1277029_ingmarbergmandoc_391058.jpg

لە دەرەوەی سینەما دەمەتەقێیەک لەگەڵ ئینگمار بێرگمان

و/ دلاوەرقەرەداغی

سازدانی: ئەی. ئەلڤارێس

١٩٧٥
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
| بەشی یەکەم:
ئینگمار بێرگمان وەک مرۆڤ تەواو جیاوازە لەو کەسەی کە لە فیلمەکانیدا مەزەندەی دەکەی. ئەو پیاوێکی باڵابەرز و بە قەڵافەت، ڕەوتاری هاوڕێیانە و بە تەرزێکی نائاگا سەرنجڕاکێشە. بەزۆریی هاسان دەخەنێ و دەبلیو. بی. ییتس گوتەنی؛ خودان "گەرموگوڕیی" ییەکی خۆڕسکە و ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەی؛ خێرا هەست دەکەی ساڵەهای ساڵە دەیناسیت. لەگەڵ ئەوەشدا، بێرگمان پێچەوانەی زوربەی بلیمەتان، زۆر سەخاوەتمەندانە و تەواو ئازادانە سەبارەت بە خۆی و بە نیگەرانیی و دوودڵییەکانی قسان دەکا. هونەری ئەو وەک هونەرەکەی ستریندبێرگ؛ ڕێگایەکە بۆ هەڵاتن لە دڵئێشان و نائومێدییەکانی. ئەو تەنها نەختێک تووڕەیە، کاتێ قسان دەکا کوتە دارێک لەنێوان پەنجەکانیدا وەردەسووڕێنێ، کوتەدارێک کە ڕەشداگەڕان و ساف و لووسییەکەی نیشانەی ئەوەیە کە ماوەیەکی درێژە خووی پێوە گرتووە. ساڵانێک دوای ژەهراویی بوونی بە نیکۆتین، بێرگمان وازی لە جگەرەکێشان هێناوە و ڕەنگبێ ئەو کوتە دارە سووکنایی پێ ببەخشێ.
ئەو ئێستا لە تەمەنی ٥۷ ساڵیدایە، قژی نەختێ ڕووتاوەتەوە و ڕەشایی جێگەی بۆ ڕەنگی ماشوبرنجیی چۆڵ کردووە. دەتوانرێ هەمیشە بزە بە لێوییەوە ببینرێ و دەمی کە بەردەوام دەجووڵێ، هەستێک لە خۆشمەشرەفی و سوعبەتچێتی دەبەخشێ. بەڵام سەرنجڕاکێشترین ئەندامی ڕوخساری، چاوییەتی کە لەژێر ساباتی برۆ ئەستوورەکانیدا نائارام دەنوێنێ. چاوی چەپی نەختێ لە چاوی ڕاستی قوچاوترە. وەک ئەوەی بە تفەنگ ڕووەو تۆ نیشانە لە شتێک بگرێتەوە و هەڵبەتە ئەو لەم ڕووەوە هیچ شتێک چرووک ناکا، نەک هەر ئاگای لە یەکبەیەکی قسەکانتە، بەڵکو لە لەرەی دەنگت و لە وچان و دوودڵیی و نەگوتراوەکانیشت تێدەگا. لە کۆتایی ئەم دەمەتەقێیەدا دەڵێ "ئێمە هیچ مەرز و سنوورێکمان نییە. ئەگەر پەیوەندی توندوتۆڵ لەنێوانماندا دروست ببێ، ئەوا ڕێگە بۆ نێو قووڵایی یەکتریش دەکەینەوە. پێچەوانەی ئەمە، تەنیا و داماو دەکەوینەوە."
گەرچی لە کاتی دەمەتەقێکەماندا؛ فلووتە ئەفسووناوییەکەی بێرگمان، گێڕانەوە سینەماییەکەی وی بۆ ئۆپراکەی مۆتزارت؛ پێشوازییەکی نێودەوڵەتیی لێ دەکرا، بەڵام بڕیار نەبوو ئێمە لەبارەی سینەماوە بدوێین، بەڵکو نیازم وا بوو لەبارەی پەیوەندی ئینسانیی ـ کولتووریی وڵاتی سوێد و شارێکی یۆتۆپیایی ئیرەیی ورووژێنەوە بدوێین؛ کە خەڵکی ئەو دەڤەرە پێی گەییشتوون. ئەنجامگەلێک کە ئەو وڵاتەی بۆ ماوەی ١٥٠ ساڵ لە ئاشتی و ئارامییدا ڕاگرتووە و لە هەردوو جەنگی جیهانییشدا بێلایەن هێشتوویەتییەوە. بە ڕووکەش گەشەی سەرسوڕهێنی سامانی ئەم وڵاتە لە ساڵی ۱۹٤٥ ەوە، کاتێک کە پیشەسازی سوێد ئامادەیی جێبەجێ کردنی داخوازییەکانی ئەوروپای خۆرئاوای لە جەنگدا وێرانبووی بەدەست هێنا؛ دەست پێ دەکا. بەڵام بەو تەرزەی کە بێرگمان دەڵێ "ئەو شۆڕشە تەواو بێ خوێنڕێژییە"؛ ساڵانێک پێشتر دەستی پێ کردبوو. ڕەنگبێ لە ساڵی ۱۹۳۲ ەوەوە، واتە کاتێک کە سوشیالدیمۆکراتەکان جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست.
