191665733_2255758027893446_6203976177746513893_n.jpg

چەمکی پراکتیک

زەدەشت نورەدین

 

 چەمکی پراکتیک[1]  لەناو نەریتی مارکسیزم‌دا، هەر لە خودی مارکسەوە، دەبێتە جێگەی موناقەشە و وردبوونەوە و تاوەکو ئێستاش ئەو موناقەشاتانە بەردەوامە. لێرەدا خۆمان سنورداردەکەین بە تێکستی ئەم بەشەوە و باس لە ڕوانگەکانی تر ناکەین وەک بەشەکانی تر، لەبەرئەوەی ئامانجی ئێمە لەم نووسینە، لە بنەڕەتدا، ڕاڤەی دەقەکەیە. 

هەر لە سەرەتاکانی مانیفێستەکەوە لە بەشی ٢دا، هۆرکایمەر ئاماژە بەوە دەدات کە چەمکی تیۆر و پراکتیک لەکارکەوتوون. واتە بەو تێگەیشتنەی کە لەناو پراکتیکی سیاسیی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست‌دا زاڵ بوو پوچەڵبۆتەوە. بۆیە ئەم مانیفێستە بەگشتی، هەوڵێکە بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوە و پێناسەکردنەوەی ئەو چەمکانە و بەتایبەتی لەم بەشەدا ئەو هەوڵەیان دەخەنەڕوو. لێ بە تێگەیشتنێکی تەواو جیاواز لە ڕابردوو.

ئەدۆرنۆ بەم جۆرە باسەکە دەکاتەوە: «باسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە چۆنچۆنی تیۆر و پراکتیک پێکەوە بەشێوەیەکی گشتی ڕەبت‌بدەین. ئاماژەت بەوەدا کە تیۆری ڕاست، شتی ڕاست دەخوازێت. دەتوانین لەمە زیاتر هەڵکشێین. سەرەتا دەبێت بڵێین، هزر فۆرمێکە لە پراکتیک؛ کاتێک کە بیردەکەمەوە، خەریکم شتێک ئەنجام دەدەم، تەنانەت کاڵترین فۆرمی چالاکیی زەینی هەڵگری توخمگەلێکی پراکتیکییە». ناواخنی دەستپێکەکە لەم تێزەدا چڕدەبێتەوە: «هزر، فۆرمێکە لە پراکتیک» هاوکات ئەم تێزە کۆتایی بەو دابڕانە ئەفسانەییە دێنێت کە پۆزەتیڤیزم باوەڕی پێیەتی و تەواو دابڕاو و سەربەخۆ لەیەکتری پێناسەیان دەکات و پچڕانێکی هەمیشەیی دەخاتە نێوانیانەوە، بەجۆرێک کە هەرکامیان بەبێ ئەویتریان درێژە بە ژیانیان بدەن. ئەم تێزە نەک هەر بەتەواوی جەخت لەو لینکە نەپساوەی نێوان تیۆر و پراکتک دەکاتەوە بەڵکو ئەوە ڕادەگەیەنێت کە تیۆر بەبێ پراکتیک قابیلی تێگەیشتن نییە، لەبەرئەوەی تیۆر و هزر بۆ خۆیان فۆرمێکن لە پراکتیک و شتێک بەناوی تیۆری ڕووت‌وقوت و دابڕاو لە پراکتیکمان نییە؛ ئەوەی هەیە بەرکەوتن و بەیەکداچوونی بەردەوامی نێوان ئەو دوانەیە. لە بەرانبەردا؛ سەرەڕای ئەوەی تیۆر فۆرمێکە لە پراکتیک بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە تیۆر دەتوانێت بەتەواوی لەگەڵ پراکتیکدا هاوشوناس بێت و بەکاملی پراکتیک بنوێنێتەوە، بۆیە ئەدۆرنۆ لە درێژەدا، دەڵێت: «لەلایەکی تر، ئەو بانگەشەیەی کە پێی وایە تیۆر، بوونێکی پەتی و بێگەردکراوی، کرداری هەیە لە وەهمدایە». نە تیۆر بەتەواوی لەگەڵ پراکتیک دێتەوە یەک و نە پراکتیک بەتەواوی تیۆر دەنوێنێتەوە. کەلێن یان درزێک لە نێوان پراکتیک و تیۆردا هەیە کە زاگەی لە مەودا و ناهاوشوناسبوونی ئەو دووانە نییە پێکەوە. واتە سەرچاوەکەی لە نێوان پەیوەندیی ئەو دوانەوە بەیەکەوە نییە بەڵکو ڕەبتی بە پەیوەندیی هەرکام لەوانەوەیە بە خۆیەوە نەوەک بەوی ترەوە. هەرکام لە تیۆر یان پراکتیک لەناوخۆیاندا، هەڵگری درز یان کەلێنن کە بەر بەوە دەگرێت کە هەرکام لەوانە لەگەڵ خۆیان یان لەگەڵ ئەوی تردا تەواو هاوشوناس بن. ئەوەی لە تیۆردا پێی دەڵێین درز یان کەلێن، بریتییە لەو نەتەواویی و نایەک‌پارچەییبوونە بونیادییە کە بەبەردەوامی ڕێگری لەوە دەکات کە ئەوسەری تیۆر داخرێت و هەمیشە بەر بەوە دەگرێت کە سوڕی تیۆر کامڵ بێت، بۆیە هەرگیز هیچ تیۆرێک ناتوانێت کامڵ بێت، ئەم کامڵنەبوونەش ڕێگری لێدەکات کە لەگەڵ خۆی بەتەواوی هاوشوناس بێت. ئەمەش لەئاستی تیۆر لەناوخۆیدا، بۆ بونیادی سوبێکتی تیۆر دەگەرێتەوە کە چۆن لە واقیعدا ڕسکاوە.

