250784622_955399021678711_2778051978362934699_n.jpg

دەربارەى دانایى تاوانبار و چارەنوسى

پێشڕەو حسێن

 

ئۆدیبۆس گەڕیدەیەکى خوازیارى داناییە ئەمەش بە ئیرادەى خۆى نییە. هەرچەندە خاوەنى ئیرادەیەکى پڕ مەترسیە، بەڵام عیشق دانایى لە ناخیدا شتێکى مەزنتر و گەورەترە لە ئیرادەى خۆى. دەیەوێ تێبگات لەبەرئەوەى ناتوانێ دەست لەوە هەڵبگرێت. ئەوکاتەى دەڵێ: " ناتوانم بەبێ ئەوەى بگەمە حەقیقەت دەستبەردارى ببم" ناخى خۆى ئاشکرا دەکات. ئارەزوى زانیان لە ناخیدا ئاگرێکى بەبڵێسە و رەمەکیە. ئەوکاتەى خەڵکى بە ئومێدى رزگارکردنیان لە کارەسات و ماڵوێرانى، لە بەردەم کۆشکەکەیدا کۆ دەبنەوە، بە ناردنى نوێنەرى قایل نابێت و خۆى لە نزیکەوە گوێ لە گەلەکەى دەگرێت و پێیان دەڵێ:
لەبەرئەوەى ئومێدم بە هیچ پەیامبەرێک نەبوو
هاتووم تا خۆم لە نزیکەوە گوێبیستان بم.
ئەنگێزەى گەڕان و خواستى ئۆدیبۆس بۆ ناسینەوەى حەقیقەت، دەرهاویشتەى خۆشەویستیەتى بۆ گەلەکەى. هەر لەبەر ئەمەش دەیەوێت گوێ لە پێشبینیەکان بگرێت و بە هاوڵاتیان دەڵێت: " بە دڵێکى بێدار و پڕ لە گریانەوە وێڵى نێو رێگە بێ ئەنجامەکانى ئەندێشەم" لە ژێر سایەى ئەو مرۆڤدۆستیەیدا، بۆ وەرگرتنەوەى خوێنبەهایەکى نەناسراو، بەپەلەء هەنگاو بە هەنگاو زیاتر لە خۆى نزیک دەبێتەوە و زیاتر نوقمى چارەنوسى خۆى دەبێت.
ئۆدیبۆس پیاوێکى دانایە. لە نهێنى ژیانى خۆى : باوک کوشتن و دایک ـ هاوسەریى و ئەو نهێنیەى کە تنها ئەبولهۆلى بەر دەروازەى شارى تیبە دەیزانێت، بەئاگایە. ئەو ئاگاییە یەکەمین هۆکارى هەڵاتنى ئۆدیبۆسە لە کۆرینتۆس و پەنابردنیەتى بۆ ئەو شارەى زادگە و دروستکەرى چارەنوسیەتى و بەزاندنى جادوگەرە شومەکەى پى، دانیشتوانى شارى تیبە هاندەدات بیکەنە شاریار و پادشاى خۆیان و شاژنیش ببێتە هاوسەرى. لەخۆڕا نییە کۆرس پێى دەڵێن: " خۆزگە هەرگیز لەدایک نەدەبووى، تا نهێنیەک ئاشکرا بکەیت"
بەڵام لە سەروو زانینەوە ئیرادەء تامەزریى رۆحە بۆ دۆزینەوەى حەقیقەت. ئۆدیبۆسیش دەیوێ زیاتر بزانێ و قوڵتر لە حەقیقەت وردبێتەوە. "دەیەوێ بزانێ کێیە و نایەوێ جگەلە خۆى کەسیتر بێت" مەرگەساتى چارەنوسى ئۆدیب لە دانایى ئۆدیبدایە بەرامبەر بە حەقیقەت. دانایى سەرچاوەى تاوان و مەرگەساتە و لەم ڕوەوە ئۆدیبۆس و پرۆمتیۆس چارەنوسێکى هاوشێوەیان هەیە. ئەمیش لە نهێنیەک بەئاگایە. دەزانێ خواوەندەکان خاوەنى ئاگرن و ئاگریش سوودى زۆرى بۆ مرۆڤەکان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا پرۆمتیۆس مرۆڤەکانى خۆش دەوێ و هاوڕێى نزیکیانە. کەواتە خۆى دەخاتە مەترسیەوە، ئاگر لە خواوەندەکان دەدزێ و پێشکەش بە مرۆکانى دەکات و لەبەرئەوە کارەشى و لەبەرئەوەى چەکى دەستى خواوەندەکانى دزى و سپاردیە دەست مناڵەکان، دوور لە ماڵ و مرۆڤە خۆشەویستەکانى بە ئەشکەنجەیەکى پڕمەترسى سزا دەدرێت.
سەرچاوەى مەینەتى پرۆمتیۆس و ئۆدیبۆس دانایى و ئاگاییە و بێ گومان عیشق (مرۆڤ دۆستى) چارەنوسیان دیاریى دەکات. ئەوە مرڤ دۆستى ئۆدیبە هانى دەدات توڕەو بە پەلە لە خوێنبەهایەکى نادیار بگەڕێت و بەجۆرێک بە نەفرەتى بکات کە ئەو کاتەى ئەو زیناکارە باوک کوژەى لە نێو خۆیدا بەدى کرد، تەنانەت مەرگیش بە فریاى نەکەوت.

