994549_179405658899473_1147556750_n.jpg

هەڤپەیڤین لەگەڵ شاعیری ئەرمەنی ئێرانی "واھە ئارمەن"

تایبەت بە گەلاوێژی نوێ_ئەرشیف


(ژمارە ٦١ ـ حوزەیرانی ٢٠١٣ ـ لاپەڕە ٥٣ ـ ٦٢)

ئامادەکردن و وەرگێڕان : شادی نیکخا

لەم ڕۆژانەدا زۆر جار نامیھرەبانیی مرۆڤەکان وا پەستم دەکات دەڵێم تازە سەردەمی میھرەبانی بەسەرچووە.. بەڵام کە دەچمە دیداری واھەی شاعیر و بەو بزە شیرینەوە بەسەر کورسیی کەم ئەندامانەوە تا بەر دەرگای ئاپارتمانەکەی دێت بە دەممەوە، دوبارە دڵم دەگەشێتەوە و ھیوام دەبووژێتەوە کە ھێشتا دنیا تەژییە لە میھرەبانی و جوانی... واھە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ڕووداوێکی ھاتوچۆدا توانای چوونە ناو شەقامەکانی لەدەست دا و لە ماڵەکەیدا و لەناو شیعرەکانیدا مایەوە بۆ پاسەوانی کردن لەو میھرەبانییانەی کە خۆ لە مرۆڤەکانی دەرەوە و ناو شەقامەکان ڕادەپسکێنن و پەنا دەبەن بە ژوورەکەی ئەو.
"واھە ئارمەن" شاعیرێکی ئەرمەنی ــ ئێرانییە، ساڵی ١٩٦٠ لە شاری مەشھەد لە ڕۆژھەڵاتی ئێران لە دایک بووە. بە ھەردوو زمانی ئەرمەنی و فارسی شیعر دەنووسێ و لە بواری وەرگێڕانیشدا بە ھەردوو زمانەکە، خاوەن ئەزموونە و بە تایبەتی ھەوڵی باشی داوە بۆ ناساندنی ئەدەب و شاعیرانی ئەرمەنی بە خوێنەری ئێرانی.
لە سەرەتاوە، دوو کۆمەڵە شیعری بە زمانی ئەرمەنی بڵاو کردۆتەوە بە ناوی "بەرەو دەستپێک" و "زریکە" و دواتر زمانی فارسیی وەک زمانی ئەدەبیی خۆی ھەڵبژاردووە. خۆی لە وتووێژێکدا دەڵێ « من دەبێ دەنگم بە دنیا بگەیەنم، دەنگی مرۆڤێکی ئەرمەنی. زمان ئامرازە. خەتای من نییە کە دوور لە نیشتمانی باوباپیرانم لە مەشھەدی ئێراندا لەدایک بووم. لە شارێکدا کە ساڵانێکی زۆر لەگەڵ ھەزاران ئێرانی غەیرە ئەرمەنی و تەنیا پەنجا شەست کەسی ئەرمەنیدا ھاتوچۆ و ھەڵس و کەوتم ھەبووە. بەھەرحاڵ گۆڕینی زمان بۆ من گەرچی مایەی پەژارە بەڵام پێویست بووە؛ ھەروەک زۆربەی لاپەڕەکانی مێژووەکەشمان وا بووە. ئەمەش یەکێکە لەو ئازارانەی کە گوڕوتینێکی زیاتر دەبەخشێتە من بۆ وەی لە خۆم دابڕێم و ببمە شاعیر و دەست بدەمە داھێنان. وەک شاعیری ھەمیشە زیندووی ئەرمەنی واھان دێرییان دەڵێ ژیان یانێ ئافراندن و لەوێدا کە داھێنان نەبێ، ژیانیش نییە.»
تا ئێستا چوار کتێب بە زمانی فارسی لە واھە ئارمێن بڵاو بوونەتەوە کە سیانی یەکەمیان کۆمەڵە شیعرن بە ناوەکانی : "باڵەکانی له لای شیعرەکەمدا بەجێ ھێشت و چوو" (١٣٨٤) "پاش تێپەڕینی دوڕناکان" (١٣٨٨) "کە باران دایکرد، دەچین" (١٣٩١) و تازەترین کتێبیشی بە ناوی "حەز دەکەم ھەندێ جار شاعیر نەبم" کە کتێبێکی جیاوازە و داگری کۆمەڵێک شیعر و پەخشانە لە شێوەی یادداشت گەلێکدا سەبارەت بە ژیانی خۆی.
واھە ھەروەھا دوو کۆمەڵە شیعری "پوونە نەدایی" و "ڕەسوول یونان"ی لە فارسییەوە وەرگێڕاوە بۆ ئەرمەنی و ئەو بەرھەمانەش کە لە ئەرمەنییەوە وەریگێڕاون بۆسەر فارسی بریتین لە :
کلیلی دەرگاکەم لەسەر ھەتاوە (بەرھەمی شاعیرانی ھاوچەرخی ئەرمەنی)
شیلەی قەیسی و سێ گۆشەیەکی ڕەش (شیعری ئێدوارد ھاخوێردیان)
پاییزێکی تەواو جیاواز (شیعری ھوانس گریگوریان)
دێڕی یەکەم نانووسم (کۆمەڵێک کورتە شیعر لە شاعیرانی ھاوچەرخی ئەرمەنستان)

