1_IxNE3CIE5aHTlcOYsf_8KQ.jpeg

دەفتەرە ڕەشەکانی مارتین هایدگەر

بەکر شوانی

مارتین هایدگەر
 

مارتین هایدگەر (١٨٨٩-١٩٧٦) کە بە کاریگەرترین فەیلەسووفی سەدەی بیستەمی ئەڵمانیا دادەنرێت، چارەنووس وا دەکات لە ناوەڕاستی تەمەندا خۆی لە سایەی دەسەڵاتی نازییەکاندا ببینێتەوە. ساڵی ١٩٣٣ تا ١٩٤٥ ئەندامی پارتەکەی هیتلەر بووە، واتە پارتی نەتەوەییی سۆسیالیستی کرێکاریی ئەڵمانی (NADAP). کاتێکیش لە ساڵی ١٩٣٣دا لە سەرۆکایەتیی زانکۆی فرایبورگ دامەزرێندرا، لە وتەی دەست بەکاربووندا داوای لە ڕەگ و ڕیشەوە نۆژەنکردنەوەی زانکۆی کرد لەسەر هەردوو بنەمای سۆسیالیزمی نەتەوەیی وەك هێزی دەستنیشانکەر و وابەستەبوون بە کۆمەڵگەوە. ئایا هایدگەر ئەنتیسامیستێکی باوەڕمەند بووە و تا چەند باوەڕی بە ئایدۆلۆژیای نازی هەبووە؟ ئەمە گفتوگۆیەکی نەبڕاوەی ناوەندە مێژوویی و فەلسەفییەکانی ئەڵمانیایە و کۆمەڵە دەفتەری یاداشتەکانی کە بەهاری ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بە ناوونیشانی "دەفتەرە ڕەشەکان" بڵاو کرایەوە، گڕی ئەو گفتوگۆیانەی گەرمتر کردووە. لەم سەردەمەدا پرسیاری هەرە گەورە ئەوەیە داخۆ خاڵ و ڕەهەندی هاوبەش و هاوتەریب لە نێوان ئایدۆلۆژیای نازی و فەلسەفەی هایدگەردا هەبووە، یاخۆ ئەم فەیلەسووفە هەوڵی داوە دۆخەکە لە پێناوی بەدیهێنانی بیر و ڕامانەکانی خۆیدا بەکار بهێنێت؟

لێپرسراوی ئەنستیتووی مارتین هایدگەر لە زانکۆی ڤوپەرتالی چیایی فەیلەسووف پیتەر تراڤنی یەکێکە لەوانەی کە سەرلەنوێ فوویان بە ئاگری گفتوگۆیەکانی تایبەت بە پەیوەندیی نێوان هایدگەر و نازییەکاندا کردووە. ئەم فوو پێداکردنە دوای بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە دەفتەری یاداشت و تێبینییەکانی هایدگەر دێت کە لە ٣٤ دەفتەر پێکدێن و وەك گوتمان بە "دەفتەرە ڕەشەکان" ناودەبرێن و هایدگەر لە ١٩٣١وە تا سەرەتای ساڵی حەفتا بیرەوەری و بۆچوون و تێبینییەکانی خۆی تیایاندا تۆمار کردووە. تراڤنی  وتارێکدا بە سەردێڕی "ئەنتیسامییەت لە هزری مارتین هایدگەردا" کە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ڕابردوو لە ڕۆژنامەی "بادیشە تسایتونگ"دا بڵاو کراوەتەوە، دەنووسێت ئەو دەفتەرانە نەك چاپ نەکرابوون، بگرە بە هەبوونیشیان نەدەزانرا و بەدەگمەن بینراون و هایدگەر خۆیشی مەبەستی بووە، جگە لە کەسوکاری خۆی، کەسی تر دەفتەرەکانی نەبینن. دەفتەرە ڕەشەکانی هایدگەر کە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە ٨ بەرگدا چاپ کران، هەلی بۆ توێژەران ڕەخساندووە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بۆ دنیای فەلسەفە و بیر و بۆچوونەکانی هایدگەر و مەیلی ئەو بەلای نازییەکاندا بڕوانن. مێژووی یەکێك لە دەفتەرەکان بۆ ساڵانی ١٩٤٥-١٩٤٦ دەگەڕێتەوە و باوەڕێکی وا هەبوو کە فەوتابێت، کەچی لەپڕ لای سیلڤیۆ فیتای پسپۆری ئەدەبیات سەری دەرهێناوە. فیتای لە وتارێکدا دەنووسێت کە هایدگەر هاوڕێی بنەماڵەی ئەوان بووە و دواتر پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ دایکی ئەودا داناوە و هەر ئەو کاتەیش دەفتەرەکەی بە دیاری پێشکەش کردووە. فیتای ڕەتی دەکاتەوە بیرۆکەی ئەنتیسامیست لەو دەفتەرەدا هەبێت و دەڵێت هایدگەر تەنیا هەوڵی داوە لەو سەردەمە دژوار و هەستیارەدا هاوکێشەکان بپارێزێت و سەنگیی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.


