوگادا، مووزێلمانە، بەڵام هیچ کام لەم چەشنە زیندانیانە لە ئۆردوگانی نازی نەهاتنەدەر، واتە گشتیان لەناوچوون. لە ڕاستیدا ئەزموونکردنی تەواوکۆی کارەسات، بەرامبەریشە لەگەڵ مەرگ. ئەگەرچی تەنها گێڕانەوەی دەستی دووەکان دەتوانن بەڵگەیەک بن بۆ ئەم کارەساتە و دڵی هەر گوێگرێک بلەرزێنن، بەڵام تۆکمە و تەواو نین.

دەتوانین وەها ئەزموونگەلێکی سامناک لە بیرەوەرییەکانی تەیموور عەبدوڵڵا ئەحمەد (ناسراو بە تەیمووری ئەنفال) تاکە ڕزگاربووی گۆڕی ‌بەکۆمەڵی ژن و مناڵە ئەنفالکراوەکانی کوردستانیش بدۆزینەوە. تەیموور لە دیمانەیەکدا دەگێڕێتەوە کاتێک عەسکەرەکانی ڕژێمی بەعس لەنێوان گۆڕە هەڵکەندراوەکاندا تەقەیان لە ئەو و هاونیشتمانییەکانی دەکرد، ئەو بەختی دەبێت و گوللەکان نایپێکن و تەنیا ڕووکاری پشتی دەڕووشێنن، بەڵام خۆی لەبەرامبەر سەربازانی بەعسدا دەمرێنێت، یان ڕەنگە لە ترسان نەیتوانیبێ بجووڵێت. کاتێک سەربازەکان لە گۆڕەکان دوور دەکەونەوە بۆ ئەوەی بە شۆفڵ خۆڵ بەسەر گۆڕەکاندا بکەن، ئەو هەوڵ دەدا لە تاریکی شەودا لە گۆڕەکە بێتە دەرەوە. تەیموور دەگێڕێتەوە: (ویستم بڕۆمە دەرەوە، دەنگی کچێک هات و وتی بۆ کوێ دەچیت، تاریک بوو بە هێواشی قسەم کرد و وتم ئایا تۆ ساغی یان برینداریت، کچەکە وتی من زیندووم، بەڵام قاچم لەژێر جەنازەکاندایە، پێم وت هەستە با بڕۆین ڕاکەین خۆمان بشارینەوە. بە هێواشی وتم نامەوێ دایکم بەتەنیا جێبێڵم و لە عەسکەر دەترسم نایەم. کچێکی هەشت بۆ نۆ ساڵان دەبوو).(قوربانی،٢٠١٣:١٠٩). تەیموور پاش هەڵاتنەکەی دەڵێت: (لە دوورەوە لاندکرۆزەرێکم بینی لەبەر دەمی لایتی شۆفڵەکەوە دیاربوو بەدەوری چاڵەکاندا دەسووڕێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن کەس ڕای نەکردووە)(هەمان:110). لە نموونەی لەم چەشنەدا -واتە ئەنفالی کوردستان- شایەتێک کە بەتەواوی کارەساتی ئەزموون کردووە، ئەو دیلانەن کە بە زیندوویی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران یان تا مەرگ ئەشکەنجە دران. ئەوان وەکو کچۆڵە هەشت نۆ ساڵانەکەی بیرەوەری تەیموور لە ترسان توانای هاتنەدەر لە گۆڕەکەیان نەبوو و لەنێوان قەبارەیەک لە تەرم و خوێندا زیندەبەچاڵ کران. تەیمووری ئەنفالیش وەکو پریمۆ لۆوی و جۆرج سمبریۆن تەنیا بەشێک لە کارەساتیان دیوە، ئەو بەشە شاراوەیەی لە نموونەی ئەنفالدا زیندەبەچاڵکردنی ئەزموون نەکردووە، چونکە ئەگەر بە تۆکمەیی ئەزموونی کردبایە، ئەویش زیندوو نەدەبوو. بەو وەسفەوە، نە (فریشتەی مێژوو)ی بێنیامین کە شایەتێکی دەستی دووە و (Testis)ە و نە ڕزگاربوانی کارەسات، کە شایەتگەلێکی دەستی ئەوەڵ و Supertes))ن- هیچ کامیان ناتوانن سەرجەم کارەسات بگێڕنەوە.

