viber_image_2021-10-04_06-31-55-045.jpg

ئەلیخۆ کارپێنتێر نوێگەرێک لەسەر پێشینەی مۆرک و تایبەتمەندییەکانی ئەمەریکای لاتین

سیامەند هادی


هەر کاتێک ناوی نووسەرانی پێشەنگ لە ئەدەبی ئەمەریکای لاتین دەهێنرێت، بێگومان ناوی (ئەلیخۆ کارپێنتێر) یەکێک دەبێت لەو ناوانە، چونکە بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە بوونەتە هۆکاری گۆڕانکاری و نوێگەریی لەو ئەدەبەدا. هەموو ئەو کتێبانەی لەسەر ئەدەبی ئەمەریکای لاتین نووسراون، بەشێکیان بۆ بەرهەم و تازەگەرییەکانی ئەم نووسەرە تەرخان کراوە، هەربۆیە ناتوانین باس لە ئەدەبی ئەمەریکای لاتین بکەین و بەرهەمەکانی کارپێنتێر لەبەرچاو نەگرین. کارپێنتێر لەژێر گاریگەریی هونەر و تازەگەرییەکانی نووسەرانی ئەوروپادا، توانی بۆ یەکەم جار هەندێک تازەگەریی لە ئەدەبی ئەمەریکای لاتیندا بەرجەستە بکات، بەڵام ئەو کاریگەرییە وەک لاساییکردنەوە نەبووە، بەڵکو بەرهەمەکانی بە مۆرک و تایبەتمەندی کولتووری ئەمەریکای لاتین ئاوێتە کراون.
ئەو شێوە کارکردنەی لە ئەدەبی ئەمەریکای لاتین وەک سیحرێک لە واقیع کرا و دواتر وەک چەمکێک ناوی واقیعی سیحری لێنرا، سەرەتاکەی بۆ هەوڵەکانی کارپێنتێر دەگەڕێتەوە. ئەو نووسەرەی سەرەتایەکی سەرکێشانەی خوڵقاند و بەدوایدا لەسەر هەمان ڕێباز و بە هەندێک گۆڕانکارییەوە، چەندین نووسەری گەورەی لەنێو ئەدەبی ئەمەریکای لاتین هێنایە کایەوە.
بیۆگرافیای ئەلیخۆ کارپێنتێر
نووسەری کوبی (ئەلیخۆ کارپێنتێر) لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٠٤ لە هاڤانا لە باوکێکی بەڕەگەز فەرەنسی و دایکێکی بەڕەگەز ڕووسی لەدایکبووە. ئەم نووسەرە لە خێزانێکدا لەدایک بووە، کە ئارەزووی خوێندنەوە و گوێگرتن لە مۆزیک بەردەوام ئامادەبوونی هەبووە. لە سەردەمی لاوێتیدا بەشداری لە کۆمەڵەیەکدا کردووە کە خۆیان ناونابوو (کۆمەڵەی کەمایەتی)، ئەو کۆمەڵەیە لە دەستەبژێرێکی سیاسی و ڕۆشنبیر پێکهاتبوون و هەوڵیان دەدا تازەگەریی لە چەند بوارێکدا ئەنجام بدەن و هەر ئەو دەستەیەش بوو کە لەپشت گۆڤاری (پێشکەوتن)ەوە بوون. لە هاڤانا و پارس خوێندنی تەواوکردووە و مۆزیک و تەلارسازی خوێندووە و ساڵی ١٩٢٠ گەڕاوەتەوە بۆ کوبا. بەهۆی ئیمزاکردنی بەیاننامەیەکەوە لە دژی دەسەڵاتی ماچادۆ، زیندانی کراوە و دوای ئازادبوونی هەڵهاتووە بۆ فەرەنسا و تا ساڵی ١٩٣٩ نەگەڕاوەتەوە. ئەو کاتەی لە فەرەسا بووە، کەوتووەتە ژێر کاریگەری سوریالییەکانەوە و بە نووسین بەشداری لە گۆڤاری (شوڕشی سوریالییەکان)ی (ئەندرێ بریتۆن)دا کردووە. لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، کارپێنتێر وەک نووسەرێک بەشداری لە (کۆنگرەی نووسەرانی دژ بە فاشیەت)دا کرد، کە ساڵی ١٩٣٧ لە ئیسپانیا سازکرا. پەیوەندییەکی پتەوی بە نووسەرانی ئەوروپاوە هەبوو، لە نزیکەوە هاوڕێی زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندان بوو، ئەوانیش وەک (فدریکۆ گارسیا لۆرکا، پیدرۆ سالیناس، مانوێک دی ڤایا، خواکین تورینا، پیکاسۆ، نیکۆلاس گین، ئیلوار، تزارا، مالرۆ، ئەندرێ بریتۆن، ئەراگۆن). ماوەیەکیش لە ڕادیۆ کاری کردووە و بەڕێوەبەری ڕادیۆی (سی. ئێم، ئێکس) بووە لە هاڤانا. هەروەها وەک نووسەر لە گۆڤاری (سەردەمی نوێ)دا کاری کردووە و دواتر بووە بە مامۆستا لە پەیمانگەی مۆزیکی نیشتمانی.