ئەوەی خوارەوە وتووێژێکە لەگەڵ واھە ئارمێن کە بە تایبەتی، بۆ گۆڤاری گەلاوێژی نوێ ئامادە کراوە .

ــ چی ھانت دەدات شیعر بنووسی؟

ھۆنینەوەی شیعر و بە گشتی ئافراندنی ھونەری، لای من زیاتر چالاکییەکی خۆڕسک و بێ ئیرادەیە. لە ڕاستیدا مەبەست لە نووسین و ئافراندنی ئەدەبی لە ناخۆوریای منەوە دێت. کاتێک کە پێنووس دەگرم بە دەستەوە لە خۆمەوە، لە جەستەمەوە، لە زەین و خەیاڵمەوە، لە جیھانی تاکەکەسیمەوە دەست بە نووسین دەکەم، پاشان ھێدی ھێدی لەوەی دەیزانم، دوور دەکەومەوە، بەرامبەر بە ھزر و بنەما و بڕواکانی خۆم دەکەومە گومانەوە و بە چوونە ناو دنیای گەڕان و دۆزینەوە و خەیاڵ دەست دەکەم بە شیعر نووسین. لە ڕاستیدا کاتی نووسینی شیعر ھەرگیز خۆم بە تەنیا بەو شتانە سنووردار ناکەم کە لە ھزر و ئەندێشە و دەرکی خۆمدا دەگونجێت. دڵنیام کە ئەگەر تەنیا بە خواستی ئاگایانە و بە چاودێریی زەینی وریای خۆم بنووسم، ئەنجامەکەی دەقێک دەبێ کە لەوانەیە زۆر جوان و بەرچاو بێت، بەڵام بێگومان شیعر نابێت.

ــ ھێندەی کە لە شیعری تۆ دەردەکەوێت، لە ڕواڵەت و بەکارھێنانی جۆری زماندا سادەیە بەڵام واتای قووڵی ھەیە و ھەندێ جار لە کۆتایی شیعرەکەدا، شتێک ڕوو دەدات کە بە تەقینەوە یان شۆڕشی مانا لێک دەدرێتەوە. ئایا واھە ئارمێن بڕوای بەشیعری واتاگەرا ھەیە یان بە ڕێکەوتی شاعیرانە؟