کەوابوو ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیاری سەرەتای باسەکە و باسی توانای هۆنینەوە شیعر لە دوای کارەسات بکەین و تواناش بەرامبەر «گێڕانەوەی ڕاستەقینە/ بەرپرس» بزانین، دەبێ بڵێین نە شیعر و نە پەخشان-تەنانەت هیچ مێدییۆمێکی ئەدەبی/ هونەری دیکەش- ناتوانن سەرجەمی کارەسات بگێڕنەوە. ئەی کەوایە کاری ئەدەبیات لە هەمبەر کارەساتدا چییە؟ ئەدەبیات دەتوانێ بە پاتەکردن و هەرەسهێنانە یەک لەدوای یەکەکان لە گێڕانەوەیدا، پاسەوانێک بێت بۆ «فەرامۆشنەکردنی مێژوو». لەم پێناسەیەدا ئەدەبیات زیاتر ڕۆڵی (فریشتەی مێژوو)ی بێنیامین دەگێوڕێت هەتا شایەتێکی تەواوکۆی ئاگامبێنی. شیعرەکان، پەخشانەکان، فیلمەکان، تابلۆ شێوەکارییەکان و... هتد، هاوشێوەی فریشتەی مێژوو بە هەڵوێست، تێفکرین و نیگایەکی قووڵ و بێ توانای ڕزگارکردن، تەنیا بەڵگەیەک بۆ حوزووری کارەسات و کاولکاری لە ڕابردوودا. بەڵگەیەک کە خۆڕاگری دەکات لەبەرانبەر فەرامۆشکردنی کارەسات بۆ داهاتوو. گێڕانەوەی دەست و پێ شکاو و پچڕپچڕی پەخشانەکان، وێنەی بێ شوێن و دەرەتان و سازدانی شوێنی نوێ لە شیعرەکاندا، دروستکردنی فیلمگەلێک لە چوارچێوەی کۆمێدی/تراژێدیا و گاڵتەکردنی بە مێژووی کارەسات، کۆمەڵێک دەرەتانن کە زەینی بەردەنگ لە بەرامبەر یادەوەری کارەساتدا خۆڕاگر دەکەن. ئەمە هەمان شتە کە مارکوزە سەبارەت بە هۆنینەوەی شیعر لە دوای ئاشۆویتس باسی دەکا و ناوی ناوە (نامۆبوونی ئاشتینەخوازانە).

بە سەرنجدان لە تێڕوانینەکەی (تێزۆتان تۆدۆرۆڤ)، ئەدەبیاتی گێڕانەوەیی دەتوانێ سەرچەشنگەلی بیرەوەرییەکانی ڕابردوو بپارێزێت و هاوکات لە زەیندا ڕاگرتنەکەی بەرگیری لە (بە وتەی پۆل ڕیکۆر) «نەخۆشیی بیرەوەری» بکات. لە ڕاستیدا ناکرێ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و لەبەردەست بەهۆی ئەدەبیاتەوە باسی کارەسات بکەیت، بەڵام دیسانیش ئەدەبیات و هونەر تەنیا مێدییۆمگەلێکن کە پاسەوانی فەرامۆشنەکردنی کارەساتەکانی ڕابردوون. بە گوتەی ژیژەک «ئەو ناتەواویانەی کە لە بواری دەربڕینی ڕاستییەکاندا لە ڕاپۆرتی کەسی زیانبەرکەوتووی دەروونی سەبارەت بە ئەزموونەکەیدا هەیە، شایەتە بەسەرڕاستبوونی ڕاپۆرتەکەی ئەوە، چونکە ئەم ناتەواوییە نیشانەی ئەوەیە کە ناوەرۆکی ڕاپۆرت، شێوازی ئاراستەکردنی ڕاپۆرتەکەی "ئاڵۆز و خەوشدار" کردووە».(ژیژک،هەمان:١٣). کەوابوو شایەتێک کە بتوانێ بە ڕوونی سەبارەت بە کارەسات قسە بکات، ڕاپۆرتەکەی "جێمتمانە" نییە، دەلالەتی «ڕوونبوون»ی گێڕانەوەی کارەسات، بەڵگەیەکە لەسەر وردبینی و تێفکرینی گێڕانەوەیی بە تەکووزییەکی زەمەنییەوە، بێگومان کەسی زیانبەرکەوتوو بەهۆی ترۆمای دەروونی هەرگیز ناتوانێ بە وردی و بە ڕوونی کارەسات بگێڕێتەوە. لەم دۆخەدا ئەرکی شیعر، «بەرگیری لە فەرامۆشکردنی کارەسات و کاولکاری»یە، نەک ڕزگارکردن یان گێڕانەوەی تەواوکۆ و دەستی ئەوەڵی کارەسات. دەکرێ شیعر لە دوای کارەسات بهۆنرێتەوە، بەڵام نەک بەو هۆیەی کە توانای گێڕانەوەی تەواوکۆی کارساتی هەیە، بەڵکو بەو هۆیەی لە زاتی خۆیدا، چەشنێکی ئەدەبییە کە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە چوارچێوەیەکی خوازەیی و تەمهیداتیدا ئاماژە بە بابەتەکان دەکات، واتە بابەتگەلێک کە هەرگیز خۆ نادەن بەدەست ڕووناکی حەقیقەتەوە. ئەم ئاماژە ناڕاستەوخۆ و خوازەییە، بەشێکە لە تواناکانی شیعر و بە شێوەیەکی سیحراوی دەتوانێ خۆی بەسەر فەزای خەیاڵاویی شاعیردا بسەپێنێت.

