267565036_10160249869802878_103065225894642644_n.jpg

لە دەرەوەی سینەما دەمەتەقێیەک لەگەڵ ئینگمار بێرگمان_بەشی سێیەم

سازدانی: ئەی. ئەلڤارێس

و/ دلاوەر قەرەداغی

(ئەم دەمەتەقێیە ساڵی ١٩٧٥ کراوە...)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
||| بەشی سێیەم

ئەلڤاریس:
لەگەڵ ئەوەشدا سەد ساڵ لەمەوبەر کارێکی لەم جۆرە شتێکی تەواو جێگەی قەبوڵ بوو، تەنانەت شایانی ڕێزیش بووە. هەمیشە بۆ ژنانێک کە بریاریان دەدا شوو نەکەن یان منداڵ نەخەنەوە، جێگەیەک هەبوو تا بە شێوازی دڵخوازی خۆیان تیایاندا بمێننەوە، بۆ نموونە کڵێسا.

بێرگمان:
سەد ساڵ لەمەوبەر ژیان زۆر هاسانتر بوو. لەبەرئەوەی هەموو نەوەکان لەپاڵ یەکدا دەژیان. ئەو زەمانە ئەگەر ژنان ناچار بوونایە شانبەشانی مێردەکانیان لە کێڵگەدا کار بکەن، ئەوا هەمیشە نەنکێک، دایەنێک، ئامۆزا و پوورزایەک هەبوو تا ئاگای لە منداڵەکانیان بێت. ئەمڕۆ بابەتی ژن و مێردایەتیی و بۆنەکانی کۆمەڵایەتیی زیاتر ئاڵۆزترە و بە بڕوای من مەترسی ئەوە بۆ منداڵان زیاترە. ژنان بە درێژایی ڕۆژ لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن و عەسران شەکەت و خەمین بۆ ماڵەوە دەگەڕێنەوە و هەوڵ دەدەن فریای ئامادەکردنی خواردنێک بکەون و بە کاروبارەکانی ماڵدا ڕابگەن. ئەوانە کات و وزەی پێویستیان بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانی خۆیان نییە، کە هەڵبەتە ئەوە خاڵێکی ئازاردەرە، لەبەرئەوە ئێمە هەروا بە دوای ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێین.

ئەلڤارێس:
هەڵبەت من لەگەڵ ئەو تیۆرەیەدا نیم. بەڵام فامی دەکەم، چونکە وەک هەر منداڵێکی تری چینی ناوەندی دەیەی سی ئینگلستان، منیش لەژێر چاودێری دایەنێکدا گەورە بووم و بە دەگمەن دایک و باوکی خۆم دەبینین.

بێرگمان:
منیش ڕێک بەهەمان شێوە بووم. من لەگەڵ دایک و باوکمدا دەژیام، بەڵام هیج پەیوەندییەکم لەگەڵیان نەبوو. ئێمە نەماندەتوانی پێکەوە لەبارەی هیچ بابەتێکی دیاری کراوەوە قسان بکەین. تەنها کاتێک توانیمان لە ئارامییدا دانیشین و پێکەوە قسان بکەین کاتێک بوو کە دایکم بۆ جاری سێیەم جەڵتەی دڵ لێی دا. دایکم تەمەنی ٧٩ ساڵ و من ٢٦ یان ٢٧ ساڵ بووم. دڵنیام ئەگەر لە لانکی منداڵدا گەورە بووبام، ئەوا وەک منداڵێک خۆشحاڵتر و بەختەوەرتر دەبووم.

ئەلڤاریس:
ئایا دەکرێ سیستمی پەرستاری منداڵان بە یەکەم هەنگاو لە شاڕێگەی پچڕانی تەواوەتی بابەتی هاوسەرگیری لە بیروبۆچوونە سونەتییەکان بزانرێت؟

بێرگمان:
وڵاتێک بە دەوڵەمەندیی سوێد لە توانایدایە ئازادی تەواو بداتە هەر تاکێک تا شێوەی ژیانی خۆی هەڵبژێرێت. ئەگەر کەسێک بیەوێ شەش سەعات لە ڕۆژێکدا ئیش بکات، ئەوا دەتوانرێ شەش سەعات کاری لە ڕۆژێکدا بدرێتێ. ئەگەر کەسێک بیەوێ لەبریی سەعات حەوت، سەعات دە دەست بە کار بکات، دەتوانرێ سووک و هاسان ئەو بابەتەی بۆ جۆر بکرێ. ئەگەر ژنێک بیەوێ سێ ساڵ لە ماڵەوە و لای منداڵەکانی بمێنێتەوە، ئەوا دەبێ پارەی بدەینێ. ئەگەر دوو کەس بیانەوێ تەڵاق لە یەک وەر بگرن، دەبێ یارمەتییان بدرێ تا جیا ببنەوە. ئێمە سەرچاوەی پێویستمان بۆ دابین کردنی هەموو ئەو خەرجییانە هەن. کێشەکە لێرەدایە کە حکومەتی ئەم وڵاتە تا ڕادەیەک وەک پەرستار هەڵسوکەوت دەکا. حکومەت دەیەوێ ڕۆڵی دایەنمان بۆ ببینێ. حکومەت بە تەرزێکی سەختگیرانە پێمان دەڵێ دەبێ ئەم یان ئەو کار ئەنجام بدەن، لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی خۆتاندایە. پاشان دەکەوێتە سازان و ئێمە ناچار دەبین کارەکان بە شێوەیەکی جیاواز ئەنجام بدەین. ئەم گۆڕانکارییانە هەستێک لە بێدەسەڵاتی، هەستێک لە سستی و تەمبەڵییمان تێدا دەخوڵقێنێ.

ئەلڤارێس:
ئایا پێت وا نییە بێدەسەڵاتیی، ئەویش کاتێک کە ئەوانی تر خەریکی کار و هەوڵن بۆ ئێوە، دژوار و ناشایستە بێت؟

بێرگمان:
ئەمەی تۆ دەیڵێی بابەتێکی تری پەیوەست بەم بەهەشتە زەمینییەوەیە. زوربەی خەڵک لە ڕووی زەینییەوە بە کەم دەگیرێن. کاتێ شەش سەعات کاری ڕۆژانە دەسەلمێنرێ، ئەوا کێشەی زۆر دروست دەبێ. خەڵک دوای سەعاتەکانی کار چی لەو هەموو کاتی ئازادە بکەن؟ لە وڵاتێکی وەک سوێد کە مادەگەرایی لەوپەڕی چڕییدایە، ئێوە بۆ پەروەردە کردنی منداڵەکانتان و هاندانیان لەبریی خوێندنەوەی گۆڤاری زەرد و چیڕۆکی وێنەدار، کتێب بخوێننەوە، دەبێ ڕێگەچارەیەک بدۆزیتەوە، کە هەڵبەتە کارێکی سەختە. بۆ نموونە من کوڕێکی دوازدە ساڵانم هەیە، ئەو منداڵێکی زرینگە، بەرامبەر ژیان تا بڵێی کونجکاوە، بەڵام هەرگیز کتێب ناخوێنێتەوە. ئەو (١)Donal Duck و چیڕۆکی وێنەداری تایبەت بە هیۆلاکان دەخوێنێتەوە و حەزی لە خوێندنەوەی کتێبی جیددی نییە. ئەگەر خەڵک کتێب نەخوێننەوە، کێشەی هەمەجۆر دروست دەبێ. تا زەمانێک کە وشە گرینگترین ئامڕازی پەیوەندی خودئاگایانەیە، ئەدی میللەتێک کە بە وشە نامۆ بێ، چ چارەنووسێکی دەبێت؟ ئەم بابەتە هەم بە هەستەکان و هەم بە بابەتە هۆشەکییەکانەوە ڕایەڵە. ئەوان هەستیان هەیە، بەڵام توانای توێکاری و ڕاڤەیان نییە، لەبەرئەوەی بە وشە نامۆن. ئەوانە توانایان نییە وشە بۆ گوزارشت کردن لە ئەزموونی ئاڵۆزی خۆیان لەپاڵ یەکدا ڕیز بکەن، ئەوانە شێوازی کاریگەری کردنە سەر ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن و نائاگایانە یەخەگیری نائومێدی و ناقاییلمەندیی دەبن. ئەوسا ئەگەر پێیان بڵێن "ئێوە ناقاییلەمەند و نائومێدن، چونکە ناتوانن سوود لە وشە بۆ دەربڕینی ناوەوەی خۆتان ببینن"، ئەوا بە شێتتان دەزانن.

