270083283_409883180933247_8546368494768759319_n.jpg

جیهان ئیبراهیم.. هێڵ و رەنگێکی تایبەتی ژنانە

ئا: بەختیار سەعید

بوونی تایبەتمەندی کاری هونەریی هونەرمەندان بۆ خۆی یەکێکە لە بنەما گرنگ و بەرچاوەکانی هونەرمەندان ئەگەر لەهەر بوارێکی هونەریدا بێت، کاتێک ئەو تایبەتمەندییە دەبێتە ناسینەوەو پێناسەیەک بۆ کاری هونەری ئەوە نیشانەیە بۆ ئەوەى کە لە ئەزموونی کاری خۆیدا هەناوێکی شیاوی ناوە بۆ ئەوەى ئەو تایبتمەندییە ببەخشێتە کارەکانی خۆی.
لەو دیدەوە بووە خانمە شێوەکاری رۆژئاوای کوردستان، (جیهان ئیبراهیم) هەوڵیداوە ئەو تایبەتمەندییە ببەخشێتە نیگارەکانی تاکو لەرێگای رەنگ و هێڵەکانییەوە بتوانێت لەبەرفراوانترین پانتایی شێوەکاری کوردی و عەرەبی و ئەڵمانیدا خۆی بناسێنێت، ئەو تایبەتمەندییەش ئەوە بووە کە بەردەوام هێلەکانی کەسایەتی ژنانی کێشاوەو بەردەوام لەرێگای نیگارەکانیەوە خەون و ئاوات و مەینەتییەکانیانی گێڕاوەتەوە، لەهەمانکاتدا بوونی ئەو رەنگە گەشانەی کە بەردەوام نیگارەکانی پێ کێشاوە پێچەوانەى خەون و نەهامەتییەکان ئەوەى نیشانداوە کە دەکرێت لە هیواو بڕوا بوونەوە بتوانین نەهامەتییەکان بگێڕینەوەو باسیان لێوە بکەین.
بۆ یەکەمنجار (جیهان ئیبراهیم)م لەرێگای سازدانی سێیەمین سیمۆزیۆمی سلێمانی-ەوە کە ناوەندی 7 رەنگە لەشاری سلێمانی سازکرا ناسی، دەمبینی کە چۆن لە ئیلهامی ئەوەدایە کە چۆن داڕشتنی سەرەتاکانی ناو تابلۆکەى دەکێشێت، چۆن رەنگەکان دابەش دەکات و دواتریش چۆن ئاوێتەیان دەکات و لەنێویاندا ئیبرازی کەسایەتییەکانی ناو تابلۆکانی دەکات کە هەموویان ژنانن، ئەو لەرێگای رووکاری ژنەکانەوە چیرۆکی نەهامەتییەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە لەهەمان کاتدا باسی ئەو کرانەوەیەش دەکات کە چۆن ژنان دەتوانن ببنە کەسایەتییەکی خوڵقێنەرو تایبەتمەند کە ژیان ئاڵاو واڵا بکات.
بابەت لەلای جیهان گرنگی و بابەخی گەورەی هەیە، هەر بەو ستایلەی خۆیەوە باسی لەو ژنانە کردووە کە چۆن بوونەتە خۆراکی کیمیایی و ژیانیان کۆتایی پێهاتووە، باسی لەو هەستانە کردووە کە کاتێک ژنێک دوایەمین هەناسەکانی خۆی هەڵدەمژێت و خێزان و ژیان و شارو وڵات بەجێ دەهێڵێت، گەیاندنی هەموو ئەوانە لەرێگای چاوەکانی ئەو ژنانەى کە بەردەوام سەنتەری تابلۆکانی هونەرمەندیان داگیرکردووە گەیاندووە، یاخود گێڕانەوەى ئەو نەهامەتییانەى کە ژیانی رۆژئاوای کوردستان بەسەریدا هاتووە، بەهەمانشێوە رەنگەکان و ژنەکانی ناو تابلۆکانی بوونەتە گەیەنەری ئەو پەیامە، هونەرمەند جگە لەوەى کە خۆی سەربەخۆیانەو بەشدارییەکی بەفراوانی هەیە، لەهەمانکاتدا ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی (رەنگ ئارت)ە کە یەکێکە لەو رێکخراوە هونەرییە پڕ چالاکیانەى کوردەکانی ئەڵمانیا کە شێوەکارانی هەر چوار پارچەی کوردستان تیایدا ئەندامن و جیهانیش بە بەرهەمە بەردەوامەکانی بەشداری سەرجەم پیشانگەو سمپۆزیۆمەکانی ئەم رێکخراوە دەکات، لەهەمانکاتدا خاوەنی چەندین بڕوانامەى رێزلێنانی هونەرییەو بەردەوامیش تابلۆی کێشراوی نوێی هەیەو سەرجەم نیگارەکانیشی بە رەنگی زەیتی دەکێشێت.
یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی نیگارکێشی لەلای جیهان ئیبراهیم ئەوەیە بەردەوام پانتاییە گەورەکان بۆ گەیاندنی پەیامەکانی بەکاردهێنێت، ئەو هەست دەکات چەندە پانتایی گەورە بێت، هێندە کارکردن چڕترو جوانتر و گونجاوتر وردەکارییەکانی ناو تابلۆکە کاری تێدا دەکرێت و بۆ چاوی بینەریش بەهەمان شێوە جوانترە، هەربۆیە ئەگەر بڕوانییە زۆرینەى تابلۆکانی ئەم خانمە شێوەکارەى رۆژئاوای کوردستان ئەوە هەست بەئەندازە گەورەکانی کانڤاس دەکەین و پانتاییەکانیش بە رەنگە ئاڵاو واڵاکان گەشاوەتری کردووە.

بیبلۆگۆافیای جیهان ئیبراهیم
- لەدایکبووی گوندی شێخ حەدید- عەفرین.
- دەرچووی خانەى مامۆستایانی شاری حەلەب-ە.
- دەرچووی سنتەری هونەری فەتحی محەمەد بۆ هونەرەجوانەکانە لە شاری حەلەب.
- 1991 یەکەمین پیشانگەى تایبەتی لە هۆڵی کتێبخانەى گشتی لەشاری حەلەب.
- 1997 دووەمین پیشانگەى تایبەتی لە هۆڵی خانچی بۆ هونەر لەشاری حەلەب.
- 2002 سێیەمین پیشانگەى تایبەتی لەشاری هانۆڤەر- ئەڵمانیا.
-2004 چوارەمین پیشانگەى تایبەتی شاری هانۆڤەر- ئەل|َمانیا.
-2005 شەشەمین پیشانگەى تایبەتی لەشاری لینز- ئەڵمانیا.
- 2010 حەوتەمین پیشانگەى تایبەتی لەشاری ئیسن- ئەڵمانیا
- بەشداری لەچەندین پیشانگەى هاوبەشدا کردووە لە (سوریا، بەلجیکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، سویسرا، هۆڵندا).

 

264121891_238134581768926_3003656968153642913_n

 

263316159_878020116216838_9186196107148744979_n

 


ئەم بابەتە 53 جار خوێندراوەتەوە