هەڵبەت لەم دۆخەدا، شیعر ئاراستەیەکی دوولایەنی لەبەرە، لە لایەکەوە «جوانیناسانە»یە، کە لەودا بە شێوەیەکی هونەری لەگەڵ پتەوییەکی ڕووکەشی و واتای عەینی و جوانکاری تەواوکۆ ڕووبەڕووە و لە لایەکی دیکەوە «ڕاپۆرتێکی خەوشدار و توێتوێ لە کارەسات». ئەم دوو جەمسەرە پەیوەندییەکی لێکدژیان لەگەڵ یەک هەیە، چونکە پتەوی و یەکێتی جوانیناسانەی شیعر، واتای ڕاستەقینەی کارەسات کز دەکات و لە دڵەڕاوکێ، سەرسامی، ناحەزی و شلوێبوون لە بەرامبەر گێڕانەوەکەی کەم دەکاتەوە. بە واتایەک پتەویی جوانیناسانەی شیعر «نامۆبوونی ئاشتینەخوازانە»ی نییە. وەها پەیوەندییەکی دژواز کە لەنێوان «هۆنینەوەی کارەسات» و «ڕەهەندە جوانیناسەکان»ی شیعردا هەیە، شیعر لە زاتی «دەربڕین»ی خۆیدا تووشی شکستێکی ئەبەدی دەکات، زیانێک کە تا ئەبەد داوێنی دەگرێت و شکستێک کە خۆی هۆکارە بۆ نەتوانینی هۆنینەوەی تەواوکۆی کارەسات. لەم پەیوەندییەدا، ڕواڵەتی تێکشکاوی شیعر، نیشانەیەکە بۆ بوونی کارەسات و کاولکاری لە قووڵاییەکانی مێژوودا. کەوایە شیعر بە شکستی خۆی لە جوانیناسیدا بەسەر گێڕانەوەی کارەسات -وەک دالێک بۆ فەرامۆشنەکردنی- سەردەکەوێت. بەوتەیەک، ناتەواوییەک کە ناخی مرۆڤدایە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر بوونی کاولی و ترس لە مێژوویدا.

ڕەهەندێکی تری ئەم شایەتحاڵییە، «لاڵبوون»ی شایەتەکانە. ئەم لاڵبوونە بەشێوازی جۆربەجۆر لە گێڕانەوە و کەسێتی شایەتەکان دەردەکەوێت. پریمۆ لۆوی لە کتێبی «ئایا ئەوە مرۆڤە؟»، باس لە مناڵێکی ئەڵمانی لە ئۆردوگای نازییەکاندا دەکا کە «بە شێوەیەکی کارەستاوی زمانی دایکی خۆی لەبیر چوبووەوە و نەیدەتوانی بە ئەڵمانی قسە بکات»(لۆوی،٢٠٠٩). وەها دۆخێک لە بیرەوەرییەکانی (تەیمووری ئەنفال)یشدا دەبیندرێ. ئەو دەگێڕێتەوە کاتێک لە بیابان لە لایەن بنەماڵەیەکی عەرەبەوە دۆزرایەوە و ماوەیەکی زۆر ئاگایان لێی بووە، پاش چەند مانگێک پیاوێکی کوردیان هێناوەتە ماڵێ بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات، چونکە ئەو مناڵێکی کوردی تەمەن دوازدە ساڵان بوو کە عەرەبی نەدەزانی. سەرەڕای ئەوەی تەیموور لەم چەند مانگەدا زۆر هەوڵ دەدا بنەماڵە عەرەبەکە لەو کارەساتەی بەسەری هاتووە ئاگادار بکاتەوە و بە دیتنی پیاوە کوردەکە خۆشحاڵ دەبێت، بەڵام ناتوانێ دۆخی کارەساتباری خۆی بۆ ئەو پیاوە بگێڕێتەوە: «خۆشم نازانم حەپەسابووم، نازانم لە ئیرادەی خواوە زمانم بەسترا، خۆم نەمویست قسە بکەم، نازانم کامیان بوو. ئیتر دیاربوو ئەو وا تێگەیشت من کەڕولاڵ بم، بۆیە زۆر گوێی پێ نەدا و ڕۆیی»(قوربانی،٢٠١٣:١٣١).