ئەوەی کە لەلای من لە شیعردا زۆر گرینگترە لە ساکاری یان ئاڵۆزبوونی زمان، لەحنی وشە و بەگشتی ستایل و فۆرمی شیعر، حەقیقەتی شاعیرانەی وشە، گەوھەری وشە و ئەو واتا و چەمکەیە کە لە پشتییەوە خۆی حەشار داوە. دەبێ جیاوازییەک ھەبێت لە نێوان ساکاربوون یان سووک و بێناوەرۆک بووندا. ئەگەر شاعیرێک بە زمانێکی ساکار دەتوانێ بە قووڵی بیر بکاتەوە و بیرکردنەوە و سەرسووڕمانی بەردەنگەکەی بھەژێنێ، ئەوە ساکاریی زمانی ئەو نەک لە عەوامانە بوونییەوە بەڵکوو لە زانین و بگرە زۆر زانینەوە سەرچاوە دەگرێت. سەبارەت بە فۆرمی شیعریش ھەروەک گەلێک جار وتوومە من ھەرگیز پێش نووسین بڕیار نادەم کە فۆرمی شیعرەکەم چی بێ و چۆن بێ، کورت بێ، درێژ بێ، عەرووزی بێ، کێشی ھەبێ یان شیعری سپی بێ؟ گرینگترین تایبەتمەندیی شیعری من، ناوەرۆکەکەیەتی و ھەر ناوەرۆکە کە لەسەر فۆرمی شیعرەکەم بڕیار دەدات. بێزارم لە درێژدادڕی و فرەوێژی بەتایبەتی لە شیعردا. پاش ھۆنینەوە و خوێندنەوەی دووبارەی ھەر شیعرێک، ئەگەر ھەست بکەم درێژدادڕیم کردووە و دێڕێکم بە بێھۆ سەپاندووە بەسەر شیعرەکەمدا، بێ سێ و دوو دەیسڕمەوە چونکە ھەرگیز حەز ناکەم بە زیاد کردنی وشە و دێڕی زیادە، لە شیعرییەتی شیعرەکەم کەم بکەمەوە. کەوایە دیارە کە بۆ شاعیرێک بە شێوە بیرکردنەوەی منەوە، ڕێکەوتی شاعیرانە لە شیعردا، دەتوانێ پێگەیەکی تایبەتی ھەبێت. ڕێکەوتێک کە ڕەنگە زۆر جار نادیار و شاراوەیە، بەڵام بەو متمانەیەی بەرامبەر شعوور و تێگەیشتنی خوێنەرەکەم ھەمە، گومانم نییە کە ئەو ڕێکەوتە دەبینێت و بەو ڕوانینەی شتێک بەو ڕێکەوتە و بە شیعرەکەی من یان باشترە بڵێم بە شیعرەکەی ئێمە زیاد دەکات.

ــ لە زۆربەی شیعرەکانی تۆدا جۆرێک سروشتگەرایی بەدی دەکرێت، بەتایبەت وێنەی زۆر لە ئاسمان و خۆر و مانگ و شەو و... ئەمە بەس ھۆگریی واھەیە بۆ سروشت یان ھۆکارێکی دیکەی ھەیە؟

گەرچی ھۆگرییەکی زۆرم ھەیە بەرامبەر سروشت و جوانییەکانی، بەڵام ئەوەی کە وێنەگەلی زۆر لە ئاسمان و خۆر و مانگ و دیاردەکانی دیکەی سروشت لە شیعری مندا بەرچاو دەکەوێ، بێگومان ھۆکارێکی دیکەی ھەیە. گەرچی ھەمیشە خوێندوومانەتەوە و فێریان کردووین کە سروشت یەکێکە لە بنەماییترین چاوگەکانی ھونەر و بەتایبەت شیعر، بەم حاڵەوە بڕوام وایە کە ئاماژەی ڕاستەوخۆی شاعیر یان نووسەر بۆ سروشت و جوانییەکانی، دەتوانێ مایەی بێزاری و ماندووکەر بێت؛ بەڵام گەر بڕوامان وابێت کە بەرزترین تەشکی جوانی دەتوانێ بەرھەمی ئەندێشە و خەیاڵی شاعیرێک یان ھەر ھونەرمەندێکی دیکە بێت، لەم حاڵەدایە کە سروشتیش دەتوانێ ئیلھامبەخش بێت بۆ شاعیر لە پێناو دۆزینەوە و کەشفییاتی فەلسەفی و شاعیرانەیدا و یارمەتیی بدات بۆ بەدەست ھێنانی واتاگەلی تازە لە دیاردەکانی سروشتدا و بەم چەشنە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ چێژەکان و شادییەکان و ئافراندنی بێ پایانی ئەو. ئەم جۆرە لە جوانی کە خولقاوی دەستی ھونەرە، لای من بەرزترە لەو جوانییە بەرچاوەی لە جیھانی واقیعدا یان لە سروشتدا ھەیە.

