jjj.jpg

ڕۆمانی پتەویی کەڤر

عەبدولغەنی کاکۆ

سەرنج و ڕەخنە

 

شەشەمین ڕۆمانی نووسەری ئەڵمانی (یورگ ماورەر)ە. ئەم ڕۆمانە ساڵی ٢٠١٤ بڵاو بووەتەوە و لەڕیزی ڕۆمانە فرەخوێندراوەکانی ئەڵمانیایە و لە میانی ئەم چەند ساڵەدا (بەپێی گۆڤاری دێر شپیگل) چەند جارێک بووەتە پڕفرۆشترین کتێبی کتێبخانەکانی ئەڵمانیا. لێرەدا دەمەوێ وەک نموونەیەکی ڕۆمانی ئەم سەردەمەی ئەدەبی ئەڵمانی چەند سەرنجێکی خۆمی لەبارەوە بخەمە 

بەردەستی خوێنەران.

 

ناوەرۆک:

(کەڤری زیوینی بریسکاوەی دوندەکان وەک خەنجەر چەقیبوونە ناو هەوای ئەو شاخ و داخە. چەند پەڵەهەورێکی بچکۆڵە خەریک بوون خۆیان لە ناو ساماڵی شیندا پەرش و بڵاو دەکردەوە. هەتاوی ئەو ڕۆژەی مانگی ئاب دۆڵە شاخەکەی گەرم داهێنابوو ل١٣) لەڕۆژێکی ئاوادا کۆمەڵە گەنجێک بە هەوای شاخەوانی بەسەر یەکێک لە لووتکە سەختەکانی شاخی ئەڵپدا هەڵدەگەڕێن، بەڵام لەوێ ڕووبەڕووی چارەنووسێکی خراپ دەبنەوە، لەوێ لەلایەن تاوانبارێکەوە دەستبەسەر دەکرێن، ئەم تاوانبارە کە پەیوستە بەباندێکی مافیاوە، هەوڵی ئەوە دەدا خەڵکەکە لە شاخەکە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی نادیار تا لەوێ لەڕێگەی پەیوەندی کردنی بە گرووپەکەی خۆیەوە ئاڵووێریان پێ بکات، بەڵام بەر لەوەی پەیوندی ڕفێنراوەکان بە دەوروبەریانەوە بپچڕێنێ، کەسێک لەوان دەتوانێ لەڕێگەی تەلەفۆنە دەستییەکەی خۆیەوە، پەیوندی بە هاوڕێیەکی خۆیەوە بکات و ئیتر پۆلیس هەوڵی ڕزگارکردنیان بدات، بەڵام تا ئەو کاتەی لەناو ئەو هەزاران ڕەوەزە شاخەی ئەڵپ دەدۆزرێنەوە و سەرئەنجام ڕزگار دەکرێن سێ کەس لە دەستبەسەرکراوەکان لەلایەن ڕفێنەرەکەیانەوە دەکوژرێن و لە شاخەکە فڕێ دەدرێنە خوارەوە.

 

سەرنج

(یۆرگ ماورەر)ی نووسەر لەو ڕۆمانەو لە ڕۆمانەکانی تریشی هەوڵ دەدا بە داڕشتنێکی کلاسیکییانە و لە چوارچێوەی مژارێکی پۆلیسیدا باس لە سەردەمی ئێستا بکات، لە ژیانی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە قووڵ ببێتەوە، بۆیە سەیر نیە لەم ڕۆمانەدا خەسڵەتی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی ئێستا، لە داب و نەریتی نوێ لە تێکەڵاوی کەلتووری، لە ئاوێتەبوونی تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان بە ژیانی کۆمەڵگەی ئێستا بکەوێتە بەرچاو.

ئەوەی لەم ڕۆمانەدا جێگەی سەرنجە نووسەر زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکردووە ئەوەیە ئاڕاستەی هزری ناوچەیی زۆر بەسەر گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا زاڵە، وەک بڵێی ئەم ڕۆمانە تەنیا بۆ خەڵکی ناوچەی بایەر نووسرابێ، ڕاستە شانۆو جێگەی ڕووداوەکان ناوچەی بناری شاخی ئەڵپ و ناوچەی بایەرە، بەڵام هێندە پابەندبوون بە وردەکارییە لاوەکییەکانی ناوچەیەکی دیاریکراو کە هێندە پەیوەندی بە هێلی سەرەکی ڕووداوەکانەوە نەبێت نەک هەر بۆ خوێنەر دەبێتە شتێکی تاقەتپڕووکێن، بەڵكو ڕێگە لەوەش دەگرێ کە ڕۆمانەکە بە ئاسانی بتوانێ ڕێگای خۆی بەرەو دونیایەکی فراوانتر بدۆزێتەوە، ئەگەر خێرایی بەدوای یەکتردا هاتنی ڕووداوەکان نەبووایە ئەوە هێندە تیشک خستنە سەر مێژووییەکی هەزار ساڵەی ناوچەی بایەر لەم ڕۆمانەدا ڕۆمانەکەی زۆر تاقەتپڕووکێن دەکرد.

هەر لەسۆنگەی پابەندبوونی بەو بارە لۆکاڵییەوە ڕۆمانەکە فەلسەفەی خۆی لەسەر ئەو بیرۆکەیە بونیاد ناوە کە مۆڕاڵ و ئاکاری مرۆڤەکان ڕاستەوخۆ پابەندن بە بنەما ئاینییەکانەوە، دیارە هێشتا پابەندبوونی ئاینی هەتا ئێستاش سیمایەکی جیاکەوەرەی داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانە لەناوچەی بایەر، ئەو ڕەهەندەش وەک لە وێنەی بەرگی سەر ڕۆمانەکە کورت کراوەتەوە کاتێک کەڵە کێوییەک خاچێکی داوەتە بەر شاخەکانی، هەمان ئەو ڕووداوەی ناو ڕۆمانەکە کورت دەکاتەوە. دیارە ئەمەش جۆرێکە لە کورتبینی کاتێک مۆڕاڵ تەنیا لە ناو بازنەی ئایندا چڕ بکرێتەوە.

خاڵێکی تریش کە لەم ڕۆمانەدا سەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە هێندە پەنابردنە بەر وێناندنێکی ماتماتیکییانە لە ڕۆشنکردنەوەی کەسایەتییەکان بەشێوەیەک جێێگای بە داڕشتن و قووڵبوونەوە لەق کردووە کە ئەوەیان جۆرێک لە بێدەسەڵاتی نووسەر دەخاتە ڕوو کە لەڕێگەی دەربڕینەوە بتوانێ تیشک بخاتە سەر ئەو پنتە ناڕۆشنانەی لەناو ئەو ڕۆمانانەدا هەن کە ڕەهەندێکی پۆلیسییان هەیە. زمان کەرەستەی هەرە سەرکییە لەنووسینی ئەدەبیدا کە بە هیچ شتێکی تر جێگای پڕ ناکرێتەوە، پەنابردنە بەر هەر هۆیەکی تر ئاستی ئەدەبیی تێکستەکە دادەبەزێنێ و بە ئاقارێکی دیکەیدا دەبات.


ئەم بابەتە 184 جار خوێندراوەتەوە