255531896_1083249309079624_2301782994749305600_n.jpg

کتێبی (فەرهەنگەپیاو) چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

وەشانی "نووسیار" لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا، بەم نزیکانە کتێبی (فەرهەنگەپیاو)  چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه. ئەم کتێبە لە نووسینی چیرۆکخوان، فیلمساز و ڕۆماننووسی عێراقی: حەسەن بەلاسم ـە و زانیار عەلی لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوە.

کتێبەکە لە کۆمەڵێک دەق لە مژارەکانی چیرۆک، یاداشت و شیعر پێک هاتووە، حەسەن بەلاسم لە سەرەتاکانی نووسینیدا بڵاوی کردوونەتەوە. وەشانی "نووسیار" لەگەڵ نووسەردا ڕێک کەوتووە و پرۆژەی وەرگێڕانی کۆبەرهەمی ڕاگەیاندووە. پرۆژەکە لەم کتێبەوە دەست پێ دەکات و پێ‌بەپێی وەرزی کتێبە چاپکراوەنی "نووسیار"، بەرهەمەکانی دیکەیشی زانیار عەلی وەریان دەگێڕێت و بڵاو دەکرێنەوە.

 

لەبارەی ئەم کتێبەوە، زانیار عەلیی وەرگێڕ دەڵێت:

دەشێت دەقەکانی نێو ئەم کتێبە، وەک قۆناغەکانی گەشەسەندنی گێڕانەوە لای بەلاسم تەماشایان بکەین، کە لەم کتێبەوە دەستی پێ کرد و هێدی‌هێدی ناوبانگی بە جیهاندا بڵاو بووەوە. دەقەکانی نێو ئەم کتێبە، ڕامانی ئەون لەبارەی ژیان، مەرگ، شیعر، گێڕانەوە و سینەماوە. دونیای ئەدەبیی بەلاسم، دونیایەکی قووڵ و فرەڕەهەند، هەندێک جاریش سەیر و نامۆیە. پشت بە یەک تەکنیکی گێڕانەوە نابەستێت و هەر دەقێکی، هەڵگری چەندین تێما و ڕەگەزی جیاوازن. لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەیشدا، نووسەر ڕووبەڕووی چەند چیرۆک و ڕووداوێکی تەمومژ و نادیارمان دەکاتەوە و بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی، وا دەخوازێ لەنێوان دێڕەکاندا لە هاتوچۆیەکی بەردەوامدا بین و زۆر بە وردی بە دوای کۆد و نهێنییەکانی نێو دەقەکان بگەڕێین. بە هەندێک ئەزموونی سەرەتاییی نووسەر ئاشنا دەبین، کە دواتر ڕێیان بۆ دیاریکردنی تەکنیک و دونیابینیی ئەو خۆش کرد و لە دەقەکانی دیکەیشیدا ڕەنگیان دایەوە. نووسەر ڕووبەرووی بیر و باوەڕی باوی خەڵک دەوەستێتەوە و بە گژیاندا دەچێتەوە، کە ڕەنگە لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەم کتێبە و بگرە کتێبەکانی دیکەیشی؛ پانتایییەک شک نەبەن دەست بە بیر و باوەڕی خۆیانەوە بگرن و نەکەونە ژێر پرسیار و گومانەوە!

 

چەند دێڕێک لە کتێبەکەوە:

"...گەمژە و هیچ‌وپووچ: دەشێ بیکەیتە ناونیشانی کتێبە نوێیەکەت. بۆ نموونە کتێبێک باس لە خۆشەویستی و هیچ‌وپووچیی مرۆڤ بکا. پێشنیازی بەکارهێنانی ناونیشانی قۆڕ و تووڕدانی ناونیشانی شاعیرانە دەکەین. چونکە ئێمە شاعیر نیین و خۆمان بەسەر تەنگانەی بوونەوە فش و شین‌ومۆر ناکەینەوە. ئێمە هاونیشتمانیین و نیازی نووسینمان هەیە. هاونیشتمانیی بێزارین، خۆمان لەسەر نووسین و کوشتن ڕادەهێنین. دەتوانین هەرچۆنێ بێ کتێبێک بنووسین، بێ ئەوەی لە بازاڕی کتێبدا، نووسەر بین. ئێمە بەو توانا سنووردارەی خۆمانەوە، کتێب لەسەر لاپەڕەی تەنک و خراپ چاپ دەکەین. ئێمە هاونیشتمانیین، لە ئینتەرنێتدا دەنووسین و گوێمان لە هەست و یاساکانی زمان نییە. ئێمە هاونیشتمانیی شێتین، تەنیا چەند هاوڕێیەکی کەممان بەسە کتێبەکانمان بخوێننەوە. ئەگەر نووسینەکانی ئێمەیان بە دڵە، با ملیۆنان دانەیان لێ چاپ بکەن و لەپاڵ ڕۆمانەکانی فۆکنەر، تۆڵستۆی و تەنانەت ئاگاتا کریستی ـیەوە دایانبنێن. 

خەمتان نەبێ، هیچ ئامانجێکی مەزن لەپشت نووسینەوە نییە، نووسین لە ئەنجامی وڕێنەوە دێتە بەرهەم. ئێمە لە دایک دەبین و دەمرین، لە نێوان ئەم دوو کەوانەیەدا ئەوەی ڕوو دەدا با ڕوو بدا، ئێمە هاونیشتمانیی خراپین، دەمانەوێ بەبێ مامۆستا فێری نووسین بین، شیعر و ڕۆمان و لێکۆڵینەوەکانمان لە کتێبخانە گشتییەکان دابنرێن. تەنێ پێویستمان بە جۆرەها جۆری مادەی هۆشبەر، کهوول، کوشتن و دوێتی سووری قوربانییانە..."

 

نووسەر لە چەند دێڕێکدا:

حەسەن بەلاسم، ڕۆماننووس و سینەماکاری عێراقی، ساڵی ١٩٧٣ لە بەغداد لە دایک بووە. ئێستە لە وڵاتی فینلاند نیشتەجێیە. چەندان کتێبی لە ژانری چیرۆک، ڕۆمان، شیعر و سینەمادا بڵاو کراوەتەوە.

ساڵی ١٩٩٩ عێراقی جێ هێشتووە و لە سلێمانی گیرساوەتەوە. لەگەڵ هەندێک سینەماکاری کورددا، فیلمی "زامی کامێرا"ـی دەرهێناوە. کتێبەکانی ناوبانگی جیهانییان پەیدا کردووە و بۆ چەندین خەڵاتی ئەدەبی پاڵێوراون، هاوکات بەشێکی زۆریشیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان. ساڵی ٢٠١٤، وەک یەکەم نووسەری عەرەب، خەڵاتی ئیندپێندێنت ـی بەریتانیایی بۆ کۆمەڵەچیرۆکی "پێشانگەی تەرمەکان" بردووەتەوە. ڕۆژنامەی گاردیان وەک "باشترین نووسەری عەرەب کە لە ژیاندایە" ناوی بردووە.

"فەرهەنگەپیاو" یەکەم کتێبی چاپکراوی ئەوە. "ئەڵڵا ٩٩ (ڕۆمان)"، "پێشانگەی تەرمەکان (کۆمەڵەچیرۆک)" لە دیارترین کتێبەکانی ئەون.

 

وەرگێڕ لە چەند دێڕێکدا:

زانیار عەلی، ساڵی ١٩٩٩ لە شاری کەلار لە دایک بووە. وەرگێڕە و ئەدەبیات بە گشتی، ئەدەبیاتی عەرەبی بە تایبەتی وەردەگێڕێت. تا ئێستە خاوەنی حەوت بەرهەمی چاپکراوە:

1.    هێرمان هێسە/ ژیان و بەرهەم/ وەرگێڕان (٢٠١٧)

2.    بەخۆنازین لای نالی و موتەنەبی/ لێکۆڵینەوە/ ئارام جەلال/ وەرگێڕان (٢٠١٨)

3.    کۆماری مریەم/ ڕۆمان/ وارد بەدر ئەلسالم/ وەرگێڕان (٢٠١٩)

4.    شیعرگەلێک؛ جەنگ لە باخەڵی شاعیرێکدا لە بیری چوون/ شیعر/ جان دۆست/ وەرگێڕان/ (٢٠١٩)

5.    وەک درەختێک بیر دەکەمەوە/ شیعر/ عەبدولعەزیم فنجان/ وەرگێڕان (٢٠٢٠)

6.    فەرهەنگی کوردیی وێنەدار/ فەرهەنگ بۆ منداڵان/ ماجیدە ئەلحۆرانی/ وەرگێڕان و وردبینیی زمانەوانی (٢٠٢١)

7.    فەرهەنگەپیاو/ کۆمەڵەدەق/ حەسەن بەلاسم/ وەرگێڕان (٢٠٢١)

 

چەند بەرهەمێکی چاپنەکراو:

1.    ئومبێرتۆ ئێکۆ/ ژیان و بەرهەم/ وەرگێڕان

2.    سەرەتاکان (ڕیمۆرا)/ ڕۆمان/ غەسان حەمدان/ وەرگێڕان


ئەم بابەتە 134 جار خوێندراوەتەوە