244547697_1281295702384839_4311793100268524517_n.jpg

کۆمەڵە شیعری (کێڵگەی بەتاڵ) بڵاوده‌کرێتەوە

 براوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢١ - بواری شیعر: سروشت نەوزاد بۆ کۆمەڵە شیعری (کێڵگەی بەتاڵ)

وەشانی نووسیار لە چوارچێوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتیبی یەکەم به‌مزوانه‌ براوەی کۆمەڵە شیعری (کێڵگەی بەتاڵ) لە نووسینی ( سروشت نەوزاد) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

 

له‌باره‌ی بردنەوەی ئەم خەڵاتە سروشت نەوزاد ده‌ڵێت:

کاتێک بە دیار پەخشی ڕاستەوخۆی ڕاگەیاندنی ناوی براوەکانەوە دانیشتبووم، ساتێک بوو تێکەڵ بووم لە نا ئارامی و پەرۆشی. وەک دەڵێن جێگەم بە خۆم نەدەگرت. ئیحساسی ئەوەی کە بینیم براوەم، بۆمن ئیحساسێکی مێژووییە، دانەبڕاوە لە یادەوەریم. لە هەمانکات هەست دەکەم ئەو جۆرە ئیحساسانە ناچنە نێو زمانەوە. پێش ئەوەی بەرهەمەکەی خۆم بنێرم، بێگومان دڵنیابووم لە گرنگی و ڕێژەی سەرکەوتنی پرۆژەکە. ئەوەی زیاتر من خۆشحاڵتر دەکات بەم پرۆژەیەو بەو خەڵاتەی کە پێم دراوە، بریتییە لە سەربەخۆیی و بێلایەنی خودی پرۆژەکە و جیاوازبوونی لە بەرامبەر کۆی ئەو پرۆژە ئەدەبیانەی کە تا ئێستا هەبوون و هەن. چ لە ڕووی دڵسۆزی و خەمخۆری لە ئیشکردن و جدی بوونیدا، چ لە ڕووی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە دەیانکەنە دادوەر و لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان. پرۆژەکە لە خولی ئەمساڵیدا، زیاتر هەنگاوی بەڕووی گۆڕانکاری و بەرەو پێشچوونیدا ناوە. باوەڕم وایە ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە هەرە گرنگترین پرۆژە ئەدەبییەکانی ئێمە.

 

هەروەها لە بارەی کۆمەڵە شیعری کێڵگەی بەتاڵ وتی:

لەم کۆمەڵە شیعرەمدا، زمان لە یەک ئاستدا خۆی دەر ناخات، هەروەها زمان تەنیا لە حاڵەتی زمان ئامڕازیدا بەکار نەبراوە بۆ گەیاندنی بیرۆکە و ماناکان، بەڵکو زمان لە خزمەتی خودی زماندایە و پانتاییەکە بۆ دەرکەوتنی جیاوازییەکان و بەرهەمهێنانی واتای نوێ و دۆزینەوەی نوێ و بەخشینی مانای نوێ بە شتەکان.

لە ئاستی جیهانبینینیشدا، تێڕوانینەکانم دەرهاویشتەی ناوەوەی خۆمن، سەر بە خۆم و سەر بە ژیان و ڕۆژگاری ئێستامن.

بە گشتی تا جێگایەک توانیبێتم، بەو شێوەیە کارم لە نێو شیعرەکاندا کردووە بتوانن ڕوانینێکی قوڵتر و ئاستێکی دیکەی فیکری و ئیستاتیکی بن. هەوڵم داوە لە پشتی فۆڕمەکانەوە، میتۆدێکی تازە بۆ جیهان و پەیوەندییەکی نوێی نێوان مرۆڤ و شتەکان، نێوان مرۆڤ و زمان ئامادەییان هەبێت.

 

چەند دێڕێک لە کتێبەکە:

 

خۆر لە پشتی کێوەکانە

بە ئارامی کاتێک هەڵدێ و ڕوخساری کازیوە دەشوات،

ڕوون دەبینێ: ڕێگا سەختن بۆ کەسانێک بە قەدپاڵدا هەڵدەگەڕێن.

ڕۆژیش بە پڕتاو لە کووپێ قاوە کە قوڵپ دەدات،

چیرۆکی بەرین، گۆرانی دەچڕێ:

بە خاکی تەڕدا دەنواڕن،

سێ غەریبن بە تەنیشت یەک لە کێڵگەیەکدا دەگەڕێن،

خۆڵی ڕێگا دەکوتنەوە و

خۆری سپیيش لە چاویاندا بەنێو تەمدا تێدەپەڕێ، شەقام دەبڕێت.

شار دەگەڕێت ئەو چاوانەی بە دەشتی ڕۆژ گوزەر دەکا،

وێنەی باخێک دەچرکێنێت،

دەچرکێنێت وێنەی باخێک کە لەوێدا

لاشەی زیندووان لە هيی مردووان جیا دەبنەوە و

لە بەر دەرگای پەرژینیدا

باڵندەیەک بە غەمگینی

سەر دەر دێنێ و دەجریوێنێ.

 

براوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم (شيعر) ٢٠٢١

 

سروشت نەوزاد: لەدایکبووى ساڵی ١٩٩١ـه‌. نیشتەجێی شارۆچکەی سەیيدسادقه‌. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستی ئابووريدا. لە زۆربەی ماڵپەڕە ئەدەبی و کولتوورییەکاندا بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە.

خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم  ٢٠٢١ساڵی دووەم. ئەم خەڵاتە ساڵانە کتێبی یەکەمی سێ دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی خەڵات دەکات لە بواری شیعر، چیرۆک و ڕۆمان. خەڵاتەکە بریتییە لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبە براوەکان، پێدانی بڕوانامەی نووسیار لەگەڵ دیاری پارچە سیرامیکی قەڵغانی نووسیار.

 


ئەم بابەتە 100 جار خوێندراوەتەوە