251012567_5098953136800241_287201958204628004_n.jpg

هونەری پەیکەر سازی بەقەت مێژووی مرۆڤ کۆنە.

سازدانی: سایتی گەلاوێژ

شوان کەمال پەیکەر ساز و هونەرمەندی دیاری کوردستانە، ساڵانێکی زۆرە لە بواری پەیکەر سازیدا کاردەکات و لە دەرەوە دەژی، ئەمە وتو وێژێکی کورتی سایتی گەلاوێژە لەگەڵ بەڕیزیان، دەربارەی ژیان و کار و تێڕوانینی لە هونەری پەیکەر سازی.

 

 

پرسیار:دەمویست پێشەكییەك لەبارەی جەنابتەوە بنووسم، شتێك لە فۆڕمی ژیان نامەدا.. هەمیشە بۆ خۆم وەك خوێنەر هەنگاوەكانی ژیانی كەسە داهێنەرەكان، جێگە فزولیم بووە. لام گرنگە بزانم لەكوێوە ڕۆشتووە بۆ كوێ! پێموایە لەم ڕێگایەدا، لەو مەودای نێوان هەڵزنانەدا چیرۆك و وردەكاری گرنگ هەیە.. لەبەر زۆر هۆكار گەر ئاسایبێت، پێم باشبو خۆت دەربارەی ئەمە بۆم بنووسیت، شوان كەمال كێیە؟ منداڵی چۆنبو؟ بۆ بوو بە پەیكەر ساز و نەبوو بە كەسێكی تر؟ دەربارەی خۆت و ژیانت و ساڵەكانی گەنجیت لە كوردستان گەر ئاساییە بۆم بدوێ؟

 خۆی لە راستیدا هەموو مرۆڤێك بەهرەیەك یان خولیایەکی تیادایە، ئیتر ئەمە بۆماوەییە یان کاری یەزدانیە یان پەیوەندی بە جینات و دی ئێن ئەیەوەبێت نازانم و بابەتێکی قوڵ و ئاڵۆزە و خەڵکان و پسپۆرانی زۆر هەر لە کۆنەوە کاریان لەسەر کردوە.