جووەکان لە ڕوانگەی هایدگەرەوە

 
فەیلەسووف تراڤنی لە هەندێك شوێنی یاداشتەکانی هایدگەردا خاڵی کێشەدار دەبینێت و پووختەی بۆچوونەکانی لەو بارەیەوە بەمجۆرەیە: "پێویستە بۆ یەکەمجار بڵێین هایدگەر هەر ئەوە نەبووە کە مەیلی بەلای سۆسیالیزمی نەتەوەیی (نازییەکان)دا هەبووە و زۆر بەهەند وەریگرتووە و ماوەیەك وەك لایەنگر لەگەڵیدا بووە و پاشان ڕەخنەی لێ گرتووە. بەڵکو پێویستە ئیستا سەرنج بدەین کە ئەو بیری خۆی بۆ ئەنتیسامیزم کردووەتەوە. هایدگەر لە دەفتەرەکانیدا باس لە (بێ ڕەچەڵەکی)ی جووەکان دەکات و پێی وایە ئەقڵی ئەوان بەشێوەیەکی تایبەت بۆ حسابکردن گونجاوە. بەمجۆرە هایدیگەر نەك هەر خزمەتی حوکمە پێشوەختییە ئەنتیسامیستییەکان دەکات، بەڵکو لەو ڕووەوە پەیوەندییەك لەگەڵ فەلسەفەی خۆیشیدا دادەنێت کە تیایدا بەتوندی ڕەخنە لە چاخی تەکنەلۆژیا دەگرێت. لەوێدا، بۆ نموونە، (حسابکردن) جێی (تەکنیك) دەگرێتەوە و لەپڕ جوولەکایەتی دەبێت بە نوێنەرێکی تایبەتی تەکنیکی جیهانی. هاوکات هایدگەر (پرۆتۆکۆڵەکانی دانایانی زایۆن) ڕەت دەکاتەوە کاتێك دەنووسێت کە جووەکانی جیهان بەنهێنی لە دژی سۆسیالیستانی نەتەوەیی تێدەکۆشن. ئەوەیش بۆچوونێکی باوی ئەنتیسامیستییانەی ئەو سەردەمەیە کە گوایە هێزێکی شاراوەی جیهانی هەیە خۆی وەك جووەکانی جیهان بەناو دەکات و هەوڵ دەدات ئەڵمانەکان لەناوببات...."

 
هایدگەر ژمارەیەکی زۆر هاوڕێی جوولەکەی هەبووە


سیلڤیۆ فیتا بۆچوونەکانی تراڤنی ڕەت دەکاتەوە  و پێی وایە ناوبراو لەسەر ڕێگایەکی هەڵەیە و دەنووسێت بۆچوونەکانی هایدگەر هیچ پەیوەندییان بە ئەنتیسامیزمەوە نییە. ئەو دەڵێت هایدگەر ژمارەیەکی زۆر دۆست و برادەری جووی هەبووە، لای مامۆستایەکی جوو بەناوی ئێدموند هوسێرل خوێندوویەتی و تەنانەت لەگەڵ ژنێکی جووی خاوەن خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەدا بەناوی هانا ئارندت پەیوەندیی خۆشەویستی هەبووە. بەڵام فیتا دان بەوەیشدا دەنێت کە هایدگەر لە ڕووی هزری حسابکارییانەوە ڕەخنەی لە جووەکان گرتووە و پێی وایە لەو بارەیەوە کەم سەرنج بووە. فیتا ئەوەمان بەبیر دێنێتەوە کە ڕۆلێ حسابگێڕی لە مێژوودا هەنگاو بە هەنگاو بەسەر جووەکاندا سەپێندراوە و هەر ئەوانیش لە سەردەمی دەسەڵاتی قەیسەرەکانی ئەڵمانیا بژاردەی بواری ئابووری و بازاڕ بوون. بەڵام فیتا ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە ڕەخنەگرتنی هایدگەر لە جووەکان لە پای حسابگێڕییان پەیوەندی بە ڕەگەزپەرستی و ئەنتیسامیزمەوە هەبێت.

فیتا هۆکاری نزیکبوونەوەی هایدگەر لە نازییەکان دەگێڕێتەوە بۆ ئەگەری ئەوەی لەوانەیە ئارەزووی شۆڕشێکی کردبێت بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕوحی ئەڵمانی و دەڵێت: "لەوانەیە کەمێك بە ساویلکەیی وا بیری کردببێتەوە کە دامەزراندنیشی لە سەرۆکایەتیی زانکۆی فرایبورگ جۆرێك لە نۆژەنکردنەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. بەڵام هایدگەر لە ساڵانی ١٩٣٤ و ١٩٣٥وە بۆی دەرکەوت کە ڕایخی سێیەم (دەوڵەتی هیتلەر) ڕێك پێچەوانەی ئەو شتەیە کە ئەو دەیویست. بۆیە ساڵی ١٩٣٤ دەستی لە پۆستەکەی زانکۆ هەڵگرت. جارێك ڕووبەڕوو بە خۆمی گوت: دەزانیت، ساڵی ١٩٣٣ هێشتا شتەکان زۆر ڕوون نەببوونەوە..."

پێدەچێت ئەم گفتوگۆیە ماوەیەکی تریش درێژە بخایەنێت، بەتایبەتی پاش ئەوەی فیتا ئاشکرای کرد کە کۆمەڵێك نامەی ئاڵوگٶڕکراوی نێوان باوکی و هایدیگەری لایە و بەنیازە بڵاویان بکاتەوە.


ئەم بابەتە 111 جار خوێندراوەتەوە