245505760_253265460026856_6992241728466137127_n.jpg

من ئۆرژیناڵم

داستان بەرزان

 

من ئیشی جوانکردن ناکەم

پلانی ڕێکخستنی هیچ شوێنێکم نییە

بە نیازی چاک کردنی هەر دۆخێک

بۆ مەبەستی خۆش کردنی هیچ کەشێک لێرە نیم.

 

من بە مەرامی سازکردنی خەون نەهاتووم -ئەگەر خەون خۆی لێگەڕێت-

بارگەم نییە.... بنەم نییە

پلان... پەیڕەو

ئامانجم نییە.

 

بەڵێنم بە کەس نەداوە لە کاتی دیارییکراودا بگەمە هیچ جێگایەک

لە بنەڕەتدا من لە هیچ جێگایەک نیم

تاکو بە هیچ جێگایەکی دیکە بگەم.

 

من ڕووتم وەکو گوڵەباخ

تەنیام وەکو مانگ

وێلم وەکو کاروانکوژە

بۆیە ڕووم دێت بڵێم: ڕووتم.

چونکە تەنیام

چونکە وێڵم.

 

من یەک کەس نیم

من زۆرم چەشنی –با-

بۆیە بوێرییم هەیە کە بڵێم: من زۆرم

چونکە دەبینم کە –با-کان لە مندا هەڵدەکەن و

لە مندا بۆ هەمیشە هێور نابنەوە.

 

من بوارم بۆ هەورەکان ڕەخساند لە شیعری شاعیراندا

گەواڵە... گەواڵە

بێن

پاشان

بڕەوێنەوە.

 

من بوارم بۆ ئەستێرەکان ڕەخساند لە شیعری شاعیراندا

پۆل... پۆل

ببریسکێنەوە

پاشان

بکوژێنەوە.

 

من بوارم بۆ خۆر ڕەخساند لە شیعری شاعیراندا

هەڵبێت

دواتر

ئاوابێت.

 

بەڵام بۆ خۆم کێشەم لەگەڵ هەور و ئەستێرە و خۆردا هەبوو

بۆیە لە شیعری خۆمدا ئەوان و زۆر شتی دیکەم ئەتک کردن

تاکو بڕۆن و

جارێکی دیکە ڕوویان نەبێت

بێن و

بڕەوێنەوە و

ببریسکێنەوە و

بکوژێنەوە

هەڵبێن و

پاشان

ئاوابن.

 

کە ڕێزم لێگیرا / شەرمەزابووم

کە خەڵات کرام / وەک سەگ گریام

کە ستایش / غەمگین

کە هاندرام / کەوتم

کە باڵیان پێبەخشیم / خەوتم.

 

تۆ دەتوانیت ژیان بگۆڕیت

چونکە پێویستت بە سێکسە

کەواتە حەزت لە شۆرشە.

 

شۆڕشگێڕەکان -گێڕ و گێن-

من دەزانم گێڕم

من دەزانم گێم

بەڵام گاڵتەم بەوەی ئەوان دێت

یەعنی حەزم لەوەی خۆمە.

 

ئێوە دەڵێن: کە من چەوتم

لار و وێڵ و گێل و خێلم

بۆ ئاگاداریتان من خۆشم ئەوانە دەزانم

کەواتە لێگەڕێن کۆیکەمەوە

ئەم قاپ و قاچاخی خەونە

ئەم نون و

بوون و

کەونە

بەڵکو ئێوە فریا بکەون ئەو خەڵکە چیتر هەڵە نەکەن

لار نەوەستن

سەلار

سەنگین

ڕەنگین

بە ڕێیبکەن ژیانێکی خۆش-بەڵام بەبێ هۆش-

 

کاری ئۆرژیناڵی من

دروستکردنی بۆشاییە

نیشاندانی ڕەشاییە

خواردنەوەی تاڵاییە

تێکدانی بەزم و شاییە

زۆرکرنی واڵاییە

ئەوەی عالەم پێیان گووت: باش

تەنیا ئەوە بەرەڵاییە.

