247719794_1961659600676206_1771724936718882107_n.jpg

شەڕکردن لەگەڵ زماندا

بڵند عیرفان

دەمەوێ دێڕێک بنووسم هەموو شتێکی تێدا چێ ببێ، دەمەوێ وشە هەموو شتێک بڵێت. ڕۆژێک هەبوو، پێم وابوو فریوی زمان دەدەم، ڕۆژێک داهات فریوی زمانم خوارد، ڕۆژێک دادێ دەمەوێ زمان فریو بدەم. زمانم؛ کارەساتبارترین سەیرورە لە مندا، ئامێزانترین دال لە مندا؛ لە کوێ بتوانم لەگەڵتدا بدوێم، لەم زەمینەی مرۆ تێیدا دەژی، چۆن دەگەییە من؛ مەبەستم لە من تا ئەوپەڕی دوور لە دونیایە، تا ئەوپەڕی دوور لە مرۆڤ. لە کوێ لە مندا تێدەپەڕی و لە کوێ لە مندا بیر دەکەیتەوە و لە کوێدا پێم دەکەنی؛ ئەی سەرەتاییترین خوڵق لە مندا و ئەی ئەبەدیترین خەیاڵی من، چلۆن بازنەیەک بە دەوری ئەم ناکۆتایەدا بکێشین و تۆ ببیە هاوڕازی من. ئەی زمان چۆن دێڕ لە مندا کۆتا دێنی و چۆن لە ئەبەدیەت، یاخود عەدەمەکەی خۆتدا دەمخنکێنی. ئەی سەمەرەترین پێکهاتە، ئەی ناکۆتاترین دەستپێک، چلۆن توانیت من و مرۆڤ فریو بدەیت لە ئەوپەڕی خۆتدا؟ قاچەکانی ڕێکردنت کە بیرکردنەوەیە، دەستەکانت کە مانایە، ڕۆحت کە بەنێو مرۆکاندا دەجوڵێ و چاوەکانت، ئای چاوەکانت کە سەیری مرۆی پێ دەکەی، ئای چاوەکانت کە خەندەیەکی گاڵتەجاڕانەی لە خۆیدا هەڵگرتووە و بە مرۆ پێدەکەنێ؛ ئەو مرۆیەی دەنێو بەندیخانەکەتدا –کە لەشتە- زیندانیی ئەبەدییە. ئەی ئاشکراترین نهێنیی ژیان، یەکەم سات چلۆن کەوتییە سەما لەنێو پارچەگۆشتێک کە گەرووە؟ دەزانم کەوتنە جەنگ لەگەڵتدا، تەنها نەعرەتەکێشان دەهێڵێتەوە بۆم، بەڵام دەمێکە لەگەڵتدا لە جەنگدام و دەمگرییەنی. ئەی تاریکترین خۆر کە ئەوەی لە ناوتدا هەڵدێ فریوە، چلۆن تیشکەکانت تێپەڕێنم و بێمە ئەودیو ڕووناکییتەوە؟ دەنێو مێژوودا، ئەرزشت بە زۆران دا کە بتخەنە نێو قایشەکانیانەوە، لەنێو زەمەندا بوویتە دوایین نەوەی حەقیقەت. ئەی زمان، لە ناو خوێنی سەربازە کوژراوەکانی مێژوودا، دەنگت، واوەیلا لە دەنگت وەختێک دەگەیشتە ئاسمان و خوێنی تا بینەقاقای وشە دەچاند. تۆ بوویت لەنێو مێژوودا خۆت دروست کرد، یاخود مێژوو بوو لەنێو تۆدا خۆی دروست کرد؟ تۆ فریوی مێژووت دا، یاخود ئێمە بووین فریوی تۆمان خوارد؟ ئێمە بووین فریوی مێژوومان خوارد یاخود مێژوو بوو فریوی تۆی خوارد؟ مێژوو لە نێو ئێمەدا فریوی خوارد، یانیش تۆ مێژووت فریودا لەنێو ئێمەدا؟

«حەوت شەو و ڕۆژ بێدەنگی»

ڕەشترین قەڵەڕەش دێتە تەنیشتمەوە و چیرۆکی فریودانی تۆم بۆ دەگێڕێتەوە، ئەوەی کە گەورەترین سێوت وەک بەرزەخی نێوان گوناح و ملکەچی، دەرخواردی مرۆڤە لاڵەکانی مێژوو دا.

