sewan-qader.jpg

سێوەکەی چەمچەماڵ

عەزیز ڕەئووف

1
سێوان، ئەی سێوی ئەم باخە نەعلەتیەی من
سێوان ئەی فریشتەی ئەم جەهەننەمە تاریکەی من
سێوان، لەنێو دیوارەکانیش نایەڵن بژی
سێوان، لەنێو قەفەزیش نایەڵن بفڕی.
2
سێوانیان گواستەوە لە گۆڕی ماڵەوە بۆ گۆڕی گۆڕستان
سێوانیان گواستەوە لە قەفەزی کۆڵانەوە بۆ گەڕەکی کێلی قەبرەکان.
3
پیاو دنیای ناشرین کردوە،
پیاو ژنی کوشت خۆی کوشت و کۆمەڵگەش
پیاو ماڵی کردە زیندانی مێینە و شەهوەتی خۆی لە ماڵێکی تر ڕشت
پیاو شەرەفی خۆی دۆڕاند و لای ژن بەدوای شەرەفدا دەگەڕێت.
4
سێوان، چەند قێز لە پیاوەتی دەکەمەوە،
چەند بێزارم لەم زەکەرەی لەنێو ڕانەکانمدایە.
سێوان، من لەجیاتی هەموو پیاوانی دنیا تەریق دەبمەوە
سێوان، من شەرم لە کوردبوونم دەکەم، شەرم لەنێربوونم دەکەم.
5
سێوان، ئەوەی تۆ دەسوتێنێ و ئەوەی کۆمەڵگەش هەر یەک مەعدەنن
ئەوەی تۆ دەکوژێ و خەونی کۆمەڵگەش هەر یەک توخمن
پیاوانی دەسەڵات، دین و بنەماڵە کۆمەڵگەیان لەگەڵ خۆیاندا کوشتووە
کەچی بۆ مەرگی تۆ سەر بەرز دەکەینەوە و دەڵێین چۆن دەبێ؟
6
سێوان، شاریان پڕ کردووە لە چەتە
شەڕی داعش نەمێنێت چەتەکان بێکارن
دەبێت بەربنە گیانی مێینە.
7
سێوان، مێردەکەت چی کردووە؟ (ژنێکی تر؟)
مەلا دەڵێ حەڵاڵە، ئایین دەڵێ حەڵاڵ و شەهوەتیش دەڵێ حەڵاڵ.
ژنێکی تر بێنن و ژنی دووەم بسوتێنن
کچە عازەبێک بخوازن و ژن بە منداڵەوە گڕتێبەردەن.

8
سێوان، گۆرانیت بۆ دەڵێن و دەتکوژن:
(باغی سێوان باغی سێوان باغی سێوان هاتەبەر)
9
شاری شەهیدان و ئەنفال، ئەمجارە خۆی ئەنفال دەکات
ئەمجارە ژن ئەنفال دەکات.
10
سێوەکەی نیوتن کەوت و جیهان لە هێزی ڕاکێشان ئاگادار بۆوە
سێوەکەی کۆمپانیای ئاپڵ دنیای کرد بە گوندێکی بچوک
سێوەکەی چەمچەماڵ کەسی لە خەو هەڵنەساند.


ئەم بابەتە 132 جار خوێندراوەتەوە