245192258_612784989893202_3262582687550969741_n.jpg

مێژووی فەلسەفە و قۆناغەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ

نووسینی: ئاراس سەعید

فەلسەفە چیە؟

ئێمە کاتێک دەربارەی چیەتی فەلسەفە دەپرسین، پرسیارێکی فەلسەفیانە ئاڕاستەی هزرمان دەکەین، کە لە چیەتی فەلسەفە دەکۆڵێنەوە. پرسیارێک کە دەروازەو پانتاییەکی فراوانمان لە بەردەم واڵادەکات، بۆ ڕووچوونە نێو ڕیشەو جەوهەری فەلسەفەوە. فەلسەفە هونەری پرسیارکردنە، یاخود وەڵامدانەوەی ئەو پرسە قوڵانەیە کە لەزیهنماندا درووست دەبن، لە قۆناغەکانی تری بیرکردنەوەی مرۆڤدا، بەشێواز و میتۆدی ئەفسانەیی و ئایینی وەڵام دراونەتەوە.

پرسیارکردن دەبارەی چیەتی فەلسەفە، وەکو هەر پرسێکی تری ئەقڵانی پێویستی بە میتۆدی ئەقڵانی و ژیربێژی و پێشکەشکردنی ئارگۆمێنتە بۆ پشتراستکردنەوەی وەڵامەکانمان بە ئارگۆمێنتی ئەقڵانی. فەلسەفە هونەری پرسیارکردنە، کاتێک ئێمە لە چیەتی فەلسەفە دەپرسین، پرسیارێکی فەلسەفیانەمان وروژاندووە، بۆیە هێندە سادەوساکارنیە، وەڵامێکی ئامادەمان بۆ ئەو پرسە فەلسەفیە هەبێت، چونکە فەلسەفە، بریتیە لەکۆی ئەو پڕۆسێسە مێژووییەی کە مرۆڤ لە ڕێگەی میتۆدی ئەقڵانی و فەلسەفیانەوە، بیر لە سروشت و بوون و دیاردە نادیارەکانی جیهان دەکاتەوە. هەرچەندە فەلسەفە مێژووییەکی سێ هەزار ساڵەی قۆناغەکانی تێڕامان و تێفکردنی ئەقڵانی مرۆڤە، فەلسەفە پانتاییەکی فراوانیش داگیردەکات لە سەرجەم کایە زانستیی و کلتووری و سیاسی و ئایینیەکانی مێژووی مرۆڤدا، بۆیە سادەو ساکار نیە، بەبێ میتۆدێکی مێژووی و گەڕانەوە بۆ ناو ئەو کۆنتێکستە مێژووییەی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە تێدا سەرهەڵدەدات و لێکۆڵینەوە لەکۆی ئەو قۆناغە ژیاریانەی ژیانی مرۆڤ ئەستەمە لە مرۆڤ و تێڕامانی مرۆڤ تێبگەین، چونکە مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتی مێژووییە. مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ، پەیوەستە بەو قۆناغە ژیاریانەی کە لەبەرەبەیانی مێژوودا مرۆڤ لەناو جەنگەڵ و دارستانەکاندا ژیاوە. بۆیە مێژووی "فەلسەفە" بریتەیە لە کۆی ئەو میراتە مێژووییەی تێڕامان و تێفکرنی باوبپیرانمان دەربارەی جیهان و سروشت و بوون، ئەمەش فاکتەرێکە، کە نەتوانین پێناسەیەکی گشتگیر و سەرتاپاگیر بۆ فەلسەفە بکەین، چونکە فەلسەفە پانتاییەکەی مێژوویی لە بیرکردنەوەی مرۆڤ داگیرکردووەو، کاتێک لە چیەتی فەلسەفە دەپرسین، پرسیار دەکەین لەبارەی کۆی ئەو پڕۆسێسە مێژووییەی قۆناغی بیرکردنەوەی مرۆڤ، هەر ئەمەش هۆکارە، کە هەر فەیلەسوفێک لە گۆشەنیگای جیاوازەوە پێناسەی فەلسەفەی کردووە. ئێمە بە میتۆدی مێژوویی دەست بە توێژینەوەکەمان دەکەین بۆ ئەوەی نەکەوێنە نێو دۆگمی مێژووەوە.

فەلسەفە وشەیەکی یۆنانییە، (یۆنان)ی بوونی فەلسەفە ئەو مەفهوومە ناگەیەنێت کە فەلسەفە، موڵکی یۆنانییەکانە، بەڵکو گوزارشتە لە هاوتەریبوونی فەلسەفە لەگەڵ شاردا. نیشتمانی فەلسەفە شارە، چونکە شار شوێنی بەیەک گەشتن و پێکدادانی کلتوور و ترادسیۆن و بیرکردنەوە جیاوازەکانە، بەڵام جگە لە یۆنان شارستانیەتی( نیل و میزۆپۆتامیا و هێندستان و چین) لانکەی سەرهەڵدانی پرسی فەلسەفیانەبوون، ڕەنگە بپرسین بۆچی فەلسەفە لە یۆناندا گەشەیکرد، دواتر وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە. ئێستا با بزانین (فەلسەفە) چیە؟