مۆریس بلانشۆ بە شێوەیەکی خوازەیی دۆخی (لاڵبوون لە هەمبەر کارەسات) لە کتێبی «نڤیسار و کارەسات»دا کە لە پێشەکی وەرگێڕانی فارسی کتێبی «شێتێتی ڕۆژ»دا هاتووە، بەم شێوەیە باس دەکات: «ئێوەیەک کە دواتر دەژین لە تەنیشت دڵێکەوە کە ئیتر لە لێدان کەوتووە، وێنا بکەن مناڵێکی حەوت ساڵان، یان ڕەنگە هەشت ساڵان؟ هەروا کە لەسەر لاق وەستاوە، پەردەکە لا دەدات و لە قەراغ پەنجەرەکەوە چاو لە حەوشە، دارە زستانییەکان و دیواری ماڵەوە دەکا. چاوی بە ئاسمان دەکەوێ بەو هەور و تیشکە خۆڵەمێشییەوە... ئەوەی وا دواتر ڕوو دەدات: ئاسمان، هەمان ئاسمان لەناکاو دەکرێتەوە... بەتاڵ... کە هیچە ئەوەی وا هەیە، زیاد لە هەموو شتێک لەولا نییە. بابەتی چاوەڕواننەکراوی ئەم دیمەنە هەستێکی بەختەوەرییە کە لەناکاو سەرانسەری وجوودی مناڵەکە دادەگرێت. شادییەک کە تەنیا بە دڵۆپی فرمێسکەکانی دەری دەبڕێت. بە شوێن سوکنایی مناڵییەوەن. مناڵەکە هیچ ناڵێ. ئەو لەمەودوا لە نهێنیدا دەژی. مناڵەکە ئیتر ناگری».(پێشەکی وەرگێڕ،بلانشۆ،١٣٩١:٢). بلانشۆ لە «نڤیسار و کارەسات» بەئاگاهییەوە باسی نەتوانینی گێڕانەوەی کارەسات دەکات و دەڵێ: «ئەوە تۆ نیت کە قسە دەکەی؛ ئیزن بدە کارەسات لە دەروونی تۆدا قسە بکات، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەی فەرامۆشی، یان بێدەنگی تۆوە ئەم کار بکات». لاڵبوون چ لە ڕەهەندی دەروونشیکارانەی خۆیەوە -وەک نموونەی تەیمووری ئەنفال و مناڵە ئەڵمانییەکەی بیرەوەری پریمۆ لۆوی- و چ لە ڕەهەندی هێماییەکەیدا -واتە بێدەنگی بلانشۆیی بەنیسبەت گێڕانەوەی کارەساتدا- ترۆمایەکە وا تەنیا لە دۆخی سامناکی کارەساتەوە سەرچاوە دەگرێت. بیرەوەری پاشماوەکانی ئەنفال و هۆلۆکۆست بەم قەناعەتەمان دەگەیەنن کە زەین لە زەمەنی هێمایی کارەساتدا دەوەستێت و ئیتر هیچ توانایەکی بۆ جووڵاندنی ساتەوەختەکان لەئارادا نابێت. بەشێکی زۆر لە پاشماوەکانی کارەسات بە ڕاوێژێکی پێداگرانەوە ڕایدەگەیەنن کە ناتوانن لەو کاتە -سەردەمە- بێنە دەرێ.

لەم بەستێنەدا شیعری کارەسات، ڕۆڵی دیلەکانی کارەسات دەگێڕێت کە لەنێوان (لاڵبوون، بێدەسەڵاتی و شایەتی)دا لە جەولە دان. شیعر ئەو مێدییۆمەیە بە تەمهیدەکانی خۆی و بە شێوەی خوازەیی و لە فۆرمێکی «ناڕاستەوخۆ» و «نابەپەرس لە ئاست حەقیقەتی پەتی/ ڕووت» دەتوانێ باسی کارەسات بکات. چونکە ئاماژەی ڕاستەوخۆ بۆ کارەسات لە ڕیزی تەکووزی وردی گێڕانەوەیی و بەرپرسبوون لە ئاست حەقیقەتدایە. لەو ڕووەوە کە یەکەم: کارەسات لە ڕابردوودا ڕووی داوە و لەژێر ڕکێفی ئێمەدا نییە و دووهەم: بوون لەناو دڵی کارەساتدا ترۆمای دەروونی لێ دەکەوێتەوە، کەوابوو تەکووزی ورد و ئاماژەی ڕاستەوخۆ و لە ئەنجامدا بەرپرسایەتییەک بەنیسبەت گێڕانەوەی حەقیقەتی ڕووتی کارەسات بوونی نییە. لە لایەکی دیکەوە ئەزموونی تەواوکۆی کارەسات و دۆزینەوەی سەرجەم توێژە شاراوەکانی بەرابەرە لەگەڵ مەرگ. دوای کارەسات شیعر دەهۆنرێتەوە، بەڵام نەک بۆ شایەتییەکی تەواو و پێویست، یان ڕزگارکردنی ڕابردوو -یان تەنانەت بەرپرسبوون بەنیسبەت ڕاستی بێخەوشی ڕووداوەکە- بەڵکو تەنیا بۆ "فەرامۆشنەکردنی مێژوو"ە. هەر هونەرێکی تریش دەتوانێ ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنێت، بەڵام وا دیارە دەرەتانەکانی شیعر بۆ دەربڕینی کارەسات زەوەندترە.

