31b6779384693b8ea5beaa645bb4f4e4df8f2298-2560x1060.jpg

هاووڵاتیی کۆتر

ڕۆمەن گاری_ چیرۆک



وەرگێڕانی: شەماڵ وەلی

 

لە ساڵی ١٩٣٢ـدا، من و شەریکەکەم «ڕاکۆسین» سەفەرمان کرد بۆ مۆسکۆ. لە بازاڕی بۆرسەی نیۆ یۆرکدا زەرەرێکی زەبەلاحمان کردبوو- دەستکەوتی تەمەنێک زەحمەت و ڕەنجکێشان لە ماوەی بیستوچوار کاتژمێردا بە با چوو- و پزیشکان پێشنیاریان بۆ کردین بە تەواوی جەوێک بگۆڕین و چەند مانگێک دوور لە «وۆڵ ستریت» و تینوتاوەکەی ژیانێکی سادە و ئارام بەسەر بەرین. کەواتە بڕیارمان دا بچین بۆ سۆڤیەت. خاڵێکی سەرەکی هەیە لێرەدا دەبێت بیڵێم: ئێمە ئەم بڕیارەمان بە شەوقوزەقێکی پاک و بە مەیلێکی نیازپاکانەوە لە هەمبەر پێشکەوتن و دەستکەوتەکانی سۆڤیەت دابوو، ئەمەیش تەنیا سەڕڕافانی مایەپووچ لە بازاڕی نرخەکانی نیۆ یۆرک دەتوانن بە ڕێکی درکی پێ بکەن. بە واتای حەقیقی و مەجازی، ئێمە پێویستمان بە بەهاگەلێکی تازە بوو.
مانگی جێنیوەری بوو، مۆسکۆ پۆشەنی سپیی خۆی لە بەردا بوو. سەردانی مۆزەخانەی «شۆڕش»ـمان کردبوو، لەوێ کە هاتینە دەر بڕیارمان دا سواری گالیسکەخز[1] ببین و ڕاستەوخۆ بچین بۆ هۆتێل «میترۆپۆل» کە شوێنی مانەوەمان بوو. گەشتی ئێمە لە سۆڤیەت لەژێر سەرنجی ڕێکخراوی سەرنجکێشیی گەشتیاران ئەنجام دەدرا و پانزە ڕۆژ بوو کارمەندی ڕێنوێنییەکە بەوپەڕی بێڕەحمییەوە دڵی ئێمەی لەم مۆزەخانەیەوە بۆ ئەو مۆزەخانە و لەم شانۆیەوە بۆ ئەو شانۆیە دەبرد.
ڕاکۆسین لە پلیکانەکان کە دەهاتە خوارەوە گوتی:
ئێمە لەمێژە هەموو ئەم شتانەمان لە ئەمەریکا هەیە.
هەرجارێک کە ڕێنوێنەکە ئێمەی بۆ بینینی شوێنێک دەبرد، ڕاکۆسین بە ئەرکی خۆی دەزانی کە بڵێت: «ئێمە لە ئەمەریکاش ئەمەمان هەیە»؛ هەندێک جاریش بە دوایدا دەیگوت: «لەمە چاکتریش.» ئەمەی لە کۆشکی کرملین گوت، لە مۆزەخانەی «شۆڕش» گوتی، لە مەزاری لینینیشدا گوتی و کارمەندی ڕێنوێنەکە سەرەنجام بە خێسەکردنەوە تەماشای دەکردین. ڕاستییەکەی بڵێم، ئەم ئاگەدارکردنەوە بەڕاستی ناماقووڵانەی ڕاکۆسین لەوەی کە دواتر بەسەرماندا هات لەوانەیە بێ‌کاریگەری نەبووبێت.
بەفر دەستی کردبوو بە بارین و ئێمە پێمان لە زەوی دەکوتا و بۆ هەر گالیسکەخزێک کە تێ دەپەڕی سەرودەستمان ڕادەوەشاند. سەرەنجام گالیسکەخزێک ڕای گرت و ئێمە ڕەحەتوسەحەت تێیدا پاڵمان لێ دایەوە. ڕاکۆسین هاواری کرد: «هۆتێل میترۆپۆل.» گالیسکەخزەکە بە ڕێ کەوت و جا ئەوکات بوو کە من تێ گەیشتم گالیسکەوانەکە لە شوێنی خۆی نییە. هاوارم کرد:
ڕاکۆسین، گالیسکەوانەکە بە جێ ما.