فەلسەفە( philosophy) زاراوەیەکی لێکدراوی یۆنانییە، لەدوو بەش پێکهاتووە( فیلۆ)٫بەواتای خۆشەویشتی و (سۆفیا)بەواتایی دانایی دێت. هەردوو زاراوەکە بەواتای خۆشەویستی بۆ دانایی دێت. ٭ یەکەمین کەس ئەم زاراوەیەی بەکارهێناوە (فیساگۆرس) بووە، ئەمەش لەکاتێکدا لێ دەپرسن تۆ کەسێکی دانایت دەڵێت:( نەخێر من کەسێکی دانا دۆستم.) کەواتە: فەلسەفە خۆشەویستەیە بۆ دانایی. ئەگەر فەلسەفە خۆشەویستی بێت بۆ دانایی. فەیلەسووف یان فەلسەفەکار ئەوکەسەیە کە تینوی زانینە. فەیلەسووف ئەوکەسەیە کە زانایە بە نەزانین و تێنوی زانینە. وەکو "سوکرات" دەڵێت؛" من دەزانم، کە نازانم". هەرچەندە فەلسەفە بابەتێکی فرەڕەهەندە و ناتوانرێت پێناسەیەکی گشتی بۆ بکرێت، بەڵام لە دیدی منەوە( فەلسەفە لە گشتایەتی خۆیدا هونەری پرسیارکردن و تاقیکردنەوەی شتەکانە، لە ڕێگەی ڕامان و بیرکردنەوەوە بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی فاکتە شاراوەکان). وەکو سوکرات دەڵێت:” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە واتایی ژیانی نیە”. واتا ئەو ژیانە ساختەیەی کە لەسەر بونیادی ترادسیۆن و زانیارییە ساختەکان بونیادنراوە پێویستە تاقیبکرێتەوەو لە ڕێگەی نەشتەری ڕەخنەوە شیبکرێتەوە. فەلسەفە فرەڕەهەندە و پەیوەستە بەو کۆنتێکستە مێژووییەی ژیانی مرۆڤەوە کە تێدا ژیاون و بیرکردنەوەیان پەیوەستە بەو فاکتە کۆمەڵایەتیانەوە. هەرکات بەر چەمکی مێژووی فەلسەفە دەکەوین، ڕاستەوخۆ ئاوەز و بیرکردنەوەمان دەچێتەوە بۆلای مێژووی (گریک) شارستانیەتی یۆنان. ئەویش بەهۆی ئەوەی بۆیەکەمین جار ئەڕستۆ لەکتێبی میتافیزیک ئاماژەیی بۆ “تاڵیسی ماڵتایی” کردووە، کە وەکو یەکەمین فەیلەسوف لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دەناسرێت و زۆربەی فەیلەسوفان کۆکن لەسەر ئەوەی فەلسەفە لە تاڵیسەوە دەست پێدەکات. بەڵام ئێمە ناکەوێنە ژێرجەبر و کاریگەری دۆگمانەی مێژووەوە. (تاڵیسی ماڵتایی) جەختکردنەوە نیە، لەسەر بە یۆنانی کردنی (تاڵیس)، بەڵکو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە چیتر بەشێوەیەکی نوێ بیری لەسروشت کردۆتەوە جیاواز لە بیرکردنەوەی (میتۆلۆژیا و میتۆس).٭بەپێ سەرچاوە مێژووییەکان تاڵیس (585) زاینی ژیاوە. بەمانایەکی دی لەو ساڵەدا بیرکردنەوەی فەلسەفەیانە لەیۆنان سەری هەڵداوە. بەڵام شتێکی ئاشکرایەو ئارگۆمێنتە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن. فەلسەفە لە پێش تاڵیسەوە، لە ناوچەکانی تری جیهاندا دەبینرێت، بۆ ئەمەش گەلێک ئارگۆمێنت لە ئاردان، کە ڕونی دەکەنەوە ئەو بیرکردنەوە فەلسەفیانەی لەیۆناندا باوبوون، لەناوچەکانی تردا هەبوون. یاخود هاوشانی یۆنانیەکان سەری هەڵداوە، وەکو مەڵبەندەکانی خۆرهەڵاتی لە (هیند و چین و میسر و بابل و ئێرانیەکان). ئەگەر ( تاڵیس ساڵی 585 پ ز) ژیابێت، ئەوا بوودا ساڵی ( 500 پ ز) و، کۆنفۆشویس (550پ ز) و، زەردەشت ساڵی (550) ژیاون. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە، بۆچی “فەلسەفە” لە لەشارستانیەتەکانی تردا لە گەشەکردن وەستاو، لە یۆناندا گەشتە لووتکە. بەهۆی بوونی چەمکی ڕەخنەوە لە یۆناندا، چونکە ڕەخنە یارمەتی هەڵوەشاندنەوەو ئاشکراکردنی کەمورکورتیەکانمان دەدات لە بیرکردنەوەماندا. هۆکارێکی تر بوونی ئازادییە، فەلسەفە هاوتەریبە لەگەڵ ئازادی و هەرنیشتمانێک ئازادی تێدا نەبێت، فەلسەفە تێدا ناژیت. ئاشکراشە، کە یۆنان شوێنی لە دایکبوونی دیمیوکراسیە. هۆکارێکی تر، بەهۆی تێنەپەڕاندنی دۆگمەکانی ئایین و نەبوونی ئازادی لەناو گەلانی تردا، بەراورد بەشارستانیەتی یۆنان. شتێکی ئاشکراشە، فەلسەفە هەمیشە یەکانگیرە لەگەڵ ئازادی و لە ژینگەیەک نامێنتەوە ئازادی بۆ ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوە فەراهەم نەکات.

دوو: هزرینە پێش فەلسەفیەکان

مێژووی قۆناغەکانی هزری مرۆڤ، لە پەیوەندیەکی چڕدا یەکتری تەواودەکەن و هەر قۆناغێک تەواوکەری قۆناغی پێشخۆیەتی، ئەمە بەواتای مێژوو پەرستی نا، بەڵکو کەڵەکەکردنی بارگراوندی زانیاری ئێمەیەو دەبێت داشمانبڕێت لە قۆناغەکانی پێشخۆمان، وەکو مارکس دەڵێت؛" فەیلەسووفەکان لە پێشووتردا سەرقاڵی لێکدانەوەی جیهان بوون، بەڵام ئەوەی گرنگە گۆڕینی جیهانە". واتا مێژووی فەلسەفە دووبارەکردنەوەی نیە، بەڵکو ئیدارکردن و ڕەخنەکردنی قۆناغەکانی پێشخۆیەتی تا داهێنانی نوێ بهێنێتە ئاراوە. بۆ ئەوەی ئاشنایی ئەو چرکە ساتە مێژووییە بین، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەو کۆنتێکستە مێژوویانەی قۆناغی ژیاری و تێڕامانی مرۆڤ و ئەو گۆڕانانەی بە پیێ قۆناغە مێژووییەکاندا بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیون. سەرەتا کە بەبێ تێگەشتن لە سەرچاوەکانی زانینی مرۆڤ ئەستەمە لە مێژووی فەلسەفە و بیرکردنەوەی مرۆڤ تێبگەین. مێژوو نوسان کۆکن لەسەر ئەوەی قۆناغەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ و سەرچاوەکانی زانینی مرۆڤ پشت بەچوار قۆناغ دەبەستێت. (قۆناغی میتۆلۆژی، قۆناغی ئایینی، قۆناغی فەلسەفی، قۆناغی زانستی). پێش ئەوەی لەو قۆناغانە بکۆڵینەوە دەبێت بپرسین مرۆڤ چۆن زانین وەردەگرێت. ئەو زانیاریانەی لەناو زەین و هزرماندا دێن و دەچن، لە کوێ زەینمانەوە دێت؟ مێژووی مرۆڤ بریتیە لە شێوازەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان. وەکو مارکس دەڵێت، مێژووی بریتیە لە پێکدادانی چینەکان. ئەمە خوێندنەوەیەکی ماتڕیاڵیزمانەی مێژووییە، بەڵام ئارگۆمێنتە ئەنطرۆپۆلۆژیی و سیۆسیۆلۆجیەکان پشتڕاستی ئەوەمان بۆ دەکەنەوە سەرچاوەکانی زانینی مرۆڤ بریتیە لە ئەزموونکردنی ئەو قۆناغە ژیارییەی کە مرۆڤ لیان ورد دەبێتەوە.

