ghasan.jpg

کێوی بووم، تۆ کەویت کردم

ئا: حەمە سەعید حەسەن

ئه‌گه‌ر پێت وایه‌ بز‌ربوونی من، ده‌بێته‌ هه‌وێنی به‌ختەوەریت، هێنده‌م خۆش ده‌وێیت، ده‌توانم به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌خوازیت، له‌به‌ر چاوت بزر ببم. بۆ هه‌ر كوێیه‌ك سه‌فه‌ر بكه‌یت، هه‌رچه‌ند لێم دووربیت، له‌به‌رچاوم ون نابیت. دووری و دابڕان، ناتوانن ئه‌و شته‌ هاوبه‌شانه‌ی نێوانمان كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕاستگۆیی و جوانی ڕۆ نراون، بڕووخێنن.

هەر تاقه‌ ژنێك، ته‌مه‌نی پیاوێك داگیر ده‌كات، ئیدی هه‌ر ژنێكی دیكه‌ بناسێت، ته‌نیا هه‌وڵدانه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و له‌بیرچوونه‌وه‌ی ئه‌و تاقه‌ ژنه‌ و دوای ئه‌و ئه‌وینه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌، نه‌ ژیانی جێی به‌ختیارییه‌كی تری تێدا ده‌بێته‌وه‌ و نه‌ ته‌مه‌نی به‌شی ئه‌وینێكی دیكه‌ ده‌كات، تۆ ئه‌و تاقه‌ ژنه‌ی ژیان و ته‌مه‌نی منیت.

هه‌رگیز كه‌سی وه‌ك تۆم نه‌ناسیوه‌، هێنده‌ لێته‌وه‌ نزیكم، قه‌ت له‌ كه‌سی دیكه‌وه‌، هێنده‌ نزیك نه‌بووم. ددانی پێدا ده‌نێم، من كێویی بووم، ئه‌وه‌ تۆ بوویت كه‌ویت كردم. تۆ هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام گه‌مارۆت داوم، وه‌لێ من هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێتم، هه‌ر وه‌ك كه‌سێك چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی نیشتمانێك بكات كه‌ له‌مێژ بێت له‌ كیسی چووبێت.

له‌ دووریت، مۆمێكم، تنۆک تنۆک ده‌توێمه‌وه‌، وه‌ك چۆن ناوی خۆمم له‌بیر ناچێته‌وه‌، هه‌رگیز تۆیش فه‌رامۆش ناكه‌م. ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆم له‌ بیر بچێت، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ نیشتمانم له‌ كیس چووبێت. وه‌ك چۆن ده‌ستبه‌رداری وڵاته‌كه‌م نابم، هه‌ر وایش قه‌ت واز له‌ تۆ ناهێنم و خه‌باتی بێوچانی درێژخایه‌نم، له‌پێناوی ئه‌وه‌دایه‌ به‌ تۆ بگه‌م، ئاخر تۆ، ڕابردوو، ئێستا و ئاینده‌ی منیت، ئاخر تۆ نیشتمانی منیت، ئاخر به ‌هۆی تۆوه‌ وابه‌سته‌ی نیشتمانم.

تۆ ته‌نیا بیر له‌ چاره‌نووسی خۆت ده‌كه‌یه‌وه‌ و من خه‌یاڵم لای ئاینده‌ی كه‌سانی تر‌یشه‌. ترسنۆك نیم، ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ك و قوربانیدانه‌ بۆ كه‌سانی دیكه‌، تۆ به‌ ترسنۆكیی لێك ده‌ده‌یه‌وه‌. وا هه‌ست ده‌كه‌م له‌ ناوه‌ندی خمخۆركێكدام،(١) نازانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ دواوه‌ باشه‌؟ یان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێم؟ من دیلی ده‌ستی ئه‌وینی تۆم و تۆیش وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی ئازاد، به‌رده‌وام له‌ ئاسمانی خه‌یاڵمدا له‌ شه‌ققه‌ی باڵ ده‌ده‌یت. با لێشم نه‌پرسیته‌وه‌، وه‌لێ من هه‌میشه‌ دێمه‌وه‌ بۆ لات، وه‌ك ئه‌و منداڵه‌ بێ كه‌س و بێ داڵده‌یه‌ی، بۆ تاقه‌ په‌ناكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. وه‌ك منداڵێكی چه‌قاوه‌سوو ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لات و سه‌ری ته‌ڕبوومت پێ ده‌سپێرم، به‌و ئومێده‌ی قژم له‌ ئامێزتا وشك بكه‌یته‌وه.

تۆ له‌ منداڵدانی (با)دا له‌ دایك بوویت و من ده‌خوازم له‌ژێر كه‌پری پێڵوومدا بتخه‌وێنم، ئه‌ی ئه‌و هه‌وره‌ژنه‌ی له‌ ته‌مه‌نی وشكهه‌ڵاتوومدا، به‌فه‌ڕترین وه‌رز بوویت. ئه‌وه‌نده‌م خۆش ده‌وێیت، تا لێواری شێتی، شێتییه‌ك هێدی هێدی به‌ره‌و مردنم ده‌بات و كه‌چی چێژی لێ وه‌رده‌گرم. ده‌شێت ڕۆژێك به ‌ته‌واوی فه‌رامۆشم بكه‌یت، ده‌زانیت به‌و چاره‌نووسه‌ خه‌مناكه‌یش، هه‌ر قایلم!(٢)

*

(١) خمخۆرک: الرمال المتحركة: Quicksand

(٢) رسائل غسان كنفانی الی غادة‌ السمان، قدمت لها: غادة السمان، الطبعة‌ الخامسة‌، دار الطلیعة ٢٠٠٥ بیروت.

(٣) ئه‌م نامه‌یه‌، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و نامانه‌ی (غه‌سسان كه‌نه‌فانی)دا نووسراوه‌ كه‌ بۆ (غادە ئه‌سسه‌ممان)ی هه‌ناردوون.

غه‌سسان كه‌نه‌فانی پیاوێك بوو خاوێن، نه‌ سامان توانی پیسی بكات، نه‌ ده‌سه‌ڵات.

غاده‌ ئه‌سسه‌ممان

ئازادی شتێك نییه‌، بتوانین له‌ ده‌ره‌وه‌ بیهێنین، ئه‌گه‌ر هه‌بێت له‌ ناخی خۆماندایه‌.

غه‌سسان كه‌نه‌فانی


ئەم بابەتە 89 جار خوێندراوەتەوە