nazimhikmet.jpg

نامەکەی نازم حیکمەت بۆ کامەران بەدرخان

ئامادەکردن و وەرگێڕان لە تورکییەوە: بەکر شوانی*

شاعیری ناوداری تورک نازم حیکمەت (١٩٠٢-١٩٦٣) ساڵێک یان دوو ساڵ بەر لە مردنی، لە ڕێی کەسایەتی و ڕووناکبیری کورد کامەران بەدرخانەوە (١٨٩٥-١٩٧٨) نامەیەک ئاڕاستەی گەلی کورد دەکات و تیایدا بۆچوونی خۆی لەمەڕ دۆزی کورد لە تورکیا دەخاتە ڕوو. لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیادا و لەگەڵ دەرچوونی یاسای "تەقریری سکون" و زیادبوونی گوشاردا بۆ سەر ڕۆشنبیران، ژمارەیەکی زۆر کەسی دیار و ناسراو دەستگیر کران و هەندێکیان لە دار دران. ئەو ڕەوشە کامەران و جەلادەت بەدرخانی برای کە دەکەنە نەوەی میر بەدرخانی میری جزیرە، ناچار کرد لە ئیستانبوڵ هەڵبێن و ڕوو لە ئەوروپا بکەن. پاش چەند ساڵێک جەلادەت بەدرخان گەڕایەوە بۆ سوریا و لەوێوە لە کاری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانی بەردەوام بوو، بەڵام کامەران بەدرخان لە ئەوروپا مایەوە و ژیانی هاوسەرێتی پێکەوە نا. بە ڕێککەوت هاوسەری کامەران بەدرخان و هاوسەری نازم حیکمەت یەکدی دەناسن و هەر ئەوەیش دەبێت بە هۆی بە یەکگەیشتن و یەکترناسینی کامەرانی کورد و نازمی تورک. بە پێی زانیارییەکانی کوردۆلۆگی ناسراو محەمەد بایراک (دانیشتووی ئەڵمانیا)، دیداری لوتکەی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠ لە پاریس پێک هاتووە و کامەران بەدرخان لەو دیدارەدا بە دوور و درێژی باسی مێژوو و کولتوور و زمانی کورد بۆ نازم حیکمەت کردووە. هەر لەو سەردەمەدا نازم حیکمەت لە ڕوانگەی سۆسیالیزمەوە زیاتر ئاشنای گەلی کورد و دۆزەکەی بووە و و پاش چەند ساڵێکیش لەو دیدارە نامەیەکی بۆ کامەران بەدرخان ناردووە. ئەو نامەیە کە ساڵی ١٩٨٠ لە ئەرشیڤی تایبەتیی کامەران بەدرخاندا دۆزرایەوە و ئۆرژیناڵەکەی لە ئەنستیتووی کورد لە پاریس پارێزراوە، مێژووی بە سەرەوە نییە، بەڵام بایراک ڕای وایە ساڵی ١٩٦١ یان ١٩٦٢ نووسرابێت. دەقی ئەم نامەیە بە زمانی تورکی و لە تورکیا بۆ یەکەمجار لە ژمارەی ڕۆژی ٣١ی تەمووزی ساڵی ١٩٨٨ی گۆڤاری (ئیکیبینە دۆغرو)دا بڵاو کراوەتەوە.
دەقی نامەکەی نازم حیکمەت:
"نەتەوەی کورد کە ڕەگ و ڕیشەی سەدان ساڵ بە مێژوودا ڕۆچووە، زۆرینەیەکی بەرچاوی بە مێژوو و کولتووری خۆیەوە لە پارچەیەکی ئەنادۆڵ دەژی. نەتەوەی تورک کە لە پارچەکانی تری ئەنادۆڵ دەژی، بە برای نەتەوەی کورد دادەنرێت. هەردوو نەتەوە لە ئیمپراتۆریای عوسمانیدا کە هاوشێوەی هەموو ئیمپراتۆریاکانی تر زیندانی گەلان بوو، زنجیری ئەستووری ئاغا و دەرەبەگەکانی تورک و کورد و ئیدارەی ئیمپراتۆریای عوسمانی لە دەست و پێیان خرابوو. دوای ڕووخاندنی ئیمپراتۆریای عوسمانیش، هەردوو نەتەوە بەرەیەکی هاوبەشیان لە دژی ئیمپریالیزم دامەزراند و خەباتیان کرد.