کارپێنتێر لەنێوان فەرەنسا و باشووری ئەمەریکا و مەکسیکدا لە گەڕاندا بووە و زۆربەی نووسەرە گەورەکانی سەردەمی خۆی بینیوە. ئەم نووسەرە زۆر گرنگی بە سیاسەتی ئەمەریکای لاتین داوە و هاوپەیمانی چەند شۆڕشێک بووە، وەک شۆڕشی کوبا کە (فیدڵ کاسترۆ) ڕابەرایەتی دەکرد لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا. کارپێنتێر لە چەند بوارێکدا دەینووسی، وەک مۆزیک و ڕۆژنامەگەری و سیناریۆ و شانۆ و دراما و ڕەخنەی ئەدەبی، بەڵام زیاتر وەک ڕۆماننووس ناوبانگی دەرکردووە.
لەگەڵ ئەوەی مشتومڕێکی زۆر لەسەر سەرەتای سەرهەڵدانی (ڕیالیزمی سیحری) هەیە لە ئەمەریکای لاتین، بەڵام زۆربەی ڕەخنەگران ڕۆمانی (شانشینی ئەم جیهانە)ی کارپێنتێر کە لە ساڵی ١٩٤٩دا چاپ کراوە، بە سەرەتای ئەو ڕێبازە ئەدەبییەی ئەمەریکای لاتین دادەنێن. کارپێنتێر لە دەقەکانیدا کاری لەسەر مۆرکێکی تایبەتی ئەمەریکای لاتین کردووە، تەنانەت ئەوکاتەشی کاریگەری سوریالییەکانیشی لەسەر بووە، بەشێوەیەکی جیاواز و تایبەت کاری لەسەر ئەو ڕێبازە کردووە. لە سەرەتای بەرهەمەکانیدا، کارپێنتێر گرنگییەکی زۆری بە ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا لاتین داوە و بەشێوەی ڕۆمانی بەڵگەنامەیی کاری لەسەر کردوون. ئەو کاتەی لە زیندان بوو، یەکەمین ڕۆمانی بەڵگەنامەیی لەسەر ڕەشپێستەکان نووسی و لەژێر ناوی (سوپاس بۆ خودا) لە ساڵی ١٩٣٣دا لە مەدرید بڵاوکرایەوە. دوای ئەوەی سەردانی هایتی دەکات، دواتر ڕۆمانێک لەژێر ناوی (شانشینی ئەم جیهانە) دەنووسێت و ساڵی ١٩٤٩ بڵاودەکرێتەوە. کارپێنتێر لە چلەکان و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لەنێوان ئەمەریکای لاتین و ئەوروپادا دەژیا و لە پاشکۆی ڕۆشنبیری باڵوێزخانەی کوبا لە پاریس کاری دەکرد. لە گۆڤاری (ڕەسەن)یشدا بەشداری کردووە و بابەتی تێدا بڵاوکردووەتەوە، کە گۆڤارێکی ڕۆشنبیری بوو بە زمانی ئیسپانی و لە هەموو ئەو وڵاتانەدا بڵاودەکرایەوە کە زمانیان ئیسپانی بوو. ساڵی ١٩٤٦ کتێبێکی نووسی لەژێر ناوی (مۆزیک لە کوبا).
کارپێنتێر ساڵی ١٩٢٧ حەوت مانگ زیندانی بوو، لەبەر ئەوەی بەیاننامەیەکی دژی ماچادۆی دیکتاتۆر ئیمزا کرد. دواتر بەهۆی هاوکاری (دسنوس)ەوە دەچێتە فەرەنسا و لەوێ چاوی بە دسنوس و ئەرتور و بیرڤەر دەکەوێت و لە ڕادیۆی پاریس لەگەڵ دسنوس و دیهارمدا کار دەکات و دواتریش دەچێتە ڕادیۆی لۆکسمبۆرگ. پاشان دەچێتە فەنزویلا و چەند سیمینارێک وەک وانەبێژ پێشکەش دەکات و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەوێ دەبێت و دواتر بە یەکجاری ساڵی ١٩٥٩ دەگەڕێتەوە بۆ کوبا، دوای سەرکەوتنی شۆڕش. لە ساڵی ١٩٢٤دا سەرنووسەری یەکێک لە گرنگترین گۆڤارەکانی کوبا بووە لە سەردەمی خۆیدا کە گۆڤاری (کارتیلیس) بووە، کە بە مانای یەکێتی دێت. ساڵی ١٩٣٩ لە فەرەنساوە گەڕاوەتەوە بۆ کوبا و دوای دوو ساڵ هاوسەرگیری کردووە. ساڵی ١٩٤٥ چووە بۆ فەنزویلا و بووە بە مامۆستای زانکۆی کاراکاس. تا ساڵی ١٩٥٩ لە فەنزویلا ماوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ کوبا. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا بووە مامۆستا مێژووی ڕۆشنبیری لە زانکۆی هاڤانا. ڕۆمانەکانی کارپێنتێر بۆ زیاتر لە بیست زمان وەرگێڕدراون و ڕۆمانی (شانشینی ئەم جیهانە) کە لە ساڵی ١٩٤٩دا نووسیویەتی، ناوبانگێکی زۆری هەیە. هەروەها ڕۆمانی (هەنگاوە ونبووەکان) کە لە ساڵی ١٩٥٣دا بڵاوکراوەتەوە، ساڵی ١٩٥٦ خەڵاتی باشترین کتێبی بیانی لە پاریس وەرگرتووە.