ــ گەر نەڵێین لە ھەموو شیعرەکانتدا، بێگومان لە زۆربەی شیعرەکانی تۆدا بوونی پارادۆکسێکی مەبەستدار، سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێ، ھەڵبەت نەک بە شێوە باو و ئاشناکەی. بەڵکوو بە شێوەی پارادۆکس لە واتا و ئیماژدا. ئایا خودی ناوەرۆک و چەمکی شیعرەکان ئەوە دەخوازن، یان بە مەبەست و ئەنقەست ئەوە دەکەیت و ئایا ئەم تەکنیکە بە تایبەتمەندی و دەرکەوتەیەک دەزانی بۆ شیعری خۆت؟

ھەروەک لە سەرەوەش ئاماژەم بۆ کرد، ھەر ڕێکەوت و ڕووداوێک لە شیعری مندا لە سەرەتادا بەشێوەی خۆڕسک و بێ ئیرادە و خواستی خۆمە. بوونی پارادۆکسیش لە زۆربەی شیعرەکانی مندا ھەر وایە. ڕەنگە ئەو کاتەی کە ھێدی ھێدی لە زانیارییەکانم دوور دەکەومەوە و گومان لە بڕوا و بنەماکانی خۆم دەکەم، ھەر لەبەر ئەم گومانانە، پارادۆکس لە ئەندێشەمدا دروست دەبێت و لەسەر لاپەڕەدا گیانی دەدەمێ: « چەن ماندووم/ لە بەڕێدا نەچوون/ لە گەیشتنە مەبەست بە دانیشتوویی» (ئێوارەیەکی پاییزی ـ لە کۆمەڵە شیعری پاش تێپەڕینی دوڕناکان، ل ١٠٠) . دەزانی پارادۆکسیش وەک ھەر توخمێکی تر لە شیعردا، ئەگەر بەبێ ھۆ و نابەجێ و بەبێ سەرنجدان بە بارودۆخ بەکار ببرێت، زیادەیە و دەبێ بسڕردرێتەوە، بەڵام ئەگەر پارادۆکس ئەنجامی ململانێی شاعیر بێت لەگەڵ خۆیدا و بوونی لە شیعردا وێڕای ئەو دژوازییەی کە لە ڕواڵەتدا ھەیەتی، ناڕاست و ساختە نەبێت، دەتوانێ ببێتە جوانترین ڕووداو لە شیعرێکدا.

ــ یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ھونەر، بەزاندنی سنوورەکان و خواستی بە جیھانی بوونە. ئەم خواستە لە شیعرەکانی تۆشدا بەرچاو دەکەوێت؛ بۆ نموونە لە "شیعرێکی نەنووسراودا" دا لە کۆمەڵە شیعری (باڵەکانی لای شیعرەکانمدا بەجێ ھێشت و ڕۆیشت : دوایین شیعری ئەم دەفتەرە/ خوشکەکەم لە کێنیا لەبەرخۆیەوە دەیڵێتەوە/ براکەم لە ئارژانتین/ دەیھۆنێتەوە و / ھاوڕێکانم لە جەزایەر/ شیعرەکەم لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ فەڕەنسا/ تا ڕێبوارێک / ـ ڕەنگە دیسان گەورەکچێک لە ئۆرلییانەوە ـ / لە گۆڕەپانی ڤیۆمارشەدا/ بیخوێنێتەوە / بۆ دنیا و / بۆ من.) چ تایبەتمەندی و ھۆکارگەلێک شاعیرێک بەجیھانی دەکەن؟

ئەم پرسیارەی تۆ لە ڕاستیدا وەڵامێکە بۆ پرسیارێک کە ھەمیشە زەینی منی بەخۆیەوە خەریک کردووە: ئایا توانیومە ئەندێشە و ھەستەکانم بگوازمەوە بۆ بەردەنگەکانم و یەکێتییەکی ڕۆحی لە نێوانی خۆم و بەردەنگدا بخولقێنم؟ ھەمیشە ھەوڵم داوە شیعرێک بنووسم کە تەنیا تایبەت نەبێ بە نەتەوە و ئەتنێکی تایبەتەوە و بۆ بەدیھێنانی پێوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ بەردەنگەکانی ھیچ سنوورێک نەناسێت. خۆشحاڵم کە تۆ ئەمڕۆ بە "پرسیار"ێک "وەڵام"ی منت دایەوە.

