244617747_386924883105663_1324987662383926101_n.jpg

چاپی دووەمی کتێبی (شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە) چاپ و بڵاودەکرێتەوە

 

 

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ کتێبی (شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە)  چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه. ئەم کتێبەلە نووسینی شاعیری دانیمارکی: نیلس هاو و ئالان پەری کاری وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە بۆ کردووە.

  ئەم کتێبە پێکهاتووە لە گفتووگۆیەکی سێ بەش و چەند وتارێکی ئەدەی و لە کۆتایی کتێبەکە خەرمانێک لە باشترین شیعری نیلس هاو کراونەتە کوردی کە هەشت شیعری نویی تری لە خۆ گرتووە کە لە چاپی یەکەمدا نەبووە.

له‌باره‌ی ئه‌م کتێبە ئالان پەری دەڵێت:  

'' لەمێژە شاعیری دانیمارکی (نیلس هاو) دەناسم. کاتێک بۆ یەکەم جار پێکەوە لە ساڵی ٢٠١٠دا لە کۆڕێکی DansishPEN کۆڕێک كه‌ بۆ وێژەوانانی کورد لە تاراوگە ڕێك خرابوو، بەشدار بووین، لەوێ وەک میوانێک لەگەڵ چەند شاعیرێکی دانیمارکيدا شیعری خوێندەوە، لەو کاتەوە ناسینێکی دۆستانە و ئەدەبیانە پێکەوەمان دەبەستێته‌وه‌. بە هیوام ئەم هەوڵە بچووکەی من، ببێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ ئه‌م شاعیرە بکرێت، شێوازە قووڵ و دووربینییەکانی بۆ شیعر و جیهان و کەسەکان لە نزیکەوە تاوتوێ بکرێت، هەروەها دەروازەیەک بێت بۆ زیاتر ئاشناکردنی خوێنەری کورد بە ئەدەبی ئەوپەڕی باکوور و، تايبه‌تتريش ئه‌ده‌بى دانیمارکى.''

لەم چاپه‌ نوێيه‌دا، لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی وردى سەرجەم کتێبەکە، هەشت شیعری نوێی شاعير (نیلس هاو) زیاد کراون کە شایانی تێڕامان و خوێندنەوەن.

 

چەند دێرێک لە کتێبەکە:

 چامەشیعر

 دەستەکانت لە چامەکە گیر مەکە! تۆ دەستبەسەر کراویت.

شیعر گوێڕایەڵی فەرمانەکان نابێت.

شیعر لە زیندانی تاکەکەسیدا بە خراپی چەکەرە دەکات،

شیعر لە شوێنەکان خول دەخوات و

لە زبڵدانی كه‌سانى تردا دەبینرێت،

شیعر چەک هەڵدەگرێت.

شیعر متمانەی بە یاسا و دادوەر نییە،

بەڵام باوەڕی تەواوی بە ڕەوشتی بەرز هەیە.

شیعر دەبێتە جێی مشتومڕی هەرڕێبوارێکی بەساڵاچوو،

خۆی دەکات بە ژووری بەڕێوبەردا،

ڕووبەڕووی تۆمەتی قێزەون دەبێتەوە،

بێڕێزيی پێ دەکرێت،

شیعر بۆنێکی ناخۆشی لێوە دێت،

(پاشەڕۆ و گوڵ)

نیلس هاو:

نیلس هاو Niels Hav شاعیر و چیرۆکنووسی دانیمارکی، لەدایکبووی ١٩٤٩یە. زیاتر وەک موسافیرێک دەژی و چەندان گەشتی ئەدەبیی کردووە کە دیارترینیان گەشتەکانی ئەورووپا، ئاسیا، باکوور و باشووری ئەمەریکا و ئه‌فریکا بوون. لە شیعرەکانی ئەودا دیدێکی تەنزئامێزانە بۆ ژیانی مرۆڤی مۆدێرن و دەوروبەرەکەی دەبینین. کارەکانی بۆ چەندان زمانی جیهانی وەرگێڕراون. تا ئێستا شه‌ش دەفتەرەشیعر و سێ کۆمەڵەچیرۆکی بە چاپ گەیاندووه‌، خاوەنی چەندان خەڵاتی وێژەیییە. ئێستا لەگەڵ هاوسەرە پیانۆژەنەکەی (کريستینا بیورکوی)دا لە کۆپنهاگنى پایه‌تەختی دانیمارک ده‌ژين.

ئالان پەری:

 شاعیر و وەرگێڕ نیشتەجێی دانیمارک.  تا ئێستا  دوو کتێبی شیعری خۆی بڵاوکردۆتەوە (سەراپام خەونە، ٢٠٠٩) و (جەنگاوەرەکان پشەیان مردنە ٢٠١٩) هەروەها ئەمساڵ نوێترین کۆمەڵە شیعری خۆی بە زمانی دانیمارکی لە کۆپنهاگن بڵاوکردەوە. خاوەنی سێ کتێبی وەرگێڕانە لە زمانی دانیمارکییەوە. ئەندامێکی چالاکی پێن-ی دانیمارکییە و چالاکوانێکی بواری ڕۆشنبیرییە، بەشداری چەندین کۆڕی شیعری کوردیی و دانیمارکی کردووە و لە ئێستادا سەرقاڵی دەرکردنی ئەنتۆلۆژیای شیعری نوێی کوردییە بە زمانی دانیمارکی.


ئەم بابەتە 126 جار خوێندراوەتەوە