بەگشتی هیچ شاعیرێک ناتوانێ بەهۆی هۆنینەوەی شیعرەوە، بڕوای بە بەرپرسایەتی تەواو بەنیسبەت حەقیقەتەوە هەبێت، شاعیر تەنیا -بەگوێرەی ئانا ئاخماتۆڤا- دەتوانێ: ئەو دۆخە وەسف بکات، بەبێ تەکووزییەکی ورد و بەرپرساریەتییەک لە ئاست حەقیقەتە ڕەهاکەی، چونکە بەتەواوی لە ئەزموونە بەرهەستەکەی بەدوورە. بەڵام ئایا هەر شیعرێکی خوازەیی و چەند توێژی دەتوانێ پاسەوانی فەرامۆشنەکردنی کارەسات بێت؟ وەڵامەکە نەخێرە، چونکە شیعر تەنیا توانا فۆرمییەکانی زمان نییە، بەڵکو-لەم کەیسەدا- «ئەزموونی ئەدەبیی کارەسات»یش لەئارادایە. هەر شیعرێک بە یارمەتی گوتەزا، یان چەمکی بنەڕەتیی فۆرم یەکێتی و چوارچێوە دەبەخشێت بە کۆمەڵێک ماکی پەرتەوازە. ئەم ماکانە، واتاکان، کاریگەرییە هەستەکییەکان، بیرۆکەکان، ئەزموونە ژیندراوەکان، ڕاستییە مێژووییەکان، کۆنیشانەکان و...هتد دەگرێتەوە. کۆمەڵەیەک لەم ماکانە دەکرێ بە دەوری چەمکێکی وەکو ئەزموونی ئەدەبی یان شاعیرانەدا پۆلێنبەندی بکرێت. ئەزموونێک کە لەودا شاعیر تێگەیشتن و فامی خەیاڵیی خۆی «گشتی» دەکاتەوە. ئەگەر شاعیر توانی ئەزموونی خەیاڵیی خۆی لە ڕابردوو -لەگوێن کارەسات- بەشێوەیەکی گشتی دەرببڕێت، بە جۆرێک کە لەگەڵ پچڕپچڕبوونەکەی –بە وتەی والاسستیوێنز «وەسفی ناشوێن»ی ئەو تێگەیشتنە گشتییە دەستەبەر بکا، تاڕادەیەک دەتوانێ پاسەوانی ئەم فەرامۆشییە بێت. «گشتیکردنەوەی ئەزموونی شاعیرانە» بەواتای خەڵکیکردنەوە و دابەزانی ئەدەبیەتی شیعر نییە، بەڵکو بە واتای شیاوی فامکردن و «دروستکردنی دەقگەلی هەڵکەندراو» لە دڵی مێژووە. شاعیر، ناشوێن و فەزایەکی مەجازی دەئافرێنێت، کە ڕابردوو و کارەسات لەوێدا ڕووی دەدا. گشتیکردنەوەی ئەزموونی شاعیرانە بەهۆی توانا و ئۆتۆرینەی شاعیر لەبەر سازدانی وەها ناشوێنێکدا پێکدێت. شاعیر بە سازدانی فەزا نوێیەکان، ئەزموونی خەیاڵیی خۆی لە کارەسات -بەبێ دەرکردنی بڕیار- گشتی دەکاتەوە و «لە چوارچێوەی نامۆبوونی ئاشتینەخوازانەدا، ئەو سامناکییەی واهەبوو -هەروا درێژەی هەیە- سەرلەنوێ ئاراستەی دەکاتەوە»(مارکوزە،هەمان). لە ئەنجامی ئەم هەڵسووکەوتە، دەکرێت شیعر، نەک وەک شایەتێکی تەواوکۆی کارەسات، بەڵکو وەکو بەڵگەیەکی ئەرشیفی بێت بۆ کاولکاریی ڕابردوو، بەڵگەیەک کە پاسەوانی «فەرامۆشنەکردنی مێژوو»ە. لەم ئاراستەیەدا شیعر لە بەستێنی دەربڕینی کلاسیک و جوانیناسانەدا هەرەس دێنێت و لە بواری پاراستنی سەرچەشنەکانی کارەساتدا سەردەکەوێت. بە گوتەیەک فیداکردنی ڕەهەندێک بۆ ڕەهەندێکی تر، ڕەهەندی جوانیناسانە خۆی فیدا دەکا بۆ پاراستنی ڕەهەندی پاسەوانی لە مێژوو. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو شیعرەی بە دیمەنەکانی کارەسات نەخشاوە، ناتوانێ هیچ ئیدعایەکی لەمەڕ سەرنجڕاکێشیی جوانیناسانەدا هەبێت و تەنانەت لەناونانی «یەکێتی فۆرمی»شدا تووشی کەموکووڕی دەبێتەوە.