ــ ھەندێ جار سەبارەت بە ھەندێ بواری ھونەری لەوانە مۆسیقا و سترانبێژی، دەوترێ کە قۆناغێک ھەیە کە ھونەرمەند دەگاتە لووتکە و دەبێ لەو قۆناغەدا واز لە کار بێنێ، دەنا ئاستی ھونەرەکەی دادەبەزێت. ھەر لە بنەمادا وا بڕوا و بیرۆکەیەک دروستە؟ و ئەگەر وایە، ئایا سەبارەت بە شیعریش ڕاستە؟ واتە ئایا ئەکرێ شاعیرێک لە قۆناغێکدا شیعری جوان و باشی وتبێت و پاش ئەوە نا؟

ئەگەر ئامانجم گەیشتن بە فڵان لووتکە و پاشان وازھێنان بووایە، ھەرگیز پێم نەدەنایە ئەم ڕێگا بێ گەڕانەوە و بێپەڕە. گەر بڕوامان وابێ کە جوانی، گەورەیی، بەرزی، بەختەوەری و بە واتایەکی تر ھەموو شتێک نیسبییە و فێر ببوینایە و بمانزانیایە کە لە کاکێشانەکاندا، خۆرێکی گەورەتر لە خۆرەکەی ئێمە و خۆرگەلێکی زۆر گەورەتر لەو خۆرەی تر ھەیە، ھەرگیز خۆمان و ھزرەکانمان نەدەبەستەوە بەو شتانەوە کە لە دەوروبەرماندا دەیانبینین و زانیاریمان لەسەریان ھەیە. ھەر بۆیە پێم وایە تەنیا ئەو کەسانە دەگەنە ئەو لووتکەیە کە تۆ ئاماژەت پێکرد و پاشان واز لە کار دێنن، کە لە مێشکیاندا ئەو لووتکەیە بە بەرزترین لووتکە دەزانن و دوای گەیشتن بەو لووتکەیە، ئیتر کارێکیان نییە بۆ ئەنجامدان. من بێگومان لەو دەستە مرۆڤانە نیم.

ــ تۆ وێڕای شیعر نووسین بە ھەردوو زمانی ئەرمەنی و فارسی، لە وەرگێڕانی بەرھەمی شاعیرانی ئەرمەنیدا بۆ فارسی و بە پێچەوانەش، ئەزموونی باشت ھەیە و بەتایبەتی شاعیران و شیعری ئەرمەنیت لە ڕێگای وەرگێڕانەوە ناساندووە بە خوێنەری ئێرانی. جگە لە زمان، چی شیعری ئەرمەنی لە شیعری نەتەوە و زمانەکانی دیکە جیاواز دەکات؟