کارپێنتێر لە بەرهەمەکانیدا کاریگەری سوریالییەکانی لەسەر بووە و سەرسام بووە بە بەرهەمەکانی ئەندرێ بریتۆن و ئاراگۆن و ئیلوار و شێوەکاری بەناوبانگ سلڤادۆر دالی. هاوڕێی ئەندرێ بریتۆن بووە، هەربۆیە بەشێکی زۆری کاریگەرییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوڕێیەتییە، بەڵام سەرەڕای ئەو کاریگەرییەش، کارپێنتێر لە کارەکانیدا بەشێوەیەکی جیاواز دەینووسی و مۆرک و تایبەتمەندی ئەمەریکای لاتین بەگشتی و کەناراوەکانی دەریای کاریبی بەتایبەتی لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. لە دەقەکانیدا ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ مێژوودا دروست دەکات، هەروەها لەنێوان (ئێرە) و (ئەوێ)دا دوو جیهانی جیاواز دەخوڵقێنێ، کە مەبەست لە (ئێرە) ئەمەریکای لاتینە و مەبەست لە (ئەوێ) خۆرئاوا و بەتایبەتی ئەوروپایە.
کارپێنتێر لە ٢٤ی نیسانی ١٩٨٠ لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە پاریس کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی کۆلۆن لە هاڤانا لەگەڵ ئەستێرەکانی هونەر و سیاسەت بەخاک سپێردراوە.
بەرهەمەکانی کارپێنتێر
١- سوپاس بۆ خودا- ڕۆمان- ١٩٣٣
٢- شانشینی ئەم جیهانە- ڕۆمان- ١٩٤٩
٣- هەنگاوە ونبووەکان- ڕۆمان ١٩٥٣
٤- ڕاوەدوونان- ڕۆمان- ١٩٥٦
٥- تەقینەوە لە کاتدرائی- ڕۆمان- ١٩٦٢
٦- کۆنسێرتی بارۆک- ڕۆمان- ١٩٧٤
٧- پاڵنەرەکانی دەوڵەت- ڕۆمان- ١٩٧٤
٨- سروتەکانی بەهار- ڕۆمان- ١٩٧٨
٩- چەنگەکە و سێبەرەکە- ڕۆمان- ١٩٧٩
١٠- جەنگی کات- چیرۆک- ١٩٥٦
١١- چیرۆکەکانی تر- چیرۆک- ١٩٨٤
١٢- مۆزیک لە کوبا- لێکۆڵینەوە- ١٩٤٦
١٣- گەیشتنی دۆزەرەوە ئەوروپییەکان- لێکۆڵینەوە
١٤- تا کاتی بڵاوبوونەوە- لێکۆڵینەوە
١٥- سەدەی بیست- لێکۆڵینەوە
شانشینی ئەم جیهانە
ئەلیخۆ کارپێنتێر لە ساڵی ١٩٤٩دا ڕۆمانی (شانشینی ئەم جیهانە)ی بڵاوکردووەتەوە، کە لەلایەن زۆربەی ڕەخنەگرانەوە بە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕیالیزمی سیحری دادەنرێت. ئەم ڕۆمانە لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی نووسەرە و کار لەسەر مێژووی چەند ڕووداوێک دەکات لە (سان دۆمینیک) ڕوویان داوە، کە ناوی پێشووی دوورگەی هایتییە و کەوتووەتە خۆرهەڵاتی کوباوە و لە دوو دەڵەت پێکهاتووە (کۆماری دۆمینیکان و کۆماری هایتی).
لەم بەرهەمەدا ڕووداوە مێژووییەکان لە چەند لایەکەوە چوارچێوەیەک بۆ ڕۆمانێکی ناوەکی دروست دەکەن، کە سیحر و گۆڕانکاری و چوونە نێو ئایینی (ڤۆدۆ) لەخۆ دەگرێت، تێکەڵەیەکە لە پەرستنێک کە بنەمایەکی زیندەیی هەیە و ڕۆح دەداتە دیاردە سروشتییەکان و هەوڵ دەدات لەگەڵ سروتە سیحرییەکاندا بیانگونجێنێت. هەندێک ڕەگەزیش لە سروتە کاسۆلییەکان دەخوازێت بۆ دروستکردنی ئایینی زنجییەکانی دوورگەکانی ئانتیل، لە بەرامبەر کوشتارگە و وێرانکاری و ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی کە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە سەرشارن لێیان.