وا پێدەچێ لەمبارەوە و سەبارەت بە شیعری ئەمڕۆ کە دەبێ هەندێک بەرهەستتر قسە بکەین. کارەساتگەلێکی وەکو هۆلۆکۆست، ئەنفالی کوردستان، کوشتاری ئەرمەنییەکان، ئۆردوگاکانی ستالین و...هتد، کۆمەڵە کەیسێکن کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە و ڕەنگە کەسانێکی کەم لەوکاتەوە تا ئێستا لەژیاندا مابێتن. ئەگەر شاعیرێکی ئەو سەردەمە، هەوڵی ئەوەی دابێ کارەساتی ئەو زەمەنە وەسف بکات و بیگێڕێتەوە، تا ڕادەیەک دەکرێ شایەتی لەسەر ساختەنەبوونی شیعرەکەی بدەین، لەم پەیوەندییەدا بە مەرجی پاراستنی ئەو خاڵانەی لە سەرەوە باسمان کرد، شیعر دەتوانێ بەڵگەیەک بێت بۆ کارەساتێک کە ڕوویداوە و لە ڕیزی ئەدەبیاتی کارەسات –نڤیساری کارەسات-دا جێگیر بێت. بەڵام ئەم دۆخە بۆ شاعیر یان نووسەر و هونەرمەندێک کە چەندین کیلۆمەتر چ بەشێوەی شوێنی و چ بە شێوەی کات لە کارەساتەوە دوورە، چۆناوچۆنە؟ ئایا دەکرێ باسی گشتیکردنەوەی «ئەزموونی دەروونی» کارەسات بکات؟ یان چۆناچۆن دەکرێ زمانی شکاو، هیستری و ترۆماتیکی شاعیری دوور لە ڕووداوی کارەسات لەگەڵ شاعیری نزیک لە کارەسات لێک جیاکەینەوە؟ لێرەدا بابەتی سەرەکی «ئەزموون» و «چۆناوچۆن ئەزموونکردنە».

ڕەنگە لەم پەیوەندییەدا وتاری (حەکایەتبێژ: ڕامانێک لەسەر بەرهەمەکانی نیکۆلای لێسکۆف)ی واڵتەر بینیامین ڕێگەخۆشکەر بێت. بینیامین لەم وتارەدا جیاوازییەکی بنەڕەتیی دەخاتە نێوان ڕۆماننووسان و حەکایەتبێژانی کلاسیک. ئەم جیاوازییە بە هەندێک چاوپۆشییەوە دەکرێ سەبارەت بە شیعر و ئەزموونی کارەساتیش بەکاری بێنین. بینیامین دەڵێ: «ئەوەی وا کەرەستەی جیاوازیی نێوان ڕۆمان لە هەموو چەشنەکانی دیکەی پەخشانی ئەدەبی -حەکایەتی پەرییەکان، ئەفسانە و تەنانەت چیرۆکی کورت- دابین دەکات، ئەوەیە کە ڕۆمان، نە لە نەریتی زارەکییەوە سەرهەڵدەدا و نە تێکەڵیشی دەبێت. هەر ئەم بابەتە بەتایبەتی خاڵی جیاوازی ڕۆمان و حەکایەتبێژییە. ئەوەی حەکایەتبێژ دەیگێڕێتەوە، لە ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەویش بەنۆرەی خۆی حەکایەتەکەی دەکات بە بەشێک لە ئەزموونی کەسانێک کە گوێی لێ دەگرن. ڕۆماننووس خۆی گۆشەگیر کردووە».(بینیامین،١٣٩٣:٥). بە وتەیەک نووسەرانی هاوچەرخ بێبەشن لە چەشنی ئەزموونی پاراو و دەروونی حەکایەتبێژەکانەوە.

