viber_image_2021-10-01_16-07-56-667.jpg

ئەی مەرگ چاوەڕێ کە! تا جانتاکەم حازر ئەکەم:

ئەی مەرگ چاوەڕێ کە! تا جانتاکەم حازر ئەکەم:
فڵچەی ددانشتنەکەم،
سابوون و مەکینەی ڕیشتاشینەکەم
کۆڵۆنیا و جلوبەرگەکەم.
ئاخۆ لەوێ کەشوهەوا سازگارە؟
ئاخۆ لە ئەزەلی سپیدا باری کەشوهەوا ئەگۆڕێ،
یان خۆی چۆنە لە پایز و زستاندا هەروا ئەمێنێ؟
ئاخۆ کتێبێک بەسە بۆ کاتبەسەربردنم لەگەڵ ناکاتدا،
یا پێویستم بە کتێبخانەیەک ئەبێ؟
ئەی زمانی قسەکردن لەوێ چۆنە؟
هەموو بە لەهجەی میللی قسە ئەکەن یان بە زمانی نووسین/
.. ئەی مەرگ چاوەڕێ کە، ئەی مەرگ،
تا لە بەهاردا مێشکم ساف ئەبێتەوە و تەندروستیم باش ئەبێ،
ڕاوچییەکی ئابڕوومەند بە و کارژۆڵە لای کانیاوەوە شکار مەکە.
با هاوڕێ و ڕاشکاو بین لەگەڵ یەکدا:
کەی لە ژیان تەژی بووم، ئەوسا بۆ تۆ
لێمگەڕێ با لە ئەستێرەکان ڕامێنم:
کەس بەتەواوی نەمردووە.
ڕۆحەکان بەتەنها شێوە و پێگەیان ئەگۆڕن/
****
ئەی مەرگ، لەگوێ دەریا چاوەڕێم کە
لە قاوەخانەی ڕۆمانسییەکان.
ئەمجارەیان تیرەکەت نیشانی نەپێکا و
من هەر بۆ ئەوە گەڕامەوە تا لە دەرەوەمدا
ماڵئاوایی لە ناوەوەم بکەم و
ئەو گەنمەی ڕۆحمی سەرڕێژ کردووە
بەسەر ئەو ڕیشۆڵانەدا بەش بکەم
کە بەسەر دەست و شانەکانمەوە نیشتوونەتەوە و
ماڵئاوایی لەو زەوییە بکەم کە وەکو خوێ هەڵمئەمژێ و
ئەمکا بە گیا و بۆ ئەسپ و ئاسک پەخشم ئەکا.
چاوەڕێم کە تا کۆتایی بەو سەردانەم دێنم بۆ شوێن و کات،
بڕواشم پێ مەکە ئەگەڕێمەوە یا ناگەڕێمەوە
ئەشڵێم: سوپاس بۆ ژیان!
نە زیندوو بووم و نە مردوو
تۆش تەنها خۆت بوویت، هەر خۆیت بوویت، ئەی تەنیا!
****
من کێم؟
غەزەلی غەزەلەکانم
یا کتێبی "جامیعە"؟
هەردووکمان منم...
من هەم شاعیرم و
هەم شا و
هەم حەکیمێک لەسەر لێواری بیرەکە
نە هەورێ لەناو دەستمایە و
نە یانزدە هەسارە لەبەردەمی پەرستگاما
جەستەم تەنگ بووە بە بەرم
ئەبەد تەنگ بووە بە بەرم
هەروەها سبەینێشم
وەکو تاجی تەپوتۆز
لەسەر کورسییەکەم دانیشتووە.

بهێوودەیە، بێهوودەی بێهوودەکانە... بێهوودەیە
هەموو شتەکانی سەر ئەم زەوییە فانییە

بایەکان لە باکوورەوە دێن
بایەکان لە باشوورەوە دێن
خۆر لە خۆیدا هەڵدێ
خۆر لەخۆیدا ئاوا ئەبێ
هیچ شتێکی نوێ لە ئارادا نییە
زەمەنیش بازنەییە.
ئەوەی سبەینێ ڕووئەدا ڕابردووە،
بێهوودەیە لە بێهوودەدا.
پەرستگاکان بەرزن
گوڵەگەنمەکان بەرزن
ئاسمان کە نزم ئەبێتەوە ئەبارێ
وڵات کە بەرز ئەبێتەوە چۆڵ ئەبێ
هەر شتێ سنووری خۆی بەزاند
ڕۆژێ بۆ دژەکەی ئەگۆڕێ
ژیان لەسەر زەوی
سێبەری شتێکی نەبینراوە...

بێهوودەیە، بێهوودەی بێهوودەکانە... بێهوودەیە
هەموو شتەکانی سەر ئەم زەوییە فانییە
****
ئێستاش دوو مەتر لەم خاکە بەسە...
مەترێک و ٧٥سم بۆ من و...
پاشماوەکەی بۆ گوڵێکی ڕەنگ ئاشووبی،
کە بەکاوەخۆ ئەمخواتەوە، ئەوەی هیی منیش بووە هیی منە:
دوێنێم، ئەوەش کە هیی من ئەبێت:
سبەینێی دوورم و گەڕانەوەی ڕۆحی بێ ئەنوا
وەکو ئەوەی هیچ نەبووبێ
وەکو ئەوەی هیچ نەبووبێ
سووکە زامێ لە باسکی هەنووکەی پووچدا...
مێژووش گاڵتە بە قوربانییەکانی خۆی و
بە قارەمانەکانی ئەکا...
نیگایەکیان ئەکا و تێئەپەڕێ...
ئەم دەریایە هیی منە
ئەم هەوا شێدارە هیی منە
ناویشم...
با بە هەڵەش لەسەر تابووتەکە گۆی بکەم.. هیی منە
لێ من- کە پڕ بووم لە هەموو کەرەسەکانی کۆچ-
هی خۆم نیم
من هیی خۆم نیم
من هیی خۆم نیم...

لە قەسیدەی "دیواربەند" ی مەحموود دەرویشەوە، لە کتێبی "لەبیر دەچیتەوە وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبیت" ژیان و شیعری مەحموود دەرویش، هەڵبژاردن و وەرگێڕانی "ئازاد بەرزنجی". لە چاپکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس.

 


ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە