کتێبی شیعری (زمانم دەکێشمەوە) بڵاوده‌کرێتەوە

 

 

وەشانی نووسیار لە چوارچێوەی وەرزی بڵاوکراوەکانیدا به‌مزوانه‌ کتێبە شیعری (زمانم دەکێشمەوە) لە نووسینی ( دیار سۆفی) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

 

له‌باره‌ی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە شیعرە دیار سۆفی ده‌ڵێت:

کتێبی زمانم دەکێشمەوە، پێکدێ لە یەک شیعری درێژ. لەم کتێبەدا کارەکتەرێک هەیە تووڕەیە، لە شوێن. شوێن ئازاری دەدات. شوێن بەمانا فراوانەکەی، واتا هەموو ئەو کەس و شتانەی تێیدان. کارەکتەرێک هەست دەکات ئەو شوێنە هەڵەیە بۆ ئەو، وەک ماریا ڕیلکە دەڵێ: ''چەند خۆشە لە جێیەک بژیت خەڵکەکەی خوێنەواربن.'' ئەم کارەکتەرە کارەکتەرێکی ڕیلکەییە، بێزارە لە نەخوێنەوار، لەو مرۆڤانەی دەبنە مایەی بێزاری بۆی. ئازاری دەدەن. شوێن چەقی کارکردنە لەم شیعرەدا. بەڵام ئەو لەبری ئەوە بۆڵەبۆڵ دەنووسێت. دەیەوێت لەڕێگەی نووسینەوە شوێن ڕەخنە باران بکات.

هەروەها لە بارەی کتێبە شیعری زمانم دەکێشمەوە گوتی:

ئەم کتێبە لە چەند لایەنێکەوە ئیش دەکات لەسەر نامۆبوونی مرۆڤ. شیعرەکە پێکدێ لە چەند بەشێک، هەموو بەشەکان شیعرێکی تەواو درووست دەکەن، بە جۆرێک بەرەنگاری دەکات لەو ئازارەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە. تاکێکی ئازاردراومان هەیە، ئازارەکەی ناشارێتەوە، بەڵکو نمایشی دەکات، لەڕێی نووسینەوە جۆرێک لە بەرەنگاربوونەوە دەکات، تاکو ئازارەکەی کەم بکاتەوە. شیعرەکە بەگشتی بۆ پیشاندانی ناڕێکی و برینی تاکە لەکۆمەڵگەدا بەدەست ئەویترەوە. جۆرێکە لە مانیفێستی ئازار. لەڕێی تاکێکەوە واقعی شوێنێک پێشان دەدات، کە چۆن مرۆڤ داوەشاوە بەدەست ژیانەوە.

 

چەند دێڕێک لە کتێبەکە:

 

خەڵکی گەرمیانم

گەرمیانیبوون واتا قووربانیی ناکۆتا.

لێرە لە گوندێکی تەریک

ڕۆژەکانم بەکرێ دەدەم

کڕیارەکان مرۆڤی ماندوون

ئەوانیش وەک من

ڕۆژەکانیان داوە بە کرێ بە کەسانی تر.

هەندێ کات ڕووخسارم

بە لەپی دەستەکانم دادەپۆشم

تاکو ماندوێتییم لە ئاوێنەدا نەبینم.

بمبەخشە ئەی جەستەی ماندوو

زەمەنێکە سەودا بەتەواوی ڕۆژەکانتەوە دەکەم. 

ئه‌م دێڕه‌ كاتێك ده‌ڵێت: ''خه‌ڵكی گه‌رمیانم - گه‌رمیانیبوون واته‌ قوربانی ناكۆتا'' كه‌ چڕه‌ به‌ مێژوو، چڕه‌ به‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی مرۆڤ به‌ شوێن و به‌ مێژوو، بیری هێنامه‌وه‌ چۆن شیعر، دوور له‌وه‌ی له‌ كڕوزانه‌وه‌ی كه‌سیدا قه‌تیس بێت،  ده‌توانێت له‌ مانای ڕووكه‌شیی زمانه‌وه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رزه‌مینی تر، سه‌رزه‌مینی مێژوو، سه‌رزه‌مینی ئه‌زموونكردنی مێژوویه‌ك كه‌ زۆرێك تیایدا ژیاون و تیایدا ده‌ژین و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ تیایدا نه‌ژیاون، ده‌كرێت له‌ شوێنی جوگرافی خۆیاندا له‌ مێژوویه‌كدا بژین  هه‌ست و تێگه‌یشتنی هاوشێوه‌یان پێبدات. 

دیار سۆفی لەدایکبووی کەلار ساڵی ١٩٩٢. دەرچووی بەشی ئابووری زانکۆی سلێمانی ساڵی ٢٠١٦. خاوەنی بەرهەمێکی چاپکراوە بەناوی"برینێکم بەڕوومەتی زەوییەوە" بەرهەمێکی شیعرییە لە ساڵی٢٠١٩  چاپ کراوە. لە بیست و یەکەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتی سێیەمی شیعر وەرگرتووە بۆ دەقی"من بەپێوە دەمرم" لە دووەمین فێستیڤاڵی تانجەرۆ خەڵاتی دووەمی شیعر وەرگرتووە بۆ تێکستی"ئاوێنەکان"


ئەم بابەتە 2 جار خوێندراوەتەوە