"دانایى هەڵاتنە لە تەنهایى". مرۆڤ بە کۆمەکى ئاگایى حەسارى سنورداریەتیەکانى بوون و پێویستیەکانى جەستە دەکێڵێ و زیاتر لە زاتى خۆى تێدەگات، سرووشتى نابیناى دڵ کوێر دەخاتە ژێر رکێفى خۆیەوە.
ئەوکاتەى ئادەمى لەوە تێگەیشت دار سەر ئاو دەکەوێ و لە هەڵکردنى باکان حاڵى بوو هەروەها بەهۆى ئەستێرەکانەوە ئاراستەکانى ناسیەوە، وەکو ئۆدیسۆسى چارەساز بەلەمێک درووست دەکات، بەسەر دەریاکاندا گوزەر دەکات و دواتر ئاراستەى ووشکانیەکیتر دەدۆزێتەوە. کەرامەتى مرۆڤ لەوەدا نییە دەریا بخاتە ژێر رکێفى خۆیەوە بگرە لە ناسینى دەریادایە. لە سایەى داناییدا مرۆى دابەش بوو دەبێتە مرۆى گشتگیر. زانایى ئەو پردەیە کە ئەم بڵێسە بەجێماوە دەلکێنێتەوە بە ئاگرە مەزنەکەوە. دانایى قوتار بوونە. مرۆڤ وەکو تیشکێک لەم رۆچنەوە بڵاو دەبێتەوە و دەتکێتە نێو رەهاى و گشتیەتى خواوەندەکان و بەبێ ئەوەى لە سەرچاوەى بوونى جیا ببێتەوە وەکو جۆگەیەک هەمیشە لەخۆ جودا دەڕژێتە نێو دەریاى ئەبەدیەتى خواوەندەکان و دەبێتە خاوەنى بەرفرەیى و گەورەیى جیهانگیرى ئەوان.
بەڵام ئادەمى مرۆ تەنها دانایى و قوتاربوون نییە، بگرە گەورەتر، سنورداریەتى و دیلیەتیە. ئینسان زەبونى دەست مەحاڵێکى سەپێنراوە کە ژیانى دیاریى دەکات. هەرچەندە بە دیدەى بیناى دانا دەتوانێ لە فڕینى فڕندەکان بڕوانێت، بەڵام تەنها دەبێ دڵى بە لەزەتى تەماشا دڵخۆش بێت و هەوەسى داگیرکردنى ئاسمانى خودا نەمرەکان و فەرمانڕەوایى کردنى جیهانى ئەوان لە کەلەى دەر بکات. "درک بە هێزیان بکات و ملکەچى دادپەروەرییان بێت لەبەرئەوەى خواکان فرمانڕەواى جیهانن" پێویستە بە یاراى "دانایى و خەڕۆیى کە سەرچاوەى بەختەوەرییە" سنورى خۆى بزانێت و بیر لە دەستدرێژیى بۆ سەر جیهانى خواکان نەکاتەوە گەرنا دوچارى چارەنوسى مەرگەساتبارى نیوبە دەبن. ئەو بە خەوت کچ و حەوت کورشەکەى نازى و وایزانى لە لیۆ مەزنترە. ئاپۆلۆن و ئارتمیسیا یەک بە یەکى ئازیزانیان کوشت و ئەو دایە بەستەزمانە بوبە بەردى سەر کێوێکى دوور کە فرمێسکى هەتایى دەڕژێنێ، گەرنا وەکو پرۆمتیۆس ئەشکەنجە دەدرێ و وەکو ئۆدیبۆس نە ژیان رێگەیەکى دەخاتە بەردەست نە مەرگ، لە هەردوو بێزارە. لە ئەفسانە یۆنانیەکاندا زۆربەى مرۆکان دەیانەوێت دەستیان بگاتە زەوى تاپۆى خواکان و سزاى ئەوانیش ئەشکەنجەیەکى پڕئازارە. خواوەندەکان هەموو تاوانەکان دەبەخشن تەنها نیازى مرۆکان نەبێت بۆ لەخۆ دەرچوون و گەیشتنیان بە پلەى ئەوان نەبێت، ئەوەى خۆیان رەت بکەنەوەو ئاوێتەى موتەعالى بن. ئەمە گوناهێکى گەورەیە و ئەنگێزەى ئەو گوناهەش داناییە.