 لەبەرانبەردا ئەوەی لە پراکتیکدا پێی دەوترێت کەلێن یان درز، بریتییە لەو فرەیی و نادڵنیاییەی کە بونیادی پراکتیک هەڵی گرتووە. ئەگەر تیۆر ئاڕاستەی تاک‌خوازێتی گرتبێتەبەر ئەوا پراکتیک ئاڕاستەی فرەخوازێتی دەگرێتەبەر. ئەگەر تیۆر ئارەزووی لە دڵنیایی و جۆرێک لە خسڵەتپێدان و دیاریکردن هەبێت ئەوا پراکتیک ئارەزووی لە نادڵنیایی و لە خسڵەتداماڵینی ئەوەی کە هەبووە هەیە. هەر بۆیەش بە جەوهەر تیۆر دەیەوێت جیهان، یان ئاڕاستە و پەیوەندییەکانی جیهان پێناسەکات، خسڵەتیان پێدا و ڕوونیانکاتەوە بەڵام پراکتیک بەبەردوامی ئاڕاستە، پەیوەندی، پێناسە و خسڵەتپێدانەکانی تیۆر کە دەقدەبەستن هەڵدەوەشێنێتەوە. فرەیی پراکتیک بۆ فرەیی ژیان و واقیع دەگەڕێتەوە، فرەییەک کە دواجار و لەدوا ئاستدا لەڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە سەرجەمێتیی هەمیشەیی قەبووڵناکات و بانگەشەی شتێکی لەو جۆرە بەدرۆدەخاتەوە. لەجیاتی سەرجەمێتیی ناکۆتا و دانەخراو دەخاتەڕوو کە سەختە بەهەمان مانا پێی بوترێت سەرجەمێتی. لەم مانایەدا سەرجەمێتی زیاتر تۆپەڵبوون و کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک توخمی ناچوون‌یەک، جیاواز و بێ‌ڕەبت دەگەیەنێت. نادڵنیایی پراکتیک لەسەر ئاستە فیزیکییەکەی لە پرینسیپی نادڵنیایی هایزەنبێرگەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەمەش دیدگا کلاسیکییەکەیە کە دیدگایەکی حەتمیەتگەرا بوو بەرانبەر جوڵەی جیهان و گەردوون هەڵدەوەشێنێتەوە و پەی بەجۆرێک لە نادڵنیایی دەبات کە ناهێڵێت حەتمیەت قەتماغە بەستێت. ئەم پرینسیپە هەم لە ژیانی بایۆلۆژی و فیزیکی مرۆڤدا ڕەنگدەداتەوە و هەم لە ژیانی کۆمەڵایەتی-مێژووی مرۆڤدا کاریگەری بەجێدەهێڵێت. بەنەتیجە پراکتیک هەر لە بنەڕەتەوە هەم فرەیە و هەم نادڵنیا. 