بێگومان ڕۆمانی مێژوویی مێژووییەکی کۆنی هەیە و هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆمانەوە، ئەم جۆرە لە نووسینی ڕۆمان سەریهەڵداوە. (جۆرج لۆکاش) لە کتێبی (ڕۆمانی مێژوویی)دا بەدرێژی باسی لەو جۆرە ڕۆمانە کردووە و بەزۆریش لەسەر کارەکانی (واڵتەر سکوت) وەستاوە. کارپێنتێر لە ڕۆمانی (شانشینی ئەم جیهانە)دا کار لەسەر مێژوو دەکات، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز لەو ڕۆمانە مێژووییانەی پێش خۆی کاریان کردووە. ئەو جۆرە مشتومڕەی باو بووە و بۆ ماوەی سەدەیەک بە تووندی باس لەوە کراوە ئەوەی کە سەیری ئەم ڕۆمانە دەکات وەک ئەوەی تەواوکەرێکی مێژوویی بێت و خەمی ئەوە بێت کە سوودی پێ بگەیەنێت، کارپێنتێر لەلای خۆیەوە بەرەو ئاڕاستەیەکی تر ئەو مشتومڕەی یەکلاکردەوە. بەلای ئەوەوە ئیدی گرنگ نییە کە پێشینە بۆ کامیانە، ئیدی بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ مێژوودا دەکات کە چەپکێک لە ڕاستەقینە بێت و ماددەیەکی خاوی بۆ ئەو پێکهێنابێت، چۆنی بوێت وا کاری لەسەر دەکات و دەیبزوێنێ و بەڕێوەی دەبات. مادام یارییەکە لە کۆتاییدا دەبێتە داهێنانێکی هونەریی و تێیدا واقیع دەبێت بە بەشێک لە خەیاڵ، مێژووش دەبێت بە بەشێک لە واقیع و خەیاڵیش بزوێنەری هەموو یارییەکەیە.
لێرەشەوە جێگەی گاڵتەیە لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانی (شانشینی ئەم جیهانە)دا فەرهەنگ و ئینسایکلۆپیدیا و کتێبە مێژووییە باوەڕپێکراوەکان بکەیتەوە، بۆ ئەوەی بزانیت داخۆ ئەو کەسێتییانەی لە ڕۆمانەکەدا دەیانبینیت، بەڕاستی هەبوون؟ یان ئەوانەی کە بەڕاستی دەردەکەون، بە هەمان شێوەن کە نووسەر وەسفی کردوون؟ هەڵبەت لەو ڕۆمانەدا هەندێک کەسێتی تێدایە کە بەڕاستی هەبوون، وەک پۆناپارت و پاشا هێنری و کۆڵۆمبوس و چەندانی تر، بەڵام هیچ شتێک ناتوانرێت ئەوە ئاشکرا بکات کە بەڕاستی ئەوانە بەو شێوەیە ژیاون کە لە ڕۆمانەکەدان. کەواتە ئەوە ئەو هاوکێشەیەیە کە قەڵەمەکەی کارپێنتێر لە ڕۆمانەکەیدا کێشاویەتی، بێ ئەوەی لەگەڵ خۆیدا پرسیار لە خۆی بکات سەبارەت بە پشکی واقیع و پشکی خەیاڵ لە هەموو ئەو شتانەدا کە بەرجەستەی کردوون. ئێمە گومانمان نییە لەو شتانەی نێو ڕۆمانەکە و لە ڕۆمانەکانی تریشیدا وای کردووە گرنگی و پێشەنگی پەیدا بکات، واشی لێ کردووە ببێتە وانەیەک و چاوی لێ بکرێت، بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی ئەو نووسینانە مێژوویین، یان ڕۆمانن.
ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە دەوری دەروازەکانی سەدەی نۆزدە دەسوڕینەوە، کە لە ناوچەی کاب فرانس بوو لە سان دومینیک. لەو سەردەمەی شۆڕشی فەرەنسی کاریگەریی دروست دەکرد و پاولین پۆناپارتیش وەک پاڵەوان دەبینرا بۆ دواڕۆژ. ئێمە لە سەرەتادا ئەو ڕووداوە گەورانە نابینین، تەنها لە ڕێگەی چاوی (تی. نوێل)ەوە نەبێت کە کۆیلەیەکی ڕەشپێستە و لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا لەگەڵ خاوەنەکەی (لونورمان)دا بە شارۆچکەکەدا دەگەڕێن. ئەو گەڕانەی کۆیلە و خاوەنەکەی، دەرفەتێکە بۆ ڕۆمانەکە بۆ ئەوەی وەسفی شارێکی کۆلۆنیالی بکات، باسی خانووە ناوازەکان و ژیان تێیاندا، تێکەڵە لەگەڵ ڕوانینی چاوەڕوانکردن کە پرسیاری ئەوە دەکات داخۆ شۆڕشەکە چی لێ دێت کاتێک دەگاتە ئەو شوێنە؟ لە ڕاستیدا تایبەتمەندییەکانی ئەو چاوەڕوانییە زیاتر دەبن، کاتێک کۆیلە و گەورەکەی دەگەڕێنەوە بۆ کێڵگەی میزی. با بزانین چۆن پێکەوەژیانێکی سەیر لەوێ بونیاد دەنرێت لەنێوان گەورە و سپیپێستەکان کە لە ترۆپکی ستەمکاریدان. بەشێوەیەک کۆیلە ڕەشپێستەکان بەتەنها ملکەچ نین بۆ گەورەکانیان، بەڵکو ملکەچیشن بۆ ئەو کاهینانەی بە شێوەیەکی ڕۆژانە سروتی ڤۆدۆ و جادوو بەڕێوە دەبەن، کە وا دەکات ڕەشپێستەکان هەست بە ناسنامەی خۆیان بکەن و بەو تەنها ئازادییەوە پەیوەستیان دەکات کە لەبەردەستیاندایە. یەکێک لە ڕەشپێستە کۆیلەکان دەستی دەکەوێتە نێو کەماشەیەکی ئامێرەوە و دەقرتێت، بەڕاکردن لەو شوێنە دێتە دەرەوە و بە هاوارەوە نەفرەت لە هەموو کێڵگەکە دەکات، بەم شێوەیە شۆڕشەکە دەست پێ دەکات. دواتر پەتایەکی نادیار و کوشندە بڵاو دەبێتەوە و مرۆڤ و ئاژەڵەکانی نێو کێڵگەکە لەناو دەبات، بە ژنی گەورەکەشەوە. لە ئەنجامی ئەوەدا شۆڕشی کۆیلەکان دەست پێ دەکات و گەورە سپیپێستەکان ناچار دەکەن بەرەو شاری سان دۆمنیک و لەوێوە بۆ سانتیاگۆ و کوبا هەڵبێن. لێرەوە ڕۆمانەکە دەمانگوێزێتەوە بۆ سانتیاگۆ کە پاولین پۆناپارت و جەنەڕاڵ لوکلیرکی مێردی دەگەنە ئەو شارە. لە ڕاستیدا گەیشتنی شازادە خاتوون بۆ ئەو شارە ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو، چونکە سیحری جوانی باڵ بەسەر هەمواندا دەکێشێت، بەتایبەتی کاتێک جەستەی خۆی ڕادەستی (سلێمان)ی کۆیلە ڕەشەکەی دەکات تا بۆی بشێلێت، بەڵام ئەوە بەردەوام نابێت، چونکە مردنی جەنەڕاڵ لوکلیرک وا دەکات ژنەکەی بگەڕێتەوە بۆ فەرەنسا. بەوەش یادەوەرییەکی جوان و بۆندار و بیرۆکەی نوێ لەپاش خۆی بەجێدەهێڵێت، هەروەها (سلێمان)ی کۆیلەشی بە پەرێشانی جێدەهێڵێت و وای لێ دەکات شەو و ڕۆژ سەرقاڵی شێلانی پەیکەری خانمە شۆخەکەی بێت.
لەو کاتەدا (تی. نوێل)ی کۆیلە دێتەوە کێڵگەی میزی و ڕۆمانەکەش لەگەڵیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ، بەڵام کێڵگەکە بووەتە موڵکی هنری کریستۆف، کە چێشتلێنەرێکی پێشوو بووە لە خانەی مسیۆ لونورمان و ئەنجامدانی ڤۆدۆش دووبارە دەگەڕێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ شتێک بەردەوام نابێت، هەر زوو شانشینەکەی هنری کریستۆف بەبا دەچێت و ئەویش خۆی دەکوژێت. ئیدی تی. نوێل لەبری ماکنداڵ چارەسەرەکان دەگرێتە ئەستۆی. واتا دەگۆڕێت بۆ ئەوەی ببێتە کاهینێکی گەورەتر و بەڕێوەبردنی سرووتەکانی ڤۆدۆ بەڕێوە دەبات. دواجاریش پاراستنی ناسنامەی ئەو خەڵکەی دوای ئەوەی ئەو هەموو گۆڕانکارییەیان بەسەردا هات، دەگەڕێنەوە بۆ سیستمەکەی پێشوویان.
ڕۆمانی (شانشینی ئەم جیهانە) سەر بە فانتازیایە، لەو دەقەدا چەند ڕووداوێک دەبینین، کە جیاوازە لەو ڕووداوانەی لە ژیانی ئاساییدا ئەزموونمان کردووە، هەربۆیە ئەوەی ئەو ڕۆمانە بخوێنێتەوە، دەیخاتە خانەی چیرۆکێکی فانتازییەوە. لەگەڵ ئەوەی ڕۆمانەکە باسی کەسێتی و ڕابردووی هایتی دەکات، بەڵام ئاستی واقیع لە دەقەکەدا ئاستێکی ئەفسانەیی و خورافی هەیە، ئەوەش وا دەکات نەتوانین ڕۆمانەکە وەک ڕۆمانێکی واقیعی تەماشا بکەین. کارامەیی تەکنیک لەو ڕۆمانەدا لە گۆشەنیگای ئاستی ئەو واقیعەدایە کە کارپێنتێر دایڕشتووە، چیرۆکەکە زۆربەی کات لە ئاستێکی ئەفسانەیی یان خورافیدا ڕوو دەدات. ئەم ڕوانینە بە پلەی یەکەم لەوەدایە کە فەنتازیایە، دواپلەش لە واقیعییەکەیدایە. ڕۆمانەکە لە ڕێگەی گێڕەرەوەیەکەوە دەگێڕدرێتەوە کە کەسێتی نێو دەقەکە نییە، بەڵام زۆر نزیکە لەو شتانەی باسیان دەکات، بە ڕادەیەک لە کاتی خوێندنەوەدا هەست دەکەین مەودایەکی زۆر تەسک هەیە لەنێوان گێڕەرەوە و ئەوەی دەیگێڕێتەوە، ئەوەش وامان لێ دەکات لەناو ئەفسانە و خۆرافاتدا بژین. ئەوەی چیرۆکەکەی پێکهێناوە، بایی ئەوەندە ئاشکرایە کە درک بەوە بکەین ئەوەی دەگێڕدرێتەوە واقیعی نییە، بەڵکو واقیعێکی ناجێگیرە و هۆکارەکەشی بیروباوەڕی گەلێکە کە دەستبەرداری سیحر و جادوو و شتە ناعەقڵییەکانی خۆی نەبووە، هەرچەندە بە ڕواڵەت باوەڕی بە عەقڵانیەتی داگیرکەرەکەی هێناوە دوای ڕزگاربوون.