نەتەنها لە ئەفسانە یۆنانیەکان بەڵکو لە ئەفسانە سامیەکانیشدا گوناه زادەى داناییە.
" مار لە سەرجەم ئەو ئاژەڵانەى بیابان کە خودا خولقاندبوونى وریاتر بوو، بە ژنى وت راستە خودا خواردنى گشت میوەى دارەکانى باغەکەى لێ قەدەغە کردوون. ژن بە مارى وت لە میوەى درەختەکان دەخۆین. تەها میوەى ئەو درەختەى ناوەڕاستى باغەکە نەبێت کە خودا وتویەتى لێى مەخۆن و تەنانەت دەستیشى بۆ مەبەن نەبا بمرن مار بە ژنى وت دڵنیا بن نامرن. بەڵکو خودا دەزانێ ئەو رۆژەى لەبەرى ئەو درەختە بخۆن چاوەکانتان بینا دەبێت و وەکو خودا خێر و شەڕ لەیەک جیا دەکەنەوە. کە ژن بینى بەرى ئەو درەختە بەتامە و بەرواڵەت جوان و درەختێکە داناییان زیاتر دەکات ئەوا دەستى برد و لێى خوارد و دەرخواردى هاوسەرەکەشى دا. ئەوکات چاویان کرایەوەو تێگەیشتن کە روتن.... خودا ئادەمى بانگ کرد و وتى لە کوێى. وتى هەر کە گوێم لە دەنگت بوو خۆم شاردەوە لەبەرئەوەى ترسان لەوەى رووت بووم.... هەر لەبەرئەوەش خواوەند بە ژنى وت ئەوکارە چیبوو کردت... ئازارى مناڵ بونت زیاتر دەکەم.... بە ئادەمیشى وت بەهۆى تۆوە زەوى بە نەفرت کرا و دەبێ بە درێژایى تەمەنت بە مەینەتەوە لەسەرى بژیت..... ئەوەبوو خودا وتى ئەوەتا مرۆڤ بوە بە یەکێک لە ئێمە و خێر و شەڕ دەناسێتەوە.... نەبا دەست ببات و لەبەرى درەختى نەمرى بخوات و تا هەتایە نەمر بێت. هەر لەبەرئەوەش لە باغەکە دەرى کرد...." (تەورات، سفرى پەیدابوون بابى سێهەم)
مار کە زیرەکترین بونەوەرى بیابانە دەچێتە بن کڵێشەى ژنى بە گومان و ئەویش وەکو خودا خێر و شەڕ دەناسێتەوە. ئەم گوناهەى دەبێتە سەرچاوەى گومانە نەمرەکەى.
با بگەڕێینەوە سەر ئەفسانە یۆنانیەکان. پاش سەرکەوتنى پرۆمتیۆس بەسەر خواوەندەکاندا بە ئیپیمتیۆسى براى رادەسپێرێ هیچ دیاریەک لە زیۆس وەرنەگرێت. بەڵام زیۆسى دۆڕاوى تۆڵەخواز فرمانى کرد بە خواوەندەکانیتر پانۆرا، یەکەمین ژن بخولقێنن و بە دیاریى بیبەخشنتە ئیپیمتیۆس.
هەرچەندە پێشتر ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام ئیپیمتیۆس دەکەوێتە داوى جوانى فریودەرى پاندۆرا و کردیە هاوسەرى خۆى. پاندۆرا هەر کە گەیشتە سەر زەوى، بەهۆى ئەو گومانە شێتانە و ئەو عیشقەى بۆ زانین هەیبوو، بە هاندانى فریودەرانەى ئاتینەى خواوەندى دانایى و خەڕۆیى دەرگاى ئەو گۆزەیەى کردەوە کە خوداکان بە دیاریى پێیان بەخشیبوو، ئیتر مەینەتیەکان لە گۆزەکە دەربازبوون و بە سەرتاسەرى زەویدا بڵاوبونەوەء تەنها ئومێد لە گۆزەکەدا مایەوە. کەواتە زیۆس بە پاڵپشتى عیشقى ئیپیمتۆس بۆ جوانى و گومان و دانایى خوازیى پانۆرا، تۆڵەى خۆى لە پرۆمتیۆس: لە مرۆڤ، کردەوە.