ناتەواویی و نایەک‌پارچەبوونی خودی تیۆر و نادڵنیایی و فرەیی خودی پراکتیک پێش ئەوەی ئەو دووە بەریەک بکەون لەئارادا هەیە و ئەم دۆخە دەبێتە پێشگریمانەی پەیوەندیی ئەو دوانە بەیەکەوە و کاتێک بەریەکدەکەون تەنگژە، نزیکبوونەوە، دوورکەوتنەوە و بەیەکداچوون دروستدەبێت. لەپەیوەند بەم تەنگەژەیەوە هۆرکایمەر دەڵێت: «تیۆر تەنیا لەو شوێنەدا کە خزمەت بە پراکتیک دەکات، لە مانا ڕاستەقینەکەیدا تیۆرە. ئەو تیۆرەی کە دەخوازێت لەسەر پێی [خۆی] ڕاوەستێت و خۆژییەن بێت، تیۆرێکی خراپە. لەلایەکی تر ئەگەر تیۆر تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی شت بێت، ئەوەش تیۆرێکی خراپە». تیۆر لەبەرئەوەی ئەو ماتەوزەیەی هەیە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت – بێگومان بە ناتەواوی و بانگەشەی تەواوی –  و خۆژییەن بێت؛ ئەمەش دەیکات بە تیۆرێکی خراپ. بۆیە تیۆر لە جەوهەردا ئیمکانی ئەوەی لەخۆیدا هەڵگرتووە کە تیۆری خراپ لە واقیع‌دا بەرهەمبێنێت. کاتێک تیۆر خۆژییەن دەبێت و لەسەر پێی خۆر ڕادەوەستێت  و پەیوەندیی خۆی لە پراکتیک دادەبڕێت یان نکۆڵی لەو پەیوەندییە دەکات، بەناچار دەبێت بانگەشەی ئەوە بکات کە تەواوە. تیۆر کاتێک ڕووی لە پراکتیک دەبێت و دان بەو پەیوەندییەدا دەنێت ئەوا نەک هەر ناتوانێت بانگەشەی تەواویی بکات بەڵکو ناتەواویی خۆی لەناو نەتەواویی پراکتیکدا تەواو دەکات. لەم سۆنگەوە تیۆر دەڕواتە خزمەتی پراکتیکەوە و دەبێتە تیۆرێکی ڕاستەقینە بەبێ‌ئەوەی تەنیا کورتبێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی شت، لەکاتێکدا لەو حاڵەتەدا، کە پەیوەندیی خۆی بە پراکتیکەوە دەپچڕێنێت ناچار دەبێت کورتبێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی ڕووت. 

