258595407_3002803083300614_5043704306992873081_n.jpg

ژن لە پیاودا: یوسف و ئەدۆنیس

بڵند عیرفان

 

کورتەباسێکی ئوستورەیی و ئایینیی

 

 

پێشەکی لەبارەی ئوستورەوە کەمێک دەدوێین، چونکە بابەتەکە پەیوەستە بە چییەتی ئوستورەوە؛ ئەوەی کە دەبێت بڕوای پێبهێنین...

 

رەنگە بڕواپێنەکراوترین شتێک، دابڕانی ڕووداوێکی مێژوویی بێت لە ئوستورە و باسنەکردنی لەلایەن داستان، ئوستورە و ئایینەوە، بە گۆشەنیگا و تێگەیشتنەکەی خۆیانەوە. زەمەنی ئوستورە، بریتییە لە زەمەنێکی تێگەیشتنی مرۆیی بۆ ڕووداو، دیاردە سرووشتییەکان، شاخ، ئاگر و هەر شتێک کە هەبێت و هەبووە.

ئوستورە جگە لە زاڵبوونەکەی بەسەر زەمەنێکی تێڕامان و باوەڕداریی مرۆڤدا، نهێنی کۆدی مرۆیی و سروشتییشە. هەروەها تێگەیشتنی شاراوەی لە هەموو بەهاکانی سەردەمە کۆنەکانی لە خۆدا هەڵگرتوە. وەک چۆن بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە، تێڕامانە بۆ دۆزینەوەی کەلتووری زەمەنێکی مرۆڤ؛ ئەوهاش هەڵگری هزر، تێڕامان و بەها کەلتوورییەکانی سەردەمی خۆیەتی. لەبەرانبەردا دەبێت ئاماژە بەوە بدەین مەرج نییە ئوستورە رووداوێکی دیاریکراوێکی سەردەمێکی دیاریکراوی مرۆڤ بێت ئەوەندەی دەشێت ئیمکانەکانی روودانی رووداوێکی سەردەمێکی دیاریکراو بێت، کە لە سەردەمەکانی تریشدا هەمان ئیمکانی هەبێت.

دەتوانین لە شوێنێکی دیکەیشەوە و لە ئاستێکی دیکەدا، پێناسەی ئوستورە بکەین؛ بەوەی بریتییە لە ڕەنگدانەوەی کەلتووری زەمەنێکی مرۆیی. ڕەنگە ئەم پێناسەیەمان بۆ ئوستورە، لە هەموو ئاستێکی میسۆلۆجی (ئوستورەناسی)دا، ئیش بکات و کاری کردە بێ.

گەر بەم تێڕوانە لە ئوستورە بنواڕین، دەبینین ئوستورەی هەر سەردەمێک، هەڵگری هەموو بەهاکانی سەردەمەکەی خۆیەتی. بۆ نمونە، سەروەختێک تەماشای ئوستورەی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ و چاخی بەردینی کۆن دەکەین، دەبینین هەڵگری بیری دایک‌ڕەچەڵەکییە؛ کە ئەمەیش دوور یاخود پێچەوانە نییە لە کەلتوور و تێڕوانینی مرۆڤ و کۆمەنە و کڵانەکانی ئەو سەردەمە. یاخوود گەر بڕوانینە ئوستورەی گریکی، دەبینین تێیدا ئەوەی هەیە پیاوسالارییە؛ کە دووبارە ئەمەیش هاوئاڕاستەیە لەتەک کەلتووری گریکی سەردەمی خۆی.

