244440324_195667012683697_3263905653251994579_n.jpg

تاوانى جینۆساید لە یاسا و دادگا نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوکرایەوە

پرسی جینۆساید یەکێک لەو پرسە گرنگە نەتەوەیی و جیهانیانەیە کە ئێجگار جێگەی بایەخ و ورد بوونەوەیە. پرسی چەوساندنەوەی کۆمەڵێک مرۆڤە بە دەستی کۆمەڵێکی تر لە ژێر ناوی پاساوێکدا.. ئەم کتێبە(تاوانی جینۆساید لە یاسا و دادگا نێودەوڵەتییەکاندا) کتێبێکی نووسەر (هاوڕێ ئەحمەد)ە و تیایدا لەسەر ئەمپرسە و ریشەو بنەڕەتەکانی جینۆساید وەستاوە.

 (هاوڕێ ئەحمەد) دەربارەی کتێبەکەی دەنوسێت:

ئەم پەڕتووکە کتێبێکی هەوڵێکى لەم چەشنەیە، دەیەوێت لە ڕیشە و ڕایەڵەکانى تاوانى جینۆساید بکۆڵێتەوە، سرووشتى تاوانى جینۆساید بەپێى یاسا و دادگا نێودەوڵەتییەکان شیتەڵ دەکات و پێکهاتەکانى لە کەو و بێژنگ دەدات. بە ڕەچاوکردنى تایبەتمەندیى دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ هەر یەکێکیان بە جیا لەسەر چۆنێتیى دادبینییەکانیان لە تاوانى جینۆساید دەدوێ و بە درێژیى لە سەر بڕیار و ڕاسپاردەکانیان دەوەستێت.

ئەم کتێبە ئەنجامى نزیکەى دووساڵ لە نووسین و کنەوپشکنینە بە دادبینییەکانى دادگا نێودەوڵەتییەکاندا و لە کۆتایدا ئەمرۆ ڕوناکى بینى.

جینۆسایدناسیى بۆ ئێمەى کورد، بە حوکمى دابەشبوونە جوگرافییەکەمان، گرنگییەکى گەورەى هەیە، هەم لەبەر ئەوەى جینۆساید کراوین و هەم لەبەر ئەوەش هێشتا چەقۆی جینۆسایدمان لە مل هەڵدەسوون. جینۆساید بۆ کورد هەمیشە ئەگەرێکە و لە پێشمانە، نەوەک لە پشت. هەرچەند کوردیش وەک گەلانى تر دەیتوانى ئەو تاوانانەى بەرانبەرى کراوە بکاتە کۆڵەکەیەک و لە پشتى بێت هەمیشە، بەڵام مخابن!

بە پێچەوانەى زۆرێک لەوانەى پێیانوایە پێویستە جینۆسایدى کورد بە دنیا بناسێنین، من پێموایە پێویستە خۆمان خودى تاوانى جینۆساید بناسین و ئاشناى ئاڵۆزییەکانى ئەم تاوانە بین. پاشان پڕچەکتر توێژەرەکان ئارگومێنتسازیى بۆ جینۆسایدى کورد بکەن.

ئەمکتێبە ئێستا لە کتێبفرۆشی شارەکان دەستدەکەوێت.  


ئەم بابەتە 88 جار خوێندراوەتەوە