لە درێژەدا هۆرکایمەر تایبەت بە سەردمی خۆی، لەسەر پراکتیک قسەدەکات و دەڵێت: «بەوپێیەی لە کۆمەڵگادا لەگەڵ ئەوانی تر کاردەکەین، ناتوانین پشت بەو ناواخنەی چەمکی پراکتیک ببەستین کە بۆ مارکس بەردەست بوو. پێگەی ئێمە بەجۆرێکە کە دەبێت سەروکارمان لەگەڵ پرسی ڕیفۆرمیزم‌دا بێت. ئەگەر چیدی حیزبێک بوونی نییە، پراکتیک بەمانای چی دێت؟ لەم حاڵەتەدا ئایا پراکتیک، بەمانای ڕیفۆرمیزم یان تەرکی دونیا  نایەت؟». ناواخنی چەمکی پراکتیک لە سەردەمی مارکس‌دا جیاوازە لە سەردەمی هۆرکایمەر و ئەدۆرنۆ یان لە سەردەمی ئێمە. لە سەردەمێکدا کە چەمکی پراکتیک ناتوانێت هەمان دەلالەتی شۆڕشگێڕیی سەردەمی مارکس هەڵگرێت ئایا لەو حاڵەتەدا پراکتیک چی دەگەیەنێت؟ ئایا تەنیا بژاردەی نێوان ڕیفۆرمیزم یان تەرکی دونیا لەبەردەمماندا قوت‌دەبێتەوە؟ ئایا قەدەری ئەوانەی کە هەمان تێگەی سەردەمی مارکس لە سەردەمی ئێمەدا، بۆ پراکتیک هەڵدەگرن بەناچار تەرکی دونیا ناکەن و نابن بە عاریف و گۆشەگیر لە سەردەمێکدا کە چیدی حیزب – بەمانا شۆڕشگێڕییەکەی – لەکارکەوتووە و پوکاوەتەوە؟

ئەدۆرنۆ ڕاستەوخۆ وڵامی ئەو پرسیارانە و پرسیارەکەی هۆرکایمەر ناداتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان دەیەوێت ئەو جۆرە لە تێگەیشتن بۆ پراکتیک تێکبشکێنێت کە بەو پرسیارانە کۆتایی دێت. لەبەرئەوەی کاتێک سەردەمێک کۆتایی پێدێت بێگومان شێوازی داڕشتەکردنی پرسیارەکانیشی لەکاردەکەوێت هەربۆیەش پرسیاری سەردەمێکی پوکاوە هەرگیز بەهەمان داڕشتە لە سەردەمێکی تردا وڵامی دروست‌هەڵناگرێت و ناکرێت و وڵامی دروستی پێبدرێتەوە. لەبەرئەوەی خودی داڕشتەکردنی پرسیارەکە لەکارکەوتووە بۆ سەردەمەکەی تر. لەپەیوەند بەمەوە ئەدۆرنۆ لە ئاڕاستەی ئەم قسانەدا دەڵێت: «خەڵکی هەمیشە هەوڵیانداوە، ئەو تێگەیشتنە لە پراکتیکمان لێ‌بارکەن کە تایبەتە بەدۆخی تەواری و لەناکاو». ئەم تێگەیشتنە بۆ پراکتیک کە سەربەخۆ بووە لە واقیع و هەمیشە دۆخێکی لەناکاو و تەواری پێشگریمانەکردوە؛ لە هەموو دۆخێک‌دا، پراکتیک چ دۆخی کرداریبوونەوەی هەبێت یان نەیبێت؛ بەبەردەوامی پێداگری لەسەر ئەو تێگەیشتنە بۆ پراکتیک دەکات. ئەم تێگەیشتنە ناتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان ئەوەی دۆخێک، پراکتیکی تەواری دەخوازێت؛ لەگەڵ ئەوەی هەلومەرجی لەباری کرداریبوونەوەی پراکتیک بەهەردوو دیوی سوبێکتیڤ و ئۆبێکتیڤ‌دا لەئارادایە یان نە و هەردووکیان بەیەک شت دەبینێت. لە پێشگریمانەی پراکتیکی تەوارییەوە کە ئەو دۆخە دیاریکراوە گۆڕین دەخوازێت، ڕاستەوخۆ و بەبێ میدیۆم دەرەنجامگیری ئەوە دەکات کە دەبێت پراکتیکی تەواری و دەستبەجێ ڕووبدات. ئەم تێگەیشتنە بۆ پراکتیک لەبەرئەوەی پێشوەختە سیخناخکراوە بە ناواخنی پراکتیکی تەواری بۆیە خودی چەمکی پراکتیکی پوچەڵکردۆتەوە و لەکاری خستووە.

