270325243_428973528910817_2728965123315805843_n.jpg

ئامادە: چرک یان ھایپەر تێکست

 

ئەم کتێبەی بەختیار حەمەسوور سێ کورتەچیرۆکی لەخۆگرتووە ماوەی نێوان نووسینی ھەر چیرۆکێک لە چیرۆکەکان ساڵێکە، ئەستێرەی داوود پاییزی ٢٠١٨ میوانداریی گەورە بەھاری ٢٠١٩ شاڵۆم علێیخێم زستانی ٢٠٢٠، بەڵام چیرۆکی یەکەم لە ڕیگەی کۆمەڵێک بنەما و تایبەتمەندی گیڕانەوەوە لەوانە کاراکتەر و ڕووداو بابەت و دیالۆگ و فەنتازیا و شوێن و ململانێ ..ھتد وەک دەقێکی تەقلیدی لە شوێنی خۆیدا نامێنیت و ڕووەو سەرووی تێکست پەلدەھاوێت و پەیوەندیگرتنێکی ڕێکخراوی داتایی و زانیاری ئامێز سەبارەت بەھەمان بابەت لەگەڵ چیرۆکەکانی ترا دەبەستێ و ھێدی ھێدی ئاوێزانی یەکتر دەبن. ئامادە: چرک بەگشتی دەقێکی قووڵ و جوانە بە تەکنیکی ھایپەر تێکست و ستایلێکی تایبەتی و فەنتازی نووسراوە، لە ڕێگەی پەلوپۆکردن و پەیوەندیبەندییەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دیالۆگ لەگەڵ کۆمەڵیک تێکستی ترا دەکا و یا لە ڕێگەی بەکاربردنی ھێما و ئاماژەگەلێک ستایلی چەندین ڕۆمانی جیھانی بەبیر خوێنەر دێنێتەوە، ھەروەھا بەھۆی گیڕانەوە و کارلێک و دەربڕین و زیپنووسی و دەستبەزمانگرتنەوە وەرگر لە بەڵگەنامە و دۆسیەگەلێک نزیک دەکاتەوە، دەسپێکی چیرۆکی یەکەم بەجێناوی کەسی یەکەمی سەربەخۆ ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، کاراکتەرەکە نووسەرە و لە کتێبفرۆشییەکدا کار دەکات لەگەڵ ئاننا ی ھاوژینی لە خانوویەیکی کۆندا دەژین و خەریکی سەرجێیی کردنن، لەپڕ لەگەڵ زرمەی داتەپینی خانووەکەی تەنیشتیان ڕادەپەڕن ئاننا دەقیژێنێ و بەپەلەپڕوسکێ ڕووەو شوێنی ڕووداوەکە ڕادەکەن، لێرە بەدواوە واز لە گیڕانەوەی ڕووداوەکان دەھێنم و ھەوڵدەدم لە ھەندێ لایەنی پێکھاتە و تەکنیک و ستایلی دەقەکە بدوێم، نووسەر زۆر بە ورد و دەقیقی لە چۆنیەتی ڕووخان و داتەپینی خانووەکە دەدوێت بە شێوازێکی وەسفگەرایی یەکە یەکەی کەرەستە دەرپەڕیوەکانی خانووە کۆنە ڕووخاوەکە دەخاتەڕوو، دەڵێی جەستەی مرۆڤێکی بەساڵاچووە و ڕووەو مەرگ ھەڵدەوەشێتەوە!

