243338935_259430862737796_796318574655842029_n.jpg

سەرنجی چیرۆکنووس بەختیار حەمەسوور لەسەر ڕۆمانی سەلارخان


چەند یادداشتێک
سەبارەت بە ڕۆمانی "سەلارخان"ـی مەحموود نەجمەدین

١/ بونیادی ڕۆمانی "سەلارخان" لەسەر وەهمێک و نەبووێک هەڵچنراوە، وەهمێک کە هەیە و نییە، دەستپێکی ڕۆمانیش هەر بەم وەهم و نەبوونەوە دەست پێ دەکات: «نییە، نەماندۆزیوەتەوە. «کەسێک هەیە و نییە.» و لە چەند جێی تریشدا ئەمە دەڵێت. ئەم وەهمە لە دوو کەسایەتیدا خۆیا دەبێت؛ سەلارخان و ماکۆسان. ئەم دوو کارەکتەرە لە دوو زەمەنی جیاوازەوە، لە هەمان شاردا (سلێمانی) وەهم لەسەر یەکتر بینا دەکەن و یەکتر بەرهەم دەهێننەوە. ئەم وەهمە ئەگەرچی دەوروبەر نایسەلمێنێ و لۆژیکانە نییە، بەڵام هەوڵ دەدرێت لە ڕەوتی خەیاڵکردنەوە و فەنتازیادا، لە زەین و عەینی هەردووکیاندا، ببێت بە ڕاستینە و بۆ خوێنەریش بسەلمێت. ئەمە ڕاستییەکی پێوراو و سەلماوە، لە ئەدەبی زارەکییەوە کە ژنەی ناو حەکایەت پیاوەکەی بۆ "هەڵووژەی خۆراسان" دەنێرێ و نییە، تا دەگات بە شەڕی نەبووی دۆنکیشوەت لەگەڵ بادا و دەیان نموونەی تر، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە چەندان دەقی ئەدەبی لەسەر وەهێمـک و نەبوویەک بونیاد نراون و دەنرێن. زۆرترین هێزهاوێژی بەشی یەکی ڕۆمانەکە جەختکردنەوەی ئەم نوختەیەیە؛ وەهم و نەبوون بکات بە هەقیقەت.

٢/ لێکدووریی و مەودای کات لەم ڕۆمانەدا دابەش دەبێت بۆ دوو زەمەن، کە هاوتەریب و هاوئاست دەڕۆن و تا کۆتایی ناچنە ناویەک و یەکتر نابڕن. یەکەم: زەمەنی ئێستا، سەردەمی کۆرۆنا و دنیای مۆدێرن و فاشن، دووەم: زەمەنی هەشتاکانی سەدەی بیست و حوکمڕانی بەعس و جەنگی عێراق- ئێران و فیراری و... یەکتربڕینی ئەم دوو زەمەنە لە بەشی دوودا و لە جێیەکدا، لە "سەهۆڵەکە"، بە سەرسمدانێک، خاڵی گەشاوە و دراماتیکی ئەم ڕۆمانەیە. جێی سەرنجە، پێکگەیشتنی ئەم دوو زەمەن و کەسێتییە "سەهۆڵەکە"یە، نەک بۆ نموونە "بەردەرکی سەرا"، ئەگەر "سەهۆڵەکە" ئاماژەی دنیای ئەمڕۆ بێت بە تایبەت لای گەنجان، ئەوا "بەردەرکی سەرا" ئاماژەیەکی مێژووییە بۆ ڕابردوویەکی دوور، کە دەتوانێت بیرخەرەوەی دەیان ڕووداوی خوێنین، خۆپێشاندان و... بێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕۆمانی "سەلارخان" ڕووی لەمڕۆ و داهاتووی سلێمانییە، کە نەوەیەک لە کافێ و سەهۆڵەکەوە هەنگاوی بۆ دەنێنن و چیدی ناگەڕێنەوە بەردەرکی سەرا (مێژوو).
ڕۆمانەکە لە دوو بەشدا دەگێڕدرێتەوە، بەشی یەک، بە دەستاودەستکردن و زارەوزارکردنی سەلار و ماکۆسان، ڕەوتی خاو و وەسفیی ڕۆمان هاوتەریب دەڕۆن، لەم فەسڵەدا هەم جووڵە کەمە، هەم ڕووداویش لە ئاستێکی کزدایە، هەربۆیە کەمتر چیرۆک دەقەومێت، کە دەشقەومێت بە ڕێژەی نزم و نەوییە. لە بەشی دوودا هەم ڕەوتی گێڕانەوە خێرا دەبێت و هەم بەگەڕخستن و جووڵانیش بزۆکترن، ئەگەر لە بەشی یەکدا زەمەن وەک دوو سککەی ڕاکشاوی قەتار وێنا بکەین، لە بەشی دوودا ئەم دوو سککە دەبن بە یەک.

٣/ "سەلارخان" بە مۆنۆلۆگ نووسراوە، ئەمەش وای کردووە دەقەکە و گێڕانەوەکەی بەسەر خۆیدا ببەسترێ، نەکشێتە دەرەوە و هەر لە ناوەوە بمێنێتەوە. تێکدانی ڕەوتی زەمەن و زنجیرەیی تەقویمی داستانیش ئاماژەی پەرێشانی زەینی و دەروونیی کارەکتەرەکانە، کە نەتوانن لە تەواوکردنی بەرەودوای ئەو باسانەی دەیانەوێت بەیانی بکەن، بۆیە دەبینین هیچ ڕووداوێک تا سەر ناگێڕدرێتەوە و بەردەوامی پێ نادرێ، پچڕان لە نێوان زەمەن و شوێندا بەردەوام لە ڕووداندایە، دیالۆگە داخراو و دەروونییەکانیش ناگەنە ئەوپەڕ و لەناو خۆیاندا و بەسەر خۆیاندا دەکەون.

