unnamed.jpg

دۆستۆیفسكی، نووسەری سەردەمە جیاوازەكان

 

 

یەكەم ڕۆمانی دۆستۆیفسكی كە خوێندمەوە "نییەتۆچكا" بوو، هەمیشە وابیرم كردوەتەوە هەر هەوڵێك بۆ نووسین لەسەر دۆستۆیفسكی.. هەوڵە بۆ نوسین لەسەر دەروونی خۆمان، وەك چۆن خوێندنەوەشی هەر دەكرێت هەوڵبێت بۆ زیاتر ناسینی خودە ڕوت و پەتییەكەی خۆت، (خۆت) بەمانایی مرۆڤایەتی.. چوونكە ئیشی ئەو لەسەر دەروون و خوو ناوەوەی مرۆڤدابووە، ئەمەشە واملێدەكات وا بیر بكەمەوە لەڕۆمانەكانی دۆستۆیفسكیدا هەموو جۆرە مرۆڤێك ئامادەیی هەیە. (لەم چركەساتەدا كە وا بیر دەكەمەوە هەموو جۆرە مرۆڤێك لەنێو ڕۆمانەكانیدا هەبێت، بەدەنگی نوساوی منداڵێكەوە لە ناوەوەمدا، كەسێك هاواردەكات: كێدەڵئ مرۆڤانێكیش لەسەر ئەم زەوییە ئامادەیەی ئێمە لەسەری دەژین ، نین، كە هیچ پێناسەو بینین و شرۆڤەیەكی دەروونی دۆستۆیفسكی نایان گرێتەوە؟! هیچ وەڵامێكم پێنیە و كۆڵی ئەم گومانەش دەمەوێت لەزەینمدا داگرم) ئەمڕۆژانە هەم وەك ئاكتێك لەدڵ و زەینەوە بەرامبەر ڕوداوەكان، هەم وەك تینوێك لەبەردەم كانیەكدا، خاوە خاو.. خەریكی خوێندنەوەی (تاوان و سزا) ی دۆستۆیفسكیم كەمامۆستا ڕەئوف بێگەرد كردویەتیەوە بەكوردی و ناوەندی غەزەلنوس چاپ و بڵاوی كردوەتەوە.

نامەوێت، ڕەنگیشە نەتوانم لەسەر دۆستۆیفسكی بنوسم. دۆستۆیفسكی وەك مرۆڤێكی دنیا ناس و مرۆڤ ناسی كۆی سەردەمەكان فرەدیو و ئاڵۆزوو تاریكە، مرۆڤ دەبێت لە خوێندنەوەی ڕۆمانەكانیدا ئاگای لە ڕۆحو دیدی خۆی بێت، ڕۆمانەكانی دۆستۆیفسكی چەند ڕێبەرێكە بۆ ناسین و كەشف كردنی دەروونی ئینسان هاندان بۆ چاكە كردن هێندەش بۆ تاوان، مامۆستایەكە ڕێو شوێن و كردەكانی تاوانكردنت نیشاندەدات، دەكرێت بەو ڕۆحە ناسك و هێمنەتەوە كە ڕەنگە جارئ خۆت دركت بەهەبوونی نەكردبێت و لێی گەڕابیت ببێت بە ژێرپێی نەریت و ڕوانین و حەزی هەموانی ترەوە لێوەی فێربیت چۆن وەك (ڕاسكۆڵینكۆف)ی كۆنە خوێندكار.. تەورەكە بەرامبەر      (لێزافێتای) خوشكی (ئەلێنا ئیڤانۆڤنا) ی پیرێژن بەرزبكەیتەوە كە خزاوەتە سوچێكەوەو دۆستۆیفسكی گوتەنی: وەك گەڵای درەخت دەلەرزی و ڕێك دەمی تەورەكە بكێشیت بە كاژەلاكی سەریداو لە ناوچاوانیەوە تاپشتی سەری شەقبكەیت!

كاتێك دوای ڕوداوی كوشتنەكە ڕاسكۆڵینكۆف گیرۆدە بەدەست زیندەخەون و ترس و قەلەقیەكانیەوە لەماڵەوە دەكەوێت و لەسەرەتای چاكبونەوەیدا بەدزی دۆست و هاوڕێكانیەوە دەڕواتە دەرەوەو بەدەم دیالۆگ كردن و بیركردنەوەوە لەگەڵ خۆی دەگاتە شەقامێك، بۆ خوێندنەوەی ڕۆژنامە لە ڕێستۆرانتێك لادەدات و لەوئ (زامیتۆف) ی سكرتێری پۆلیس دەبینێت ، باسی تاوان و ڕوداوەكان دەكەن و لە شوێنێكدا كە لەسەر تاوانێك لە قسە كردندا دەبن.. ڕاسكۆڵینكۆف بەگرژی و كەم حەوسەڵەیی و ناجێگیرییە هەمیشەییەكەیەوە گاڵتە بە شێوازو هەڵسوكەوتی بكوژو تاوان كارەكان دەكات و دەڵئ گەرمنبم ..ئیدی لەسەر باسكردنی شێوازی خۆی بەردەوام دەبێت. لێرەدایە ئەو ئیحساسەت بۆ دروستدەكات كە دۆستۆیفسكی چەند مامۆستایانە و بە ئەزمونانە لە سەرتاوان كردن دەوەستێت و چۆن ڕێو شوێنەكانی تاوان كردن نیشاندەدات.

