50641930_1612360848867566_6176428276072841216_n.jpg

(ڕایس زەواوی)،دەربارەی فەلسەفەی (میشێل فوكۆ)

شوان ئەحمەد

سەروەختێك فوكۆناسی ناسراوی جەزائیری (د.زەواوی بەغورە) كتێبی (میشێل فوكۆ لەهزری هاوچەرخی عەرەبی) بەچاپ گەیاند (چاپی یەكەمی ساڵی 2001 و چاپی دووەمی ساڵی 2007)، لەسەر بەرگی كتێبەكەی تەنها ناوی چوار بیرمەندی نوسی بوو كە لەكایەی ڕۆشنبیری عەرەبیدا، بەقوڵی و چڕو پڕی سەروكاریان لەگەڵ فەلسەفەی میشێل فوكۆ و بەرهەمەكانیدا هەبێت، ئەو بیرمەندانەش بریتی بوون لە: (محەمەد عابد ئەلجابری و محەمەد ئەركۆن و فەتحی ئەلترێكی و مەتاع سەفەدی).
كتێبەكە بەگشتی لەسەر سۆراخكردنی، وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێك داڕێژراوە، لەوانە: (هۆكاری گرنگیدان بەفوكۆ لەكایەی ڕۆشنبیریی عەرەبیدا، لەپای چییە؟ ڕۆشنبیرانی عەرەب چۆن گرنگییان پێداوە؟ دیارترین ئەوكەسانە كێن كەپێیەوە سەرقاڵ بوون؟ پاشان خەسڵەتی ئامادەگی فوكۆ لەفیكری هاوچەرخی عەرەبیدا، بەچ شێوەیەكە؟).
لەدووتوێی 136 لاپەڕەدا، بەشێنەیی و شرۆڤەی وردو بەڵگەهێنانەوە، (د. زەوای بەغورە) وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە.
لەئێستاداو دوای تێپەڕبوونی حەڤدە ساڵ بەسەر چاپی یەكەمی ئەو كتێبەدا، خوێنەرگەلێك كەلەم ساڵانەی دوایدا بە بەرهەم و نوسینەكانی فەلسەفەكار و ئەكادیمیستێكی وەك (ڕایس زەواوی) ئاشنابوون (ئەمیش هەر جەزائیرییە)، بەناهەقی دەزانن ناوی (ڕایس زەواوی) وەك فوكۆ ناسێك لەسەر بەرگی كتێبێكی وەها نەبینن كەتەرخان بێت بۆ (میشێل فوكۆ لەهزری عەرەبیدا.)
لەپرۆژەیەكدا كەسێ‌ بەرگە:
بەرگی یەكەم- دەربارەی فەلسەفەی میشێل فوكۆ، چاپی یەكەم- 2014 (156 لاپەڕە).
بەرگی دووەم- سستمی مەعریفی زانستە مرۆییەكان لای میشێل فوكۆ، چاپی یەكەم- 2015 (143 لاپەڕە).
بەرگی سێیەم- ئیشكالیەتی مەرگی مرۆڤ لەگوتاری زانستە مرۆییەكان لای میشێل فوكۆ، چاپی یەكەم- 2016 (215 لاپەڕە).
(ڕایس زەواوی)، سەفەرێكی دورودرێژ بەهزرو دنیابینی فوكۆدا دەكات، ئەویش لەڕێی خۆ لەقەرەدانی بابەتگەلێكی وەك (دێوانەیی، كۆجیتۆ، گوتار، مەرگی مرۆڤ، كێشەی سوبێكت، دەسەڵات و مەعریفە، عەدەمیەت و ڕێژەیی بوون، فەزای ئێپستمۆلۆژی زانستە مرۆییەكان، تێگەیشتنی فوكۆ بۆ زانستە مرۆییەكان، تێگەیشتن لەسوبێكت لەڕێی دیسكۆرسەوە، فوكۆ و پایانی ئاقاری مرۆگەری و.... هتد).
هەموو ئەوانە ڕۆشنایی زیاتر دەخەنە سەر بەرهەمەكانی ئەو فەیلەسوفە فزوڵییەی، دەستی بۆ زۆر بابەتی دەست لێنەدراو و زۆر پانتایی تاریك و كەشف نەكراو برد، لەمێژووی هزری ئەوروپیدا.
بۆ ئەوانەی عەوداڵی زیاتر ناسین و شارەزا بوونی فیكر و فەلسەفەی میشێل فوكۆن، كتێبەكانی (زەواوی بەغورە) و (ڕایس زەواوی)، دوو سەرچاوەی گرنگن.
ماوەتەوە بڵێین (د. ڕایس زەواوی) مامۆستای بەشی فەلسەفەیە لەكۆلێژی زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتیەكانی زانكۆی (الجیلالی لیابس) لەسیدی بلعەباسی وڵاتی جەزائیر.

 


ئەم بابەتە 87 جار خوێندراوەتەوە