٤/ زمان لە "سەلارخان"دا زمانێکی میللیی سلێمانیانەیە، هەوڵدراوە لە ڕاوێژی کۆنیی ئەم شارە سوود ببینێت، ئەمە تا چەند توانراوە لەناو سیاقی گێڕانەوەدا بتوێنرێتەوە و بەرجەستە بێت؟ ڕادەی سەرکەوتوویی ئەم زمانە، تا ڕادەیەکی بەرچاوە و لەگەڵ ئەوەشدا لە بڕێک جێدا، هەست بە زیادەڕەویی دەکرێت لە بەگەڕخستنی دەربڕین و هێنانی ئیدیۆم و تێکەڵبوونی زار و بنزار و... ئەمە چەسپاوە، کە لە گێڕانەوەدا، تەنانەت لە دەقە تەواو فەنتازییەکانیشدا، لۆژیکێک بەکارە، کە ڕەچاوکردنی توانایی و مەعریفیی پێگەی کەسێتییەکانە لە خۆدەربڕین و بیرکردنەوەیاندا، لادان لێی، جۆرە نوقسانییەک پێک دێنیت. کەسێتییەکانی "سەلارخان" کوڕ و کچێکن لە هەڕەتی لاویدا، کە چ وەک تەمەن و چ وەک ئاست، ئەو توانا لە دەربڕین و پاراوبوونیان نییە کە نووسەر خستوویەتیە سەرزاریان، بە تایبەت لە دەرپەڕاندنی ئەو هەموو پەند، ئاگایی مێژوویی سەبارەت بە شار و کەسایەتییەکانی ناوشار و دەوروبەرەکەی، کە خوێنەر وا هەست دەکات لە بەردەم پڕئەزموونی و کەسێتییەکی شارەکەدایە نەک دوو گەنج، ئەمە وەک دەستهەڵبەستێک بە کارەکەوە دەردەکەوێت. بەڵام لەو جێیانەدا کە گێڕانەوە دەکەوێتە دەست کەسانی تر، بە تایبەت بەساڵاچوان، گێڕانەوە دەگەڕێتەوە باری پارسەنگیی خۆی.

٥/ گوتاری "سەلارخان" بەرگرییە لە سلێمانیی کۆن و لێدان لە سلێمانیی ئەمڕۆ، هەڵبەت بە ئیمکانی گێڕانەوە. هەرکات لە خوێندنەوەی ئەم جۆرە ڕۆمانانە دەبمەوە پرسیارێک لەپێشم سەوز دەبێت: شار تا کوێ و چەند دەتوانێت هەر خۆی بێت و نەگۆڕێ؟ داواکردنی ژیان لەژێر مەترسیی سەقفە نزم و دارین و مێرووتێدراوەکاندا تا چەند ڕەوایە؟ حاشاهەڵنەگرە کە هەڵکردن و هاوسەنگی لە نێوان دنیای دوێنێ و ئەمڕۆدا پێویستییەکی حەتمین، دەکرێت نۆژەنکردنەوە بە بەرنامە بێت، پاراستنی هەندێک شوێن و خانوو زەروورەتی شارن و کولتووری شار پێک دێنن، بەڵام مەترسیی گوتارەکەش دەبینم، کە نەیەوێت هیچ شتێک دەستکاریی بکرێت و بگۆڕدرێت. ئۆرهان پاموک باشترین نموونەیە، لە گفتوگۆکانیدا، پاموک بە ئاشکرا لایەنداریی و هەستی نۆستالۆژیکی خۆی بۆ ئەستەمووڵی کۆن دەردەبڕێت، بەڵام کە ڕۆمانەکانی دەخوێنیتەوە نایەڵێت ئەم گوتارە ببێت بە شاگوتار، بەڵکوو دیالەکتیکئاسا مامەڵەی دەکات؛ لە تێز و ئەنتی‌تێز، سەن‌تێزێک بەرهەم دێنێ: دنیای کۆن دەکێشێت بە دنیای ئەمڕۆدا و ڕۆمانێکی وەک "سەمەرەیەک لە سەرمدا" پڵاچە دەدات و بەرهەم دێت. مەبەست لە بەراوردکردنی "سلێمانی" و "ئەستەمووڵ" نییە، بەڵکوو جەخت و باسکردنە لەسەر "شار" و مامەڵەکردنی شار لە ڕۆماندا. ئەگەرچی گوتاری "سەلارخان" ڕەوایەتی خۆی لەمڕۆی سلێمانییەوە هەڵدەهێنجێ، بەڵام کەمتر دیالەکتیکانە مامەڵەی دەکات، گرفتەکە لە زەینی دەقدایە، کە ڕابردوو هێند بە درەوشاوەیی دەبینێت، ناتوانێت دەرکەوتەی دنیای مۆدێرن ببینێت و دزە بکاتە هەناو دەق، ئەگەر دەریشبکەوێت، هەر لەو جێیەدا سەرکوت دەکرێت.


ئەم بابەتە 155 جار خوێندراوەتەوە