بەڵام ڕاکۆسین وەڵامی نەدامەوە. ڕووخساری بەیانکەری واقوڕمانێکی بێپایان بوو. بە ئاراستەی نیگاکەیدا چووم و بینیم کە لە جێی گالیسکەوانەکە کۆترێک دانیشتووە. شتەکە خۆی لە خۆیدا سەرسامکەر نەبوو. لە کۆڵانەکانی مۆسکۆدا کۆتری زۆر دەبینران کە لە مابەینی تەرسەقولەکانەوە گەنمیان دەخوارد؛ ئەوەی ئێمەی سەرسام دەکرد ڕەفتاری ئەم کۆترە بوو کە بەبێ ئەملاوئەولا بووبووە جێنشینی گالیسکەوانەکە. هەڵبەت ناڵێم ڕکێفی کالیسکەخزەکەی بە دەستەوە گرتبوو، بەڵام لە تەنیشتیدا زەنگێک لەسەر پایەیەک هەبوو کە پەتێکی پێوە بوو. جارجار کۆترەکە پەتەکەی بە دەنووک دەگرت و ڕای دەکێشا: جارێک ڕای دەکێشا و ئەسپەکە بە لای چەپدا پێچی دەکردەوە، دوو جار ڕای دەکێشا و ئەسپەکە بە لای ڕاستدا.
من بە دەنگێک کە نەختێک توند بووبوو گوتم:
عەججایب! ئەسپەکەی چۆن ڕاهێناوە.
ڕاکۆسین نیگایەکی خۆفناکی لە من کرد، بەڵام هیچی نەگوت. جا خۆ شتێکیش نەدەگوترا. من بە درێژاییی تەمەنم شتی جێ‌باوەڕنەبووی زۆرم دیبوو. تەنانەت کۆمپانیای «مارس ئۆیل»م کە جێی متمانەی خەڵکانی جیهان بوو بینی، کە چۆن لە ماوەی بیستوچوار کاتژمێردا بە با چوو. بەڵام بینینی کۆترێک کە بەرپرسی هاتوچۆی گشتی لە شەقامەکانی پایتەختێکی مەزنی ئەورووپاییدا بێت؛ لە ژیانی منی بازرگانی ئەمەریکیدا ئەزموونێکی بێ‌پێشینە بوو. هەوڵم دا شتەکە بکەم بە گاڵتە:
دەی، ئاخرییەکەی شتێکمان بینی کە هێشتا لە ئەمەریکا نموونەکەی نییە.
بەڵام ڕاکۆسین تاقەتی ئەوەی نەبوو دەربارەی سەرفرازییەکانی کۆماری مەزنی سۆڤیەت لە بواری هاتوچۆی گشتیدا بکەوێتە بیرکردنەوە. وەکوو زۆربەی زەینە سەرەتایییەکان، لە هەرشتێک تێ نەگەیشتبا تووڕەی دەکرد. هاواری کرد:
من دەمەوێ دابەزم.
تەماشایەکی کۆترەکەم کرد. لە جێیەکەی هەڵبەزودابەزی دەکرد و وەکوو هەموو گالیسکەوانە ڕووسییەکان دەست و باڵی ڕادەوەشاند بۆ ئەوەی گەرمی ببێتەوە. لە پێگەی پێشەوایەکی سۆسیالیزمدا، بە هیچ جۆرێک هەیبەت و ویارقێکی نەبوو. تەنانەت کەمجار کۆترێکم بینیوە بە ئەندازەی ئەو سەبارەت بە سەروسیمای خۆی کەمتەرخەم بێت. ڕاستتان بوێ، چڵکنتر و ناشایستەتر لەوە بوو دوو گەشتیاری ئەمەریکی لە کۆڵانەکانی پایتەختدا بسووڕێنێتەوە. ڕاکۆسین دووبارەی کردەوە:
من دەمەوێ دابەزم.