٭ بیرکردنەوەی ئەفسانەیی،(میتۆلۆژیا):

ئەفسانە وەکو ژانرێک لە دەربڕین و چالاکی زەینی لە کلتووری هەموو گەلانی جیهاندا دەبینرێتەوە. ئەفسانەکان ئەو شێوازە بیرکردنەوە سەرەتاییە کە لەناو هەموو گەلانی جیهاندا هاوبەشن. میتۆلۆژیا لە مەفهومە مێژووییەکەیدا هەر داستانێک دەگەیەنێت کە چیرۆکێکی پیرۆز دەگێڕیتەوە پاڵەوانی چیرۆکەکانیش لەخوداکان، کەسایەتیە نامرۆییەکان پێکهاتوون. "ڕێبوار سیوەیلی" بەم شێوازە پێناسەی بیرکردنەوەی ئەفسانەیمان بۆ دەکات(وێناکردنی مرۆڤە بۆ چۆنێتی دەسەڵاتە باڵاکانی سەرووی خۆی، کە بەرهەمێنەری خەیاڵی گروپ و هێماو یادەوەری هاوبەشە). هەروەها "دکتۆر ڕەهبەری محمود زادە" بەم شێوازە میتۆلۆژیا پێناسە دەکات( شێوازێکە لەبیرکردنەوە، لە بارەی ڕوداوەکان و دیاردەکان، کە هۆکاری ڕودانی دیاردەکان لەچوارچێوەی هێزێکی نادیار و “سەروسروشتەوە” تەتەڵە دەکات، بەشێوەیەک هۆکاری ڕودانی دیاردەکان دەبەستێتەوە بەهێزێکی نادیارەوە.)

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بریتیە لە چیرۆکێک لەبارەی خودا یان بوونەوەرێکی ئەفسانەیی لە بارەی سەرچاوەی جیهان. یان سەرچاوەی جیهان چیە و میتۆلۆژیا دەپرسی شتەکان بۆچی وان. وەکو: (مار بۆچی دەستی نیە،یان فڵان بونەوەر بۆچی وایە.) لە کتێبی پەیمانی کۆندا بەم شێوەیە وەڵامی ئەو پرسە دراوەتەوە، “کاتێک شەیتان دەچێتە بەهەشت بۆ فریودانی حەوا، لەشێوەی مار ڕۆیشت، بۆیە خودا بڕیاڕی دا تا جیهان ماوە بێ دەست و لاق بێ”. ئەفسانەکان خالین لە (کات و شوێن) ئەوەش فاکتەرێکە کە ئەفسانەکان لەناو گەلانی جیهاندا دووبارە دەبنەوەو گەلانی جیهان هاوبەشن لە ئەفسانەکاندا، بۆنمونە، ئەفسانەی باوک کوژی، لە کلتووری یۆنانیدا ئەفسانەی ئۆدیبمان بەرچاو دەکەوێت، لە شارستانیەتی دووئاوانیش ڕۆستەم و زۆراب. "ئەلیکساندەر گەربۆڤیسکی" لە کتێبی نهێنی کۆنترین مێژوودا، ئەوەی بۆ ڕونکردووینەتەوە کە ئەفسانەکان لە کلتووری زۆربەی گەلانی جیهاندا دووبارە دەبنەوە، وەکو ڕووداوی لافاوە مەزنەکە، یان ئەفسانەی ئادەم و حەواو....هتد

میتۆلۆژیا لە شێوازی بیرکردنەوەی ئایینیەوە نزیکەو زۆرجار چڕدەبنەوەو لەهەندێک شوێنیش دەکشێن. ئەفسانەکان بەشێکین لەو چرکە ساتەی کەمرۆڤ لەژیانی خۆیدا بۆ کەشفکردنی ڕووداوەکان پشتی بەستووە بە هێزە نادیارەکانی دەرەوەی سرووشت، یان درووستکردنی هێزێک لەسەرووی هێزی مرۆڤەوەوە. بەشێکی زۆری داستان و ئەفسانەکان بەسەر دوالیزمەی خێر و شەڕدا دابەشبوون. بۆ نمونە داستانی سیمیرخ کەخواوەندی خێربووە. لەهەندێک ناوچەی تریش خوداوەندنی شەڕ. مرۆڤ لەژیانی خۆیدا لەو شتانەی ترساوە قوربانی بۆ داوەو لەڕێگەی ئەفسانە هۆنینەوە پیرۆزی کردوون. بۆ ئەوەی ئەفسانە لەگەڵ بیرکردنەوەی ئایینی تێکەڵ نەکەین، لەبەشی داواتردا لەسەر ئەم خاڵە دەوەستین، چونکە (ئەفسانەو ئایین) لە زۆر شوێندا هێندە چڕدەبنەوە، کە ئەستمە لە یەکتری جودایان بکەینەوە.

٭بیرکردنەوەی ئایینی:

تیۆریی ئیپستمۆلۆژیا سەرچاوەکانی زانینی میتۆلۆژی و ئایینی لێکجودا دەکاتەوە، چونکە ئایین و میتۆلۆژیا لەشکڵدا لە یەکتری دەچن و لەناوەڕۆکیشدا چڕدەبنەوە، بەڵام هەریەکێکیان لەناو شێوازەکانی بەرهەمهێنان و قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤایەتی سەردەردەکەن، کە هیچیان سەردەمە تارییکەکانی جێ نەهێشتووە. ئەگەر لە قۆناغی میتۆلۆژیادا بیرکردنەوەی مرۆڤ لەناو خودی سروشت و جیهاندا ڕاوەستابێت، ئەوا بیرکردنەوەی ئایینی سنورەکانی زەویی و جیهان بەجێ دەهێڵێت، ئەگەر ڕێخەری بیرکردنەوەی مرۆڤ لە قۆناغی میتۆلۆژیادا وێناکردنی مرۆڤ بێت بۆ چۆنێتی دەسەڵاتە باڵاکانی سەرووی خۆی، لەسەرەتایی بیرکردنەوەی ئایینیدا هەمان شێوازی بیرکردنەوەو بەرهەمهێنان جیاوازە. چونکە لەقۆناغی میتۆلۆژیدا، ویناکردن و بیرکردنەوەی ناو زەینی مرۆڤ بە هاوتەریبوون لەگەڵ قۆناغەکانی ژیاندا وێنایی کردووەو بیری لێکردوونەتەوەو ئەفسانەو داستانی بەرهەمێناوە، بەڵام بیرکردنەوەی ئایینی باوەڕهێنانە لەسەر بنەمایی گەورەکردنی پانتاییەکی پیرۆز و بچوکردنەوەی خود. واتا پەیوەندی (مرۆڤ و خودا).