ئەلڤارێس:
دوکتۆر مارتینسون یان ئەندازیار یوسفسون و هی تر. وەک بڵێی کەسێک تەنها بەناونیشان کە دەچێتە پێش ناوی ئەو، ئیتر شوناسی خۆی دەدۆزێتەوە.

بێرگمان:
گرینگترین و قورسترین کاری ئێمەی هونەرمەندان بەرامبەر دەوڵەت و خەڵکی وڵات ئەم خاڵەیە کە ئەوان بەتەنها تەن نین لە قوتوویان بنێین و ناونیشانێکیان پێوە بلکێنین. ئێمە دەبێ بەردەوام دووبارەی بکەینەوە:" ئێوە شت نین. ناتوانرێ ئێوە لە قوتوو بنرێن. ئێوە مرۆڤن. بوونەوەری ئاڵۆزن، خودان کولتوور و بێسنوورن و کتوپڕ لەسەر ئەم گۆی زەوییە و لەنێو ئەودوای ئاکنجییاندا دەرکەوتوون."

ئەلڤاریس:
ئایا ئەوان باوەڕ بە قسەکانتان دەکەن؟

بێرگمان:
نەء، بەڵام دەبێ ئێمە لە هەوڵی خۆمان بەردەوام بین. ئەگەر ئێمە بەم شێوەیە لە گوتنی ئەم قسانە بەردەوام بین و کۆمەک لە خەڵکانی گەورەی وەک شەکسپیر، مۆلێر، ستریندبێرگ، ئێپسن و مۆزارت وەربگرین، ئەوا ڕەنگبێ پلە بە پلە بتوانین هەستێک لە دەوڵەمەندیی بوونگەراییان تێدا دروست بکەین و چەمکی ئازادییان تێدا بەهێز بکەین. بەڵام من خۆم سەبارەت بە دەرەنجامی کارەکە گەشبین نیم. بۆیە ئەگەر ئێوە لە من بپرسن: ئەدی بۆچی هەر کار دەکەم و لە کارکردن بەردەوامم، ئەوا دەبێ پێتان بڵێم کە من ئەم کارە بۆ خۆم دەکەم نەک بۆ خەڵکانی تر. لە گۆشەنیگای منەوە هەر درامایەک چ ئایینی یان سیاسی، درامایەکی دەروونییە و لە دەروونی خودی خۆمەوە دەست پێ دەکا. جا چ باشتر ئەگەر دەرەنجامی کارەکە لە قازانجی خەڵکانی تریشدا بێت.

ئەلڤارێس:
بەڵام فیلمی "دیمەنگەل لە ژن و مێردایەتییەک" پێشوازییەکی جیهانیی بەرفراوانی لێ کرا. وا نییە؟