ئەو ڕۆمانە هەر لە ناونیشانە بوێرەکەیەوە (شانشینی ئەم جیهانە) سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە وێناکردنی واقیعی ئەمەریکا، کە وەک کاڵایەک بۆ فرۆشتن خراوەتەڕوو. ئەو ڕۆمانە سەرەتایەکە بۆ گرنگیدان بە ئەمەریکای لاتین و گەلەکانی لە ڕۆماندا، دەقێکی درەوشاوەیە کە پەیوەندییەکی گەرموگوڕی لەنێوان ژینگەی سروشتی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا دروست کردووە.
هەنگاوە ونبووەکان
کارپێنتێر لە ساڵی ١٩٥٣دا ڕۆمانی (هەنگاوە ونبووەکان)ی نووسیوە و تێیدا کار لەسەر بەراوردکردنی ئەفسانە و خورافاتی ناوخۆیی لەگەڵ ڕوانین و بیری داسەپاوی دەرەوەی ئەمەریکای لاتین دەکات کە ئەوروپایە. ئەو دوو جیهان بەرامبەر بە یەک دروست دەکات، جیهانی (ئێرە) کە ناوخۆیە و وێناکردنی کولتووری ئەمەریکای لاتینە، لەگەڵ جیهانی (ئەوێ) کە هێمایە بۆ جیهانی دەرەوەی ئەمەریکای لاتین. هەرچەندە چەمکی (ئێرە و ئەوێ) سەبارەت بەو ڕۆمانە، خۆی لە ململانێیەکی کەسیی و بەرجەستەدا دەبینێتەوە و دەیەوێت چارەسەری کردارەکی و هۆشیارانەی بۆ بدۆزێتەوە نەک بە داماڵینە فەلسەفی و فانتازیا ڕووتەکەی، بەڵکو لە ڕێگەی واقیعەوە، هەربۆیە نووسەر لەوەدا داهێنەر بووە لەو بنەمایەی کە دەتوانرێت پێی بوترێت تیۆری ڕیالیزمی سیحری. لە کاتێکدا ئەوروپا لەلایەک و هەردوو کیشوەری ئەمەریکاش لەلایەکی تر دوو واقیعی پێچەوانە پێکدەهێنن، ئەوا کارەکانی کارپێنتێر کرۆکێکی گەورەیان بونیادناوە. لەو بڕوایەی کە ئەفسانە و مێژوو تۆوێکی بەپیتی کولتووری و دەوڵەمەندیان هەڵگرتووە کە دەتوانن بەشداربن لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی ئەو کیشوەرەی ئەو لێوەی هاتووە.
خوێنەر لە کارەکانی کارپێنتێردا پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نزیککردنەوەی دژیەکەکاندا دەبینێت، دروستکردنی سیستەم لە پشێوی و ڕۆشنایی لە سێبەر. ڕێبازی ڕیالیزمی سیحری لەسەر پێکەوەلکاندنی چەمک و دۆزەکانی ڕەتکردنەوە وەستاوە، کە ڕۆشنبیریی خۆرئاوا چارەسەری نەدۆزیوەتەوە و ئەو پێکەوەلکاندنەش لە دۆخی تایبەتی هەردوو ئەمەریکاکەوە دێت. لەم ڕۆمانەشدا ئەو بیرۆکەیە لای کارپێنتێر سەرهەڵدەدات. کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە نقووم دەبێت لە گەڕان بەدوای ئەو ڕیشانەی لە هەڵهاتنی لە جیهانێکی پێشکەوتوو بۆ جیهانێکی زۆر سەرەتایی دەیبینێتەوە، لەگەڵ ئەو هیندییانەی کە لە دارستانە دوورەدەست و نادیارەکانی ئەمەریکی لاتیندا دەژین. لەدواییشدا و لەو کاتەی لە هەنگاوە ونەکانیدا بۆ خۆدی خۆی دەگەڕێت، دەگاتە ئەو خۆشەویستەی ڕیشەی سروشتیی بوون و بێگەردی ئەو بەرجەستە دەکات، ئایا دەبێت چی دەست بکەوێت؟