لەگەڵ گۆڕانی شێوازەکانی بەرهەمهێناندا، ئایینە ئیبراهیمیەکانیش پەیدابوون. ئەمەش پەیوەندیەکانی مرۆڤ لەجیهانی خۆیەوە پەڕاندەوە بۆ میتافیزیک و جیهانی ئەوپەڕ سروشتی. لێرەوە دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان زانینی میتۆلۆژیا وەکو زانینێکی زەمینی ناسراوە و زانینی ئایینی وەکو زانینێکی ئاسمانی ناسراوە. ئایین جگە لەوەی قۆناغێکی تایبەتە لەبیرکردنەوەی مرۆڤ و ڕێخستنی توانا زەینیەکانی لەچوارچێوەی میتافیزیکدا، کەچی ڕەگەزێکی میتۆلۆژیی تێدایە، چونکە مێژوو نووسان کۆکن لەسەر ئەوەی کاتێک بۆ دوورترین مێژووی پنتی شارستانیەتەکان بڕوانین، لە هەموو شارستانیەتێک ئایین ئامادەگی هەیە. بۆیە ئایین و میتۆلۆژیا زۆر چڕن و لە هەندێک قۆناغدا هاوتەریبن و نزیک دەبنەوە، کە ئەستەمە جودای بکەینەوە، بەڵام تیۆریی ئیپستمۆلۆژیی هاوکارمانە، کە لە میتۆدەکانی زانین دەکۆڵینەوە. لەدیدی منەوە، جیاوازی ئایین و میتۆلۆژیا لەسەر دووشت وەستاوە. یەکەم میتۆلۆژیا وێناکردنی زەینی مرۆڤە، کە وێنانی شتەکانی دەوربەری دەکات. بەڵام میتۆدی ئایینی لەسەر بنەمای باوەڕهێنان بە خودایەک ڕاوەستاوە. هەرچەندە چەمکی خودا زادەو وێناکردنی ناو زیهنی مرۆڤ خۆیەتی، بەڵام ئایین کاتێک پەیوەندیەکانی لەسەر بنەمایی باوەڕهێنان دەچەسپێت، چیتر وردبوونەوەو ڕەخنەو تێڕامان دەبنە تاپۆ. مرۆڤ لە قۆناغەکانی سەرەتایی ژیانیدا، توانایی تێڕمانی ئەوەندە بووە، دیاردە و هۆکاری ڕودانی شتەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ هێزێکی نادیار. ئەو شتانەی تووشی فۆبیاو واقوڕمانی کردووە، قوربانی بۆ داون پەرستوونی. بۆ تێگەشتنی زیاتر لە قۆناغی بیرکردنەوەی ئایینی و چرکەساتی درووستکردنی خودا زیاتر لەسەر ئەم بابەتە ڕادەوەستین.

ئایینی تەوتەمی:

تەوتەمیزم بە یەکەمین سیستمی ئایینی دادەنێرت لە مێژووی مرۆڤایەتی. تەوتەمیەت سیستمێکی ئایینی و خێڵایەتیە، واتا ئاینی گروپە سەرەتاییەکانە کە ژیانی دوونیایی خۆیان لەسەر ڕێکخستووە. زانستی ئەنتثرۆپۆلۆژیا، فاکتەری پەرستنی تەوتەم دەگەڕێێنەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنان و ژیاری سەرەتایی مرۆڤ. بەپێ قۆناغە مێژووییەکانی ژیانی مرۆڤ، قۆناغی دارستان یەکەمین قۆناغی ژیاری مرۆڤە، باوباپیرانی ئێمە لە جەنگەڵەکاندا ژیاون و بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان پشتیان بە کۆکردنەوەی سەرەتایی و ڕاوکردن بەستووە. مرۆڤی سەرەتایی بەهۆی مەترسیان لە دیاردەو شتەکانی دەوروبەریان ئەو دیاردانەی لیان ترساون بەتەوتەم گرتوویانە و پەرستویانە. زیاتر ئاژەڵی دڕندە یان ڕووەک بەتەوتەم گیراوە. ڕوونە مرۆڤ بە هۆی توانایی زاڵنەبوونی بەسەر سروشتدا، ئەو هێزانەی دەوربەری کە لێیان ترساوە، قوربانی بۆ داون و پەرستوونی. تەوتەم خودای گروپەسەرەتاییەکان بووە، کە پیان وابووە دەتوانن "مانایی" لێوەربگرنەوە. واتا هێزی خودایی، هێز لەتەوتەمەکە وەردەگرنەوە. داتاشینی خودا بەرهەمی ئەو شێوازەیە لە ژیان و بەرهەمهێنان و بەپێ قۆناغە ژیارییەکانیش دەگۆڕین. بۆ نمونە لە دۆڵی میزۆپۆتامیا خوداوەندی دایک پەرستراوە، ئەوەش بەهۆی شێوازی بەرهەمهێنانەوە کە دایک خولقێنەر بووەو وەچەی بۆخستوونەتەوە.

مرۆڤ چۆن خودای درووستکرد:

(خودا مرۆڤ درووستناکات، ئەوە مرۆڤە خودا دروستدەکات)

کاڕڵ مارکس

ئەم توێژینەوەیە بە میتۆدێکی ماتڕیالیزم نوسراوەتەوەتەوە و هەوڵمداوە، لە فاکتە دەرەکییەکانی مێژووەوە، خوێندنەوە بۆبابەتەکان بکەین. لێکۆڵینەوە ئەقڵانییەکانی مرۆڤ دابەشدەبن بەسەر دوو جۆر لێکۆڵینەوە( زانستی و فەلسەفی) لێکۆڵینەوە فەلسەفەیەکان بە میتۆد و تیۆرێکی گەردوونی لە بابەتەگشتیەکانی وەکو (بوون، جیهان، سروشت، مۆڕاڵ، عەدالەت) دەکۆڵێتەوە. هەروەها کاری زانست، بریتیە لە لێکۆڵینەوەی تاکایەتی، بۆ دروستکردنی ڕیسا و میتۆدێک بۆ گریمانەکردنی ئەنجامەکانمان و کۆنتڕۆڵکردنی شتەکان. بەڵام مرۆڤ وەکو سوبێکت، ناچێتە ژێر میتۆدی زانستیی و گشتیەوە، بەڵکو لە ڕێگەی زمانەوە شوناسی مرۆڤ ئاشکرادەبێت. مرۆڤ ئۆبێکتیڤی زمانە، وەکو ئارێنت دەڵێت: “زمان ئامڕازێکە بۆ ئاشکراکردنی شوناسی مرۆڤ”، زمان جگە لەوەی ئامڕازێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان تاکەکان، ئامڕازێکە بۆ ئاشکراکردنی ئەو فاکتە ڕاستەقینانەی، کە لەپشت ڕەفتاری مرۆڤدا خۆیان شاردۆتەوە. زمان یارمەتی پڕۆسەی دیالەکتیک دەدات لەنێوان (زیهن و خود) سەبجێکت و ئۆبجێکت. بۆیە لەم توێژینەوەدا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو فاکتە مێژویانەی خودای تێدا دروست دەبێ لەزیهنی مرۆڤدا، وە لەناو زماندا ئەو فاکتانە دەدۆزێنەوە، کە خودا وەکو ئۆبجێکتی زیهینی مرۆڤ بە میتۆدێکی ماتڕیاڵیزمی ئاشکرا دەکەین، چونکە مێژوونوس توانای دۆزینەوەی فاکتە ڕاستەقینەکانی مێژووی نیە، کە لەپشت کردەی مرۆڤەکانەوە خۆی شاردۆتەوە، بەڵکو دیالەکتیک و زمان هاوکارن بۆ دۆزینەوەی فاکتەکان بە هاوکاریی میتۆدی ئابوری و سۆسۆلۆجی و مێژوویی.