لێ ئەوەی کە ئێمە لێرەدا لێی دەدوێین، کەمێک لەمە لێڵترە؛ ئوستورە هەر بە تەنها هەڵگری بەها کەلتوورییەکانی سەردەمی خۆی نییە، بەڵکو هەڵگری هەموو ئەو دۆخ و ئارەزووە چەپێنراوانەیە، کە لە سەردەمەکەدا هەیە. لەو شوێنەوە، دەتوانین بیر لە مامەڵەی ئوستورەیی و داستان و بەسەرهاتەکانی بکەینەوە، کە تێیدا هەڵگری بیری سەردەمی پێش خۆشیەتی. بە واتایەکی دیکە، ئەوەی کە مرۆڤ ناوێرێت بیدرکێنێت، یاخود ئەو کەلتوورەی کە هەبووە و بە هۆی تێروانین و گۆڕانێکی تازەی کەلتوورییەوە، ئیدی چ بە هۆکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕۆحی و هتد... بێت، لەناوچووە، نیشانە و خۆ مانیفێستکردنی لە نێو ئوستورەی ئەو سەردەمە نوێیەدا هەیە و خۆی بە شێوەی جۆراوجۆر نیشان دەدات. هەموو کاتێک ئەو سیمبوڵە کەلتوورییانە، هەوڵی خۆپارێزی دەدەن و خۆیان بە شێوەی جۆراوجۆر دەردەخەن؛ ئیدی چ لە شێوەی ڕووداودا بێ، یاخوود مرۆڤێک، یان سرووشت و خوداوەنددایە.

فیراس سەواح لە شوێنێکدا دەڵێت: " کاتێک بە کاریگەری دەسەڵاتێکی ڕۆحی یان سیاسی سەرکوتکار، سیمبوڵە کاراکانی کەلتوورێک دەچەپێنرێت،ئەوا ئەو سیمبوڵانە نە خامۆش دەبن و نە دەمرن؛ بەڵکە هەوڵدەدەن بە شیوازی شارەوەی نهێنیی جۆراوجۆر گوزارشت لە خۆیان بکەن. ئیدی ڕەنگە لە شێوەگەلێکی نوێدا دەربکەون کە زۆر دوورن لە شێوە ڕەسەنە کۆنەکانیان؛ لێ وزە شرووشتئامێزە هەڵقوڵاوەکانیان دەپارێزن."

بە بڕوای من، ئەمە حەقیقەتێکە بۆ هەموو سەردەمەکان درووستە. چونکە هیچ وەختێک چاوچنۆکان و دەسەڵاتی سیاسیی و ئایینیی، وازهێنانیان نییە لە داگیرکاریی و بەم پێیەش، بیرکردنەوە لەو سیمبوڵە شاراوانە و دووان لەبارەیانەوە، دەبێتە جۆرێک لە یاخیبوون و داماڵینی ئەو شەوە زەنگەی کە چاومان دەیبینێ و ڕێگرە لە خۆری حەقیقەت.

ڕەنگە دوور مەوداترین کەلتوورێک، کە بە نزیکەیی ٦ هەزار ساڵە هەوڵی دامرکانەوەی دەدرێت، کەلتووری دایک‌ڕەچەڵەکیی بێت. کەچی هێشتا نەتوانراوە بە تەواوی شوێنەوارەکانی لە کەلتور، ریچواڵە ئاینیی و بۆنە گشتییەکاندا بتوێنرێتەوە. لە ئاینی ئیسلامدا سەرەڕای ئەوەی باوکسالارانەیە، لە کاتی تەڵقینی کەسێکی مردوودا بە ناوی دایکییەوە بانگدەکرێت و تەڵقین دەدرێت، لە کاتێکدا منداڵ لە ژیاندا ناوی باوک و ڕەچەڵەکی باوکی هەڵدەگرێت. لێ لە کاتی مردندا بەناوی دایکییەوە بانگدەکرێت و ناوی ئەو هەڵدەگرێت. ئەمە بەو مانایە ئەوە دێت، کە هێشتا دایک‌ڕەچەڵەکی بە تەواوی لەناونەبراوە. چەندان نمونەی تری لەم جۆرە هەیە لە ئاستە جیاوازەکاندا.

گەر لەبارەی مێینەوە بدوێین، ڕەنگە باسەکە زیاتر فراوان بێت و لێرەدا نەتوانین بەدرێژی لێوەی بدوێین، لێ بە پێناسەکەی ویڵ دۆرانت: دەتوانین لەوە تێبگەین شارستانییەت: هاوساز، یاخوود هاومەودایە لەتەک باوکسالاری و خاوەندارێتیی تایبەتدا. زەمەنی مێینە، ئەو زەمەنەی دایک هەر وەک یەکەم جادوگەر، وەک یەکەم دروومانکەر، مینا یەکەم دۆزەرەوەی کەشتوکاڵ و یەکەمین پزیشکیش، هەوڵی کوشتنی دەدرا؛ نەکوژراوە و تارماییەکەی بەسەر هەموو مێژووی مرۆڤەوەیە.