 

سەیری خۆتان بکەن خەڵکینە

مرۆڤێک هەیە بۆ ئەوەی بەرگەتان بگرێت

قوم.. قوم... خۆی دەکێشێت!

مەبەستم ئەوەیە بڵێم: مرۆڤێک هەیە.

 

بەڕاستی ئێوە هەم باشن

هەمیش بەڕێز هەمیش جوانن

خانەدان و ڕەسەنن

-زۆر زۆر سوپاس-

بۆ ئەوەی کە ئێوە هەن.

 

من شەڕی هەموو شتێک بکەم

شەڕی ئەو شتانە ناکەم کە ئێوە ناوتان لێناون ناشیرینی.

ناشیرینی عەیبی نییە

ئەگەر تۆ کەمێک عەینەکەکەت هاوسەنگ و

تۆزێک بینینت چاک بکەیت.

 

منتان وەک شەیتان دێتە پێشچاو؟

 

ئێوە هەرگیز بیرتان لە پیاوێک کردۆتەوە لە بۆشاییدا؟

ئەو  پیاوە دەڵێم کە ڕۆژانە خەریکە خۆی دەکێشێت.

هەمان ئەو پیاوە نووسین فریای ناکەوێت

جیهان لەسەر شانی قورسە

ڕۆژەکان بۆ ئەو بارێکن کە ناتوانێت بیانگوێزێتەوە بۆ داهاتوو

هەر ئەو پیاوەی دەیڵێم: بەردەوام لە ناو ڕەفەکانی ڕابردوودا گرمۆڵە بووە

چونکە هەتاوی ئەم سەردەمە نامۆیە بە ئەو

ئەو کە وادیارە لە سەردەمەکانی پێشووەوە بە هۆیەک لە هۆیەکان

کەوتۆتە ئەم سەردەمەوە.

بەوەشدا دەیەوێت دڵنیامان بکاتەوە

کە خوێنی خۆییمان نیشان دەدات

سپییە نەک ڕەش.

 

بەستەڵەک ئەم جیهانە

منتان وەک شەیتان دێتە پێشچاو؟

 

کێ بۆ یەکەمجار و بە چی گوت: جوان؟

ئەی کێ بۆ یەکەمجار و بە چی گوت: ناشیرین؟

 

پێشتر ویستم بڵێم: بەستەڵەکە ئەم جیهانە

چونکە هەرچی شتەکانی هەیە پێشتر بڕیاریان لێدراوە

جوان

باش

خۆش

خراپ

ناشیرین

ناخۆش

ئەی من کارم چییە؟

 

من ئێستاکە چۆن بووێرم بە دڕک بڵێم: جوان؟

من ئێستاکە چۆن بوێرم بە شەمشەمە کوێرە بڵێم: جوان؟

دڕک

شەمشەمەکوێرە

ئەختەبووت

مەیمون

جاڵجاڵۆکە

قرژاڵ

کوللە

قەلەباچکە

کەمتیار

تیمساح

مێش

مشک

زەردەواڵە

زەڕنەقووتە

ئەمانە هیچیان جوان نین؟

ئەی من کارم چییە؟

 

(بووەستن) منتان وەک شەیتان دێتە پێشچاو؟

ئەی ئێوە پێتان وایە بەستەڵەکە ئەم جیهانە؟

 

بەیانی دێت

نیوەڕۆ دێت

شەو دێت

دیسان بەیانی

دیسان نیوەڕۆ

دیسان شەو

بەیانی

نیوەڕۆ

شەو

دێت بەیانی

دێت نیوەڕۆ

دێت شەو

بەیانی دیسان

نیوەڕۆ دیسان

شەو دیسان

بەیانی

نیوەڕۆ

شەو

 

(بووەستن، وچانێک بدەن)

سەرم سوڕاوە

مافم خوراوە

دەفتەرم دڕاوە

موچەم بڕاوە

شتێک نییە خۆمی پێوە سەرقاڵ بکەم؟

حەزم لە بیرنەکردنەوەیە.