ئارگۆمێنتە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ پشت ڕاستدەکەنەوە، کە مرۆڤی سەرەتایی سەرەتا لە جەنگەڵ و دارستانەکاندا ژیاون و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژیانیان پشتیان بە سرووشت و جەنگەڵ بەستووە. بەڵام بەهۆی لاوازی مرۆڤ بەرانبەر سروشت و شتەکانی دەوروبەریەوە، بەگشتی کاتێک مرۆڤ درکی بەجیهان و شتەکانی دەوروبەری کردووە تووشی واقوڕمان و ترس بووە، کەبێ توانایە بەرانبەر هێزە سروشتیەکان، بۆیە پەنای بردووە بۆ دروستکردنی هێزێکی باڵاتر لە؟خۆی ئەویش دروستکردنی خودایە.

"دیڤد هیۆم" فەیلەسوفی ئەزموونگەرایی سەربارەت بە ئادیای زگماک دەڵێت: (هیچ ئادیایەکی زگماک بوونی نیە، بەڵکو هەموو زانیارییەکانی مرۆڤ، لە ڕێگەی ئەزموونکردنەوەیە)، وەکو ئەزموونگەراکان دەڵێن:(زیهنی مرۆڤ وەکو کاغەزێکی سپی وایە، لە ڕێگەی ئەزموونکردنەوە زانیاریەکان تۆمار دەکات). ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە خودا هیچ نیە، جگە لە ئەزموون و زادەی ئەو شیوازەی ژیارییەی کە مرۆڤ لە قۆناغێکی مێژوویدا ژیاوە. "فۆیەر باخ" گوتەنی:(ئەگەر مرۆڤەکان باڵیان هەبوایە، باڵیان بۆ خوداکانیان درووست دەکرد). کەواتە خودا وێناکردن و ئەزموونکردنی خودی مرۆڤە لەگەڵ دەروبەرو جیهاندا. مرۆڤی سەرەتایی ئەو شتانەی بەتەوتەم گرتوون، کە ڕۆژانە بەری کەوتوون، وەکو ترسان لە ئاژەڵی دڕندە و کارەساتی سروشتی و هەور و بارانیان کردووە بەتەوتەمی گروپەکەیان. لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕون دەبێتەوە پەیدابوونی خودا لەزیهینی مرۆڤدا، ئایدیایەکی پێشینی نیە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەزموونکردنی شتەکانەوە، لەیادگەیدا ماونەتەوە و فۆڕمی خودایان لێ داتاشیوە. بۆنموونە: فریشتە لە ئاینە ئاسمانیەکاندا، تێکەڵەیەکە لە ئایدیا ئەزموونکراوەکانی مرۆڤ، وەکو بونەوەرێکی باڵدار و پیاوێکی گەورە و هەموو ئەم زانیاریانەی لە پێشودا ئەزموونکردووە.

ناو و فۆڕمی خودا، بریتیە لە ئۆبێکجێتیڤی زیهنی مرۆڤ، مرۆڤ خوداکان بەو شێوە بەرهەم دەهێنی، کە لەزیهینی خۆیدا هەن. بۆیە بوونی خوداکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. لە ناوچەکانی دۆڵی دوو ئاوان و سۆمەرییەکان، خودای دایک پەرستراوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەو چرکەساتەدا، پێویستی بە نەوەخستنەوە بووە، بۆ کاری کشتوکاڵ، کەچی لە میسر خودای خۆر و لە ئەفریقا تەوتەم و ڕوەک. دواتریش خودایی ئایینە ئیبراهیمیەکان، کە سیفەتەکانی هەمان ئایدیا پێشینیەکانی زیهنی مرۆڤن. وەکو: ناوەکانی خودا لە قورئانی ئیسلام. گەزنەفۆن دەڵێت؛ (حەبەشییەکان خوداکانیان لەسەر فۆڕمی خۆیان دروستدەکرد، خوداکانیان لووتیان گەورە و ڕوخساریان پانبوو، ئەگەر ئاژەڵەکانیش خودایان دروستبکردایە لەسەر فۆڕمی خۆیان دروستیان دەکرد). مرۆڤ لەقۆناغی سەرەتایی ژیاندا، بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ کەرەستە و شمەکە ساکارەکانی سروشت و شێوازی ماتڕیاڵی و چۆنێتی ژیانی خۆی، خوداکانی لەزیهینی خۆیدا بەرهەمهێناون.

مرۆڤ لەبەر ئەوەی کاهینێکی کۆمەڵایەتیە و بە گەلی دەژین، خوداکانیان وەکو ڕۆزی بەخش و هێز و توانایی گروپەکەیان تەماشاکردووە، وەکو کۆمەڵگایی تەوتەمیزم، ئەمەش وەکو نەریتێکی بۆماوەیی گوازراوەتەوە بۆ نەوەکانی ئایندەش.

ئایین نەرتێکی کۆمەڵایەتی بۆماوەییە، کە پەیوەندی نێوان هێزێکی باڵاو و مرۆڤە، کە مرۆڤ دروستی دەکات بۆ پاراستن و دورخستنەوەی مەترسیەکانی لەخۆی. هەروەها ئایین ئامڕازێکی کۆمەڵایەتیە بۆ دروستکردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان.ئایینەکان چیرۆکێکی ئەفسانەین، کە دەرهاویشتەی زیهنی مرۆڤەکانن، کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە. بۆ نمونە: هیندیەوسورەکان لە حەوزەکانی ئەمازۆن، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان پشتیان بە ڕاوشکار و کۆکردنەوەی خۆراک لەناو جەنگەڵەکان بەستووە. وەکو جۆن کریچەر دەڵێت؛ (هیندیە سورەکان باوەڕیان بە ژیانی دوای مەرگ هەبووە، بەڵام لەدیدی ئەمانەوە چیرۆکەکە جیاوازە، ئەوان پیانوابووە، مرۆڤ دوایی مەرگ، زیندووبۆیەوە بەنەمری لەجەنگەڵدا دەژیت و دەستدەکات بەڕاو کۆکردنەوەی سەرەتایی. بەڵام مەسیحیەکان، کە باوەڕیان وایە، مرۆڤ لەدوای مەرگ دەچێتە بەهەشت و لە پەرداخی زێڕدا شەراب دەخواتەوەو بەهەشتەکەیان پڕە لە کۆشک و تەلاری زێڕین.

یۆڤاڵ نوح گوتەنی؛ (ئایین دروستکردنی چیرۆکێکە، کە هەر گروپێک بەشێوازێک دروستیکردووە و هەریەکەیان دەیەوێت قەناعەت بەوانی تر بهێنێت، کە چیرۆکەکەی خۆی تەواوە) زۆربەی جەنگە ئایینیەکان لە ئەنجامی باوەڕنەهێنانی یەکتری بە چیرۆکە جیاوازەکانەوە خوڵقاوە. بۆنمونە لە کۆتاییەکانی لەسەدەی چواردەهەمدا، کاتێک ئەمریکا دۆزرایەوە لەلایەن پورتوگالیەکان و ئیسپانیەکانەوە. مەسیحیەکان نەیانتوانی باوەڕ بە هیندیە سورەکان بهێنن، کە لە ژیانی دوای مەرگ مرۆڤ لەکۆشک و ڤیلای زێڕیندا شەڕاب و گۆشتی برژاو دەخوات، چونکە ئەوان چیرۆکێکی تریان بۆخۆیان دروستکردبوو، کە جیاوازبوو لەوەی ئەوان و پەیوەندی بەژیانی ماتڕیاڵی ئەوانەوە نەبووە. هیندییە سورەکان نەیان دەزانی پەرداخی زێڕ و ڤیلا چیە.