بەپێوسیتی دەزانم چەمکی (ئەزموون) لەم وتارەی بینیامیندا زیاتر شی بکەمەوە، تا لەگەڵ جۆرەکانی تری ئەزموون لە مێژووی فەلسەفەدا تێکەڵ نەبێت. بینیامین لەم وتارە –هەروەها وتاری (ئەزموون و هەژاری)دا- باس لە لەناوچوونی (ئەزموون) لەسەردەمی مۆدێرندا دەکات. ئەو بۆ چەمکی ئەزموون، وشەی ئەڵمانی (Erfahrung) بەکاردێنت کە لەگەڵ وشەی (Erlebnis) کە ئەویش بەمانای ئەزموون دێت جیاوازە. وشەی (Erlebnis) لە بنەڕەتدا بەمانای ئەزموونی ئاسایی و هەستەکی ڕۆژانەیە، ئەم چەشنە ئەزموونە لە گوتاری فەلسەفەی ئەڵمانی و ڕەوتی هێرمۆنێتیکیدا ئاماژە بە ئەزموونێکی ڕووبەڕوو و ئێستایی دەکا . (Erlebnis) ئەزموونێکی کاڵ، بەربڵاو، نایەکانگیر، زیندوو و ساتیانەیە و لە هێرمۆنێتیکی ئەڵمانیدا بە مانای (زیندووبوون لە کاتی ڕوودانی ڕووداوێک، یان کردەیەک)دا دێت. ئێمە بە شێوازی ئاسایی لە ژیانماندا لەگەڵ ئەم ئەزموونە بەرەوڕوو دەبینەوە، بۆ نموونە ئەزموونی خواردنەوەی ئاوێکی فێنک. لەم چەشنە ئەزموونەدا بەردەوام مەودایەک نێوان (بکەری ئەزموون) و (بابەتی ئەزموون) هەیە، واتە هەمیشە بابەتی ئەزموونکراو وەک شتێکی دەرەکی بوونی هەیە، بۆیە دەکرێت(Erlebnis)  بە (ئەزموونی ژینکراو یان ئەزموونی دەرەکی) وەرگێڕینەوە. بەڵام  (Erfahrung)-کە لە وتاری بینیامیندا هاتووە- ئاماژەیە بە چەشنێک (ئەزموونی دەروونی). لەم مانایەدا، ئەزموون، گشتییەتی «بوون» و ژیانی مرۆڤ لەبەر دەگرێت و بە پێچەوانی (ئەزموونی دەرەکی)، مەودایەک لەنێوان بکەر و بابەتی ئەزموونکراودا نییە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە ژیانی مرۆڤ Erfahrung)). ئەزموونێکە کە دەبیندرێت، یەکانگیرە، چەمکییە و شیاوی هەناردەکردنە. ئەمە هەمان ئەزموونە کە لە وتەی ئاساییدا شتی لێوە فێردەبین. ئەزموونی دەروونی بەردەوام لەگەڵ مرۆڤە و کاریگەری دەخاتە سەر هەست و فیکرەکانی، لەناو مرۆڤدا نووقم دەبێت و دەبێتە بەشێکی جیانەکراو لە ژیانی دەروونی مرۆڤ. تەنانەت لە بۆچوونی بینیامیندا، دەتوانین وەڵامێکیش بۆ زانیاری تیۆری نووسەرانی هاوچەرخ هەڵێنجێنین. نووسەری هاوچەرخ بەهۆی ئەوەی لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا لە ئەزموونی دەروونی گێڕانەوەدا بەشدار نییە، لەم ڕووەوە بەناچاری بۆ گێڕانەوەی ڕیوایەتەکەی، زانیاری تیۆری پاشەکەوت دەکات و بە پشتبەستن بە زانیاری تیۆری -وەک ئەزموونکردنی ئەزموونی ئەویدی- دەست دەکات بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی. ئەم شێوەیە لە ئەزموون –یان بە گوتەیەک «ئەزموونکردنی ئەزموونی ئەویدی»ش دەکرێ بۆ شاعیرانی ئەمڕۆ و نڤیساری کارەسات وێنا بکەین. لەو نموونانەی باسکران هەر لە جینۆساید-ئەنفالی کوردستان، هۆلۆکۆست و...، بەشێکی زۆر لە شاعیرانی ئەمڕۆیی لە کارەساتەوە نزیک نەبوون و زۆرینەی زانیاری ئەوان لەمەڕ وەها کارەساتگەلێکی مرۆیی لە ڕێگەی میدیا، خوێندنەوە یان بیستنی بیرەوەریی پاشماوەکانەوە دەستەبەر دەبێت. لەم ڕووەوە -وەک ئەوەی ئەفلاتوون دەڵێت-دوو پلە مەودایان لەگەڵ حەقیقەت –لێرەدا کارەساتە- هەیە. شاعیرێک کە تەنیا لە ڕێگەی هەواڵەکانی ناو میدیاکان و یان خوێندنەوەی بیرەوەریی پاشماوەکان دەست دەکات بە هۆنینەوەی شیعرێک کە ناوەرۆکەکەی کارەساتە، دووبارە دەکەوێتە هەمان داوی ئادۆرنۆیی/ مارکوزەیی و شیعرەکەی ئەو «نامۆبوونی ئاشتینەخوازانە»یی نییە، بەڵکو شیعرەکەی تەنیا هەڵقوڵاوی هەستە تاکەکەسییەکان و ڕۆحی ڕۆمانسی ئەوە. کەوابوو شان لە شانی «شیعری لیریک» دەسوێ. لەم هەلومەرجەدا شاعیر دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ چەلەنجە ئادۆرنۆییەکە (واتە شیعر و کارەسات). کەوابوو ناتوانێ تەنیا بە بەکارهێنانی ڕێزمانێکی شکاو و پچڕپچڕ یان زمانێکی هیستری و ترۆماتیک، حەقیقەتی کارەسات بپێکێت. لێرەدایە کە شاعیر دەست دەکات بە «ساختەکاریی کارەسات»؛ کارەساتێک کە لە ئەزموونەکانی دیکەوە- ئەزموونی میدیایی، بیرەوەرییەکان، تیۆرییەکانی کارەسات و...هتد- وەک ئەزموونی دەرەکی (Erlebnis) سەرچاوەی گرتووە بە هیچ لەونێک ناتوانن ترس و ڕواڵەتی خەوشداری کارەسات، چ لە ساحەی «فۆرم» و چ لە ساحەی «دەربڕین» بنوێنن. شیعرێک کە لە ئەزموونی دەروونی (Erfahrung) کارەساتدا بەشدارە، لە دەربڕینی شاعیرانەشدا تووشی شکستی جوانیناسانە دەبێ، بەڵام ئەم شکستە بەڵگە و شەرەفی ڕابردووە، پاسەوانی «فەرامۆشنەکردنی مێژوو»ە. لەلایەکی ترەوە شیعرێک کە ئەزموونی کارەسات دەخاتە سەر زانیاری تیۆری و زانیاری ئەزموونکردنی ئەزموونی ئەویدی، چ لە بواری جوانیناسانە- بەهۆی دەکارکردنی زمانی هیستری و ترۆماتیک- و چ لە بواری دەربڕین- بەهۆی مەودایەکی زۆر لەگەڵ ئەزموونی کارەسات- هەرەس دێنیت. ئەو شیعرە تەنیا دەتوانێ لە گۆڕەپانی «شیعری لیریک»دا جەولە بکات، واتە شیعرێک کە دۆسیەکەی بۆ دەربڕینی کارەسات لەمێژە داخراوە. شیعری لیریک «ڕواڵەتی ناحەزی کارەسات» بە بەشێوەیەکی سامناک و کاولکارانە نیشان نادات، بەڵکو بابەتی کارەسات لە توێژە ڕووکارەکان و بە ڕۆحێکی ڕووکەشیانە و بە زمان و تێگەیشتنێکی قیزەونەوە دەخەسێنیت و لە هەگبە ڕازاوەکانی میدیادا پێشکەشی دەکات.