بە دیوێکی تردا ئەم جۆرە تێگەیشتنە بۆ پراکتیک، نیهیلیزم بە تێگەیشتنە نیچەییەکە بەرهەمدەهێنێت. نیچە لە جینالۆژیای مۆراڵدا، دەڵێت: «مرۆڤ ئەوەی لا پەسەندترە، ئیرادەی هیچێتی بکات لەوەی ئیرادە نەکات». مرۆڤ بەبەردەوامی ئەوە هەڵدەبژێرێت کە ئیرادە بکات، تەنانەت ئەگەر ئیرادەی هیچێتی و نەبوون بێت نەوەک ئیرادە نەکات: ئیرادە بۆ هیچێتی و نەبوون، نیهیلیزم دروست دەکات. ئیرادەکردنی بەردەوامی پراکتیکی تەواری سەربەخۆ لە دۆخ لەجیاتی ئەوەی ئیرادەنەکردنی پراکتیکی تەواری بەگوێرەی دۆخ نیهیلیزم دروستدەکات و ئەم جۆرە لە نیهیلیزم بەر لە هەموو شت پەیوەندیی تیۆر و پراکتیک وشکهەڵاتوو دەکات و وەریدەچەرخێنێت بۆ ئایدیۆلۆژیای هێشتنەوەی دۆخی هەبوو بەهەمان شێوە و بەدەست‌لێنەدراوی و هاوکات تیۆر کورتدەکاتەوە بۆ ئیرادەکردنی هیچێتی. لەبەرانبەردا و بۆ بەرگرتن بەو دۆخە و کردنەوەی ئەگەر و ئیمکانەکانی دەستەبەربوونی پراکتیک دەبێت لەو دۆخەی‌دا کە چیدی پراکتیکی تەواری کارناکات؛ ئیرادەنەکردنی پراکتیک بێتەئارەوە. ئەمەش دواجار بەمانای ئاوەژووکردنەوەی ناواخنی چەمکی پراکتیکی تەواری دێت و ئەو پرسیارە وڵامهەڵنەگرانەی کە لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوەی گرتووە.

هۆرکایمەر بەم جۆرە خۆی لە وڵامی پرسیارەکانی ئەدۆرنۆ نزیک دەکاتەوە: «لەبەرئەوەی پێشوەختە حیزبی کۆمۆنیست لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە، ئەمە بەمانای دەستبەرداربوونی شتێک دێت کە مەبەستی ئێمە لە پراکتیک دەگەیەنێت [دەستبەرداربوونی پراکتیکی تەواریی سەربەخۆ بوو لە دۆخ]. مەبەستی ئێمە لە پراکتیک بەڕاستی ئەوەیە کە ئێمە بەشێوەیەکی جدی پێمانوایە کە جیهان بنەڕەتییانە پێویستی بە گۆران هەیە. ئەم گۆڕانکارییە دەبێت خۆی هەم لە هزر و هەم لە پراکتیک نیشان بدات. لایەنی پراکتیک لە تێگەی جیاوازی‌دا نیشتەجێیە؛ جیهان دەبێت جیاواز بێت. مەبەست لەوە نییە کە دەبێت کارێک جگە لە بیرکردنەوە بکەین[لەبەرئەوەی کردنی هەر کارێک بەبێ‌بیرکردنەوە سەر بۆ پراکتیکی تەواریی لەکارکەوتوو دەکێشێت]، بەڵکو بەمانای ئەوە دێت کە دەبێت جیاواز بیرکەینەوە و جیاواز ئەکت بنوێنین. ڕەنگە ئەم پراکتیکە لە ڕاستیدا بیەوێت ئێمە خۆمان بکوژین؟ ڕەنگە لە پێگەی قسەکردنەوە دەستپێبکەین کە بە خۆمان بڵێین تەنانەت ئەگەر ئیدی حیزب بوونی نییە، ئەو ڕاستییەی کە ئێمە هێشتا هەین بەهایەکی دیاریکراو و بایەخداری هەیە».