بزووتنەوەی میللیی ڕزگارکردنی ئەنادۆڵ تەنیا بۆ تورکەکان نا، بۆ کوردەکانیش بە یەکێک لە لاپەڕە هەرە بەشکۆکانی مێژوویان دادەنرێت. یەکێک لە گۆرانییە هەرە لە بیر نەکراوەکانی ئەو سەردەمە کە لە ساڵانی دوای شەڕدا لەلایەن دەسەڵاتی تورکەوە قەدەغە کرا، بەم دێڕە دەستی پێ دەکرد: "لێدەن کوڕانی کورد، ڕۆژی نامووسە!" لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، دەسەڵاتداران و ناوەندە باڵادەستەکانی تورک نکۆڵیان لەو مافە نەتەوەیی و مرۆییانە کرد کە لە سەروبەندی پەسەندکردنی بزووتنەوەی کورددا بەڵێنی بەدیهێنانیان دابوو، تەنانەت کاریان گەیاندە سنووری نکۆڵیکردن لە هەبوونی نەتەوەی کورد. ئەو سەردەمە قۆناغی سازشی نێوان دەسەڵاتداران و چینە باڵادەستەکانی تورک و ئیمپریالیزم بوو.
دەرکەوتنی ئەو نکۆڵیکردن و سازشە لە هەمان قۆناغدا ڕێککەوت نەبوو. سیاسەتمەدارانی تورک کە ئەمڕۆ تورکیایان کردووە بە یەکێک لە قەڵاکانی ئیمپریالیزم لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاستدا، بە پێداگرتنەوە بەردەوامن لە نکۆڵیکردن لە هەبوونی نەتەوەی کورد و تەنانەت ئەو مافانەی کە لە ناو سنوورەکانی کۆماری تورکیادا بۆ کەمینەکانی تر دابین کراوە، ئەمان لە نەتەوەی کوردیان زەوت کردووە.
ئەو ئومێد و خواستانەی کە گەلانی تورک و کوردی ناو سنوورەکانی تورکیا لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە چاوەڕێی دەکەن، دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی تورکیای تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە. هەردوو نەتەوە خوازیارن کولتووری میللیی برایانە و ئابووریی میللی پێش بخەن و بگەن بە مافەکانی خاوەندارێتیی زەوی و کەرەستەکانی کشتوکاڵ و ئازادی و مافە دیموکراتییەکان. گەلانی تورک و کورد بە تاسەی ئەوەوەن کۆماری تورکیا لە دەرەوە سیاسەتێکی بێلایەن پەیڕەو بکات و خۆی لە دۆخی بوون بە بنکەی ئیمپریالیزم ڕزگار بکات.
هەر وەک چۆن نیشتمانپەروەرانی ڕاستەقینەی تورک بە گیان و دڵ پشتیوانی لە خوشک و برایانی کوردیان دەکەن لە تێکۆشانیاندا بۆ گەیشتن
بە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی سنووری تورکیادا، نیشتمانپەروەرانی ڕاستەقینەی کوردیش بە هەمان شێوە پشتیوانی لە گەلی تورک دەکەن لە تێکۆشانیاندا بۆ دیموکراسی و سەربەخۆییی نەتەوەیی. ئەو هێزە کۆنەپەرست و کۆلۆنیال و تاریکانەی کە خوازیارن دووبەرەکی بخەنە نێوان تورک و کوردەکانی دانیشتووی ئەنادۆڵەوە دەستیان خستووەتە دەستی ئیمپریالیزمەوە و دەیانەوێت گەلانی خۆیان زیاتر بچەوسێننەوە.
تێکۆشانی میللیی نوێی گەلانی کورد و تورک لە دژی دەرەبەگ، هێزە ڕەشەکان، ئاغاکانی شار و گوند، پاشڤەڕۆیان، ڕەگەزپەرستان، ئەوانەی نکۆڵی لە هەبوونی میللەتان و مافە نەتەوایەتییەکانیان دەکەن، ئەوانەی گەلان دەکەن بە گژی یەکدیدا و بە ساناهی سواری کۆڵیان دەبن و لە دژی نۆکەرانی ئیمپریالیزم بە دەست خستنە ناو دەستی هەردوو نەتەوەی کورد و تورک سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت و ئەم دوو نەتەوەیە دەگەیەنێتە بەختیاری و ئاستی ژیانێکی مرۆیییانە. ئەم دوو نەتەوە برایە تەنیا بە هاوکارییەکی لەو جۆرە دەتوانن بگەن بە ئازادی و مافە نەتەوەیی و مرۆیییەکانی خۆیان."

* بەکالۆریۆسی ڕۆژهەڵاتناسی-بازنەی تورکیاناسی، زانکۆی بۆن، ٢٠


ئەم بابەتە 148 جار خوێندراوەتەوە