هاوکات کە بێرگمان قسەی لەبارەی کۆمەڵگەی سوێدییەوە دەکرد، باسەکەمان نەختێ بەرفراوانتر بوو و سەری بۆ ژیانی تایبەتی خۆیشی کێشا. ئاخر کاتێ دەیگوت "دیدگای من دیدگایەکی ناپیشەییە، بەڵام ڕاکانم یەکلاکەرەوانەن، چونکە من ئەم وڵاتە و خەڵکەکەیم خۆشدەوێن. بەڵام ناتوانم گەرەنتی ڕاست و دروستیی قسەکانم بدەم، لەبەرئەوەی من هەرگیز ئەزموونی شیکاری زانستی و پیشەییم لە مژارەکانی سۆسیۆلۆژییدا نەبووە." لەگەڵ ئەوەشدا، من پێموایە لەو ڕوانگەیەوە کە بێرگمان بەنێوبانگترین هاوڵاتی سوێدە؛ کاردانەوەی کەسەکی و ڕاکانی وی، بەها و کاریگەری زیاتری لە هەر زانایەکی زانستەکانی سۆسیۆلۆژی هەیە.
ئەلڤارێس:
وا پێ دەچێ لەنێوان گەشەی کۆمەڵایەتی سوێدی مۆدێرن و نەمانی شەڕوشۆڕی ڕەگەزپەرستانە، ئاسایش و سەنگی ئابووری نێودەوڵەتیی، ئازادی سیاسی، ڕەوتی دابەزینی ژمارەی دانیشتوان لەبری هەڵکشانی ـ و هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم وڵاتە؛ دژبەیەکییەکی کونجکاوی وروژێنی لەخۆی گرتبێ. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی لەنێوان ساڵانی ۱۹٦٦ و ۱۹۷٠ دا ڕێژەی ژنهێنان دابەزیوە و ڕێژەی جیابوونەوەش لە سەدا پەنجا زیادی کردووە. ژنهێنانی دووبارەش بە شێوەیەکی سەرسووڕهێن کەم بووەتەوە و لەدایک بوونی منداڵی ناشەرعییش زۆر بووە. بە ڕای ئێوە ئاخۆ ئەمە سەیر نییە؟
بێرگمان:
پێم وایە هەلومەرجێکی ئاساییە. ئامارەکانی ئێوە وەک ئاماری خۆکوشتن وایە. لە کاتی جەنگدا ڕێژەی خۆکوشتن کەم دەکا و لە کاتی ئاشتییدا بەرز دەبێتەوە. لە دەورانێکدا کە هەموو شتێک ئاسان و ئارامە و هاوسەنگیی بەرقەرارە؛ هیچ حەوجە بە شەڕکردن بۆ مانەوە ناکات، کاتێ وا پێدەچێ هەموو کێشەکان چارەسەر کرابن، ئەوکات گرفتەکان دێنە پێش. وا بزانم دەکرێ جیابوونەوە هەرزۆر تەندروست و ڕۆنەر بێت؛ دیارە بەسۆیە، بەڵام ئەگەر خەڵک لەبری پێکەوە مانەوە و ڕق و لە یەک مۆڕ بوونەوە ئەو هەنگاوە هەڵبنێن، ئەوا وا بزانم ساغڵەمیی ئاوەزیان دەخەنە ڕوو.
ئەلڤارێس:
جیابوونەوە نەک هەر بەسۆیە بەڵکو تێچوویشی زۆرە. ئایا هەڵکشانی ڕێژەی جیابوونەوە و پەیوەندی ناشەرعی لە سوێد و داکشانی ڕێژەی دووبارە ژن هێنانەوە، هیچ هۆکارێکی تایبەتیی هەیە؟ بۆ نموونە ئێوە دەزانن کە ژن نەهێنان لە وڵاتی ئێوە تایبەتمەندی ئەرێنیی لە ڕووی باجەوە هەیە.
بێرگمان:
هەڵبەتە جیابوونەوە لە سوێد ئەو تێچووە زۆرەشی نییە. دیارە ناچار دەبیت نەفەقەی منداڵەکانت بدەی، بەڵام ئەگەر هاوسەری پێشووت نەخۆش یان بەساڵداچوو نەبێت؛ ئەوا پێویست ناکا خەرجیی ژیانی دابین بکەیت. وا بزانم ئامادەیی ژنان لە حکومەت و هەوڵەکانیان بووەتە هۆکاری ئەوەی یاساکان بە چەشنێک بنووسرێنەوە کە هەلومەرجی ژنانی جیابووەوە سەخت بێت. پێموایە ئەوە بیرۆکەیەکی باشە، بەڵام هێشتا پێگەی خۆی نەدۆزیوەتەوە. ئازادی ڕێژەیی ئەمڕۆی ژنانی سوێد بەشێکە لەو ئازادییە بێقەید و شەرتەی