شتێک لەم وڵامەی هۆرکایمەردا هەیە کە گرنگییەکەی پێش هەموو ئەو شتانەی تر دەکەوێت: «ئەو ڕاستییەی کە ئێمە هێشتا هەین، بەهایەکی دیاریکراو و بایەخداری هەیە». هەبوونی سوبێکتی ڕزگاری لەسەردەمی ئیرادەنەکردنی پراکتیک‌دا لە خودی پراکتیکی نەکردەی تەواری بەبایەخترە. پراکتیکی نەکردەی تەواری، مەسخبوونی تیۆری ڕزگارییە بۆ ئایدۆلۆژیای هێشتنەوەی دۆخی هەبوو کە نیهیلیزم بەرهەمدەهێنێت.  نە پراکتیک و نە تیۆری ڕزگاری بەبێ سوبێکتی ڕزگاری نایەتەئاراوە و مومکین  نییە.

ئەدۆرنۆ ئاماژە بەوە دەدات، تیۆر دەشێت ببێتە جێگرەوەی بەختەوەری؛ بەڵام ئەوەش ڕووندەکاتەوە بەختەوەرییەک کە لە تیۆری ڕووتەوە – تیۆری ڕوولەخۆ – سەرچاوە بگرێت ڕەواقییە و خودی هزریش لەو کاتەدا لەگەڵ خواردنی گۆشتی برژاو یان شەمپاین، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. تیۆر کاتێک دەتوانێت جۆرێک لە بەختەوەری بێت کە ڕووی لە پراکتیک بێت یان پراکتیک سەوزی کردبێت.

«ئەو ڕاستییەی کە بیرکردنەوە چێژ بە تۆ دەبەخشێت، ئەوە ناخات بەلایەکدا کە تیۆر هەیەتی بەسەر پراکتیکدا. لەو شوێنەدا کە لینک بە پراکتیکەوە لەئارادا نییە، بیرکردنەوە لەگەڵ ئەو شتەی کە بۆ چێژ ڕوودەدات، هیچ جیاوازییەکی نییە. جیاوازیی لە نێوان ئەو هزرەی کە لەگەڵی هاوڕاین و ئەوەی کە لەگەڵی نین ئەوەیە ئەو بیرکردنەوەیەی پەسەندی دەکەین دەبێت لەگەڵ ئەو جیهانەی کە ڕاست‌دەبێتەوە، پەیوەندی هەبێت و دەبێت لەم سۆنگەوە سەیری جیهان بکات. دەبێت ڕەبتی بەو پرسەوە هەبێت کە جیهان چۆنچۆنی بەشێوەیەکی جیاواز دروستدەکرێت. ئەگەر دەمانەوێت لەبارەی تیۆر و پراکتیکەوە بنوسین دەبیت بەدڵنیایی زیاترەوە ئەم لایەنە ڕوونکەینەوە. هەندێجار مەبەستی ئێمە لە پراکتیک ئەو ڕاستییەیە کە بیر لە هەر شتێک دەکەینەوە و ئەنجامی دەدەین، دەبێت لەژێر ناونیشانی گۆڕاندا پۆڵێن بکرێت. لە هەندێ کاتی تردا مەبەستی ئێمە لە پراکتیک هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە ڕەبتی هەیە بە جیاوازیی نێوان بیرکردنەوە و ئەنجامدان. دەبێت دەست بۆ هەموو شت ببەین تاوەکو لەوە دڵنیاببینەوە کە هەموو هزر و ئەکتەکانمان لەگەڵ تێگەیشتنی یەکەم بۆ پراکتیک، کە ئاماژەی پێدرا، یەک دەگرێتەوە.  لەلایەکی تر، [پراکتیک] لەبەرانبەر ئەو ئایدیایەدا دوەستێتەوە کە [پێی‌وایە] هزر، لە ئیمکانە جۆراوجۆرەکان بێبەش دەبێت، لەپەیوەند بەو پرسیارە هەمیشەییەوە [کە دەپرسێت] چۆن دەبێت دەستپێبکەین».

