12316096_651327914970869_6970401914579239308_n.jpg

(خەباتی من) لە ڕۆمانەوە بۆ شانۆ

دانا ڕەئووف



(خەباتی من) ڕۆمانێکی گەورەی شەش بەشییە و لەسەر بیۆگرافیای نووسەرەکەی (کارڵ ئوڤە کناوسگۆرد)، کە نووسەرێکی هاوچەرخی نەرویژییە، ڕۆنراوە، ئێستا ئەم ڕۆمانە لەسەر شانۆی شاری ستۆکهۆڵم لە نەمایشێکی سەرنج ڕاکێشی شانۆییدا پێشکەش دەکرێت. ریژیسۆری ئەم پرۆژەیە و بۆ چارەسەرکردنی کێشە هونەرییەکان و بەرجەستەکردنی ڕۆمانێکی چڕی شەش بەشی، چوار کارەکتەری دروست کردووە، کە هەر چواریان هەمان کەسن؛ واتە منی نووسەر و قۆناخەکانی ژیان و بەشەکانی بیۆگرافیای ڕۆمانەکەن. شانەکانی ئامادەکردن و بە شانۆکردنی ئەم ڕۆمانە لە چەمکەکانی ڕووبەرووبوونەوەی کەسی تاک بەرامبەر بە گروپ/منی نووسەر بەرامبەر بە کۆمەڵ، ڕەنگیان داوەتەوە و بۆتە بنەمایەکی ئەو ستراکتورەی نەمایشەکەی لەسەر ڕۆنراوە.
بەشی یەکەمی (خەباتی من) کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بڵاو کراوەتەوە، سرووشی لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی مارسیل پرۆست (گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو) وەرگیراوە و باسی ئەو نووسەرەی بە دوای کاتی لەدەستچووی منداڵی خۆیدا وێڵە، دەکات. خودی پرۆژەی نووسەر لەم شەش بەشەی ڕۆمانەکەدا، جۆرە تەقەلایەکە بۆ تێگەیشتن لە هەست و سۆزەکانی خۆی، بۆ پارچە پارچەبوونی (من)ەکانی و ئەو هەستکردنە بە بەتاڵی رۆحی، وەک ئەنجامێکی پەیوەندییە گرژ و ناجۆرییەکانی منی نووسەر بە باوکێکی بەدمەست و تێکشکاو و دەروونێکی ناجێگیرەوە. هەرچەندە ڕۆمانەکە گەشتێکی پڕ لە نۆستاڵگیایە بە ساڵانی ١٩٧٠کانی نەرویژدا، بەڵام خوڵقاندنی چیرۆکێکیشە، کە کورێکی گەنج، لە ڕێگای چەندین ئەزموونەوە خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم زنجیرە ڕۆمانە، لە دیدی ئەو گفتوگۆ توندەوەی دەیورووژێنێت، نووسەر دەگەیەنێتە ئەو دەروازەیەی، کە خۆی لە ڕۆمانەکەدا دەدۆزێتەوە، لە هەمان کاتدا بزریش دەکات و ددان بەوەیشدا دەنێت، کە هەرچەندە ڕۆمانەکە لەسەر بنەماکانی ژیانی خۆی و پەیوەندییەکانی بەکەسە نزیکەکانییەوە ڕۆنراوە، بەڵام بەشێکی زۆری تەنها فیکشنە.
کناوسگۆرد یەکەم ڕۆمانی لە ساڵی ١٩٩٨دا بە ناوی (لە جیهان بچۆرە دەرەوە) بڵاو دەکاتەوە، ڕۆمانەکەیش باسی گەشە و گەورەبوونی پیاوێکی گەنج، بە تایبەتی لەساڵەکانی بەرایی ژیانیدا، دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٤دا دووهەم ڕۆمانی (کاتێک بۆ هەموو شتێک) بڵاو دەکاتەوە، ئەم ڕۆمانەیش بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردەوامی و خوێندنەوەیەکی ترە بۆ یەکەم ڕۆمانی؛ ڕووداوەکانیشی، کە سرووشی لە ئینجلەوە وەرگرتووە، لەنێوان ئەتمۆسفێرێکی ئینجیلی و گوندە دوورە دەستە نەرویژییەکاندا ڕوودەدات، زیاتریش باسی پەیوەندییە مرۆڤایەتی و خواوەندییەکان دەکات.
(خەباتی من)، کە هەر شەش بەشەکەی لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١دا بڵاو کراونەتەوە، لە هەناوی ڕۆمانەکانی ترییەوە لە دایک بووە. کتێبەکان لای ئەم نووسەرە، جۆرە واقیعیەتێک و ڕاستییەک و ژیانێکی دەرەکی وا لە خۆدەگرن، کە زۆر ڕاستیتر و واقیعیترە لە ژیانی خۆی. نووسەر لەنێو بنەما کۆمەڵایەتی و ستراکتوری ڕێسا مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاوە، ڕاستییەکی رۆحی شاراوە دەکاتە شتێکی دیار و بینراو و هەستپێکراو.
ریژیسۆرێکی نەرویژی ئەم ڕۆمانەی بۆ شانۆ ئامادەکردووە؛ ئامادەکردنەکەیشی لە چڕکردنەوە، کورتکردنەوە، بە شانۆکردن و دابەشکردنی (منی) نووسەردا، بۆ سەر چوار کارەکتەری تر، کۆبۆتەوە. دابەشکردنی (منی) نووسەر لەلایەن ئەم ریژیسۆرە، دابەشکردنێکی سیکۆلۆژی یان لەتوپەتکردنی منی نووسەر نییە، هێندەی دابەشکردنێکی شانۆیی و ئێستاتیکییە.