ئایین نەریتێکی کۆمەڵایەتیە، کە مرۆڤەکان خۆیان دروستی دەکەن. بەڵام ئەم نەریتە لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانیەت و دۆزینەوەی کشتوکاڵدا، دەبێتە ئامڕازێک بۆ فریودان و ڕامکردنی مرۆڤەکان. لە ئایینی مەسیحیدا چیتر پاشا دەبووە نوێنەری خودا و دەبوو هەمووان گوێڕایەڵی بکەن، لە ئایینی ئیسلامیشدا پاشا وەلی ئەمرە و لادان و گوێڕایەڵ نەبوونی تاوانە. ئایینە ئاسمانیەکان هێزەخودیەکانی مرۆڤ دەچەپێنی و وابەستەیی دەکات بەباوەڕهێنان بەشتێکی نادیارەوەو بانگی مرۆڤ دەکات بۆ پشتگوێ خستنی ژیان و ماددە، لەکاتێکدا دروستبوونی ئاینەکان ئۆبجێکتی شێوازەکانی بەرهەمهێنانەو ڕەهەندێکی ماتڕیاڵیزمییە، بەڵام ئایین وەکو ئامڕازێک مرۆڤی نامۆ درووستدەکات لە هێزەخودیەکانی خۆی و کار لەسەر ڕێخستنی ژیان و کۆمەڵگا ناکات. ماکس ڤێبەر دەڵێت:( ئایینە ئاسمانییەکان، تەنها جەخت لەژیانی دوای مەرگ دەکاتەوە، چونکە توانایی ڕێخستنی دوونیایی نیە).

٭بیرکردنەوەی فەلسەفی:

لە بەشەکانی پێشوودا ئاماژەمان بەوەدا قۆناغەکانی مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ تەواوکەری یەکترن، نەک وەکو دووبارەکردنەوەی هەمان قۆناغ، بەڵکو بەپێ ئەو گۆڕانانەی لەشێوازی ژیان و تیفکرینی مرۆڤدا ڕوودەدات بیرکردنەوەی مرۆڤیش گۆڕانی بەسەردا دێت، وەکو ئاماژەمان پێدا مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ تەنها درێژە پێدانی قۆناغەکەی نیە، بەڵکو دەبێت داشی بڕێت. لە قۆناغی "فەلسەفەدا" سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی زانینی مرۆڤ پشت بە میتۆدی ئایینی و تیۆلۆژیی نابەستێت. واتا مرۆڤ جگە لە(ویناکردن و باوەڕهێنان) بەشێوازێکی تر، درێژە بەچالاکییە هزرییەکانی دەدات. ئەقڵ (ئاوەز) ی مرۆڤ، پرسیاردەکات و ڕادەمێنێت و لە ڕێگەی تێڕامان و بیرکردنەوەوە لە سروشت و دیاردەکان و بوون و مەرگ، دەکۆڵیتەوە.

دووبارە پێویستە میتۆدی ئیپستمۆلۆژیا هاوکارمان بێت، لە لێکۆڵینەوە لەو قۆناغەی کە بیرکردنەوەی فەلسەفیانە دێتەئاراوەو، تا بزانین سەرچاوەکانی زانینی مرۆڤ پشت بەچی دەبەستێت لەم قۆناغەدا. پێش هەموو شتێک پێویستە ئێمە لە چەمکی لۆگۆس تێبگەین، تا بەرچاومان ڕونتربێتەوەو بە ئاسانی لە فەلسەفە و میتۆدی فەلسەفی تێبگەین.

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ نێو دونیایی فیکر و فەلسەفە، لە ئەنجامی کارلێکی دووچەمکەدا، داهێنانی فەلسەفی گەورە و فەرهەنگی درەوشاوە بەرهەمهاتووە. یەکەم چەمیکی (میتۆس یان میتۆلۆژیایە) لەبەشی پێشوودا ئاماژەمان پێکرد. دووەم چەمکی (لۆگۆس)ە، لۆگۆس زاراوەیەکی یۆنانیە، بەواتایی، هزر یان ئاوەز دێت، لەزمانی عەرەبیدا بەوشەی (نطق) نوێکراوەتەوە. (د.ڕەهبەری محمود زادە) سەبارەت بە وشەی لۆگۆس دەڵێت؛ ” لۆگۆس لەهەندی وشە دەبێتەوە لەزمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت (لاجیک) یان( لۆجیک). هەروەها دەڵێت؛ ئەو تێرمانەی کۆتای پاشگری لۆجی دێت وەکو؛ (ئیپستمۆلۆجی، سۆسۆلۆجی) لەزاراوەی لۆگۆس، ئاوەزەوە وەرگیراوە. (لۆگۆس) چەشنێکی تایبەت لەبیرکردنەوەیە دەربارەی جیهان، کە ڕووداوەکان و دیاردەکان لە؟چوارچێوەی سروشتی هزر و لۆژیکدا تەتەڵە دەکات. “تەتەڵەکردن” بریتیە لەوەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کەمرۆڤ لەقۆناغە سەرەتاییەکانی هزردا ورژاندویەتی. بەشێوەیەکی تر بریتیە لەوەڵام دانەوەی ئەو پرسیارانەی بە (بۆ) یان(بۆچی) دەست پێ دەکەن. کەواتە مرۆڤ لەم قۆناغەدا سەرچاوەکانی زانینی لەڕێگەی بیرکردنەوەوەیە، بەڵام مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئەنجامێکی ئەقڵانی بگات پێویستە ئەقڵی جڵەوبکرێت. یۆنانیەکان بۆ جڵەوکردنی ئەقڵ، زانستێکیان داهێنا بەناوی لۆژیکەوە. لەم قۆناغەدا مرۆڤ بۆ وەڵامی پرسیارەکانی پشت بەدیاردە نادیارەکان و پاڵەوان و خودا نابەستێت، بەڵکو دەست دەکات بەچالاکی هزری و بیردەکاتەوە ڕادەمێنی و هەوڵدەدا ئارگۆمێنت بۆ وەڵامەکانی بهێنێتەوە، کە تێنوێتی ئاوەزی بشکێنێت فەلسەفە ئەو قۆناغەیە کە مرۆڤ درێژە بە بیرکردنەوەو دەدات لە ڕێگەی چالاکی لۆگۆسەوە، ئەم شێوازەش دەبێتە هۆی لەدایکبوونی بەرهەمی نوێ ی و جیاواز، لە قۆناغەکانی هزری مرۆڤدا. نامەوێت زۆر لەسەر ئەم قۆناغە بوەستین، لە بەشی کۆتاییی دا زیاتر لەسەری دەوەستین و درێژە بەتوێژینەوەکەمان دەدەین. پاش ئەوەی بەکورتی باسی بیرکردنەوەی زانستیانە دەکەین. بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێت، فەلسەفە یەکەمین قۆناغی بیرکردنەوەی ئەقڵانی مرۆڤە، کە بە دایکی هەموو زانستەکان دادەنرێت و زۆرجاریش فەلسەفەو زانست لە پەیوەندی چڕوپڕدان و زۆرجاریش لەیەکتری دوور دەکەونەوە.