کۆترەکە لە بنەوە تەماشایەکی کرد. وردورد تا لای زەنگەکە ڕۆیشت و پەتەکەی سێ جار ڕاکێشا. ئەسپەکە وەستا. لە ئەژنۆی چەپمدا هەستم بەو لەرزینییە دەمارییە دەکرد کە دەربارەی من نیشانەی پشێوییەکی دەروونییە. بەتانییەکەم لەسەر قاچم لا دا و کەوتمە خۆ کە دابەزم، بەڵام ڕاکۆسین وەک شتێک بۆچوونی گۆڕی. هەروا لە شوێنی خۆی دانیشتبوو، دەستەکانی لەسەر سینگی قفڵ کردن و ڕایگەیاند:
من دەمەوێ ئەم بابەتە ڕوون بکەمەوە. من ڕێگە نادەم گاڵتەم پێ بکەن. ئەگەر پێیان وا بێ هەروا بە ئاسانی دەتوانن سووکایەتی بە هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بکەن ئەوا سەریان دای لە بەرد.
من بەبێ ئەملاوئەولا، شتێکم نەدەبینی کە ئەو هەست بە سووکایەتی بکات و ئەمەیشم پێ گوت. سەرقاڵی ئەوە بووین جنێومان بە یەکتر دەدا کە لە پڕ زانیمان لە شەقامەکدا خەڵکێکی زۆر کۆ بوونەتەوە و ڕێبواران دەوەستن و بە سەرسامی تەماشامان دەکەن. ڕاکۆسین بە سستی و تیاماوییەوە گوتی:
تەنانەت تەماشای کۆترەکە ناکەن، تەماشای ئێمە دەکەن.
دەستم خستە سەر شانی و گوتم:
ڕاکۆسین، دۆستی ئازیز، کارێک مەکە ڕەفتارمان وەکوو لادێیییە ندی‌وبدییەکان بێ! هەرچی بێ، ئێمە لەم مەملەکەتەدا غەریبەین. ئەم خەڵکە حەتمەن باشتر لە ئێمە دەیزانن کە لە وڵاتەکەیاندا چ شتێک ئاسایییە و چ شتێک ئاسایی نییە. بیرمان بێ ئەم مەملەکەتە شۆڕشێکی گەورەی تێ پەڕاندووە. دەربارەی سۆڤیەت هەمیشە زانیاریی پڕکەموکوڕییان بە ئێمە داوە. ئەمانە بەڕاستی خەریکن دنیایەکی تازە بونیاد دەنێن. بە تەواوی ئەگەری هەیە بە سوودوەرگرتن لە شێوازە تازەکان ئیشگەلێکیان لە بواری پەروەردەی کۆترەکاندا ئەنجام دابێت کە لە وڵاتە کۆنینەکانی ئێمەدا کە چوونەتە خەوی غەفڵەتی چەندسەدساڵەوە هەر ڕۆحیشمان ئاگای لێ نییە. وای دابنێ ئەم کۆترە یەکێکە لە پێشەواکانی دنیای ئاییندە و ئیتر باسیشی مەکە. بەرزەبیر بە ڕاکۆسین، ئاستی خۆت تا ئەندازەی بەرابەرگرتن لەگەڵ نیازەکاندا بەرز کەرەوە. ڕاکۆسین، دەبێ لەخۆبردوو و بەخشەر بین. بۆچی قبووڵی نەکەین کە لە لایەنی سوودوەرگرتنی عەقڵانییەوە لە هێزی زیندوو بۆ کار، هێشتا لە ئەمەریکا زۆر شت هەن کە دەبێ فێریان ببین؟
ڕاکۆسین بە تۆنێکی ناحەزەوە گوتی:
سوودوەرگرتنی عەقڵانی لە هێزی زیندوو، شیڕ!
بەڵام من دەستبەردار نەبووم و بە باشترین شێوەزارە ڕووسییەکەم بەرز گوتم:
ئیزۆزچیک، واتە گالیسکەوان، ئیزۆزچیک، بە ڕێ کەوە! کولوکولچیک لێ دە، واتە زەنگەکە لێ دە! ئای، دا، ترڤیکا! ولگا، ولگا!
ڕاکۆسین هاواری کرد:
دەمت داخە، دەنا دەمودانت دەشکێنم!
لە پڕ دایە گریان. سەری خستە سەر سینگی من و بە دەم هەنسیکدانەوە گوتی:
من ئیهانە کراوم. ئای من چەند ئیهانە کراوم! دایکم لە کوێیە؟ من دایکمم دەوێ!