لە مناڵیەوە بیرم یەت حەزو ئارەزویەکم بۆ وێنەکێشان و رەنگەکان هەبو، جاری وا هەبو بەتەنیا کاتێکی زۆر وردئەبومەوە لە چواردەور و مێرو باڵندە و ئاژەلەکان یان سەیری وێنەی کتێب و شتەکانم دەکرد تا دوایی کە دەستم قەڵەمی گرت ئیتر وێنەی ناو کتێبەکانم لاسایی ئەکردەوە و دروستم ئەکردنەوە، یان زۆر خولیای فیلم و چۆنیەتی ئیشکردنی سینەما بوم، خەریکی روناکی و زەرەبین و ئەو شتانەبوم تا جارێکیان بە کارتۆن و چەند پارچە فیلمێکی کۆنی سینەما و بە ئاوێنەو تیشکی خۆر توانیم لە دیواری ژورێکی ماڵەوەمان وێنەکە عەکس بکەمەوە ئیتر لەو تەمەنی منڵیما خولیای شتی زۆرم هەبو. کاتێك چومە قوتابخانە بەراستی نازانم سودفەیە یان ئەو کاتانە قوتابخانە زیاتر گرنگیان بە هونەر ئەیا، لە مەکتەبی کوردی و تانجەرۆی خوار سەرشەقام چەن مامۆستایەکی هونەری باشمان هەبو لەوانە مامۆستا فەرید مۆسیقای ئەزانی ئالەتی ئۆکۆردۆن لەگەڵ مامۆستا ئاسۆ سەدیق (لە کۆنەوە لە وڵاتی ئیتایا ئەژی) مامۆستای وێنە کێشان بو بەڵاما زۆر بەتوانا بو لە هێلکاری و سکێچات و ئەم شتانە منیش زۆر بەوردی دیقەتی دەستو پەنجەیم ئەیا چونکە تا ئێستاش خەتەکانی کە بە پاندانی پارکەر و مرەکەبی شین ئەیكێشا لە بیرما ماوە. دوایش لە قۆناغی ناوەندی مامۆستا ئازاد شەوقی دەرسی وێنەکێشان و هونەری ئەوتەوە زۆرجار باسی رەنگ و تابلۆو شتی وای بۆ ئەکردین تابلۆو شتی وامان دروست ئەکرد بەڵام نازانم بۆ زۆر بەلامەوە گرنگ نەبو ئەو ماوەیە حەزم بە وێنەکێشان نەئەکرد و تاقەتم نەبو،لە قوتابخانەش زۆر باش نەبوم حەزم بە دەرس و شتەکان نەئەکرد زیاتر بە وانەی جوگرافیا و مێژو دڵم ئەکرایەوە، حەزم بە بیرکاری جەبرو هەندەسە نەئەکرد و رقی دنیام لێیان بو. لە قوتابخانەی گۆیژە ئەمخوێند لە گەرەکی هەوارەبەرزەی شاری سلێمانی ئەمبینی رۆژانە کوڕو کچ بە جلی شین و رەساسی یەنەخوارەوە زۆرم پێـ جوان بون پرسیارم کرد وتیان ئەمانە خوێنکاری هونەرن لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان ئیتر ئەو خولیایە کەوتە سەرم وتم ئەبێت منیش بچەمە ئەوێ بخوێنم. هەر چۆنێ بێت دایکم ڕازی کرد کە لەگەڵم بێت بۆ ئەوەی ئیستمارە وەربگرم و پڕی بکەمەوە بەڵکو ورەبگیرێم. بیرم یەت ئەوکاتە مامۆستا کەریم کابان لەوێ کارمەندبو ئیستمارەی ئەدا، بە دایکمی وتبو ئەم کورە مناڵە بۆ ئەینێریتە ئێرە با بڕوات بخوێنێ باشترە، ئیتر دایکم لێم کەوت بە قینا جا ئەیوت ئەو پیاوە خۆی لە تەلەفیزۆن گۆرانی ئەڵێت و هونەرمەندە دیارە ئەزانێ ئێرە باش نیە بۆیە وای پێ وتوم،ئیتر نازانم مامۆستا کەریم کابان ئەو قسەیەی بۆ کردبو، لەم دوایانە دوای ساڵانێکی زۆر ئەزانم شەرت نیە ئەوەی گۆرانی بڵێت یان ئەکتەر یان هەر پیشەیەکی تربەباشی بزانێت مەرج نیە ڕۆشنبیر و دنیا دیدە بێت! ئیترهەرچۆنێ بێت بە زۆری خۆم و عینادی خۆم هەر چوم بۆ موقابەلەو رۆژی تاقیکردنەوە، پێش وەرگیران تاقیکردنەوەیکی پراکتیکی و تیۆری ئەکراین، لە هەردوکیان باش بوم و وەگیرام و بومە خوێندکاری هونەر.