کە ئەوان لە سەردەمی فیوداڵییەت یان تەنانەت بەر لەو قۆناغەش، کاتێک لە سەدەی حەڤدەدا وڵات هەمیشە لە شەڕی دەرەکییەوە گلابوو، هەیانبوو. لەو سەردەمانەدا ئێمە سوپایەکی گەورەمان هەبووە کە هەمیشە لە ڕووسیا و ئەڵمانیا وپۆڵەندا یەخەگیری جەنگ بووە. کاتێک نیو ملیۆن کەس لە پیاوانی ئەم گەلە بچووکە لە دەرەوەی وڵات بووبن، ئەوا ژنان دەبوو تەنیای تەنیا بەڕێوەبردنی وڵات لە ئەستۆ بگرن. ئەو هەلومەرجە بووە هۆی ئەوەی ژنان دەستیان بە ئازادی و متمانە بەخۆ بووندا ڕابگات. پاشان کە شۆڕشی پیشەسازی ڕووی دا، ئیدی متمانە بەخۆبوونی ژنان و ڕۆڵی کاریگەریان لە کۆمەڵگادا لەبەین چوو، بەڵام ئەو قۆناغە زۆر کورت بوو. دەرەنجام ژنانی ئەم وڵاتە هەنگاوێک لە ژنانی هەموو وڵاتانی تر لەپێشترن.
ئەلڤارێس:
وا پێ دەچێ بزاڤی ئازادی ژنان لە سوێد بە ئامانجەکانی خۆی گەییشتبێ. ژنان لە هەموو جێگایەک ئامادەییان هەیە؛ لە حکومەت، لە کاری پسپۆڕیی، تەنانەت لە کاری دەستیشدا ڕۆڵی کاریگەریان هەیە. بەڵام لە ئەمریکا ئازادی ژنان بە مانای ناکۆکی نێوان دوو ڕەگەزە. ئایا لە سوێد ناکۆکییەکی ئاوها لەنێوان ژن و پیاودا هەیە؟
بێرگمان:
من زانیاری زۆرم لەبارەی وڵاتانی ترەوە نییە. بەڵام هەست دەکەم ئێمە لێرە لە سەرەتای شۆڕشێکی مەزنداین و ژنان دواجار باری بەرپرسیارێتی خۆیان بە تەواوی لە ئەستۆ دەگرن. هەڵبەتە هێشتا کێشەی زۆر هەیە. ناتوانرێ بە تەرزێکی یەکلاکەرەوە پێشبینی ئایبندە بکرێت. لەلایەک دەنگی ژنانی پێشەنگ دێتە گوێ و لەلایەکی تر ژمارەیەکی زۆر ژنی ئاسایی هەن کە هێشتا نەهاتوونەتە مەیدان. لەگەڵ ئەوەشدا، لەهەر یەکێ لە ژنانی سوێددا، تەنانەت لە گرووپی پێشەنگەکانیشدا، هەستێک لە وێرانکاریی هەیە. من نازانم ئەو هەستە "بانگی دایکانەیە و لە مێژووی کپ کراو" ی ئەواندایە؛ یاخود ڕایەڵی بە بونیادی فیسیۆلۆجییانەوە هەیە. بەڵام بەهەرحاڵ هەموو ئەوانە باوەڕێکی نادروست و وێرانکەریان هەیە. ئەوان هەست دەکەن کێشەیەک لە ئارادایە بەڵام نازانن چۆن چارەسەری بکەن. بەهەرحاڵ بزاوت یان ڕەوتێک هاتووەتە ئارا و بەبێ ئەوەی ئەوان بزانن بەرەو کوێ دەڕوات یان چییان دەوێ، بەرەو پێش دەچێت.
ئەلڤارێس:
ئایا ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕوخساری کۆمەڵگەیەکە کە بە گەشەی پێویستی خۆی گەییشتووە؟
بێرگمان:
ڕەنگە، بەڵام هەندێ جار خواستەکان لایەنی ئەقڵانیی زیاتریان هەیە و هەندێ جاریش تەواو کاڵ و نائەقڵانین. سەرنج بدە کە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر سوێد وڵاتێکی تەواو هەژار بوو، خەڵک بەدەست برسێتییەوە حاڵیان خەراپ و ژیانیان بە شێوەیەکی گشتی سەخت بووە. پاشان ئەم شۆڕشە بەبێ خوێنڕێژیی ڕووی دا. بەلای منەوە ڕووداوێکی سەیر بوو. دەزانیت هەرچەندێک زیاتر هەوڵ بدەی ڕەوشەکان بگۆڕیت؛ زیاتر دەتوانیت درک بە خەوش و کەماسییەکان بکەیت. هەرچەندێک زیاتر لە ڕەوشی ئێستایی بکۆڵیتەوە زیاتر درک بەوە دەکەیت کە هەروا ئاسەواری زۆر لە برینی نەوەکانی ڕابوردوو و سەردەمانی کۆن جێ ماوە.
ماویەتی


ئەم بابەتە 58 جار خوێندراوەتەوە