262732061_1044960813022502_2547785666387025075_n.jpg

ژیانێکی خەمناک

ئیسماعیل سابیر

 

 

نیوەشەوە لەسەر تەختەخەوەکە نیت، بە یادت ئیترهەڵی دەدەم پێک لە دوای پێکی تاریکی کە پەرێشانییەو دەچەقێ بە بنمیچی ژووری بەشەناوەخۆییەکەدا

کات دەستەمۆی نیگایەکی کێوییانە دەبێ، زەمەن هەڵدەکشێ؛ لە نازی چاوەکانت کە نەبووم و

مەحروم؛

ژیانم بە کارەسات کۆتاییی هات.

 

نەدەچووی سەرەتا،

ئێستا کە دەچی بەو شەقامە، دوای یەکەمین وانە؛ کافتریاکەی زانکۆ بانگی وچانێک لە یادەوەریی دەکات. بەڵام هێندە خەواڵوویت سەیری هەر لایەک بکەی پەیڤێک لە تەماشای ئەو کچانە نابینییەوە کە ڕۆژانێک ساتمەت لە لێویان دەکرد.

 

ڕەزێکی بێ جۆگەڵە بووی تۆ

لەنێو شتڵی تەماتە خۆڕسکانە پێگەیشتی

بەڵام کە لە دەشتەدوورەکان بێخاوەن جێهێڵدرای

تژی بووی لە ڕنینەوەی بەروبوومی گریان

شانێکت لە چاوەڕوانیی مانگەشەو دا

ئاو وەک نامۆیەک خۆی پێناسە کرد، ئەوکات

چونکە فەوتای،

جگەرەی دەستیشت خەریکبوو بۆیە لەنێوانی پەنجە لەرزیوەکانت جێی نەبێتەوە.

 

کە یاوەرێکت نەبوو، لەناو گەجەرگوجەری ئەدەب حەتمەن دەبیتە گاڵتەجاڕی زمان، لەبەر ئەوەی حیکەحیکی قوتابییەکان لەسەر مێز و ئاهەنگی لەدایکبوونەکەیاندا ڕۆژانە وەک ژاوەژاوی مێشوولە عەرزەکەت دەسووتێنن، ئەودەم، ئەوان چونکە نەیانزانی هەڵمژینی جگەرە تێکەڵ بە هەڵمی چا، کاردانەوەی هەستێک بوو وەک سەرمای ناوەوە؛

ئینجا ژیانی لێ بچوک کردمەوە.

 

لەبەرئەوەی کەس نازانێ تۆ تەرمێکی خوێناوییت وەک بڕنۆ بە شانی خەیاڵەکانتەوە ناوە

شەوان لێ ناگەڕێ بخەویت، ئەو تەرمە

حەزدەکەم وەک دەرچوونێک لێی، بیخەمە دێڕە شیعرێک و چەشنی بتڵە خوێنێک بەخۆڕایی بیبەخشمەوە

چونکە بۆنی کاسەسەرەکەی خەریکە بیناییم لێژ بکات.

 

جیا لە باخی سێو

لەبەر ئەوەی تۆ تەنیا گەڵات ناسیوە بۆیە لە هەموو وەرزەکان دەگەڕێیتەوە وهەر بانگی درەختەکان دەکەی

بەدوای مندا دەگەڕێی

کەچی لە جیاتیی شەو

"با" بە خۆیی و ڕاوچییەکانی دێ،

ئەڤین وەک شتێکی لەدەستتچوو کە ڕۆیی پیاسە بەدڵنیایییەوە دڵئێشانیشی تێ دەکەوێ.

 

لەو ساتەی کە لە داڵانەکەی کۆلێژ خۆشباوەڕیی دەستخەڕۆی هەنگاوێک دەبێ، نیگای کچە زۆرزانەکان ئارامیت ڕاو دەکەن، بە جلوبەرگ و سەرتاپای ڕووخسارتدا شۆڕ دەبنەوە، ئەوان

شەرم بە بەستەڵەکی کپیدا هەڵناشاخێنن

قاچەکان چونکە هەراسانن

وەک مەراسۆنێک لە خەم، حەز دەکەی هەڵبێی

چونکە تا ئەم چرکەیە نەتناسیون جگە لە خۆر و

مامۆستاکانت کە هەمیشە بەگلەیین لە درەنگکەوتنی بەیانیان

وەک زەردەخەنەی هاوڕێکانت کە ئاوێنەی درۆ بوون

چونکە هەریەکەو بە چەقۆیەکی ڕەونەقدارەوە

ئەوان ڕۆژانە لە بۆسەی بریندارکردنت دان.

 

لە ئەزمەی خۆشەویستی و ساڵی نەهاتییەکەدا

من ڕەگی وەفام لە خاکە خوێناوییەکانی عەشق چەقاند

بەڵام هەوری سەر ئەو کێڵگە فریودەرانە ڕۆژانە کە قاقای وشکەساڵیی بە ڕووبەری چاوەڕوانیی دادەباران،

درەنگبوو،

کاتێ کە زانیم؛

ئینجا جێهێڵدرام.

 

پاییزی٢٠٢١


ئەم بابەتە 329 جار خوێندراوەتەوە