لێ مێ، یاخوود پیرۆزی بوونی، هەمیشە بەو شێوەیەی لە پێشوودا لێوەی دواین، خۆی مانیفێست دەکات و لە هەر سوچێکی زەمەندا، بانگی پیرۆزی دەدات. تەنانەت هەندێکجاردا ئەو پیرۆزییەی مێ، لە بەرگی نێرێکدا دەردەکەوێت: ئەدۆنیس و یوسف بە نمونە.

یوسفی جوان، شوانێکی گەنجی لەشورلار ناسکە و بەژنێکی دڵڕفێنی هەیە و کوڕی ڕاحێڵی دووەم ژنی یەعقوب بوو، بابی لە هەموو براکانی دیکەی زیاتر خۆشیدەویست؛ هەر بۆیە کراسێکی ڕەنگاوڕەنگی بۆ درووستکرد و ئەویش هەمیشە دەیکردە بەری. ئەو خەونەیشی کە یوسفی باڵادەست کرد بەسەر برا و تەنانەت بابیشیدا، ئەوەندەی دیکە براکانی یوسفی توڕە کرد و بە گێڕانەوە قورئانییەکە، براکانی یوسفیان فڕێدایە بیرێکەوە و هەوڵی کوشتنیاندا. گەر لێرەدا کەمێک بگەڕێینە دواوە، بە گوتەی نەریتە عیبرانییەکان پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگ تەنها بۆ ژنان بوو؛ بۆیە بە گوتەی فیراس سەواح: "بوغزی براکانی یوسف تەنها زادەی بەباشتردانانی یوسف نەبووە لەلایەن باوکییەوە، بەڵکو ئەو کراسە ڕەنگاوڕەنگەش بووە." چونکە لە نەستی کۆدا، ئەو کراسە دامەزراندنی بەهایەکی دایک‌ڕەچەڵەکییە و زیندووکردنەوەیەتی. بەدەر لەوانەیش، هەندێک لە سەرچاوە جووییەکان، لەو بارەیەوە دەدوێن کە ئەو کراسە ڕەنگاوڕەنگە ڕاحێڵی دایکی یوسف لە ڕۆژی بووکێنیشدا لەبەری کردووە. ئەمەیش بە دەقیقی ئاماژەیەکی ڕەمزییانەیە بۆ ئەو بەها دایک‌ڕەچەڵەکییە، لە نێو کەلتووری پیاوسالاریی عیبرانیدا. ئەمانە و هەزاران شتی دیکە، مێینەبوونی یوسفی جوان دەردەخەن. لەشولار و مامەڵەکردنیشی، هەر ژنانە بووە و لە هیچ جێیەک، بەو ناسکی و لەشولارەوە باسی نێرێک ناکرێت، مەگەر تەنها ئاماژە بێ بۆ مێینەبوونی ڕەمزی.

ئەمە لەلای ئەدۆنیسی گریکیشەوە ڕوونە. بە گوتەی سەواح: "چوونەخوارەوە و هاتنەسەرەوەی یوسف، هیچ نییە لە مردنێک و زیندووبونەوەیەکی ڕەمزی مێ." ئەمە هیچ جیاوازییەکی نییە لە دابەزینی ئەدۆنیس بۆ جیهان ژێرەوە. هەروەها زیندان کردن و بەربوونیشی، مردنێکی ڕەمزییە و هیچی دیکە نییە.