وێڕای ئەوەی کە فارسی و ئەرمەنی ھەردوو لە دەستە زمانەکانی ھیندوئەورووپایین و ھاوبەشیی زۆریان ھەیە، بەڵام لەبەر ھەندێ ھۆکاری وەک نەبوونی پێوەندیی فەرھەنگی تا بەرلە ھەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤییەت، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر یەکتر نەبووە. لە ئەرمەنستاندا پاش بزووتنەوەیەکی ئەدەبیی بەربڵاو کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمدا دەستی پێکرد و لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا گەیشتە لووتکە، شیعری کلاسیک بەرەبەرە شوێنی خۆی دایە شیعری ئازاد. لە ئێراندا نیما یووشیج پێشاھەنگ و بناغەدانەری شیعری نوێ بوو، بەڵام لە ئەرمەنستاندا ئەو گۆڕانکارییە بە شێوەی ڕەوتێک بوو کە دیارترین کەسایەتییەکانی ئەو ڕەوتە، کە بە بەدیھێنانی گۆڕانکاری لە بواری فۆرم و ناوەرۆکدا، گیانێکی تازەیان بەخشی بە ئەدەبیات و بەتایبەت بە شیعری ئەرمەنی، بریتین لە : ھوانس ھوانسیان، ھوانس توومانیان، ئاودیک ئیساھاکیان، واھان دێریان، سیامانێتۆ، دانییەل وارووژان، ڕۆبێن سوواک، بارویەر سواک و .... ئەم گۆڕانکارییە لە شیعری ئەرمەنیدا، بە یەقیشە چارنتسەوە کە بیری فۆتۆریستی، سۆشیالیستی و ھەستی شۆڕشگێڕانە لە شیعرەکانیدا پێگەیەکی تایبەتیان ھەبوو، گەیشتە لووتکە. ھەر لەو ساڵانەدا و تەنانەت دوای لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤییەت و تا ئێستاش ئەدەبیاتی ڕووسیا، زیاترین کاریگەریی لەسەر ئەدەبی ئەرمەنی داناوە.
بەم حاڵەوە و وێڕای ئەو کاریگەرییە زۆرەی کە فەرھەنگ و ئەدەبی نەتەوە جیاجیاکان، بەتایبەت ئێستا و لەم سەردەمەدا، لەسەر یەکتر ھەیانە، ڕەنگە ھێشتا بەرچاوترین شتێک کە شیعری ئەرمەنیی لە شیعری نەتەوەکانی تر جیا کردۆتەوە، غوربەت و پەژارە و کارەساتە جەماوەرییەکان و ھەروەھا ھەوڵی ئەم نەتەوەیە بێت بۆ خۆڕاگری و مانەوە. ئەم تایبەتمەندییەم لە شیعری شاعیرانی کوردیشدا بینیوە. یەکێک لەسەرەکیترین دەرکەوتەکانی شیعری شێرکۆ بێکەس شاعیری گەورەی کورد و شاعیرانی دیکەی کورد، ھەمان غوربەت و تاراوگەیە. ھۆکارەکەشی بە باشی دەزانم، کوردەکان و ئەرمەنییەکان، خاوەن گەلێک خەم و خۆشی و کارەسات و کامەرانیی ھاوبەشن.

ــ تۆ بڕوات بە وەرگێڕانی شیعر ھەیە؟ شیعر ھەر بۆ وەرگێڕان دەشێ؟ مەبەستم ئەوەیە کە جیاوازیی وەرگێڕانی شیعر لەگەڵ وەرگێڕانی بۆ وێنە چیرۆک و ڕۆماندا چییە؟ ئایا کەسێک کە خۆی شاعیر نەبێ، ئەتوانێ شیعر وەرگێڕێت؟

ھوانس توومانیان شاعیر و وەرگێڕی ناوداری ئەرمەنی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لەم بارەیەوە وتوویەتی: «وەرگێڕان سوورەگوڵێکە لەودیو شیشەیەکەوە». پێم وایە ئەم وتەیەی توومانیان لێک چوواندنێکی زۆر جوان و دروستە. گومانی تێدا نییە کە لە ھەر بەرھەمێکی ئەدەبی و بەتایبەت شیعردا، کە بە بڕوای تاقمێک لە کەسایەتییە ئەدەبییە گەورەکانی جیھان، ھەرگیز شایانی وەرگێڕان نییە، کۆمەڵێک شتی ھەستیار و ناسکی ھەستی و ھونەری ھەیە کە شاعیر یان نووسەر لە دەقی سەرەکیدا جێی کردۆتەوە و لە وەرگێڕاندا لەنێو دەچن و بەشێوەیەکی نەخوازراو دەسڕدرێنەوە. بەتایبەت ئەگەر وەرگێڕانەکە لە زمانێکی ترەوە بێت و نەک لە زمانی سەرەتاوە. بەم حاڵەوە گەر وەرگێڕ بەتەواوی بەسەر ھەردوو زمانی سەرەتا و مەبەستدا زاڵ بێت و لەگەڵ قورسایی وشە و فەرھەنگی ھەردوو زمانەکەدا ئاشنا بێت، دەتوانێ ئەو سوورەگوڵەی کە توومانیان باسی دەکات و من ئاماژەم پێکرد، پێشکەش بکات بە ھۆگرانی ئەدەب. لەبیرمان نەچێ کە بەھەرحاڵ یەکێک لە ڕێگاکانی ناسینی ئەندێشە و فەرھەنگ و ئەدەبیاتی نەتەوە جۆراوجۆرەکان، وەرگێڕانی بەرھەمەکانیانە. من ھەرگیز ناوی چەند وەرگێڕێکی وەک م.ئا. ب ئازین، محەمەدی قازی، فەرھاد و مەھدی غەبرایی و چەند کەسی ترم لەبیر ناچێ. چونکە ساڵانێکی زۆر، کاتی کڕینی کتێب، بایەخی ناوی ئەم وەرگێڕانە بەسەر بەرگی کتێبەکانەوە، لای من کەمتر نەبووە لە بایەخی ناوی نووسەرە گەورەکانی جیھان.