 

سەیری ئاوێنەکەم دەکەم

درزێک کەوتۆتە نێوچاوانم

قەتران لەسەر ڕوومەتم جۆگەلەی بەستووە

ڕێگا دەبڕێت بۆ ئایندە.

 

ڕەنگە پێبکەنم

ڕەنگە دڵم خۆش بێت

ڕەنگە بفڕم و

بچمە ناو ئاوێنەکەوە

بیرم کەوتەوە

هەموو فڕینێک هەوڵێکە بۆ کەوتن.

 

لە ئایپادەکەدا تەماشای وێنەکانم دەکەم

خۆم لە سێبەری دارسێوێکدا وەستاوم

هەنارێک بە دەستمەوە و

خەون بە لیمۆوە دەبینم

-خەون نەخۆشییە کوشندەکە-

 

من خەونەکانم وەک دڵۆپەی ئاو لە شاخێکی بەرزەوە

بۆ سەر ڕووی گابەردێک

دەتکێنە سەر گیانم و

لەسەرخۆ چاڵی دەکەن

کونی دەکەن

وردی دەکەن

ئەم گیانە هەرزان و تاڵانە.

 

سەیری کاتژمێرەکەی بەرامبەرم دەکەم

کات هەر وەکو خۆیەتی!

ڕۆژەکان هەر وەکو یەکن

بەیانی دێت

نیوەڕۆ دێت

شەو دێت

دیسان بەیانی

دیسان نیوەڕۆ

دیسان شەو

بەیانی

نیوەڕۆ

شەو

دێت بەیانی

دێت نیوەڕۆ

دێت شەو

بەیانی دیسان

نیوەڕۆ دیسان

شەو دیسان

بەیانی

نیوەڕۆ

شەو.

 

لە وێنەیەکی دیکەدا خۆم دەبینم

لەسەر چیایەکی بەفرین

تیشکی خۆری ئەو عەسرە

بریقەیەکی لە ناو چاومدا دروست کردووە

بەوەدا وادەردەکەوم دڵم بە سروشت کرابێتەوە

-سروشتی لە دەستچوو-

 

هەرچەند ئەکەم ناتوانم ببە بەشێک لە ڕێستۆرانتەکانی ئەم عەسرە

ئەوانەی نێر و مێ گەلەی تێدا دەکێشرێت

خۆ من لام ئاساییە کەسانێک هەن کە وەهان

بەڵام دەترسم ڕۆژگارێک دابێت

ژیان بواری منی تێدا نەمێنێتەوە

کونجێک، پەراوێزێک، گۆشەیەک، پەنایەک، سەیوانێک

بۆ پیاوێک بەجێماوە لە یاران نابەجێ ماوە

جا ئەجەل کەی لە کاتی خۆییدا هاتووە؟

چیبکەم؟ منیش نازانم چیبکەم؟

 

من ئەگەر هێزی خۆپیشاندانم هەبێت

یەکەمجار لە دژی خۆم ڕادەپەڕم

بە هەموو توانام بەرامبەر خۆم دەوەستم و

هاوار دەکەم: بڕوخێ دڵ... بڕوخێ دڵ... بڕوخێ دڵ...

 

ئەم وشانەی دەیاننووسم

هەریەک لە سوچێکی سەرمەوە هاتوون

هیچیان لەگەڵ ئەویتریان کۆک نین

ناکۆکن وەک ئەم سەدەیە

سەدەی ونبوونی مانا.

 

(بووەستن، وچانێک بدەن)

یەکێک ئاگای لێم بێت

نەهێڵێت ئەوەندە ببزڕکێنم

کوا ژنەکەم؟

 

پاش چەند ساڵێک

ڕۆژێک ئەو قسانەی سەرەوەم بیر دەکەونەوە

زۆر پێکەنینم بە خۆم دێت

چونکە بۆم دەردەکەوێت شتەکە چ گاڵتەجاڕییەک بوو!

بەڵام ئەوەی باشە ئەوکاتە من بۆ هەمیشە خەوتووم.

شەوتان شاد/ ژیانتان شاد.

 

 

 


ئەم بابەتە 152 جار خوێندراوەتەوە