«حەوت چرکە بێدەنگی»

یەکەمین ئەتۆمی بونەوەر کە زمان درووستی کرد قەڵەڕەشێکی دیکە بوو، سپیترین قەلەڕەشی مێژوو؛ کە لە ڕەشێتیترین شوێنی ڕەشترین قەلەڕەشدا درووستی کرد.

«حەوت میلیۆن ساڵ، کە زمان تێیدا وانە بە سپیترین قەلەڕەش و ڕەشترین قەلەڕەش و بێچووە سپی و ڕەشەکانی دەڵێتەوە»

 

ڕەشترین قەلەڕەش، خۆی دەدا بە پەنجەرەکەمدا و دەقیڕێنێ، سپیترین قەڵەڕەش تا شەوێ لەبەر پەنجەرەدا دەوەستێ. بەیانی دێت و سپیترین قەلەڕەش دەقوقێنێ بە گوێی شوێندا. ئێوارە دێت و بێچووە سپی و ڕەشەکان پێکەوە دەنوون.

«زمان، وێنە لە سەری ڕەشترین قەلەڕەش و سپیترین قەلەڕەش و بێچووەکانی، دەنەخشێنێ»

ئیدی پاش سەرەتا، قەلەڕەش هەبوو. ڕەشترین قەلەڕەش پەنجەرەکەم دەشکێنێ و ژووربەژوور ڕاومدەنێ؛ من نامەوێت و ئەو دەیەوێ چیرۆکی مێژووم بۆ بگێڕێتەوە، من لە زمان ڕادەکەم و ئەو دەمخاتە نێو گەردوونی زمان. چیدی کۆتا ژوور دەرگای ڕاکردنی لێ نییە.

«ڕەشترین قەلەڕەش، چیرۆکی مێژوو، زمان و مرۆڤم بۆ دەگێڕێتەوە؛ نابێت بیرم بچێت، سپیترین قەلەڕەش ژاوەژاویەتی لە بەر دەرگا و دەگریێ. ئەو پێی وایە، دەبێت چیرۆکەکە لەلایەن ئەوەوە بگێڕدرێتەوە؛ چیرۆکی مرۆڤ و زمان و مێژوو»

وای دەگێڕایەوە، کە زمان ئابڕوبەرانەترین ڕووداوە لە مێژوودا، کە بەسەر مرۆڤدا هاتبێ. ئەو مرۆیەی لەنێو زماندا نیشتەجێیە؛ ماڵێکی چکۆلەی دروست کردووە. زمان، وەک ئەو عاریفانەی ناویان نابوو: خودا؛ وەک ئەو ئەفسانانەی ناویان نابوو: گەردوون؛ وەک ئەو پێغەمبەرانەی ناویان نابوو: فیتنە؛ وەک ئەو فەیلەسوفانەی ناویان نابوو: عەقڵ؛ وەک ئەو زانایانەی کورتیان کردەوە بۆ تۆپەڵێک خوێن و گۆشت و ئابڕوویان برد و ناویان لێ نا: مێشک؛ وەک ئەو دەروونشیکارانەی ناویان نابوو: دەروون؛ وەک من کە ناومان نابوو: تێپەڕاندنی ناکۆتای خۆی؛ ئەوها بەنێو مێژوودا مرۆڤی وێڵ کرد.

هێشتا ژیانم زۆری ماوە زمان کارەساتی بەسەر بهێنێ، پێش کارەساتەکان، دەبێت چیرۆکی ئەو مێژووە، کە ئاوێستا بۆم یەکلا بووەوە لە نێو زماندایە، بگێڕمەوە. هێشتا ماوە باسی ئابڕووبردنی حیکایەتەکان و حیکایەتەکانی دواتریش بکەم، ئەوەی کە هیچ شتێک نییە لەنێو زماندا نەبێت و مرۆڤیش، ئای لەوەی کە زمان فریوی دا؛ دەتوانێت بەسەر پلیکانەکانیدا سەربکەوێت و خواری خۆی ببینێ، کە زمانە پووچەکەیەتی. هاتووم و تەنها منم کە دەزانم چۆن چیرۆکی زمان بگێڕمەوە.


ئەم بابەتە 349 جار خوێندراوەتەوە