لەبەر ئەوەی ئەو هەستەم نییە لەسەر ڕۆمانەكانی دۆستۆیفسكی بتوانم شتێكی تازە بڵێم بەدنیا، تەنیا حەزدەكەم بنوسم لەسەر هەستی خۆم كاتێك لەبەردەم ڕۆمانی مرۆڤێكدا دەوەستم بەو چڕییە. ئەوڕۆژانەی بۆیەكەم جار دۆستۆیفسكیم تیا دەخوێندنەوە قۆناخی رٍۆیشتنم بوو بەنێو قەرەبالخییەكی زەینی زۆردا. ڕۆژانی جێهێشتنی قۆناخێك و تێكەڵبوون بوو بە قۆناخێكی تر، گوڕیژگەیەكی ناسكی نوقم بووم لەنێو ئەندێشە و خەونەكانمدا. هاوەڵی خەون و حەزوو بیركردنەوەكانم و نزیكترین كەسێك لێمەوە كتێبەكان بوون، زۆر دوور نیە 5 ساڵ بەر لە ئێستابوو، هەر ئەوكات دوای خوێندنەوەی( نییەتۆچكا) دركم بەوە كرد كە خوێنەری دۆستۆیفسكی خوێنەری ئاسای و وەرگر و ناسك نەبێت ، خوێنەری خاوەن ڕۆحی بەرگری بێت بەرامبەر ڕوداوو شوێن و دنیا باشترە، دەنا ئاسایی نییە دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەكانی هەمان ئەو مرۆڤە ئاسایی و كاڵ و كرچ و بێ بۆچونەبیت لەسەر مرۆڤ و چواردەور كەبوویت، من هەرگیز بیرمناچێت کە دوای خوێندنەوەی "نییەتۆچکا و هەژاران" چۆن ئەو تێگەیشتنە تێكەڵ بەوەهمەی لەسەر چواردەور هەمبوو گۆرا بۆ ماتی و سەرسامی، سەرسامی بە هەموو شتێك كە دەگوزەرا. دۆستۆیفسكی بۆمن ئەوكاتە ئەو سودەی هەبوو كە فێری كردم پتر پەی بە قوڵای و هێزی دەرون و ئەندێشە و جوانی بێنم. لەناو خۆمدا، نەك وەكو خەڵكی لەبنی دەریادا بۆ مرواری ڕاستەقینە بگەڕێم. ئەم ڕۆژانەش كە چڕی و فرە ڕەهەندی ئەو هەموو ئینسانە جیاواز و لەیەكنەچووە لەنێو (تاوان و سزای) دۆستۆیفسكیدا دەبینم.. كەئەو تێكڕژان و نیگەرانی و شادی و خەم و مردن و ژیان و چاك و خراپ و دادپەروەری و ناداد پەروەریە بەتەنیشت یەكەوە دەبینم، ئەمشەوانە كە ون لەنێو تاریكی و داڵغەو زیندە خەونەكانی ڕاسكۆڵینكۆڤی كارەكتەری سەرەكی تاوان و سزادا دەژیام، نەمدەتوانی بەرامبەر ئەو هەموو قوڵی و وڕەهەندە فكرییانەی نێو دەروونی دۆستۆیفسكی بیر لە چڕی و گەورەی دارستانی ئەمازۆن نەكەمەوە. ڕەنگە لە بنەڕەتدا بەراوردەكە تۆزێك نارٍێك بێت، بەڵام ئەمازۆن وەك ڕوبەرێكی گەورەی زەوی نا، بەڵكوو وەك شوێنێكی سەیر ی پڕ لە شتی پەی پێنەبراوو نەدۆزراوە..

دواجار من ڕۆمانەكانی دۆستۆیفسكی وەك كۆمەڵە كتێبێك كە دەتوانین لە ڕێیانەوە خۆمان و دنیای پتر تیا بناسین و زیاتر چاوێكی تیژمان باتئ بۆ بینینی جوانی، بۆ ئەوانەی خودایان خۆشدەوئ بۆ ئەوانەی خۆشیان ناوئ.. بۆ ئەوانەی تاوانیان خۆشدەوێت بۆ ئەوانەی ڕقیان لێیەتی .. بۆ ئەوانەی سەفەریان كردووە بۆ ئەوانەی نەیان كردووە.. بۆ ئەوانەی سەرما ددانەكانی هێناونەتە لەرزە بۆ ئەوانەی ددانیان لە ترس و ئێشی سەرمادا نەیداوە بە یەكدا..

بۆ ئەوانەی دەیانەوێت تاوان بكەن و بۆ ئەوانەشی دەیانەوێت هەرگیز بەكۆڵانێكیشدا نەڕۆن بۆنی تاوانی لێوەبێت پێشنیار دەكەم. دۆستۆیفسكی وەك مرۆڤێكی شارەزا، وەك كۆڵۆمبۆسێكی گەڕاوە لە سوچو تاریكی و قوڵاییەكانی ناخ و دەرونی مرۆڤەوە..

 

 


ئەم بابەتە 77 جار خوێندراوەتەوە