چوار ئەکتەر لەسەر شانۆ ڕۆڵی چوار (کارڵ ئوڤە کناوسگۆرد) دەبینن. ئەکتەرەکان زۆر بە ئاسانی لەنێوان دەقە (من)ییەکان و ئەو کەسانەی منی نووسەر ڕووبەروویان دەبێتەوە هاتووچۆ دەکەن، بەم شێوەیەیش ڕۆمانەکە دەبێتە بەشێک لەو دەقە شانۆییەی، کە کارەکتەرەکان لە خودی (من)ی نووسەرەوە دێنە دەرەوە، لەگەڵ کەسانێکی تر دەژین، بە فیزیکی بەر پانتاییە جیاوازەکانی ستراکتورە کۆمەڵایەتییەکە دەکەوێت و هەر چوار منەکە، ژیانی تایبەتی خۆیان لە کۆنتێکستی ڕۆمان/نەمایشەکەدا هەیە و دەژین.
دەنگی (باوک) کە هەژمونێکی گەورەی بەسەر (منی) نووسەرەوە هەیە، تەنها دەنگێکە و لەسەرەوە و لە پانتاییەکی نادیارەوە، دەبیسترێت، ئەم دەنگە وەکوو هێزێکی نەخوازراو، لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، دەنگ دەداتەوە، جووڵەی منەکانی سەر شانۆکە پەک دەخات، هەندێک جار وریایان دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا واقیعێکیان بیردەهێنێتەوە، کە منی نووسەر دەکات بە بەشێکی دانەبڕاو لەو واقیعەی نایەوێت بیری بکەوێتەوە. لەم ڕەوشەدا، هەر چوار کارەکتەرەکەی (منی) نووسەر لە بەریەککەوتن و پارچەپارچەبوونێکی فیزیکییەوە دەبات بۆ ڕەهەندێکی فەلسەفی. تێڕامانێکی قووڵ لە منی ئێستا، بە بەراورد لەگەڵ منی ڕابردوو و بەستنەوەیشی بە منێکی تری نادیارەوە.
شانۆکە جگە لە تاشەبەردێکی گەورە، کە لە ناوەڕاستی پانتایی شانۆکەدا دانراوە، هیچ شتێکی تری لەسەر نییە. ئەم بەردە چەندە سمبۆلی دابڕان و لێکترازان و پەیوەندییەکی ڕەقە، هێندەیش سمبۆلی ویستێکی پتەوە بۆ خوڵقاندنی (منێکی) بەهێز، هاوکات بەرپەرچدانەوەیەکی سیزیفیشە.
ئەم ریژیسۆرەی لەگەڵ ئەم ڕۆمانە نەرویژییە کاری کردووە، لە زۆر شوێندا، بە شێوەیەکی شانۆیی کارەکتەری (منی)ی نووسەری ڕۆمانەکە دەبەستێتەوە بە کارەکتەرەکانی ئیبسنەوە و وەک بەشێک لەو کارەکتەرانە، بۆ نموونە (یەڵمەر ئێکداڵ) لە شانۆنامەی (مراوییە کێوییەکە)دا، ڕەفتار لەگەڵ ڕەوشەکە دەکات و دەبێتە لایەنێکی تری ئەو کارەکتەرە. ئەوەی لەم کارەدا گرینگە، وەک پرۆسە هونەرییەکە ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەویە، کە ریژیسۆری نەمایشەکە، چەندە بنەما و هێڵە درامی و بەسەرهاتە جۆراوجۆرەکانی ئاسان کردۆتەوە، هێندەیش کاری لەسەر دورەوپەرێزی، جۆرە نامۆبوونێک لەگەڵ خودی ڕۆمانەکەدا کردووە تا ئەوەی لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکرێت، رۆحێکی تایبەتمەندی خۆی و ژیانێکی تری خۆی لە دەرەوەی ڕۆمانەکەوە هەبێت. نەمایشەکە چەندین هێڵی سەرەکی ڕۆمانەکە، بۆ نموونە ئەدەبی، مێژوویی، ستراکتورە جیاوازەکان، کە نووسەر زۆر بە سەلیقەوە پێکەوە چنیونی، بەرجەستە دەکات. زۆرجار (من)ی نووسەر لە پرۆسەیەکی چڕی خودگەرا، وەک هاملێتێکی سەرچڵ، بێپەروا و نائارام دەردەکەوێت، بەشەکانی تری ئەو منە، کە لای سێ کارەکتەرەکەی ترن، دەبنە بینەرێکی بەشداری ئەو نەمایشە هاملێتییە. ئەوەی لەم خوێندنەوەیەدا گرینگە ئەو دەنگدانەوە بەردەوامەی دەنگی نووسەرە، کە بۆ نموونە لە هاملێت یان یەڵمەرەکەی ئیبسندا، وەکوو خودێکی تاک دەنگ دەداتەوە و هەندێک جاریش، وەک پاڵەوانێکی تەنها ڕووبەرووی چارەنووسی خۆیی و مێژووی جیهان دەبێتەوە.
ئەکتەرەکان دەتوانن ئەوەی ناگێڕدرێتەوە، ئەوەی ناگوترێت و ئەوەی بێ وشە و بێ دەنگە، لەنێو تاریکییەوە بهێننە دەرەوە، نەمایشەکەیش دەبێت بە شتێکی تر، جیاواز لە ڕۆمانەکە، شتێکی تر بە تەنیشت ڕۆمانەکەوە


ئەم بابەتە 103 جار خوێندراوەتەوە