ــ لەم دواییەدا بەرھەمێکی تازە لە کۆمەڵە شیعر و یادداشتەکانت بەناوی «حەز ئەکەم ھەندێ جار شاعیر نەبم.» بڵاو کرایەوە. وێڕای پیرۆزبایی... بۆچی ھەندێ جار حەز ناکەی شاعیر بی؟ ئایا تۆش بڕوات وایە کە شاعیر بوون و نووسین ھاوڕێیە لەگەڵ ڕەنج ؟

سپاس
ناوی «حەزدەکەم ھەندێ جار شاعیر نەبم.» لە ڕاستیدا درۆیەکی شاعیرانەیە سەبارەت بە کۆمەڵە بەرھەمێک کە داگری ڕاستترین خەونەکان و خەوناویترین ڕاستییەکانی ژیانی منە. ئەم بەرھەمە ژیاننامەیەکی خۆنووسراوی منە و دێڕەکانی ئاوێتەیەکە لە شیعر و پەخشانی شاعیرانە. ھەوێنی ئەم شیعر ـ یادداشتانە، کۆمەڵێک دیاردەیە کە لە ماوەی ژیاندا ، واھەی ڕووبەڕووی پرسیارگەلێکی بێ کۆتایی کردۆتەوە دەربارەی جیھانی ھەستی و بوون و لە کۆتاییدا گەیاندوویەتی بە کۆمەڵێک کەشفییاتی شاعیرانە. دیاردەگەلێکی وەک نەخۆشی، ئەوین، دڵتەنگی و تەنیایی. ئامانج و مەبەستم وەک ھەمیشە ئەوە بووە کە بە وێنە کردن و وێنا کردنی ئەم دیاردەگەلە، بتوانم ئەندێشە و ھەستەکانی خۆم بگوازمەوە بۆ بەردەنگ و خوێنەرەکانم. ئەو بەردەنگانەی کە ھەمیشە باری ئەرک و بەرپرسایەتیم قورستر و ھاوکات پڕچێژتری دەکەن. شیعرەکانی کۆمەڵە شیعری «حەز دەکەم ھەندێ جار شاعیر نەبم.» لە ماوەی سێ چوار ساڵی ئەم دواییەدا بەشێوەیەکی پرژوبڵاو نووسراون و ھەندێ ڕووداوی ساکار، بەڵام ھەرمان و کاریگەر دەگرێتە خۆ کە کەسایەتیی تاکەکەس و جیھانبینی واھەی شاعیریان لە سەردەمی منداڵییەوە ھەتا ئێستا پێک ھێناوە.

ــ ئایا ئەکرێ زەمانێک ببێ کە واھە ئارمێن واز لە شیعر نووسین بێنێ؟ ئەو کاتە کەی دەبێت؟

ئەگەر بمەوێ وەڵامێکی ئاوێتە بە توانج و تەنز بدەمەوە، دەبێ بڵێم بەڵێ، ئەکرێ و ئەو کاتە ھەر ئێستایە کە خەریکی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تۆم. بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە لای من ژیانی بێ شیعر، نەبوونە. ناڵێم ھەموو ڕۆژێک و ھەموو ساتێک شیعر دەنووسم، نە.. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە بۆ ساتێکیش لە شیعر و لەو دنیایەی کە بە شیعر بۆ خۆمم خولقاندووە، دوور ناکەومەوە.

