271003474_421886309724583_4448970426459372072_n.jpg

نیکۆچاریس کێ بووە؟

لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کە بریتی دەبێت لە ژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرە فراوان و دێرینەی یۆناندا کە لە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەڵاوێژ بەشی شانۆ.

زنجیرەی پەنجا وسێیەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا

گریکییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە کۆنانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا ، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە کۆنەکان ، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتون ، کە توانیویانە ڕێڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن لە هەموو بوارەکاندا ، و هەروەها دەوڵەتە شارەکانی تری شارستانیەتی گریکییە کۆنەکان ، هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی دەوری هەبووە لە پێشخستنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان.

 ئەسیناییەکان دەستێکی باڵا و دیاریان هەبووە ، و یەکێک لەو بوارانە کە تیایدا پێشەنگ بوون هونەری شانۆ بووە ، و لە پاڵ  ئەسیناییەکان دا ، و خەڵکی ناوچەکانی تری وڵاتی گریکییە دێرینەکان ، دەوریان هەبووە  لە پێشکەوتنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان ، زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ، کە گریکییە دێرینەکان بە گشتی ، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دائەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا.

بنچینەی هونەری شانۆ لە ناو شارستانیەتی گریکییە دێرینەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان کە لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی  یۆنان ساز دەکران ، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لە دەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) ئەسورایەوە ، کە ئەو خواوەندە یەکێک لە خواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس ، کە لە پارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی  گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە ، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریکییە پێشینەکانەوە ، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر ، وەکو میسری دێرین ، و میزیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی کۆن ، و ڕۆمای کۆن ، و ڕووسیا.

ژیاننامەی نیکۆچاریس

نیکۆچاریس ، بە پێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکانی دێرین ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆ نووسراوەن ، بە یەکێک نووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆی کۆمیدی دا ، و بە یەکێک لە هەرە نووسەرە گرنگەکانی هونەری کۆمیدی شارستانیەتی گریکی کۆن دادەنرێت ،  کە توانیویەتی هونەری شانۆ پێش بخات و داهێنانێکی گەورەی تێدا کردووە ، و بە یەکێک لە شاعیرانی کۆمدی شارستانیەتی یۆنانی کۆن و مرۆڤایەتی بووە.

نیکۆچاریس ، ئەوەیش وەکو زۆربەی شاعیرانی سەردەمەکەی نەزانراوە لە ساڵی چەندی سەدەی چوارەمی پێش زایین لە دایک بووە ، و بەڵام ئەوە زانراوە  لە دایک بووە لە خێزانێکی خانەدان و ناودار و کوڕەی شانۆنامە نووسی ناوداری کۆمیدی یۆنانی دێرین فیلۆنیدس بووە ، لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریكی ئێستە ،  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی یۆنان لە دایک بووە ، و ئەوەیش لە تەمەنێکی گەنجی دا دەستی کردووە بە نووسینی شیعر و شانۆنامە ، و هەروەها نیکۆچاریس هاو سەردەمی هەر یەکێکە لە شانۆ نامە نووسەکانی ، وەکو: کریتیاس و ئاریستۆفانێس و سۆفۆکلێس و ئیوپۆلیس و ئیۆفۆن و کیفیسۆدۆریوس و یۆریپیدێس و فرینیچوس ئەسینی و کراتیس و کراتینوس جونیۆر و میتاگینیس و و ئاگاثۆن و ئاچایۆسی سیراکۆسی و ئالکاریوس و ئامفیس و ئافاریوس و چایریمۆن و کلیۆفۆن و فیلۆنیدسی باوکی و گەلێک شانۆنامە نووسی تر بووە.

نیکۆچاریس ، ئەوەیش هەر وەکو شاعیرانی هاو دەمی خۆی   لە سەردەمی جەنگی پیلۆپۆنیزی ژیاوە ، کە جەنگی پیلۆپۆنیزی لە نێوان ساڵانی (404_431پ.ز) دا بووە ، کە ئەو جەنگە لە نێوان یەکێتی فیدڕاڵی دیلیان بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسینای گریک (یۆنان) ی دێرین ، و یەکێتی یان ڕابیتەی پیلۆپۆنیزی بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسپارتای گریک (یۆنان) ی دێرین بووە ، کە سەر ئەنجام بە سەرکەوتنی یەکێتی یان ڕابیتەی پیلۆپۆنیزی بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسپارتا و شکستی یەکێتی فیدڕاڵی دیلیان بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسینا کۆتایی هات.

نیکۆچاریس هەر وەکو ئەمانەی تر واتا هەر وەکو شانۆنامە نووسەکانی هاو پیشەی دەورێکی کاریگەری لە بەرەو پێش بردنی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی ئەو کاتە بە گشتی ، و هونەری شانۆیی یۆنانییە کۆنەکان بە تایبەتی هەبووە ، و ئەوەیش هەر وەکو شاعیرە کۆمیدییە ئەو سەردەمەی یۆنانی کۆن بە شێوەێکی تکۆمیدییانە ڕەخنەی ئاڕاستەی دیاردە ناشیرین و دزیۆەکانی ناو کۆمەڵگەی دێرینی گریکی بە گشتی و کۆمەڵگەی ئەو ئەکاتەی ئەسینی بە تایبەتی گرتووە ، و هەروەها بە هەمان شێوە بە کۆمیدییانە ڕەخنەی ئاڕاستەی دیاردە ناشیرین و دزیۆەکانی ناو دەوڵەتانی هاوسێیش گرتووە.