ئەم نزیکایەتییە، بە گێڕانەوەکەی دیکەی گریکی لەبارەی ئەدۆنیسەوە، دەردەکەوێت. چیرۆکی ئەدۆنیس بە گێڕانەوەی ئۆڤید باس لەوە دەکات؛ ئەدۆنیس منداڵی ''مەرا'' کچی ''سینارەس'' پاشای قوبرس لە باوکێتی. مەرا حەز لە باوکی دەکات و نۆ شەو لە تاریکی موتڵەقدا سێکس لەگەڵ باوکی دەکات، کاتێک باوکی دەزانێت بە شمشێرەوە سۆراخی دەکات بیکوژێت. مەراش هەڵدێت و نۆ مانگ ئاوارەی دەشت‌ودەر دەبێت و بە ئادۆنیس ئاوس دەبێت. دواتر پەنادەباتە بەر خواکان و ئەوانیش بۆ رزگارکردن و سزادانی وەریدەگێڕن بۆ درەختی ''مەر'' کە بۆن‌وبەرامەیەکی تایبەتی هەیە. مەرا، لە شێوەی درەختدا ئەدۆنیسی دەبێت، ئافرۆدیتە ئەدۆنیس دەدات بە پێرسەفۆنە مێخوای جیهانی ژێرەوە تاوەکو گەورەی بکات. هەر لە منداڵییەوە لەشولاری جوان و بەژنی ناسکی بەدیاردەکەوێت، سەرنجی هەردووکیان رادەکێشێت. بەوەی کە ئەفرۆدێت، هەر بە منداڵی عاشقی ئەدۆنیس دەبێت و بایەخی پێدەدات؛ هاوشێوەییەتییەکی نزیک هەیە لە نێوان کارەکتەری ئەفرۆدێت و زوڵەیخا. بەوەی ئەفرۆدێت خواوەندی جوانییە و زوڵەیخاش بە گێڕانەوە ئیبراهیمییەکان، جوانترین ژنی سەردەمی خۆی بووە. بەم پێیە، گەر یوسف ئەدۆنیسێش نەبێت؛ ئەوا بڕێکی زۆر لە سیفەتی کارەکتەرەکەی تێدایە و نزیکایەتییەکی ئێجگار سەیر هەیە لە نێوانیاندا.

یوسف بە تەنیا سەرنجی زۆلەیخا راناکێشێت بەڵکو سەرنجی پوتیڤاری هاوسەری زۆلەیخاش رادەکشێت، بەوپێیەی لەناو نەریتی ئاینییە ئیبراهیمییەکاندا (یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام) هاوڕەگەزخوازیی ڕێگەپێدراو نییە ئەوا ناکرێت لە گێرانەوەکەدا باس لە پەیوەندی سێکسی هاوڕەگەزخوازانەی پێغەمبەر یوسف بکرێت لەگەڵ پوتیڤار یان دواتر ئاخناتون‌دا. لەبەرانبەردا بەوپێیەی لەناو ئوستورەی یۆنانیدا ‌قەدەغە نییە ئەوا بەر ئەوە دەکەوین کە ئادۆنیس بە هەمان شێوەی یوسف تەنیا بۆ ئافرۆدیت سەرنڕاجکێش نییە؛ بەڵکو بۆ خودا نێرەکانی وەکو ئاپۆلۆ، هێراکلس و دایۆنیسوس سەرنجکێشە. لەمەیش زیاتر، لەگەڵ ئاپۆلۆ پەیوەندیی سێکسی دەبێت. یوسف و ئادۆنیس لەگەڵ نێردا مێینەی خۆیان ئەزموونکردوە و لەگەڵ مێدا نێرینەبوونی خۆیان ئەزموونکردوە.

بە نزیکبوونەوە لە ئایینە ئیبراهیمییەکان، بە مانایەکی دیکە، کۆتایی چەرخە ئوستوورەییەکان، زیاتر و زیاتر نزیکدەبینەوە لە پیاوسالاری. بەڵام ئەم نزیکایەتییە، تا دێت رەگە قوڵ و دەلالەتە شارەوەکانی دایک‌ڕەچەڵەکیی دەردەخات. شکاندنی ئەو بەستەڵەکەی مانا و ڕەگە قوڵەکانی داپۆشیوە، جۆرێک ئەکتی ڕادیکاڵە لە نێو کەلتوورەکان و بە تایبەتی کەلتووری ئایینە ئیبراهیمییەکان.

مێینە، هەمیشە پیرۆزی خۆی بە هەموو سیفەت و خوداهانییەکەوە، دەردەخات، تەنانەت لە پیاوسالارانەترین کەلتووردا، هێز و تیشکی خۆی بەدەردەخات. ئەم خۆدەرخستن و مامەڵە شاراوەیە، تەنها لە کارەکتەرێکی پیاودا نییە؛ بەڵکو دەگونجێت لە ڕوودانی رووداوێکدا بێت، یاخوود لە سرووشتدا، یاخوود لە شێوەی شتێکدا. وەک چۆن ئەدۆنیس و یوسف هەن و شتێکی دیکەشن.

 


ئەم بابەتە 93 جار خوێندراوەتەوە