shekofatah.jpg

شێرکۆ فەتاح نووسەرێکی ئەڵمان بە کەرەستەی کوردییەوە

ئا. لە ئەڵمانییەوە: بەکر شوانی

نووسین و بڵاوکردنەوەی 4 ڕۆمان و کتێبێکی کۆچیرۆک لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا ناوی نووسەری ئەڵمانی بەڕەچەڵەک کورد شێرکۆ فەتاحی بە هێڵێکی تۆخ لە ئاسۆی ئەدەبیاتی ئەڵمانیدا تۆمار کردووە. ئەم نووسەرە کە ساڵی 1964 لە باوکێکی کورد و لە دایکێکی ئەڵمان لە بەرلینی ڕۆژهەڵات لە دایک بووە و بە منداڵی لەگەڵ دایک و باوکیدا لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی جاران و لە کوردستان ژیاوە، لە نزیکەوە ئاگای لە ڕەوشی ژیانی نالەباری وڵاتی دایکی و نەهامەتی و کارەساتەکانی وڵاتی باوکی بووە و گشت ئەوانە لە کارەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. نووسەر لە ڕۆمانەکانیدا باس لە دیکتاتۆرەکان و شەڕ و ناکۆکیی توندوتیژ دەکات، تیشک دەخاتە سەر کێشمەکێشمی ئاینی و سەنگەرگۆڕین و دڵسۆزی و ناپاکی و هەرە زیاد بۆمان دەگێڕێتەوە کە چۆن توندوتیژی و ترس شوێنەواری لە سڕینەوە نەهاتوو لە دەروونی مرۆڤەکاندا بەجێدەهێڵن.
شێرکۆ فەتاح لە تەمەنێکی زوودا دەستی بە نووسین کردووە و لە سەرەتادا خوێندنی زانکۆ کاریگەریی بەسەر نووسینەکانییەوە نەبووە. ئەو لە ساڵانی خوێندنی زانکۆدا لە بەرلین لە هەندێک بابەتی وەک ڕامان لای ڤیلهێلم دێلتی و شیکاری زمانەوانی لای مارتین هایدیگەردا قوڵ بووەوە و لە ساڵانی هەشتاشدا لە ژێر کاریگەریی نووسەرانی ئەمریکای لاتینی وەک گابریل گارسیا مارکیز و فارگاس لیۆسا و چەند نووسەرێکی تردا بووە. دواجار شێرکۆ فەتاح بابەت و کەرەستەی پێویستی نووسینی ڕۆمانی لە ژیانی نێوان کولتوورەکان و دژواریی ئاوێتەبوون لە تاراوگە و لە بەسەرهاتی قوربانییانی شەڕ و دیکتاتۆرەکاندا دۆزییەوە. ئەو خۆی دەڵێت: "دەچمە بیری بیانی و نامۆکانەوە و ئەزموونەکانیان لە قاڵبی ڕۆماندا دادەڕێژمەوە." شوێنی ڕوودان و بەشی زۆری پاڵەوانەکانی شێرکۆ فەتاح کوردستان و کوردن. بەو واتایەکی تر، نووسەر کەرەستەی کوردی بەکار دەهێنێت و بە زمانی ئەڵمانی دەنووسێت.
شێرکۆ فەتاح ساڵی 1996 لە بەرلین خوێندنی فەلسەفە و مێژووی هونەری تەواو کردووە و هەر ئەو ساڵە دەستی کردووە بە نووسینی یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوونیشانی "لە وڵاتی سەر سنوور" کە ساڵی 2001 لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی (یونگ ئوند یونگ)وە لە زالتسبورگ چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم ڕۆمانە لە هەمان ساڵی بڵاوکردنەوەیدا خەڵاتی (Aspekte-Literaturpreis 2001) وەرگرت و ساڵی دواتریش وەک "نۆبەرەی نووسینی مایەی بایەخ پێدان" خەڵاتی تایبەتی ڕەخنەگرانی ئەڵمانیای وەرگرت. نووسەر لەم ڕۆمانەدا لە ڕوانگەی میوانێکی ئەوروپاییەوە دەست دەکات بە گێڕانەوەی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی ناوچەیەکی سەر سێکوچکەی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و ئێران (باشوور و باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە بەهۆی دوایین شەڕی کەنداوەوە تووشی هەژانی دەروونی بوون. لێرەدا چیرۆکی پیاوێک دەخوێنینەوە کە چەند ساڵێک