ــ چی دەڵێی بە شاعیران و خوێنەرانی کورد؟

ئەڵێم سڵاو دراوسێ!... و ئەڵێم : ھەر ئەمڕۆ بیرم لەو ڕستەیە دەکردەوە کە دەڵێن: «دراوسێی باش، بە مرۆڤ نزیکترە تا خزم و کەس.» و ئەڵێم: ھەر ئێستا بیرم لەوە دەکردەوە کە چ پێوەندییەکی جوان و بێ وێنە ھەیە لەنێوان ئێمەی ئەرمەنی و کورددا. پێوەندییەک کە ھیچ کات و لە ھیچ کوێی دنیادا لە ھاوشێوەی نابینرێت. ئێمەی ئەرمەنی و کورد چ لە ماڵەوە و چ لە تاراوگەدا ھەمیشە دراوسێی یەکین...

چەند شیعرێکی واهە ئارمێن
شادی نیکخا وەری گێڕاوه

موسافیران

له تاریکایی شەودا
لەودیو پنجەرەی قەتارێکەوە
بەدووی چیدا وێڵ بووم؟
لە وێستگەیەکی چۆڵەوانیدا
کامە زاھید
ناونیشانی خودای خستە نێو گیرفانمەوە و
کە گەیشتم
کامە کافر
گیرفانی بڕیم؟

نۆستالۆژیا

کیسەڵێک دوێنێ پەپوولەیەکی سوار کرد و
بەلای ئەو منداڵەدا تێپەڕی
ئەمڕۆ بەتەنیا خۆی بەلامدا تێپەڕی
لەسەر ئەم لاپەڕە شوێنپێکانی
لە باڵی پەپوولە ناچن ؟

میوانی

کورسییەکان بەتاڵن
دەورییەکانی سەر مێزەکە و
پەرداخەکان بەتاڵن
ئەو تفەنگەی بە دیوارەکەوە ھەڵواسراوە و
ئەو قاپی وێنەیە بەتاڵن
نازانم دێر ھاتووم
یان زوو ؟

...

جا فەرقی چییە؟
وای دابنێین باران نەبارێ و
ھەورەکانیش بەناو خەونی خۆڵەمێشیی خۆیاندا
پیاسە بکەن
پیاوەکە پەنجەرەکەی داخست و دەستی کردە گریان
کەسێک خەریک بوو
ھەموو ئاسمانی دەبردە ناو چاوی خۆیەوە.

تەفرە

مارشی سروودی نیشتمانی لێدەدرێت
ھەموومان دەوەستین
بزەیەک دەگرین و فرمێسک دەبارێنین
سروودەکە دوایی دێت کەچی ھێشتا وەستاوین
کورسییان دزیوە و
خاکیان فرۆشتووە
ئیتر شوێنێکمان نەماوە بۆ دانیشتن.

ماڵئاوایی

پاش چاوەڕوانییەکی دوور و درێژ
ھەر باران نەباری
لە بەردەرگای میوانخانەکەدا
یەکتریان بینی
بزەیەکی تاڵیان بۆ یەکتر گرت و
لێک دوور کەوتنەوە
ھەرکام
تەرمی ئەوی تر
بە کۆڵیەوە.

چەند شیعرێكی دیكەی واهە ئارمێن
ئەنوەر هوژەبری وەری گێڕاوه

چیرۆکی ناتەواو

دوێنێ لەسەر شەقام
ژنێ کە چاوانی ھیچ لە چاوی تۆ نەدەچوو
بزەیەکی بۆ گرتم
بە ھێوری نزیک بۆوە و
بە دەنگێ کە ھیچ لە دەنگی تۆ نەدەچوو
زۆر دۆستانە پرسیاری کرد:
ئێمە یەکمان لە کوێ بینیوە؟
لەوچێرۆکە ناتەواوەدا نەبوو؟
نازانم بۆ ئەو ژنە
لەپڕ تۆی بیر ھێنامەوە و
وتم : با
لەو چیرۆکەدا بوو
*

پژمە

لە سەر گۆڕێکی چەن ھەزار ساڵە
کیژێکی پرچ سپی
چاڵێک لە زەوی ھەڵدەکەنێت
جگەرەکەی لە قووڵکەی چاوی دیکتاتۆڕدا
دکوژێنێتەوە
کات دەوەستێت
ھەموو دونیا بێدەنگ دەبێت
شاعیرێک لە ناو تابووتدا دەپژمێ
ھەڵۆیەک بە بەرزایی زەوینەوە
لە ترسان دەمرێت


ئەم بابەتە 98 جار خوێندراوەتەوە