 پەیمانگە ئەو کاتانە، سەرەتای هەشتاکان کە پێش من تەنیا دوو قۆناغ هەبو من قۆناغی سێهەمی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیم کە لە ساڵی ١٩٨٠ دامەزراوە. بەراستی ئەوکاتانە پەیمانگە باشترین شوێنی هونەربو لە کوردوستان و عێراق لەبەر ئەو کادرە هونەریانەی ماۆستابون ئەگینا بیناو باڵەخانە هیچ لە مەسەلەکان ناگۆڕێت. لە پەیمانگە ئەو پێنج ساڵە خۆم زۆر سەرقاڵ کردبو بە خوێندن و ئیشکردن و توێژینەوە ماوەیەك بە شەویش هەر لە پەیمانگە ئەمامەوە و کارم ئەکرد وەلەو نایاسایی و قەدەغە بو بەڵام دەبرم کردبو خۆم ئەشاردەوە دوای دەوام و تا چۆڵەبو دوایی ئیتر ژیانی شەوانەم بەسەر ئەبرد بەڵام بەیانیان زو هەڵەسام پێش دەوام هەمدیسان خۆمەشاردەوە تا قوتابیەکان دەرەکەوتن ئەهاتنە ناو پەیمانگە ئیتر منیش خۆم تێکەڵیان ئەکردەوە دوایی لەگەڵ کاتا شتەکانم لای هەنێ برادەر کەشفبو ئەوانیش هەنێکیان حەزیان بەو سەرکێشیانە بو لەگەڵما شەو ئەمانەوە دوایی شتەکە گەورەبوو زۆربەی پەیمانگەی گرتەوە دوایی وای لێهات هەنێ مامۆستاش ئەمانەوە و دوایی بەشی شانۆ و مۆسیقاشی هاتە سەر، جەوێکی خۆشی هەبو بەڵام ئەمانە هەموی لە خۆشەویستی و گرنگیدانمان بو بۆ هونەرەکە. دوایی ساڵی ١٩٨٧ پەیمانگەم بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کوردوستان تەواو کرد بۆیە توانیم ببمە خوێندکاری ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا،کە بە گرنگترین پێگەی هونەری دائەنرا بۆهونەری شێوەکاری لە هەمو نیشتمانی عەرەبی. ساڵی ١٩٩١ ئەوێشم بە سەرکەوتویی تەواو کرد یەکێك لە باشترین و ئەکتیڤ ترین خوێنکاری هونەری بەشی پەیکەرسازی دائەنرام بە قسەی مامۆستا و پرۆفسۆرکانی کە لەراستیدا ئەوانیش باشترین و دیارترین هونەرمەندی عێراق و وڵاتانی عەرەبی بون. ئەو ساڵەی تەوابوم لە خوێندنی هونەر ساڵی نەهامەتی و شەری کەنداوو دوایش لای خۆمان ڕاپەڕین و کۆڕەو بو، ئیتر وازم لە عێراق و بەغدا هێنا ئەگینا لە بەغدا زۆر شتیان بۆ ئەکردم و ئەمتوانی ماستەر و دکتۆراش بهێنم و دوایش ببمە پرۆفسۆری ئەکادیمیا. بەڵام ئێمە کەسوکارمان پێشمەرگە بو کەڵکەڵەی کوردایەتیش ئەوکاتانە زۆر بەهێزبو لامان، وامان ئەزانی کوردوستان ڕزگاری بوو ئیتر دەبێتە بەهەشت بۆمان باڵام بەداخەوە دوایی وا نەبو ڕاستیەکان زۆر تاڵ بون برادەرانی شاخ کەهاتنەوە ئامادە نەبوون و باوەریان بە دونیای دامودەزگا و خەڵکی شارەزا و خاوەن ئەزمون و شتی وا نەبو ئامادەبون کەسێك لە شاخ برین پێچ و موزەمید بوبێت لەشار بیکەنە وەزیری تەندروستی، ئەوەی لەشاخ تابلۆیەکی کێشابێت لە بێتاقەتیدا دوایی بیکەنە وەزیری ڕۆشنبیری و بەڕێوبەری هەمو دەزگا هونەریەکانی کوردوستان. هاتمەوە کوردوستان بوومە مامۆستای هونەری پەیکەرسازی لە پەیمانگە خەریکی کاری هونەری بوم چەند پەیکەرێکم بۆ هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر دروستکرد ئیتر تا ئەهات باری سیاسی و ئابوری کوردوستان بەرەو داڕمان ئەڕۆیشت تا وای لێهات بوە شەڕی براکوژی، ئاژاوە و شەڕی شاخی چەند ساڵەیان هێنایەوە ناو شارەکان، ئیتر بەراستی هیچ هیواو ئاواتێکم بە کوردوستان نەما و تا ئەهات بێتاقەت ئەبوم، بۆیە بڕیارمدا بەجێی ‌بهێڵـم و لە ساڵی ١٩٩٤ بەرەو هەندەران هاتم. نەهامەتی و وردەکاریەکانی گەیشتنم بۆ ئەوروپا و ئەڵمانیا لە فیلمێکی دیکۆمینتاری لە کەناڵی یوتوبەکەم داناوە.  لە ئەڵمانیاش بەدوای کاری هونەری گەرام تا دۆزیمەوە و کەوتمەوە سەر پێی خۆم، ئاسان نەبو بەڵام خۆشبەختانە توانیم جێی دەستی خۆم دیاری بکەم لەناو هونەری پەیکەرسازی جیهانی و ئەوروپی، بەتایبەتی کارو پرۆژەکانم لە باخ و شوێنە گشتیەکانی وڵاتی ئەڵەمانیا و مەملەکەتی سوید و نەرویژ.  ئەو کارو پڕۆژانە بە شێوەیەکی زۆر لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانم لە گۆڤار و ڕۆژنامە و تەلەفیزۆنەکان باسکردوە و زۆربەیان لە کەناڵی تایبەتیم لە یوتوب داناوە.