لەوەوبەر بڕیاری خۆی داوە و بووە بە قاچاخچی و لە نێوان سنوورەکاندا شتومەکی گرانبەهای وەک ڤۆدکا و جگەرە و لاپتۆپ دەهێنێت و دەبات. بەتەنیا کەسوکاری کابرا نا، بگرە کارمەندانی دەزگاکانی هەواڵگری ئەمدیو و ئەودیوی سنووریش لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتلیدا لە ئاست هاتن و چوونی کابرادا چاو دەنووقێنن. بەڵام گرفتی کابرا لەو کاتەوە دەست پێدەکات کاتێک کوڕی گەورەی پەیوەندی بە گرووپێکی ئیسلامیی توندڕەوەوە دەکات و داوا لە باوکی دەکات دەست لە قاچاخچیکردن بە شتومەکی "حەرام"ەوە هەڵبگرێت. دواجار کوڕەکە دەکوژرێت و ئیدی لێرەوە بەسەرهاتەکانی ڕۆمانەکە دەست پێدەکەن.
شێرکۆ فەتاح ساڵی 2002 بە بڵاوکردنەوەی کۆچیرۆکی "دۆنی"، پێگەیەکی فراوانتری لە جیهانی ئەدەبیاتی ئەڵمانیدا بەدەست هێنا. ڕووداوەکانی ناو ئەو چیرۆکانە پەیوەندیی نێوان بەشەکانی باکور و باشوور و ڕۆهەڵاتی کوردستان و نێوان تورکیا و ئەڵمانیا دەخەنە ڕوو. نووسەر بە شێوەیەک بەسەرهاتەکان دەگێڕێتەوە کە خوێنەر هەست دەکات نووسەر هەمان کات لە گشت ئەو شوێنانەیە و لە هیچ یەکێکیش لەو شوێنانە نییە. ئەو بەهەندەوە و زۆر بەوردی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەکات و بێ ئەوەی خوێنەر بێزار بکات، بە هانەسەیەکی درێژەوە چیرۆکەکان دەگێڕێتەوە.
شێرکۆ فەتاح پاش ئەوەی ساڵی 2003 بورسی ئالفرێد-دۆبلینی ئەکادیمیای هونەرەکانی وەرگرت، باری دارایی سووک بوو و هەلی ئەوەی بۆ ڕەخسا ڕۆمانی دووەمی خۆی "مامی بچکۆڵە" بنووسێت کە ساڵی 2004 لەلایەن هەمان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوبراوەوە چاپ و بڵاو کرایەوە. شانۆی ڕووداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانەش بەرلین و چیایەکانی کوردستانە. نووسەر-حیکایەتخوان ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردوو لە ناو پەنابەرانی نایاساییدا لە بەرلین ئاشنای پیاوێکی بەتەمەنی کورد دەبێت کە هەمووان بە "مامی بچکۆڵە" بانگی دەکەن. حیکایەتخوان ڕایەڵەی هاوڕێیەتی لەگەڵ کابرای بەساڵاچوودا دادەنێت و پەرۆشی زانینی ڕابردووی دەبێت. بەڵام یارۆی بەتەمەن ئامادە نییە پەردە لەسەر ڕابردووی خۆی هەڵبداتەوە. لەبەرئەوە حیکایەتخوان ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و لەوێ هەڵوەدای دۆزینەوەی ڕابردووی کابرا دەبێت.
شێرکۆ فەتاح لە ڕێی ڕۆمانی "کەشتیی تاریك"ەوە کە ساڵی 2008 لەلایەن هەمان دەزگاوە چاپ و بڵاو کرایەوە، بە گوڕێکی نوێ و بە ئەزموونێکی کامڵترەوە هاتەوە مەیدانی ئەدەب. ئەم ڕۆمانە کە هەمان ساڵ بۆ خەڵاتی پێشانگای کتێبی لاپزیگ و خەڵاتی کتێبی ئەڵمانیا پاڵێورا، باس لە چیرۆکی گەنجێک دەکات بەناوی کەریم کە بە پیشە چێشتلێنەرە و هەوڵ دەدات لە ڕێی چیایەکانی کوردستانەوە خۆی بگەیەنێتە ئەوروپا. کەریم پێشتر کەوتووەتە ناو جەنگاوەرانی ئیسلامییەوە و لە توندوتیژی و تاوانەکانی ئەواندا دەستی هەبووە و بەشدار بووە. بەڵام دواتر دەست لەو تاقمە هەڵدەگرێت و ڕوو لە ئەوروپا دەکات. ئەو، تێدەکۆشێت لە ئەڵمانیا ژیانێکی نوێ دەست پێ بکات و تەنانەت بۆ یەکەم خۆشەویستیی ژیانیشی دەدۆزێتەوە، ، بەڵام وا دیارە ناتوانێت خۆی لە ڕابردوو ڕزگار بکات.