من بەرز گوتم:
ڕاکۆسین، مەترسە، من لێرەم. تا منت هەیە خەم مەخۆ!
هەموو کاتەکە، ئاپۆرای خەڵکی بێئیش لە شەقامەکە بە سەرنجێکی ئەتۆوە تەماشایان دەکردین. یەکەمین کەسێک کە لەم دیمەنە ماندوو بوو کۆترەکە خۆی بوو. بەبێ پێشەکی زەنگەکەی لێ دا، ئەسپەکە بە ڕێ کەوت و گالیسکەخزەکە بەسەر بەفرەکەدا کەوتە خزەخز.
جاربەجارێ کۆترەکە ئاوڕی دەدایەوە و نیگایەکی بە ڕقەوە تێ دەگرتین. ڕاکۆسین هەروا دەگریا و من لە دەوروبەری کەللەسەرم ئەو گوشارە سەیرەم هەست پێ دەکرد کە دەربارەی من نیشانەیەکی زۆر مەترسیدارە. گالیسکەخزەکە لە بەرامبەر باڵاخانەیەک کە بە ئاڵای سۆڤیەت ڕازابووەوە، وەستا. کۆترەکە لە شوێنەکەیەوە خۆی هەڵدا، لارەلار چووە باڵاخانەکەوە و پاش نەختێ لەگەڵ پاسەوانێکدا هاتە دەرەوە. من بە دەنگی بەرز گوتم:
هاوڕێ پاسەوان، ئێمە بە تەواوی پشت بە پشتیوانیی ئێوە دەسپێرین. ئێمە دوو گەشتیاری بێزیانی ئەمەریکین، کە بە جۆرێکی ناشایستە مامەڵەمان لەگەڵدا کراوە. ئەم ئیزۆزچیکە-
ڕاکۆسین پەڕییە ناو قسەکەم و بە پاسەوانەکەی گوت:
بۆچی ئەم کۆترە چڵکنە ئێمەی هێناوە بۆ بنکەی پۆلیس؟
پاسەوانەکە شانی هەڵتەکاند و بە زمانی ڕەوانی ئینگلیزی ڕوونی کردەوە:
ئێوە سەعاتێکی تەواو لەم گالیسکەخزەدا دانیشتوون و وەک شتێک نەتانزانیوە دەچن بۆ کوێ. هەروەها، هەڵسوکەوتی ئێوە لای ئەو سەیر بووە و تەنانەت پێی وایە ئێوە بە جۆرێکی هەڕەشەئامێز تەماشاتان کردووە. هاوڕێیان، ئێوە ئەوتان ترساندووە. ئەم ئیزۆزچیکە لەگەڵ گەشتیاران و ڕەفتارە سەیرەکانیاندا ئاشنا نییە. ئەو ببەخشن.
ڕاکۆسین بە تۆنێکی خەمگینەوە پرسی:
ئەمە هەمووی خۆی بۆی ڕوون کردنەوە؟
بەڵێ.
کەواتە ڕووسی دەزانێت؟
پاسەوانەکە وەک بڵێی بە قووڵی ڕەنجا:
ئەی هاوڕێی گەشتیار، دڵنیاتان دەکەمەوە کە نەوەدوپێنج لە سەدی خەڵکی وڵاتی ئێمە بە زمانی دایکیان بە باشی قسە دەکەن و پێشی دەنووسن.
تەنانەت کۆترەکانیش؟
کارمەندی پۆلیس بە تۆنێکی شکۆدارەوە گوتی:
هاوڕێی گەشتیار، من لە ئەمەریکا نەبوومە، بەڵام دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە کە لە وڵاتی ئێمەدا بەری پەروەردە و فێرکردن بەبێ جیاوازیی ڕەگەزایەتی خراوەتە بەردەم هەموو کەسێک.
ڕاکۆسین دەنگی هەڵبڕی:
لە ئەمەریکا ئێمەش کۆتری وامان هەن کە دەرچووی زانکۆی هارڤاردن و من خۆم دە-دوانزە دانە لەوانە دەناسم کە لەسەر کورسییەکانی مەجلیسی پیران دادەنیشن.