 

پەراوێزەکان:

* بڕوانە: فیلمەکانی Life Is Beautiful)- ژیان جوانە) لە دەرهێنانی ڕۆبێرتۆ بێنیگنی و (Inglourious Basterdes) زۆڵە بێشکۆکان) لە دەرهێنانی کوێنتن تارانتینۆ.

* بڕوانە: بیرەوەریی دیلکراوەکانی نازی، هەروەها بیرەوەریی ئەنفالکراوانی کوردستان.

 

سەرچاوەکان:

١- اباذریو دیگران(١٣٧٢)، کتابشاعران: ریلکه، تراکل، سلان. تهران: انتشارات روشنگران.

٢- بلانشو، موریس (١٣٩١)، جنون روز. ترجمه: پرهامشهر جردی. چاپسوم. نشر پاریس.

٣- بنیامین، والتر (١٣٩٣)، مقاله قصه‌گو: تاملاتیدرآثار نیکولای لسکوف. ترجمه: مرادفرهادپور وفضلا للهپاکزاد. تهران: مجله ‌یارغنون.

٤- آگامبن، جورجو (١٣٩٦)، باقی‌مانده‌هایآشویتس: شاهدوبایگانی. ترجمه: مجتبا گلمحمدی. چاپدوم. تهران: نشر بیدگل.

٥- ژیژک، اسلاوی (١٣٩٧)، خشونت پنجنگاه زیر چشمی، ترجمه: علیرضا پاک‌نهاد، چاپ هشتم. تهران: نشرنی..

٦- لوی، پریمو (٢٠٠٩)، آیا اینیکانساناست؟ (نسخهPdf).  ترجمه: رویا طلوع، انتشارات و کتاب خانه آنلاین علاءالدین(www.aladdinlibrary.org/fa) .

٧- مارکوزه، هربرت (بی‌تا)، شعر غنایی پس از آشویتس. ترجمه: مهردا دامامی. سایت (www.Thesis11.com)..

٨- قوربانی، عارف (٢٠١٣)، ئەنفال و سەرگوزەشتەی تەیموور. سلێمانی: چاپخانەی کارۆ.


ئەم بابەتە 158 جار خوێندراوەتەوە