کەواتە دەتوانین بڵێین ئەودەمەى پرۆمتیۆس ئاگرى بەخشیە مرۆڤەکان، هەرچەندە بەمە خۆى گرفتارى سزایەکى پڕئازار کردەوە بەڵام مرۆڤى لە حەسارى رواوى تاریکى رزگار کرد. دانیشتوانى شارى تیبە بە یاراى ئاگایى و مەتەڵزانى ئۆدیبۆس لەدەست راوچیەکى خوێنمژ قوتاریان بوو. کەواتە دانایى مەینەتى و مەرگەساتە بۆ داناکان و قوتاربوون و رزگاریە بۆ هەموان.
لەلایەکیترەوە سوکرات رزگاریى یەکجارەکى لە یەکسانى و گەیشتن بە یەکسانیش لە خەڕۆیى و داناییدا دەبینێتەوە. بەڵام بۆ گەیشتن بە دانایى سنورەکانى یەکسانى تێدەپەڕێنێ. بە باوەڕى ئەو یەکسانى بە رام کردنى رمەک دێتە دى و خۆیشى بە پاڵنەرى عیشقێکى رمەکى و بێ هەوسار بانگەشەى گەشتن بە دانایى و حەقیقەت دەکات. گەرنا کام خەڕۆیى بەرژەوەندیخواز لەبەر حەقیقەت جامى شەوکەران دەنۆشێ و بونى حەقیقەت ساز و حەقیقەت بین بە رەزاى خۆى رەت دەکاتەوە. ئیتر ئۆدیبۆسیش هەمانەندى سوکرات بۆ قوتاربوون پێویستى بە دانایى هەیە، داناییەک کە بەهۆیەوە خۆى و بونى خۆى رەت بکاتەوە.


ئەم بابەتە 80 جار خوێندراوەتەوە