243967811_232114128954873_7205863236867672918_n.jpg

کۆمەڵە چیرۆکی (لا یۆرۆنا) بڵاوده‌کرێتەوە

براوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢١ – بواری چیرۆک کامۆ ئاراز بۆ کۆمەڵە چیرۆکی (لا یۆرۆنا)

وەشانی نووسیار لە چوارچێوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتیبی یەکەم به‌مزوانه‌ براوەی کۆمەڵە چیرۆکی (لا یۆرۆنا) لە نووسینی ( کامۆ ئاراز) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

 له‌باره‌ی بردنەوەی ئەم خەڵاتە کامۆ ئاراز ده‌ڵێت:

بردنەوەی خەڵاتی نووسیار بۆم، ئەزموونێکی ئەفسوون-ئاسا بوو، چونکە لەو باوەڕەدا نەبووم کە چیرۆکەکانم پلەی یەکەم بە دەست بهێنن. نووسیار ئەزموونێکە کە بەڕاستی بەرانبەر نووسین، بەتایبەتی نووسینی وێژەیی، هەستیارترم دەکات. گەر جاران، نووسینی چیرۆک زیاتر ئارەزوو بوو بێت لەلام، لەمەولا هەست بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی زیاتر دەکەم لەو دەقانەی دەیانهێنمە بەرهەم. بێگومان خەڵاتی نووسیار خاڵی وەستان نییە، بەڵکوو خاڵی دەستپێکە بۆ کۆششی زیاتر لە بواری وێژە.

هەروەها لە بارەی کۆمەڵە چیرۆکی لا یۆرۆنا وتی:

کۆمەڵە چیرۆکەکە پێنج چیرۆکی لە خۆ گرتووە. هەر یەکەیان چیرۆکێکی جیاوازە، وەلێ تێمای هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە، جۆرە ڕاز و نادیارییەک لە چیرۆکەکاندا هەستیان پێ دەکرێت، هەر ئەمەشە لەوانەیە هەستی نادڵنیایی و ترس لەلامان درووست بکەن، ئاخر هەر شاراوەیی و نادیارییە دەکرێت هۆکار بن بۆ هەستکردن بە ترس، هاوکات لە وێژەش هۆیەکن بۆ بەرهەمهێنانی دەقی هەستبزوێن و بیرجوڵێن. یەکێک لە چیرۆکەکان، لا یۆرۆنا، کە هەم وەک ناوی کۆمەڵە چیرۆکەکەش هەڵبژێردراوە، چیرۆکێکی لێکۆڵەرییە، لەبەر ئەوەی لە وێژەی کوردیدا کاراکتەری باو و ئایکۆنیکمان نییە بۆ ڕۆڵی لێکۆڵەری تایبەتی و لێکۆڵەری پۆلیسی، هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ درووستکردنی کاراکتەرگەلێک کە نوێنەرایەتی ئاڕکەتایپی لێکۆڵەر بکەن، هاوشێوەی کاراکەتەرگەلی وێژەی گەلانی دیکە، لەوانە: شێرلۆک هۆڵمز، کۆگۆرۆ ئاکێچی، هێرکیول پوارۆ و چەندانی دیکە.

چەند دێڕێک لە کتێبەکە:

''تاریک و سەرماوسۆڵەیە، وەلێ وەکوو چەند ڕۆژی پێشوو باران نابارێت، کەچی هێشتا زەوییەکە شێدارە و تەڕاییی گژوگیا و دارەکان بۆنی دارستانەکەی خەستتر کردووەتەوە. ئەگەر لە دوورەوە بڕوانیت، ڕووناکاییەک لە دارستانەکەدا هەستی پێ دەکرێت  و ڕووناکاییەکەش سێبەرگەلێک بە بەردەمیدا دێن و دەڕۆن. ڕەنگی سوور و شینی ئۆتۆمبێلی پۆلیسیش هەندێ جار تێکەڵ بە کەش و دیمەنەکە دەبێت، بەڵام زەنگی پۆلیس هاوەڵی ئاماژە شین و سوورەکان نین.''

براوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم (چیرۆک) ٢٠٢١

 

کامۆ ئاراز: لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٦ـه‌. لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و هەنووکە نیشتەجێی شاری هەولێرە. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی ئینگلیزیدا. ماوەیەک وەکوو وەرگێڕێکی سەربەخۆ لە ڕاپۆرتەکانی کەناڵی بی-بی-سىدا کاری کردووە. ئەندامێکی کاراى ناوەندی هزره‌.

خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم  ٢٠٢١ساڵی دووەم. ئەم خەڵاتە ساڵانە کتێبی یەکەمی سێ دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی خەڵات دەکات لە بواری شیعر، چیرۆک و ڕۆمان. خەڵاتەکە بریتییە لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبە براوەکان، پێدانی بڕوانامەی نووسیار لەگەڵ دیاری پارچە سیرامیکی قەڵغانی نووسیار.


ئەم بابەتە 121 جار خوێندراوەتەوە