ئەمەی گوت و لە بنکەی پۆلیس ڕای کردە دەرەوە. بە دوایدا ڕۆیشتم. کۆترەکە لەگەڵ گالیسکەخزەکەیدا هەر لەوێ وەستابوو. وەک بڵێی چاوەڕێی وەرگرتنی کرێیەکەی بوو. تەماشایەکم کرد و لە پڕ ئەو بیرۆکە شوومە دای لە سەرم. لە تەنیشت بنکەی پۆلیسەوە مەیفرۆشییەک هەبوو. خۆم پێدا کرد و بە دوو بتڵ ڤۆدکاوە سەرکەوتووانە هاتمە دەرەوە. هاوارم کرد:
ڕاکۆسین، دۆستی ئازیز، من نهێنییەکەم هەڵهێنا.
پەنجەم بە نیشانەی ڕاگەیاندنی تاوان بەرەو کۆترەکە گرت و گوتم:
ئەم تەیرە بوونی نییە! ئەمە تەنیا خەیاڵێکی پووچە. ئاکامی لەعنەتیی خۆپارێزیی زۆرە لە مەیخواردنەوە، کە دوکتۆرەکان ئێمەیان پێ مەحکووم کردووە. جەستە ئاڵوودەکانی ئێمە توانای ئەم هەموو خۆپاریزییەیان نییە! بخۆرەوە تا ببینی کە چۆن ئەم کۆترە وەک خەونێکی درۆیین لە فەزادا مەحڤ دەبێتەوە و لەناو دەچێت.
ڕاکۆسین بە خۆشییەوە گوتی:
با بخۆینەوە!
کۆترەکە بە بێشەرمییەکی ئاشکراوە پشتی لە ئێمە کردبوو. من هاوارم کرد:
تەماشا، خەریکە ون دەبێ. دەزانێ کە چەند ساتێک زیاتر لە عومری نەماوە.
خواردمانەوە. یەک چارەک لە بتڵەکەمان تەواو کردبوو و کۆترەکە هەروا لە شوێنەکەی خۆیدا دانیشتبوو. دەنگم هەڵبڕی:
دەبێ سوور بین لەسەری. بەهێز بە ڕاکۆسین. وەها پێستی هەڵکەنین کە یەک پەڕیشی پێوە نەمێنێ.
بتڵەکە کە بە نزیک نیوەی گەیشت، کۆترەکە ئاوڕی دایەوە و چاوی لێمان بڕی. من واتای ئەم تەماشایە تێ گەیشتم و بە لاڵەپەتەیی گوتم:
نا، نا! ڕەحم نا! تکا دەکەم!
کە بتڵەکە گەیشتە نیوە، کۆترەکە ئاهێکی هەڵکێشا و کاتێک گەیشتە یەک لە سێی ئاخر، بە زمانی ئەمەریکی و بە شێوەزاری گەڕەکی «برۆنکس»ـی نیۆ یۆرک پێی گوتین:
کاکینە، ئێوە وەکوو دوو کەسی نوێنەری وڵاتە جوان و گەورەکەتان هاتوونەتە وڵاتێکی بێگانە و لە بری ئەوەی بە ڕەفتارێکی شایستە و پەسەند، نموونەی بێخەوشییەکانی نیشتیمانەکەتان بن، وەکوو ئاژەڵ لە ناوەڕاستی کۆڵانەکەدا عەرەق دەخۆنەوە و خۆتان مەست دەکەن. کاکینە، من بە تەواوی لە ئێوە بێزار بووم!
... من ئەم دێڕانە لە یانەکەماندا دەنووسم. نزیک بە بیست ساڵ لەو ڕووداوە ترسناکە، کە دەستپێکی وەرزێکی تازە بوو لە ژیانی ئێمەدا، تێ دەپەڕێت. ڕاکۆسین لە تەنیشت منەوە لەسەر لقی چلچراکە دانیشتووە و وەک خووی هەمیشەییی خۆی دەبێتە ڕێگر لە بەردەم ئیشکردنەکەمدا. ئەرێ هۆ خانمەپەرەستار، خانمەپەرەستار، تکایە بەم تەیرە نەفرەتییە بڵێن ئەوەندە دەست لە باڵەکانی من نەدات، ئاخر من دەمەوێت شت بنووسم.

[1] گالیسکەی بێ‌چەرخ، کە ئەسپ بەسەر بەفردا دەیخزێنن/ڕای دەکێشن.


ئەم بابەتە 86 جار خوێندراوەتەوە