کاراکتەری دەق لە نزیک ئەم وێرانەیە ئاوڕێ لە ئاننا دەداتەوە بەزمانێکی شیعرگەرایی وەسفی دەکات (باران دەباری ،ئاننا لە مەکسییەکی قەدیفەدا، لە تەنیشتم بوو، تەماشای خۆم نا جلەکانی دەکردم، تەماشای جلەکانم کرد، بەرەوپشتبوون، سەری بە سینگمەوە نا و تەماشای خانووەکەی کرد (حەیف! بۆ عەمارە پڕشکۆکەی گەڕەک) دەقی ئامادە: چرک، وەک ناونیشان وابەستەی چرکەیەکی ئامادەگییە لەگەڵ ئاننا و ئەوانی تر بۆ چرکاندنی وێنەیەک، دەق تادێ ڕووەو پۆلیفۆنیەت و فرەدەنگی ھەنگاو دەنێ و بە گفتوگۆ و دانوستان و دیالۆگی جۆاروجۆر و گۆکردنی جیاواز دەتەنرێتەوە و کۆمەڵێک ڕوانین و بۆچوون و تێڕوانینی جیاجیا سەبارەت بە ڕووداوەکان دەخرێنەڕوو، مەڵبەندی سەرەکیی ڕووداوەکان شاری سلێمانییە و تێکست یەکە یەکەی کووچە و گەڕەکەکان بەسەردەکاتەوە و ناوی زۆرترین کەسایەتی ناوشار لە ئاستی جیاجیا دەھێنرێت، کە ھەریەکێک لە کەسایەتییەکان گێرانەوە و چیرۆکێکی تایبەت بە خۆی ھەیە، بەڵام ھەمیشە مەینەت و نیگەرانییەکی شاراوە ژیانی ئاننا و ھاوسەرە کتێبفرۆش و نووسەرەکەی داگیرکردووە، مەینەتەکە دڵەڕاوکێ و تراژیدیایەکە بە جەوھەری بوونەوە لکاوە، تادێ ڕۆڵی کاراکتەرەکان دەگۆڕدرێن و ئاننا لە کۆتاییدا چەشنی ھاوسەرەکەی سەرقاڵی چیرۆک نووسی و بەسەرھاتی خانەوادەکان دەبێت و ڕوو لە جیھانی گیڕانەوە دەکات. تێکستی ئامادە: چرک لە رووی شێوازی نووسنی کابووسییەوە وەک ئەو دەنگە ترسناک و شارەوەیەی لە ژوورەکەوە دێت و کەس نازانێ بە چ زمانیک دەدوێت، یا دیمەنی ڕۆشتنی ترسناکی پیرێژنەکە و شتی تریش، ستایلی نووسینی فرانز کافکا (١٨٨٣-١٩٢٤)مان بیر دەخاتەوە، یا شێوازی نووسینی (صادق ھیدایەت ١٩٠٣-١٩٥١) کە بە ستایلی کافکا کاریگەربوو بەتایبەتی لە ڕۆمانی ( بوف کۆر) کونەپەپووی کوێر)دا، ھەڵبەتە ھیدایەت دواتر لە پاریس خۆی دەکوژێت، وەک بەیادھێنانەوەک بەر لە پێنج ساڵ خوێندنەوەیەکم بۆ ڕۆمانی کونەپەپووی کوێر کردووە و لە گۆڤاری ڕامان لای برادەران پارێزراوە و لەبەر درەنگ چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە و بچووکبوونەوەی قەبارەکەی جارێ بڵاو نەبۆتەوە. دەقی ئامادە: چرک لە دوالاپەڕەکانی دا بە بە چێژی دەق یانژی بەچێژبردنی بارتی (رۆلان بارت) لە وێنەی فۆتۆگرافی دەکۆڵێتەوە و پەیوەندیگەلێک نێوان وێنە و گیڕانەوە و تراژیدیا و ڕووداوەکان دەخرێنەڕوو، وێنەکان ھێندە بە غەریبی دەردەکەون و دێنە بەرچاو، وەک ئەوەی مرۆڤەکان ڕۆژێ لە ڕۆژان لە ژیاندا نەبووبن، یەکسەر ڕەوشێکی نیھیلستی فەزای دەق دادەگرێت و لە ناخەوە درک بە پووچێتی بوون دەکرێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم کاتێ لە سلێمانی و لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەب کاک بەختیار حەمەسوورم لە کۆڕەکە و لە پێشکەشکردنی بابەتەکەی وەک گەنجێکی بەتوانا بینی و دواتر کتێبەکەی پێدام، یەکسەر شکڵ و سەروسیمای (سەروەر ئەحمەد )ی ھاوڕێم بیر کەوتەوە، سەروەری چیرۆکنووس خاوەنی کتێبی (دخان الغرفە)، سەروەر برادەری نزیکی دکتور فەرھاد پیرباڵ بوو، لەناکاو دیار نەما و ئێستاش کەس نەیزانی چی بەسەرھات. ئەوەی ڕاستی بێت کتێبی ئامادە : چرک دەقێکی کەرنەڤاڵی و قووڵ و جوانە، ھەڵگری جیھانبینییەکی بوونگەراییە و بایەخێکی زۆری بە خەیاڵ و فەنتازیا داوە وێڕای زمانە زیپ و کورتبڕ و تۆکمەکەی، کاری لەسەر کۆمەڵک پرسی مێژوویی و شوێنەوارناسی کردووە و ئانناش وەک ناو ڕەنگە پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ و ئیستاتیکی بە ڕۆمانی ئاننا کارنینا ی (لیۆ تۆلستۆی ١٨٢٧=١٩١٠ )یەوە ھەبێ، بەتایبەتی پەیوەندی نێوان ئاننا و فرۆنسکی کە وەک ئاماژەیەک لە دەقە کوردییەکە و لە کتێبفرۆشییەکە باسی لێوە دەکرێت. (کتێبەکەم داخست (چ کتێبێک) ئاننا کارنینا. لیۆ تۆلستۆی) نەمویست بڕوات و نەیەتەوە .... )

 

٣-١-٢٠٢٢


ئەم بابەتە 118 جار خوێندراوەتەوە