270926394_488591096020036_3689581996028373564_n.jpg

زنجیرەی پەنجا ودووەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا.

چۆمان حەمە تەقیەدینی

لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کەبریتی دەبێت لەژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرەفراوان و دێرینەی یۆناندا کەلە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەڵاوێژ بەشی شانۆ.

ئیوفانتوس کێ بووە؟

گریکییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە کۆنانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە کۆنەکان، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتون، کە توانیویانە ڕێڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن لە هەموو بوارەکاندا، و هەروەها دەوڵەتە شارەکانی تری شارستانیەتی گریکییە کۆنەکان ، هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی دەوری هەبووە لە پێشخستنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان.

 ئەسیناییەکان دەستێکی باڵا و دیاریان هەبووە، و یەکێک لەو بوارانە کە تیایدا پێشەنگ بوون هونەری شانۆ بووە، و لە پاڵ ئەسیناییەکان دا، و خەڵکی ناوچەکانی تری وڵاتی گریکییە دێرینەکان، دەوریان هەبووەلە پێشکەوتنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان، زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە گریکییە دێرینەکان بە گشتی، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دائەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا.

بنچینەی هونەری شانۆ لە ناو شارستانیەتی گریکییە دێرینەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان کە لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی یۆنان ساز دەکران، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لەدەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) ئەسورایەوە، کە ئەو خواوەندە یەکێک لەخواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس، کە لەپارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بەوڵاتی گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریکییە پێشینەکانەوە، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر، وەکو میسری دێرین، و میزیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی کۆن، و ڕۆمای کۆن، و ڕووسیا.

ژیاننامەی ئیوفانتوس

 ئیوفانتوس ، بە پێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکانی دێرین ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆ نووسراوەن ، بە یەکێک نووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆی تراجیدی دا ، و بە یەکێک لە هەرە نووسەرە گرنگەکانی هونەری تراجیدی شارستانیەتی گریکی کۆن دادەنرێت ،  کە توانیویەتی هونەری شانۆ پێش بخات و داهێنانێکی گەورەی تێدا کردووە ، و هەروەها ئیوفانتوس بێ جگە لەوەی شانۆ نامەنووسێکی تراجیدی بووە ، و فەیلەسوفێکی سەر بە قوتابخانەی مێگاریای فەلسەفە بووە ، و هەروەها نووسەر و مێژوو نووس بووە ، و بە یەکێک لە شاعیرانی تراجیدی شارستانیەتی یۆنانی کۆن و مرۆڤایەتی بووە.

ئیوفانتوس ، ئەوەیش وەکو زۆربەی شاعیرانی سەردەمەکەی نەزانراوە لە ساڵی چەندی سەدەی چوارەەم یان سەدەی سێیەمی پێش زایین لە دایک بووە ، و بەڵام ئەوە زانراوە  لە خێزانێکی خانەدان و ناوداری شارۆچکەی مێژوویی ئۆلینثوس سەر بە پارێزگای چالکیدیکی سەر بە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی یۆنان لە دایک بووە ، واتا بە بنچینە سەر بە نەتەوەی مەکدۆنی یۆنانی نووسە  ، و ئەوەیش لە تەمەنێکی گەنجی دا دەستی کردووە بە نووسینی شیعر و شانۆنامە و کاری مێژوو نووسی.