دەبێت بەتەنیشت ئەمانەوە، ئاماژە بەوە بدەین ئەوەی تا ئێستا وترا، فەرمان نییە بە پراکتیکی تەواری یان دیاریکردنی فۆرمێک بۆ پراکتیک نییە. لەبەرئەوەی حیزب نەماوە ناکرێت یەک‌فۆرم بۆ پراکتیک ئیسپات و دەستنیشانکرێت. لەبەرئەوەی ئیسپات و دەستنیشانکردن هاوکات نەفی کردنیشە. دەستنیشانکردنی فۆرمێک نەفیکردنی فۆرمەکانی ترە. کاتێک بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە فڵان فۆرم، فۆرمی دروستی پراکتیکە، ئەوا فۆرمەکانی تر نەفی دەبێتەوە. بۆ نمونە کاتێک ماو لە پێگەی بکەری پراکتیکی سیاسیدا، بۆ پراکتیک، جەنگی درێژخایەنی شۆڕشگێڕانەی وەک فۆرمی دروست دەستنیشان دەکات و ئەوا فۆرمەکانی تری پراکتیک نەفی دەبێتەوە. لەم سۆنگەوە هۆرکایمەر و ئەدۆرنۆ لەوە بەئاگان کە ئەوان لە پێگەیەکدا نین کە بتوانن فۆرمێکی دیاریکراو بۆ پراکتیک دەستنیشانکەن. لەپەیوەند بەمەوە ئەدۆرنۆ دەڵێت: « ئێمە هیچ ڕێڕەوێکی تایبەتی بۆ ئەکت پێشنیار ناکەین. ئەوەی دەمانەوێت بۆ ئەو کەسانەیە کە ئەو شتانەی نوسیومانە و دەیخوێننەوە تاوەکو ئەو پێودانگانەی کە لەبەرچاویان لابراوە هەستی پێبکەن». ئەم دیارینەکردنی ڕێڕەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕەبتی بە نەمانی حیزبی شۆڕشگێڕانە و لەکارکەوتنی ئەو فۆرمە لە پراکتیک و تیۆرەوە هەیە، ئەوا ڕەبتی ڕاستەوخۆی بەوەشەوە هەیە کە هەرکام لە هۆرکایمەر و ئەدۆرنۆ، بکەری پراکتیکی سیاسی نین. لەپەیوەند بەمەوە هۆرکایمەر دەڵێت: «دەبێت زۆر واقیعیانە بڕوانین، دەبێت بەجۆرێک ورد و وریا بین، ئەو هەستەی کە هیچ شتیک مومکین نییە، نەیەتە ئاراوە... و دەبێت فیعلیەت بەلەدەستدانی حیزب ببەخشین». تەحەداکە لەوێدایە هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەوە ڕادەگەیەنرێت کە ئەو فۆرمە لە تیۆر و پراکتیک لەکارکەوتووە و حیزبی شۆڕشگێڕانە لەئارادا نەماوە و هیچ ڕێڕەوێکی تایبەتی بۆ ئەکت پێشنیار ناکرێت؛ دەبێت بەجۆرێک وردی و وریایی ڕابگیرێت کە ئەو هەستە نەیەتە کایەوە کە هیچ شتێک مومکین نییە. هۆرکایمەر ئەم تەحەدایە بەم شێوەیە دەردەبڕێت: «بریا دەمانتوانی بڵێین کە دواین هەوڵەکانی خۆمان دەدەین. ئەوکات ڕەنگە بمانتوانیایە ئەوە نیشانبدەین کە خەڵکی بەتەواوی ئاگایان لەوە نییە کە بەرەو دۆخێک ئاڕاستەدەکرێن کە نازیزم لەچاویدا شتێکی ئەوتۆ نییە». لە دۆخێکی وەهادا کە جیهان کەوتۆتە ژێر نەفرەتی سەرمایەوە و هیچ بەرەنگارییەکی کاریگەری مرۆیی، لەسەر ئاستی جیهانی بەرانبەر سەرمایە نەماوە خەڵکی ئاگایان لەوە نییە کە بەرەو دۆخێک ئاڕاستەدەکرێن کە نازیزم لەچاویدا شتێکی ئەوتۆ نییە.

 
[1] - تێبینی: ئەم نووسینە ڕاڤەی بەشێکی کتێبی «بەرەو مانیفێستێکی نوێ»ـی ئادۆرنۆ و هۆرکایمەرە، کە وەرمگێڕاوە و لە ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاودەبێتەوە.


ئەم بابەتە 112 جار خوێندراوەتەوە