 پرسیار: هونەری پەیكەر سازی هونەرێكی دێرینە، مێژوویەكی دێرینی لە پشتەوەیە.. كاریگەری ئەم مێژووە تا چەند لەلای تۆ و لە كارەكانتدا ئامادەیی هەبووە؟ هیچ كاتبووە هەبوونی پەیكەری پەیكەر سازێكیتر لەكاتی كاركردندا لەسەر پەیكەرێكی خۆت ئامادە بوبێت و كاریگەری لەسەر فۆڕمی كارەكەت هەبوبێت؟

 شوان کەمال: هونەری پەیکەرسازی هونەرێکی کۆنە ئەکرێت بڵێن بەقەد کۆنی مێژوی مرۆڤە چونکە ئادەمیزاد یەکەمجار بە ئیشی دەست و دروستکردنی پێداویستیەکان دەستی پێکردوە پێش ئەوەی بتوانێ خەت و وێنە بکێشێت یان هەر شتێکی تر بکات، بە تاشینی بەردو ئێسقانی ئاژەڵەکانی کە ڕاویکردون دەستیپێکردوە، قۆناغەکانی دابەشکردن و پێشکەوتنی هونەر دیارە نامەوێت باسیان لێوە بکەم هەر لە سەرەتاکانی دەسپێکردنیەوە لە چاخی بەردین و ئەشکەوتەکانەوە بیگرە تا ئەگاتە شارستانی میزۆپۆتامیا و میسریە کۆنەکان و گریك و ڕۆمەکان و ئیتر تا ئەم سەدانەی دوایش مێژوی هونەرم تا رادەیەك خوێندوە و ئاشنا بوم بە کاری هونەرمەندەکان لە قۆناغە جیاوازەکان، بۆیە ئاساییە کاریگەری هونەرمەندانی پێشو لەسەر نەوەکانی دوای خۆیان هەروەها بەردەوامبونی ،کۆمەڵێك کاری هونەریم هەیە لە قۆناغێکی کارکردنم بە ناوی پاڵەوانەکانی جەنگ یەکسەر لەمادەی مۆم دروستمکردون دوایی لە برۆنز دامڕشتون بێ ئەوەی ویستبێتم کەمێك ئەچنەوە سەر هەنێ لە کارەکان یان فیگورەکانی دەرگای دۆزەخەکەی پەیکەرسازی فەرەنسی ڕۆدان.کە زیاتر وەرگیروان لە چێرۆك و داستانەکەی شاعیری ئیتاڵی دانتی بە ناوی کۆمیدای یئیلاهی.

 پرسیار:ئەو دژایەتییە دێرینەی ئاین لەگەڵ هونەر بەگشتی و هونەری پەیكەر سازی بەتایبەتی هەیەتی.. بە بۆچونی تۆ كاریگەری خراپی لەسەر دونیا بینی تاكی كورد هەبووە؟ ئەم كاریگەرییە خراپە تا چەند زەرەری لە كاری پەیكەرسازی داوە؟ ‎

 شوان کەمال: لە ڕاستیدا زۆربەی کاتەکان ئاین و هونەر بە گشتی پێکەوە کاریان کردوە و هونەر جۆرێك بوە لە بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی خواوەندەکان و یان بۆ نزیکبونەوە لە خودا، هونەرمەند بەشێكبوە لەودەستو پێوەندە ئاینیە یان پیاوانی ئاینی کە لە پەرستگاو شوێنە ئاینیەکان وەك کەنیسەی جولەکە و کەنیسەی مەسیحیەکان بەڵام لە ئاینی ئیسلامدا شتەکان بە جۆرێکی تر کەوتۆتەوە بەوپێیەی کە وێنەکێشان و پەیکەردروستکردن حەرامە و دروستکردنی شەرکە بۆ خودا ئیتر هونەرمەند هەوڵی داوە دەرگایەکی تر بدۆزێتەوە بۆیە گرنگی داوە بە بیناو تەلارسازی و خەت و زەخرەفە. بە دڵنیاییەوە ئەم جۆرە بۆچونە کاریگەری خراپی هەبوە لەسەر بەرەوپێشچونی هونەر بە گشتی و پەیکەرسازی بە تایبەتی، بە بەراورد بە ئاینی مەسیحی کە زۆربەی کارە جوانەکان و شاکارە هونەریەکانی ئەوروپا کەنیسە و پیاوە ئاینیەکان سەرپەرشتیان کردوە و سپۆنسەری بون. بۆنمونە کارەکانی مایکل ئەنجیلۆ لە ئیتاڵیا