ئیوفانتوس ، هاو سەردەمی هەر یەکێکە لە شانۆ نامە نووسەکانی ، وەکو: ئالسکاندەرئایتۆلوس و هیرۆداس و هۆمیرۆس و لیکۆفون و ماچۆن و مۆسچیۆن ستراتییس ثیۆگینیتوس و کراتینوس جونیۆر و گەلێک شانۆنامە نووسی تر بووە و هەروەها قوتابی ئیوبولیدیسی میلێتوس بووە کە خەڵکی شارەدێ (ناحیە) ی سەر بالات سەر بە شارۆچکە (قەزا) ی دیدیم سەر بە پارێزگای ئایدینی سەر بە ناوچەی دەریای ئەژە (ئیجە) ی سەر بە وڵاتی تورکیای ئێستەیە و  ئیوفانتوس مامۆستای  شا ئانتیگۆنوسی  دووەم کۆناتاس (277_274پ.ز) شای ئیمپرتۆریای مەکدۆنیای دێرین بووە ، و ئیوفانتوس هەر وەکو ئەوانی تر واتا هەر وەکو شانۆنامە نووسەکانی هاو پیشەی دەورێکی کاریگەری لە بەرەو پێش بردنی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی ئەو کاتە بە گشتی ، و هونەری شانۆیی یۆنانییە کۆنەکان بە تایبەتی هەبووە ، و ئەمەیش هەر وەکو شاعیرە تراجیدییە ئەو سەردەمەی یۆنانی کۆن بە شێوەێکی تراجیدییانە باسی لە خەم و ئازارەکانی ناو کۆمەڵگەی دێرینی گریکی نووسیووە ، و  ئیوفانتوس چەندین دەقی شانۆیی  تراجیی نووسیووە ، کە لە یارییەکاندا بە باشی پێشوازیان لێکرا ، و  هەروەها کارێکی زۆر بەڕێزی نووسی لە سەر شا ئانتیگۆنوسی  دووەم کۆناتاس (277_274پ.ز) شای ئیمپرتۆریای مەکدۆنیای دێرین و مێژووی سەردەمەکەی خۆی.

ئاثنایۆسی وتاربێژ و ڕێزمانزانی یۆنانی لە میسری سەردەمی دەوڵەتی پەتلەمییەکانی میسر ، ئاماژە بە ئیوفانتوس ئەکات کە باسی وردەکارییەکانی ژیانی شا پتلیمۆسی سێیەم (ئەیرگیتیس) (244_246پ.ز) شای دەوڵەتی پەتلەمییەکانی میسر ئەکات ، کە پاش ماوەیەکی زۆر پاشایەتی کرد ، و  جیاوازیەکە بە جیاوازی ڕوونکراوەتەوە ، بە کپکردنەوەی بوونی ئیوفانتۆسی میسری.

بەرهەمە شانۆییەکانییەکانی ئیوفانتوس

ئیوفانتوس ، ئەوەیش لە ماوەی ژیانی دا وەکو شاعیر و شانۆ نامەنووس ، چەندان بەرهەمی شانۆیی نووسیووە ، کە بەرهەمە شانۆییەکانی بە دەیان دەقی شانۆیی بوون ، بەڵام بە داخەوە سەرجەم بەرهەمەکانی فەوتاون و بە دەست ئارەزوومەندەکانی بواری شانۆ نەیگەیشتوون ، واتا بە تەواوی بەرهەمە شانۆییەکانی فەوتاوە و تەنانەت نەزانراوە ناوی دەقە شانۆییەکانی چییە.

ئیوفانتوس ، لە زۆربەی زۆری فێستیڤاڵەکانی تەواوی وڵاتی یۆنانی ئەو کاتە ، هەر وەکو شانۆنامە نووسەکانی هاو سەردەمەکەی بە دەقە شانۆییەکانی بەشداری کردووە ، و نزیکەیی چەندین  جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکانی بە دەست هێناوە ، لەوانە فێستیڤاڵەکانی پەرستگای خواوەند دیۆنیسس ، کە بە شاری دیۆنیسیا ناسراو بوو بەشداری کردووە ، کە توانیویەتی چەندین جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست هێنێت ، و هەروەها چەندین جار بەشداری لە فێستیڤاڵی لینای ئەسینا کردووە ، کە توانیویەتی چەندین جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست هێنێت.

کۆچی دوایی ئیوفانتوس

ئیوفانتوس ، تەمەنێکی زۆر باش ژیاوە ، و نەزانراوە لە ساڵی چەندی سەدەی سێ پێش زایین ، لە تەمەنی چەند ساڵی دا  کۆچی دوایی کردووە ، و بەڵام ئەوەو زانراوە هەر لە شارۆچکەی مێژوویی ئۆلینثوس سەر بە پارێزگای چالکیدیکی سەر بە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی یۆنان کۆچی دوایی کردووە ، و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاک کراوە.

 

سه‌رچاوه‌کان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن-وە: زاهیر محەمەد ڕەشید-سلێمانی2008ز.

_3پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا- وە: نیهاد جەلال حبیب اللە-سلێمانی2009ز

4_ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2014ز.

5_لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا-وە: د . سەنگەر حاجی-هەولێر2014ز.

6_ئێریک ئریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی-وە: کەریم مستەفا-سلێمانی2020ز.


ئەم بابەتە 127 جار خوێندراوەتەوە