بێرگمان:
بەڵێ. من خۆیشم لەو پێشوازییە سەرم سووڕ ما. من دەقی ئەو فیلمەم تەنها بۆ خۆشیی نووسی و نەمدەزانی چی لێ بکەم. ڕووداوەکانی ئەم فیلمە لە چارەنووسی وینی گەمژە(٢) دەچێت. دەزانیت کریستۆفەر ڕابین(٣) نەخۆش دەبێ و هەموو شەوێک بەر لە خەوتن، ئالن ئەلیکساندەر میلن- ی باوکی، یەکێک لەم چیڕۆکە کورتانەی خۆی بۆ دەخوێنێتەوە. پاشان کریستۆفەر هەموو ئەو چیرۆکانەی لە کۆمەڵەیەکدا نووسینەوە و ئیدی کتوپڕ سەرجەم خوێنەران لێرەو لەوێی دنیادا پێشوازییان لە وینی گەمژە کرد. "دیمەنگەل لەژن و مێردایەتییەک" یش هەر بە هەمان شێوە بوو. من ئەم فیلمەم هەر بۆ سەرگەرمی و بۆ خۆم نووسی. بە دیمەنی سێیەم دەستم پێ کرد. پاشان چوارەمیم نووسی و دواتر دووەم. تەنها چوار هەفتەی خایاند. سەرنج بدە کە ناونیشانی فیلمەکە "دیمەنگەل لە ژن و مێردایەتییەک" ــــە، نەک "ژن و مێردایەتی". بە بڕوای من ئەو فیلمە فیلمێکی تەواو کەسەکییە. هەرچەند ئەو ئەزموونە کەسەکییە کتوپڕ گشتەکی بوو و ژمارەیەکی زۆر خەڵک وەک ئەزموونێکی هاوبەش باسی دەکەن. بۆ نموونە لە دانیمارک ئاماری جیابوونەوە دوای نمایشی فیلمەکە هەڵکشا...

ئەلڤارێس:
پێم وایە فیلمێکی سەرسوڕهێن بوو، بەڵام ڕەخنەیەکیشم لێی هەیە. ئەویش ئەوەیە منداڵان نە لە ژن و مێردایەتییەکە و نە لە جیابوونەوەکەدا هیچ ڕۆڵێکیان نەدەبینی.

بێرگمان:
ڕاستە. بەڵام من مەبەستم بوو ڕوانینم لەسەر دوو کەسێتی سەرەکی، واتە ماریان و یوهان چڕ بکەمەوە، هەر بەو پاساوە هاوڕێ و کەسوکارەکانیانم بە تەواوەتی لە تێکستەکە کردنە دەرەوە. ئەگەر منداڵانم بخستنایەتە ڕووداوەکانەوە ، ئەوا گێڕانەوەکە بە دوو بەڵگەی ئاشکرا ئاڵۆزتر دەبوو. یەکەم: ئیشکردن لەگەڵ منداڵاندا زۆر سەختە و دەرهێنەران عادەتەن زیڕەی لێ دەکەن. دووەم: چارەسەری ئەو بابەتە بۆ من زۆر دژوار بوو. تۆ دەزانیت من شەش جار ژنم هێناوە، تا بەر لە تەمەنی سی ساڵیی سێ جار ژنم هێنابوو و بووبوومە خاوەنی پێنج منداڵ. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەی لەو چەشنە بۆ من زۆر ترسناک بوو. بۆیە بە خۆم گوت کە من وەک مرۆڤ یەخەگیری زۆر ناکامیی ئابڕووبەرانە بووم، لەبەرئەوە دەبێ هەوڵ بدەم وەک دەرهێنەر کارەکان بە دروستی ئەنجام بدەم. هەربۆیە پەنام بۆ شانۆ و ستۆدیۆکانی فیلم برد. ئێستا لە ژیان لەو ژینگەیەدا هەست بە بەختەوەری دەکەم. لەگەڵ ئەوەشدا من هەموو ژیانم وەک سەگی پێ سووتاو هەر خەریکی ڕاوڕاوێن بووم، تا ئەو کاتەی ژیانم لە دوورگەی فۆر Fårö دەست پێ کرد. ئەوە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر بوو. ئیدی لەو ساتەوە هەموو شت گۆڕا. وازم لە ڕاکەڕاک و هەڵاتن هێنا. ئارام بوومەوە و هەوڵم دا بە ژیانی خۆمدا ڕا بگەم و بچمە نێو ڕەوشێکی نوێوە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(١) Kalle Anka بە سوێدی.
(٢) Poohthe Winnie ناوی ورچێکی چیرۆکەکییە کە ئالن ئائیکساندەر میلن
(١٨٨٢- ١٩٥٩)، چیرۆکنووسی بەریتانیی منداڵان خوڵقاندوویەتی.
(٣) Christopher Robin کوڕی ئەی. ئەی. میلن.

ماویەتی


ئەم بابەتە 90 جار خوێندراوەتەوە