269696817_983534978911006_1137134027635396553_n_(1).jpg

سەندیكای هونەرمەندان و هاوشێوەكانی بێ رۆڵ كراون

هەوراز محەمەد

لەڕۆژی 2/1/1983 لەشاری سلێمانی و لەماڵی مامۆستا فەرەیدون دارتاش (یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان) دامەرزا، دواتر ئەم رێكخراوەو هونەرمەندەكانی لە شاخ و شار رۆڵێكی ئێجگار كاریگەریان لەهۆشیاركردنەوەی خەڵك و بەشداریی گرنگیان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازیدا لە باشوری كوردستان بینی، هونەرمەندان لە شاخ لەڕێگەی شانۆ و مۆسیقاو سرودو دواتریش فیلمەوە بەشدارییەكی گرنگیان كرد.

ساڵانێكی زۆر دوای دامەزراندنی ئەم رێكخراوە لەگەڵ رێكخراوێكی هاوشێوەدا كە پارتی دیموكرات لەپشتی بوو، وەك زۆرێك لەرێكخراوەكانی تری كۆمەڵگەی مەدەنی یەكیان پێ گیرایەوە. ناوەكەی بۆ سەندیكای هونەرمەندان گۆڕا، لەوكاتدا بەشێك لەهونەرمەندان لەسلێمانی دژی ئەم یەكگرتنەوەو لەكارخستنی ژیانی سەندیكاییە هەڵمەتێكی ناڕەزاییمان راگەیاند، چەند شەو و ڕۆژ لەبەردەم بینای یەكێتی هونەرمەندان- سەندیكای هونەرمەندانی ئێستا گردبووینەوەو مانگرتنمان راگەیاند و ناومان لە خۆمان نا هونەرمەندانی ناڕازی، زۆرمان وت و گوێمان لێ نەگیرا، كۆتایی ئەم ناڕەزایەتیەش خۆش نەبوو، بەڵام لە ئێستادا هیچی ناڵێم! بەڵام تا ئێستاش بڕوام وایە ئەو رێكخراوانەی یەكیان پێ گیرایەوە هەرگیز نەیانتوانی رۆڵە پێویستەكەی خۆیان بگێڕن و بەمەش زیانێكی زۆر بەر توێژو چینەكان و خودی ژیانی سەندیكایی و رێكخراوە رەسەنەكانیش كەوت. هەڵبەت رێزی بێپایانم بۆ هەموو هونەرمەندانی خۆشەویست كەلە ئێستادا لە سەندیكا كاردەكەن، دڵنیام لە دڵسۆزییان، بەڵام رێكخراوەكەو هاوشێوەكانیشی بێ رۆڵ كراون.


ئەم بابەتە 89 جار خوێندراوەتەوە