هەر سێ کەسێتی ڕۆمانی (هەنگاوە ونبووەکان) پێکهاتەی تابلۆیەکی تێکەڵە بۆ سێ ئەتنیکی جیاواز کە کیشوەرەکەی لێ پێکهاتووە. کاتێک پاڵەوانەکە لە فەنزویلا مۆزیکژەنێکی سپیپێست دەبینێ، ئەوە وێنەیەکی بچوککراوەی کۆمیدی پاڵەوانەکەیە. هەروەها شاعیرێکی هیندی و شێوەکارێکی ڕەشپێست. کارپێنتێر ویستویەتی سێ قۆناغی جیاوازی مێژووی کیشوەرەکە پێشکەش بکات. سێ قۆناغی مێژوویی باس دەکات و لەبەرامبەر شارستانیەتی خۆرئاوادا ڕایدەگرێت و خوێنەر سەرپشک دەکات لە بڕیاردان بۆ دۆزینەوەی شوناسی ڕاستەقینەی ئەو کیشوەرەی لەنێوان دوو جەمسەردا دەسوڕێتەوە. ڕۆمانەکە بەو پرسیارە تەواو دەبێت: ئایا دەتوانین لە ڕێگەی کاریگەری هەنگاوە شارستانییە ونبووەکانەوە، خودی ڕاستەقینەی خۆمان بدۆزینەوە؟
نووسەر دەیەوێت لە ڕێگەی دروستکردنی دوو جیهانەوە، دەرفەتی بووژانەوە و هەستانەوەی گەلێک بخاتە بەرچاو. ئایا دەکرێت ئەو بووژانەوەیە لە گەڕانەوەدا بێت بۆ پێشینەیەکی ڕەسەن، یان دەکرێت بەرەو پیری شەپۆلی ئەو جیهانە بڕۆن کە خۆرئاوا پاش داگیرکردنی کیشوەرەکە لەگەڵ خۆیدا هێنای؟ خودی ڕاستەقینە و ناسنامەی تایبەتی، لە گەڕانەوەدایە بۆ ڕابردوو، یان وەرگرتنی خەسڵەتەکانی جیهانی دەرەوە ئەو خودە ڕاستەقینەیە دروست دەکات؟ کارپێنتێر لە دەقەکانیدا جیهانێک وێنا دەکات، کە تێیدا کاراکتەرەکانی دەکەونە ژێر فشاری بەیەکداچوونی ئەو دوو جیهانە جیاوازەوە. هەربۆیە زۆر جار کاراکتەرەکانی هەڵگری هەندێک خەسڵەتی دژیەکن و لەنێوان ئەو دوو جیهانەدا دەسوڕێنەوە. وەک دەبینین کەسێتی (متگلیدۆ)ی لە چیرۆکی (ئەکوی بامبا)دا لە واقیعدا کیانێکی سەربەخۆی نییە، بەڵکو وەک کاریکاتێر بۆ ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا وێنا کراوە، واتە بێگانە و ستەملێکراوە لە یەک کاتدا.
نوێگەرییەک لەسەر تایبەتمەندییەکانی پێشینە
کارپێنتێر لەگەڵ ئەوەی لەژێر کاریگەری ئەدەبی ئەوروپیدا بۆ یەکەم جار چەند تازەگەرییەکی هێنایە نێو ئەدەبی ئەمەریکای لاتین، بەڵام وەک لاساییکردنەوە ئەو کارەی ئەنجام نەداوە، بەڵکو هەوڵی داوە ئەو کاتەی سەرسام دەبێت بە ڕێبازێک، لە هەمان کاتدا بیری لای مۆرک و تایبەتمەندییەکانی نێو کۆمەڵی ئەمەریکای لاتین بێت. هەر ئەوەشە وا دەکات سوریالیبوونی کارپێنتێر لە قۆناغێکدا کە پێی سەرسام بووە، جیاواز بێت لە کاری سوریالییەکانی فەرەنسا. ئەوەش سەرکێشییەکی گەورە بووە بۆ ئەدەبێک کە هیچ پێشینەیەکی ئەوتۆی لەسەر ئەو ڕێبازە نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئاوێتەکردنی ڕێبازی سوریالی لەگەڵ مۆرک و تایبەتمەندییەکانی کولتووری ئەمەریکای لاتین، کارێکی ئاسان نییە و وریای و ئاگاییەکی زۆری دەیەوێت. بە هەمان شێوە ئەو کاتەی بۆ یەکەم جار بە شێوازی ڕیالیزمی سیحری ڕۆمانی (شانشینی ئەم جیهانە)ی نووسی، جیاواز بوو لەو ڕوانین و باسانەی لە ئەوروپا دەربارەی ئەو ڕێبازە خرابوونەڕوو. هەر ئەو سەرەتایەش بوو وای کرد جێگیربوونی ئەو ڕێبازە لە ئەدەبی ئەمەریکای لاتین شێوەیەکی زۆر جیاواز وەربگرێت و ببێت بە سیمایەکی تایبەتی لە ئەدەبی ئەو کیشوەرەدا.