 پرسیار:لە كوردستان هیچ هەوڵێكی جدی دەبینی لەلایەن حوكمەتەوە بۆ خزمەتی پەیكەر سازی؟*بۆچونت دەربارەی ئەو پەیكەرانە چییە كە لەم ساڵانەی دوایدا لە كوردستان بینیوتن؟

شوان کەمال: وەك باسم کرد کاتی خۆی بێ هیوابوم لە کوردوستان بۆیە جێم هێشت، بێ دامودەزگایی و دەستوەردانی حیزبەکان لە ناوەندە هونەریەکان زۆر بە خراپی کاریگەریی هەیە لەسەر دواکەوتن و پاشەکشێی هونەری لە کوردوستان. لەو ماوەی دە ساڵی ڕابردو چەن ئەزمونێکم هەیە لەسەر خەمساردی و گرنگی نەدان بە هونەر و کاری هونەرمەندان.  ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٥ ماوەی ٤ ساڵ کارم لەسەر ئەوە ئەکرد کە پردێکی پەیوەندی دروستبکەم لە نێوان ئەوروپا و کوردوستان بە دروستکردنی کارگەیەکی بڕۆنز بۆ دروستکردنی پەیکەر بە کوالێتی بەرز کە خۆم ساڵانێکە لە ئەڵمانیا و سوید وەك پسپۆڕێکی بوارەکە کارەکەم کەچی هیچ ئەنجامێکی نەبو هیلاکیەکانم بە زایە رۆیشت. یان ئەمویست چەند پڕۆژە و پەیکەرێکی جوان دروستبکەم لە شارەکانی کوردوستان ئەمیش هەر هیلاکی و کات کوشتن بو تەنیا توانیم پاش هیلاکی و بەربەرەکانیەکی زۆر لەلایەن چەن کەسانێکەوە ئەو پەیکەری عەدالەتەی پێش باڵەخانەی دادی هەولێر دروست بکەم. لە ئەڵمانیا دروستمکرد و دوایی گوێزامانەوە بۆ هەولێر، ئەتوانم بڵێـم وەك لایەنی هونەری و تەکنیکی داڕشتن لە کوردستان عێراقیش نمونەی نییە. کاتی خۆی حیزبەکان پیاوی خۆیان هەبو هەرچی پرۆژەی هونەری کوردوستانە وەك پرۆژەی بازرگانی سەیریان ئەکرد ئەیاندایە ئەو پەیکەرسازانەی ئەندامی حیزبەکانیان بون ئێستا پەرەی زیاتر سەندوە بێجگە لە حیزبەکان پیاوە دەڵەمەندەکان و خاوەن کۆمپانیاکانیش پیاوی خۆیان هەیە و کە پەیکەریان بوێت ئەیدەنە کەسانی نزیك خۆیان بۆ نمونە ئەو پەیکەرانەی ئەم دوایانەی سلێمانی لەبەردەم باڵەخانەکەی دکتۆر عیزەدین مستەفا. ئەمانەهەموی ئەنجامی نەبونی دامودەزگای هونەری و یاساو ڕێسایەکە کاری هونەرمەندان رێك بخات. بۆ نمونە لەم وڵاتانە سیاسەتی کلتوریان هەیە دامودەزگای هونەریان هەیە کاری هونەرمەند و ژیانی هونەرمەندان رێك ئەخات هیچ حیزب و لایەنێك و کەسی دەوڵەمەند بۆی نیە دەستبخاتە کاروباریانەوە ئەتوانێ پارە بیا پەیکەر بکڕێت بە لام ناتوانێت بە دڵی خۆی پەیکەر لەکوێی بوێت دایبنێت،هەمو کارەکان ئەبێت رێکخراوانە و بە دامودەزگا بکرێت.

 


ئەم بابەتە 313 جار خوێندراوەتەوە