viber_image_2021-10-13_15-15-01-155.jpg

بە دیار جۆگەڵەوە، خەونەکانم دەشۆمەوە!

سەرهەد هادی – پەخشانە سوورەت

١
بیرت دەکەم، بیرکردنێکی نەویستانە، ھێشتا پاشماوەی ھەست پێنەکراوی رۆحت لە مندا بەجێماوە! قەت حەز ناکەم بیرت بکەم... دوای ماوەیەکی زۆر کە بە ختوکە بە خەیاڵمدا دێیت، دڵخۆشم کە ماوەیەکی هێندە زۆرە بیرم نەکردووی... ئیتر بۆ عەیامێکی تر بیرت ناکەمەوە!
من کار لەسەر ئەوە دەکەم بێ رەحمانە لە خەیاڵ و رۆحمدا بتکوژم، بەڵام نا... ھەرگیز بەم قەتلە ڕانایەم، نا هەرگیز ناتوانم...!

٢
سەیرە خەون... خەونێک... خەونێک بەسە بۆ ئەوەی سەراپای ئەو رۆژەم بکات بە شەجەرە زەقومی دۆزەخ... ببینە چەند لاوازم... بەرگەی خەونێک ناگرم. من کە دەتوانم لە رۆژدا ئاگاییم تەلبەند بکەم کەچی لەشەودا بێ چارەم!
چی لە شەو بکەم، چی لە خەونێک بکەم کە گەڵا لە "قەد"م دەکاتەوە! بەڵێ... هەموو درەنگانێک چاوەکانم دادەخەم و کە نیهانی خۆم دەڵێم؛ دەکرێ رۆح لە لاشەت دەربچێ، بەڵام هەرگیز... هەرگیز رۆحی تۆ لە لاشەی من دەرناچێ، قەت... قەت!
بەڵام دەی چی بکەم... من دەتوانم چی بکەم کە لە شەودا وێرانم دەکەی، بینینت بە بێتاقەتی لە خەونمدا دەمخاتە چاڵێکی تاریکەوە و بە ئەسپایی پێی دەمرم...!




٣
من وەک ئەو مرۆڤە بێ چارەم، کە بولبولێکی کوشتوە و تاو نا تاوێک رۆحەکەی دەبێتە دێوەزمە لە خەونیدا!
من کە قاتیلی تۆم لە رۆژدا، رۆحت لە خەونێکدا من دەکوژێتەوە، چەند نابەرانبەرە، من لە رۆژدا لە ئاگاییم دەتشارمەوە، تۆش لەشەودا بێ ڕەحمانە دەمکوژیت!

٤
ئاخر بۆ ناچار بە کوشتنم دەکەیت لە رۆژدا و لە شەوانیشدا وەک ئەوەی واشەیەکی بێ چارە بیت دەنووکت دەشکێنیت... تۆ بە خۆ شاردنەوەت لە ڕۆژدا و هاتنت بۆ نێو قوڵایی رۆحم لە خەونی شەوانەدا... تەنها ئازارم پێ دەبەخشیت!
دنەم دەدەی لە خەیاڵم بتسڕمەوە، کە چی نەویستانە لە شەودا رۆندکت دەکەیت بە لافاوێک، تا ویژدانم لە خەمێکی قوڵدا بخنکێنی!

٥
شەوێک لە خەونمدا، بینیمیت لە نێو چاڵاوێک کە دەوروبەرت تەژی بوون لەم کەس و لەم شتانەی کە بەشێکی دانەبڕاوی رۆژگارتن، و لە رووکەشدا وا دیارە کە بەشێکن لە رەگی خۆشەویستیت... بەڵام تۆ... دەستت درێژ دەکرد بۆم ... بەڵام کە ھەوڵمدەدا رزگارت بکەم، وون دەبوویت، وون... وون وەک ئەوەی ئەم چاڵاوە قاچ و بەدەنی مرۆڤێک نەبێ رایبکێشێ!

ئەمە بۆ من خەونێکی پچڕ پچڕ نییە، بۆ من فرۆید ئاسا قوڵپی قوڵایی ناختە، کە نەویستانە بۆ من لە خەونێکدا بێ پەردە دەبێت. من دەتوانم بەم خەونانەی دەیبینم وەک "ئەرتەمیدۆرس"ی گریکی راڤە بۆ ھەموو سیمبولێک بکەم... بەڵام با ھەموو ئەوانە لە ناخمدا کپ ببن.

٦
سەیرکە شەوێک لە خەونمدا بینیم کە لە بیابانێکدا تەنھا و تەنھا رێگایەکت تەی دەکرد، کوکوختییەکی بێ دەنگ ئەوانەی کە شەرمنانە ھێلانە لە حەوشەی ماڵەکانمان دەکەن و بەردەوامی بە زەمەنێکی تر بە نەسڵی خۆیان دەدەن، ئەوانەی کە ھەموو رۆژ بەر دیەمان دەکەون... بینیم بە سێبەری لاشە بچووکەکەی ھەوڵی دەدا، بەر لە تینی ئەم تیشکە بگرێ کە دەنکۆڵە لمی بیابانی لە ژێر پێییەکانت داخ کردبوو! خەمی ئەم باڵندە ئەوی زیاتر لە تۆ لە مەرگ نزیک کردبوەوە، مەرگێکی ھەست پێ نەکراو.... بەڵام دیاربوو نەتۆ رزگار دەبوویت و نە کوکوختییەکە!
لە بەرەبەیاندا دەمویست وەک مرۆڤێک کە خەون زیاتر لە ھەر شتێک لە قوڵایی رۆحی دەدات بە دیارە جۆگەڵەیەک بیگێڕمەوە، تا لە زیھنمدا ئەو راڤەیە لەبار بچێت... تا چیتر نەزانم کە کوکوختییەکە منم و دەسووتێم و سێبەر بۆ نە مردنت دەکەم ... قەتیش ناتوانم رزگارت بکەم!
تۆ کە سەرت بۆ ئاسمان بەرز نەکەیتەوە چۆن دەتوانی مەرگی باڵندەیەک بەر لە کەوتنی یەکجارەکی ببینیت!
تۆ قەت نازانی ئەم خەونانە چۆن وەک درەختێکی کەنەفت، لە وجودم دەخۆن. قەت نازانی ئەم خەونانە بوونەتە نەیزەکێک ئاسمانم دەسووتێنن.
بەڵام ئاخ... تۆ قەت لە سووتان تێناگەیت نا... نا!
قەت تێناگەیت!


ئەم بابەتە 254 جار خوێندراوەتەوە