"وڵاتێکی سپی" ڕۆمانی چوارەمی شێرکۆ فەتاحە کە ساڵی 2011 لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی "لوختەرهاند" دەرچووە. لەم ڕۆمانەدا کات ساڵانی سیی سەدەی ڕابردووە. ئەنوەری لاوی عەرەب لە پێچ و پەنای سیاسەتی سەردەمی خۆی تێناگات. ئەو خەون بە خانووی جوان و گەشتی دوور و کەمێکیش خەون بە خوشکی برادەرە جووەکەی خۆیەوە دەبینێت. خەون بەوەوە دەبینێت ببێت بە کەسێکی دیار. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانیدا خۆی لە ناو "کراس ڕەشەکان"دا، بە واتایەکی تر لە ناو ڕێکخراوی گەنجە فاشیستەکانی عێراقدا دەبینێتەوە. ئەم ڕۆمانەی نووسەر کە ساڵی ٢٠١٢ بۆ خەڵاتی پێشانگای کتێبی لاپزیگ پاڵێورا، چیرۆکی ڕاستییەکی تاڵ و کارەساتەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم دەگێڕێتەوە. نوێترین ڕۆمانی شێرکۆ فەتاح "دوایین شوێن" ساڵی ٢٠١٤ کەوتە بازاڕەوە.
شێرکۆ فەتاح:
28/11/1964 لە بەرلینی ڕۆژهەڵات لە باوکێکی کوردی خەڵکی سلێمانی و لە دایکێکی ئەڵمان لە دایک بووە. سەردەمی زووی منداڵی لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی پێشوو بەسەربردووە، بەڵام هەر لەو ساڵانەدا ماوەیەکی درێژ لەگەڵ کەسوکاریدا لە کوردستان ژیاوە. خێزانی شێرکۆ ساڵی 1975 لە بەرلینی ڕۆژهەڵاتەوە کۆچیان کرد بۆ ڤیەنا و پاش ماوەیەکی کورتیش لەوێوە گواستیانەوە بۆ بەرلینی ڕۆژئاوا. شێرکۆ لەوێ فەلسەفە و مێژووی هونەری خوێند و لە ساڵانی خوێندنی زانکۆشدا چەندین جار سەردانی کوردستانی کردووە. شێرکۆ فەتاح ئێستا وەک نووسەری پیشەیی لە بەشەشاری کرۆیتسبێرگی شاری بەرلین دەژی.


ئەم بابەتە 141 جار خوێندراوەتەوە