بیرکردنەوەی زانستی:

لەم قۆناغەدا بیرکردنەوەی مرۆڤ زیاتر گەشەیکرد، ئەویش بەهۆی دەرکەوتنی زانستی ماتماتیک و ئەستێرەناسی ...هتد. مرۆڤ لەم قۆناغەدا پشت بەمیتۆدی زانستی دەبەستێت، ئەویش لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی شتەکانەوە ڕێساو میتۆدێک درووست دەکات بۆ توێژینەوەو کۆنتڕۆڵکردنی شتەکان لەڕێگەی تیۆریاوە. بۆ نمونە، مرۆڤ لێکۆڵینەوە لە ماددیەک دەکات، کاتێک لەتاقیگەکانی زانستدا ئاسن دەکاتە ژێر تاقیکردنەوە بۆی دەردەکەوێت ئاسن بەهۆی گەرمکردنەوە دەکشێت. زانست تیۆرییا دادەرێژت و کۆنتڕۆڵی شتەکان دەکات لەڕێگەی تاقیکردنەوەی زانستیەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شتەکان. پێشووتر پشت بەلۆژیکی ئەڕستۆی دەبەسترا، بۆ دەرهێنانی ئەنجام. بۆ نمونە:

سوکرات مرۆڤە، هەموو مرۆڤێک دەمرێت، کەواتە سوکرات دەمرێت؟ بەڵام زانست پشت بە دیدەکشن دەبەستێت، لە تاکەوە بۆ گشت. زانست پشتی بەلۆژیک دەبەستێت، کاتێک ئاسن لە تاقیگەکاندا تاقی دەکاتەوە بەم شێوەیە دەرئەنجام دەردەهێنت. مس بەگەرمی دەکشێت، ئاسن بەگەمی دەکشێت. کەواتە هەموو تەنەکان بەگەرمی دەکشێن. لە قۆناغی بیرکردنەوەی زانستیدا ژیانی مرۆڤیش گۆڕانی بەسەردا هات و مرۆڤ توانی لەڕێگەی دەستبەسەراگرتنی زانستی ئەزموونیەوە دەستبەسەر سروشتدا بگرێت و ببێت وەکو یۆڤاڵ نوح دەڵێت؛(مرۆڤ بەهۆی زانستەوە، لە ئاژەڵێکی نیو سروشتەوە بوو، بە مرۆڤە خوا.) بیرکردنەوەی زانستی کۆتا قۆناغی بیرکردنەوەی مرۆڤە، کە مرۆڤی کردە بەهێزترین کائینی نێو جیهانەکەی خۆی.

نیشتمانی فەلسەفە:

کاتێک باسی فەلسەفە دەکەین، ڕاستەوخۆ بیرمان دەچێت بەرەو مێژووی یۆنان، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەڕستۆ، مێژووی بیرکردنەوەی فەلسەفەیانە دەگەڕێنێتەوە بۆ تاڵیس.

وەک لە بەشی سەرەتادا ئاماژەم پێدا ئێمە ناکەوێنە ژێر جەبر و دۆگمی مێژووەوە. چونکە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا (4000) ساڵ لە شارستانیەتی گریک کۆنترە. "فیساگۆراس" لە بابل ماتماتیکی خوێندووە و تیۆریی ماتماتیکی فیساگۆراس دووهەزار ساڵ بەر لە "فیساگۆراس" بوونی هەبووە. هەروەها میتافیزیکا لە ئایینی دووەمی مووساوە لە میسرەوە دەگاتە یۆنان. چوارسەدە بەر لە زایین یۆنانیەکان میسۆپۆتامیایان ناسیووەو هەر ئەوان ئەوناوەیان بەسەرداوە. جگە لەوەش لەناو شارستانیەتی میسرییەکاندا ماتماتیک و زانستی مۆمیاکردن و نەشتەرگەری مێشکیان زانیووە. ئێمە ئەوەشمان لە بیرنەچێت پاش داگیرکردنی یۆنان لە لایەن ڕۆمانییەکانەوە فەلسەفە لە شارستانیەتی ئیسلامییەوە دەپارێزێت و دواتریش لەڕێگەی توونس و ئیسپانیەوە دەچێتەوە بۆ ڕۆژئاوا. ئێستا پێویستە ببپرسین بۆچی فەلسەفە لە یۆنان گەشەی کرد و شارستانیەتی یۆنانی کردە نیشتمانی مانەوەی خۆی؟

وەکو لە پێشوودا ئاماژەمان پێکرد فەلسەفە لە کلتورێکدا ناژیت کە نەفەسی بیرکردنەوەی ئازاد بخەسێنێت. کەشوهەوای یۆنان ژینگەیەکی دیموکراسی بووەو بەهۆی چەمکی ڕەخنەوە فەلسەفە لەیۆناندا گەشەی کرد. سوکرات دەڵێت:( ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە مانای ژیان نیە) تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەبکرێت و بخرێتە ژێرتاقیگەکانی گومانەوەو ڕەتبکرێتەوە. فەلسەفە یۆنانی کردە نیشتمانی خۆی، بۆیەکەمین جار فەلسەفە لە شارستانیەتی یۆناندا لەلایەن "ئەیونیەکان"ەوە سەری هەڵدا، دوتریش فیساگۆرسیەکان و ئیلییەکان درێژەیان پێدا.

فەلسەفە چیە؟

(فەلسەفە لەبەر ئەوە سەری هەڵدا، چونکە مرۆڤ نەیدەتوانی بیر لەگەردوون نەکاتەوە)

ئەڕستۆ: میتافیزیک

هەرچەندە فەلسەفە بابەتێکی فرەڕەهەندە و ناتوانرێت پێناسەیەکی گشتی بۆ بکرێت، بەڵام لە دیدی منەوە( فەلسەفە لە گشتایەتی خۆیدا هونەری پرسیارکردن و تاقیکردنەوەی شتەکانە، لە ڕێگەی ڕامان و بیرکردنەوەوە بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی فاکتە شاراوەکان). وەکو سوکرات دەڵێت:” ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە واتایی ژیانی نیە”. واتا ئەو ژیانە ساختەیەی کە لەسەر بونیادی ترادسیۆن و زانیارییە ساختەکان بونیادنراوە پێویستە تاقیبکرێتەوەو لە ڕێگەی نەشتەری ڕەخنەوە شیبکرێتەوە.(جۆن دیڤد) بەمجۆرە پێناسەی فەلسەفە دەکات:

کۆشێشێکە مرۆڤ بۆڕونکردنەوەی ئامانجە بنەڕەتیەکانی لەژیاندا ئەنجامی دەدات “.