 جۆهانن ئالبریچت فرییدریچ ئۆگوستوس مینکی نووسەر و لێکۆلکاری کلاسیکی ئەڵمانی کە لە نێوان ساڵانی (1870_1790ز) ژیاوە ئەڵێت کە ڕەنگە هەر دوو دەقی شانۆیی ئامیمون و پێلۆپس ناوی ئەلتەرناتیڤ بن بۆ هەمان کاری دەقی شانۆیی نیکۆچاریس ، چونکە نووسەری بێزنتی (سودس) ئەو دوو کارە پێکەوە لیست ئەکات ، کە لە کاتێک دا هەموو ئەوانی تر لە ڕیزبەندی ئەلفوبێدان و پارچەیەکی ئەمیمۆنی کە لەلایەن ئاثنایۆسەوە وەریگرتووە ئاماژە بە ئۆنۆماوسی خەسری پێلۆپس دەکات ، و لە پارچە دوورەکانی کاری نیکۆچارس ، مرۆڤ تەنها دەتوانێت ئەوە دەربخرێت کە ئەو بە ستایلی کۆمێدی کۆن مامەڵەی کردووە ، و هەروەها جاروبار بەرز ئەبێتەوە بۆ شکۆی تراچیدی ، و هەروەها دیارە کە کارە کۆمدییەکانی لە ئەفسانە و نەریتە لۆکاڵییەکانی وڵاتەکەیدا کاریگەریان هەبووە ، و بێشک خزمەتیان کردووە بۆ گاڵتەکردن بە نامۆیی وڵاتانی دراوسێ.

بەرهەمە شانۆییەکانییەکانی نیکۆچاریس

نیکۆچاریس ، ئەوەیش لە ماوەی ژیانی دا وەکو شاعیر و شانۆ نامەنووس ، چەندان بەرهەمی شانۆیی نووسیووە ، کە بەرهەمە شانۆییەکانی بە دەیان دەقی شانۆیی بوون ، بەڵام بە داخەوە سەرجەم بەرهەمەکانی فەوتاون و بە دەست ئارەزوومەندەکانی بواری شانۆ نەیگەیشتوون ، واتا بە تەواوی بەرهەمە شانۆییەکانی فەوتاوە ، و هەروەها بە پێی ئینسایکڵۆپیدیای سودا کە ئینسایکڵۆپیدیای ناودار و پڕ زانیاری سەردەمی دەسەڵاتداری ئیمپراتۆریای بێزنتییه‌کان بووە ، و لە سەدەی دەی زایینی ، لە لایەن نووسەری بێزنتی (سودس)ەوە نووسراوە تەنها ناونیشانی (9) دەقی شانۆیی زانراوە ، و بەڵام دەقەکانیان بە تەواوی فەوتاوە ، کە ئەوەش ناونیشانەکانیانە ، کە ئەمانەن: ئامیمون ، پێلۆپس (پێلۆپس) ، گالاتیا ، هەرکولس زەماوەند کردن ، سپۆنسەری هێرکۆلس (هەرکولس بەرهەمهێنەری شانۆگەری) ، کریتانس ، لاکۆنیان ، ئافرەتانی لێمنیا ، سێنتۆرس (ئەوانەی شان بە شانی یەکتری ئەژین).

نیکۆچاریس ، لە زۆربەی زۆری فێستیڤاڵەکانی تەواوی وڵاتی یۆنانی ئەو کاتە ، هەر وەکو شانۆنامە نووسەکانی هاو سەردەمەکەی بە دەقە شانۆییەکانی بەشداری کردووە ، و نزیکەیی چەندین  جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکانی بە دەست هێناوە ، لەوانە فێستیڤاڵەکانی پەرستگای خواوەند دیۆنیسس ، کە بە شاری دیۆنیسیا ناسراو بوو بەشداری کردووە ، کە توانیویەتی چەندین جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست هێنێت ، و هەروەها چەندین جار بەشداری لە فێستیڤاڵی لینای ئەسینا کردووە ، کە توانیویەتی چەندین جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست هێنێت.

 کۆچی دوایی نیکۆچاریس

نیکۆچاریس ، لە ساڵی (345پ.ز) کۆچی دوایی ، بەڵام نەزانراوە لە تەمەنی چەند ساڵی دا  کۆچی دوایی کردووە ، و بەڵام ئەوە زانراوە لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك ،  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی یۆنان کۆچی دوایی کردووە ، و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاک کراوە.

 

سه‌رچاوه‌کان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن-وە: زاهیر محەمەد ڕەشید-سلێمانی2008ز.

_3پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا- وە: نیهاد جەلال حبیب اللە-سلێمانی2009ز

4_ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2014ز.

5_لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا-وە: د . سەنگەر حاجی-هەولێر2014ز.

6_ئێریک ئریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی-وە: کەریم مستەفا-سلێمانی2020ز.


ئەم بابەتە 53 جار خوێندراوەتەوە