کاتێک کارپێنتێر لە بەرهەمەکانیدا کار لەسەر واقیع دەکات، بەشێوەیەکی زۆر تایبەت ئەو کارەی ئەنجام داوە. نە ئەوەیە واقیع وەک خۆی بگوێزێتەوە، نە ئەوەیە دوور لە واقیع دونیایەکی فانتازی دروست بکات وەک واقیعێکی تایبەت بەخۆی، بەڵکو تێکەڵەیەک لەنێوان واقیع و خەیاڵدا بونیاد دەنێت. ئەو واقیعەی کارپێنتێر مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بەتەواوی هاوتەریب نییە بە هەموو دراوە ڕاستەقینەکانی واقیع، بەڵکو ئەو واقیع وەک کەرەستەیەکی خاو بۆ بەرهەمەکانی دەبینێت و بە ڕوانین و خەیاڵی خۆی، دەستکاری کۆمەڵێک ڕووداو و کەسێتی نێو واقیع دەکات. لێرەشەوە ئەو نووسەرە لەوە نەترساوە کە خوێنەران بەرهەمەکانی بە ڕووداو و کەسێتییە ڕاستەقینەکانی نێو واقیع بەراورد بکەن و بکەونە لێپرسینەوە لە نووسەر، لەسەر ئەوەی تا چەند بەرامبەر بە واقیع ئەمەکدار بووە. بەوەش زەمینەیەکی لەباری بۆ نووسەرانی دوای خۆی فەراهەم کرد، کە لەو شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ واقیع نەسڵەمێننەوە و بەپێی ڕوانینی خۆیان کاری لەسەر بکەن. ئەو کاتەی (ماریۆ ڤارگاس یۆسا) لە مانگی سێ و چواری ساڵی ١٩٨٨ وەک مامۆستای میوان هەشت وانەی لە زانکۆی سیراکیوز بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و دواتر لە کتێبێکدا لەژێر ناوی (نووسەر و واقیعەکەی) چاپکرا، لە یەکێک لە وانەکانیدا سەرەتا لەسەر ڕۆمانی (چیرۆکی مایتا) قسە دەکات. ئەو ناڕەزایی دەردەبڕێت لەسەر ئەوەی لە وەرگێڕانی ڕۆمانەکەدا بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، ناونیشانەکەی لەلایەن وەرگێڕەکەوە کراوە بە (ژیانی ڕاستەقینەی ئەلیخاندرۆ مایتا). ئەو دەڵێت ڕاستە مایتا شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینەی ئەمەریکای لاتینە، بەڵام من لە ڕۆمانەکەدا وەک خەیاڵی خۆم کارم لەسەر کردووە و بە هیچ شێوەیەک ئەوەی من نووسیومە ژیانی ڕاستەقینەی ئەو نییە. ئەگەر بمویستایە ژیانی ڕاستەقینەی ئەو بنووسم، ئەوە لێکۆڵینەوەیەکم دەنووسی، نەک ڕۆمان. ئەو ڕوانینە و چەندین نموونەی هاوشێوەی ئەو شێوە مامەڵەیە لەگەڵ واقیعدا، پشتئەستوورن بە پێشینەیەکی پتەوی چەند نموونەیەکی وەک کارەکانی کارپێنتێر.
هەربۆیە ئەو شێوە کارکردنەی کارپێنتێر کاری لەسەر کرد، بووە سەرەتایەک بۆ هەموو ئەو نووسەرانەی دواتر بە ڕێبازی ڕیالیزمی سیحری ڕۆمانیان نووسی. کاتێک بەرهەمەکانی چەند نووسەرێکی وەک (ئەلڤارۆ سیپیدا سامۆدیۆ و خوان ڕۆڵفۆ و ئەنخل میگێل ئەستوریاس و گابرێل گارسیا مارکیز و کارلۆس فۆینتس و ماریۆ ڤارگاس یۆسا و ڕۆبێرتۆ پۆلانیۆ و ئیزابێل ئەلێندی و... هتد) دەخوێنینەوە، هەست بە تایبەتمەندی وێناکردنێکی جیاواز دەکەین کە وەک هێڵێکی گشتی ئەدەبێکی بڵند و تایبەت پێشکەش دەکەن.
سەرچاوەکان:
١- مسار الرواية الاسبانو امريكية- داريو بيانويبا، خ.م. بينيا ليستي- ترجمة: محمد ابو العطا-المشروع القومي للترجمة- الطبعة الاولى- قاهرة ١٩٩٨.
٢- ملامح من ادب امريكا اللاتينية.. الرواية نموذجا- بدر عبدالملك محمد- دار الكنوز الادبية- الطبعة الاولى ١٩٩٤.
٣- في الواقعية السحرية- دكتور حامد ابو احمد- مطبعة مصر الجديدة.
٤- الكاتب وواقعه- ماريو بارجاس يوسا- ترجمة: بسمة محمد عبدالرحمان- المشروع القومي للترجمة- الطبعة الاولى- قاهرة ٢٠٠٥.
٥- رسائل الى روائي شاب- ماريو بارغاس يوسا- ترجمة: صالح علماني- دار المدى للثقافة والنشر- الطبعة الثانية- بيروت ٢٠١٠.
٦- مملكة هذا العالم- اليخو كاربنتيية- ترجمة: محمد علي اليوسفي- ورد للطباعة والنشر والتوزيع- الطبعة الاولى- دمشق ٢٠٠٨.
٧- الخطوات الضائعة- اليخو كاربنتير- ترجمة: سالم شمعون- دار المأمون للترجمة والنشر- الطبعة الاولى- بغداد ١٩٩٨.
* ژمارە (٦٥)ی گۆڤاری (گەلاوێژی نوێ).


ئەم بابەتە 117 جار خوێندراوەتەوە