ئەو قۆناغانەی فەلسەفەی پێدا تێپەڕیون:

قۆناغی یەکەم: (پێش سوکرات) لە سەدەی (حەوتی) پ ز، دەست پێ دەکات تا نزیکی نزیکەی (چوار سەدە) ئەم قۆناغە دەگرێتەوە، کە لەبنەڕەتی بوون و ماهیەتی جیهان دەکۆڵێتەوە

قۆناغی دووەم: قۆناغی فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانیە و لەم قۆناغەدا فەلسەفە لەترۆپکی گەشەکردندایە و دووبەرەی دژبەیەک دێنە ئاراوە ئەویش (سۆفستاییەکان) و (فەیلەسوفانی یۆنان). ئەم قۆناغەش دەربارەی کردە مۆڕاڵیەکانی قۆناغی مرۆڤ و ڕژێمی حوکومڕانی و گەردوون و سروشت و پرسە فەلسەفیەکانیان وروژاندووە.

قۆناغی سێیەم (سەدەکانی ناوەڕاست) تاریکترین قۆناغی بیرکردنەوەوەیەو گەشەی مەعریفی چەق دەبەستی ئەویش بەهۆی تێکەڵکردنی فەلسەفە و گونجاندنی لەگەڵ ئایینی مەسیحیدا.

قۆناغی چوارەم: کە لەڕێنە دیکارتەوە دەست پێدەکات و لە دەستی هێگڵ دەگاتە لووتکە بە قۆناغی فەلسەفەی نوێ ناسراوە لەم قۆناغەدا جیهانی هزر و زانست شانبەشانی پێشکەوتنی پیشەسازی پێشکەوتنێکی مەزنی بەخۆیەوە بینیوەو لەم قۆناغەدا دوو ڕیبازی گرنگی دژبەیەک سەرهەڵدەدن ئەوانیش (ئەزموونگەرایی و ڕاشیونالیست)، پاشان قۆناغی ئایدیالیزم و ماتڕیاڵیزمی ئەڵمانی و دواتریش فەلسەفەی مۆدێرن دێتە ئاراوە. هەریەک لەم قۆناغانەش تایبەتمەندی و خەسڵەتی دیاریکراوی خۆی هەیەو پەیوەستە بەو کۆنتێکستە مێژووییەی تێدا دێتە ئاراوەو کاریگەری لەسەر تێفکرین و بیرکردنەوەی مرۆڤ دروست کردووە.

پرسە فەلسەفیەکان چین:

یەک: ئێمە هەندێک جار دەپرسین بوون چیە، مرۆڤ چۆن درووست بووە جیهان لەچیەوە هاتۆتەبوون، خودا چیە؟

میتافیزیک لقێکی فەلسەفەیە کە وەڵامی ئەم پرسە دەداتەوەو ئەمەش لە تاڵیسەوە دەست پێ دەکات کە لەبنەڕەتی ئەو مادەیە دەکۆڵێتەوە کەجیهانی لێ دروستبووە.

دوو: ئایا ئێمە دەتوانین چی بزانین ئایا مرۆڤ توانایی زانینی سنوردارە یان دەتوانێ تەواوی نهێنێیەکانی جیهان ئەزموون بکات؟ٚ

لقێکی فەلسەفە بەناوی ئیپستمۆلۆژیا وەڵامی ئەم پرسەمان دەداتەوە، لە سوکراتەوە دەست پێ دەکات و لە سەردەستی کاڕڵ پۆپەر دەگات بە لوتکە. وەکو ئەوەی کانت فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت:” من دەتوانم چی بزانم”.

سێ:کام ڕەفتاری مرۆڤ باشە ببێتە مایەی پێکەوە ژیان و ئاسوودەی ئەوانی تر. بۆچی من مرۆڤێکی باشبم؟

فەلسەفەی ئەخلاق ئەو باباتەنانە دەکاتە ژێرپرسیارەوە لە ڕێگەی پرس و دەرئەنجامەکانیەوە وەڵامی ئەو پرسەمان دەداتەوە.

چوار: کام جۆری سیستمی حوکمڕانی دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی ئازادی و ئاسایش و پێکەوە یان چ جۆرە دەوڵەتێک باشە؟

لقێکی فەلسەفە بەناوی فەلسەفەی سیاسییەوە وەڵامی ئەم پرسانەمان دەداتەوەو لەو بابەتانە دەکۆڵێتەوە…..هتد

جگە لەوەی فەلسەفە یەکێکە لەو ئامڕازانەی دەبێتە (موظاف) دەچێتە پێش هەرناوێکی ترەوە و لەو بابەتانەدەکۆڵێتەوە وەکو(فەلسەفەی زمان، فەلسەفەی مێژوو، فەلسەفەی یاسا، فەلسەفەی زانست، فەلسەفەی فەلسەفەو …هتد). بەگشتی فەلسەفە هونەری پرسیاکردن و گومان و تێڕامانە بۆ دۆزینەوە و چارەسەری ئارێشەو گرفتەکان تا ژیانێکی شایستەی و هونەریانە بەسەر بەرین

بەسود وەرگرتن لەم سەرچاوانەی خوارەوە:

1.ئەنوەر نەجمەدین: سەرچاوەی مەعریفە لە میتۆلۆژیا و ئایین و فەلسەفەو ماتڕیالیزمدا.چاپخانەی بیانی چاپی یەکەم 2021

2.ئاراس سەعید: مرۆڤ چۆن خودای دروستکرد، گۆڤاری فاکت، ژمارە5-6..2021

3.ڕێبوار سیوەیلی: ترسان لە فەلسەفە

ماڵی وەفایی چاپی سێیەم 2020

4. کتێبی پیرۆز: پەیمانی کۆن.

5. ڕێبوار سیوەیلی: سۆفستایەکانی یۆنان

، چاپخانەی هاوسەر هەولێر

6. هیوا جەلال: سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی زمان، دەزگای ڕێنوێن

7. ڕەهبەری مەحمود زادە: کۆرسی فەلسەفەی ڕۆژئاوا

‌9.ت ز لاڤین: فەلسەفە بۆ هەمووان. و: ئارام مەحمود. دەزگای ئایدیا، چاپی یەکەم.

10.

: arne nees: filofiens historie,i, hans reizels forlag kopen haven,s.26

11.نظریة المعرفة؛ مكانتها وأهمياتا في الفكرين الفلسفي والصوفي. https://media.nerliti.com/media/publications/285397_a02cccf2pdf

12.سیجوند فروید: الطوطم والحرام. نوع الملفPDF ،المجلة الكتب العربية.https://www.alarabimag.com/books

13. د.تاهر عزیز: المناهج الفلسفة، مركز الثقافي العربي، ١٩٩٠،بيروت.

 


ئەم بابەتە 594 جار خوێندراوەتەوە