viber_image_2021-11-29_01-30-49-930.jpg

فەیلەسووفانی پێش سوکرات


فیتاگۆراس و فیتاگۆریەکان

نووسنی: ئاراس سەعید

ٲ.فیتاگۆراس

فیتاگۆراس، لە ساڵانی(‌‌‌٥۷۰-٤٩٧) پ.ز لە ساموس ژیاوە. سامووس دوورگەیەکی ئەیونی بوو، چالاکی دەریاوانی و بازرگانی و هونەری لەو دوورگەیەدا لە گەشەکردندا بوو، سەرەڕایی ئەو گەشەکردنە فراوانە، لە شوێنی نیشتەجێ بوونی، فیتاگۆراس نیشتمانی بەجێی هێشتووەو بەدوای زانست و زانیاریدا لە گەڕاندابووە. ناوچەکانی شارستانیەتی بابل و میسر گەڕاوە، لە چل ساڵیدا، ڕووی کردۆتەوە ئیتاڵیای باشوور، لەو کاتەدا کۆچەرییە یۆنانیەکان گەشتبوونە ئەوپەڕی پلەی شارستانیەت و ڕۆشنبیری و دیموکراسی و مەدەنیەت، فیتاگۆراس لە شاری "ئەکروتونا" نیشتەجی بوو. هەوڵەکانی بۆ فێربوونی زانست و ڕەنگدانەوەی چاکەخوازی لەژیانیدا، وای کرد، ناوبانگی باش بەدەست بهێنێت.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان دەگێڕنەوە(لەسەر سپاردەی ئەنجومەنی پیران، هەڵدەسێت بە بڵاوکردنەوەی بیری چاکەو ئامۆژگاری کردنی خەڵکی). ناوبانگی فیتاگۆراس وایکرد، لە شارەکانی ڕۆما و سەقڵیەوە موریدان ڕووی تێبکەن.
ئەندامانی بەپێی یاسایەک بەسادەیی و پاکی دەژیان و نوێژیان دەکرد و وانەی جەستەییان دەخوێند. فیتاگۆراس جگە لەوەی پیاوێکی ئایینی بوو، حەزێکی زۆری بۆ میوزیک و بیرکاری هەبوو. باوەڕی وابوو، زانست ئامڕازێکە بۆ چاکردنی ئاکار و پیرۆزکردنی نەفس، بۆیە لە پاڵ درووشمە ئایینیەکاند زانستی پشتگوێ نەخست.
بەهۆی ئەو دەرفەتە کۆمەڵایەتی و دیموکراسیەی لە ژینگەی ئەکروتانا لەدایکبوو، شتێکی ئاسایی بوو، فیتاگۆراس بیر لەسیاسەت بکاتەوە. ئێمە هێندە لەسەر کاری سیاسی ئەوان نازانین، تەنها ئەوەی لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە بۆ ئێمە مابێتەوە ئەوەیە:(بە پەنهانی کاریان کردووە، بەڵام کاتێک هەوڵەکانیان ئاشکرا دەبێت، لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی ئەو سەردەمەوە، هەڵدەکوترێتە سەر شوێنی کۆبوونەوەکەیان و دەسوتێنرێت، لەم ڕووداوەشدا، تەنها دوو بۆ سێ کەسیان ڕزگاریان دەبێت).ئەمە بووە هۆکارێک، بەشێکی زۆر لە دەستنووسەکانیان لەناو بچێت و جیاوازی نەکرێت لەنێوان بەرهەمەکانی "فیتاگۆراس و فیتاگۆرییەکان". بۆ نموونە ئەڕستۆ کاتێک باسی فیتاگۆرییەکان دەکات جیاوازی ناکات لەنیوان فیتاگۆراس و موریدەکانی، بەڵکو گوتویەتی:(ئەوانە پیان دەگوترێت، فیتاگۆری).
 

ب. کاریگەری فیتاگۆراس لە زانست و فەلسەفەدا:

٭بەکارهێنانی وشەی "فەلسەفە" بۆ یەکەمین جار، لەلایەن "فیتاگۆراس"ەوە، بەکار هێنراوە. کاتێک خەڵیکی لێیان پرسیووە تۆ (دانا)یت، گووتویەتی نەخێر، من (دانا دۆستم) واتا فەیلەسووفم. فیتاگۆراس پیاوێکی ئایینی بووە، ئەو پێی وابووە، دانایی سیفاتێکە دەدرێتە پاڵ خوداوەندەکان، بۆیە دەڵێت:(من دانا دۆستم).
ئەگەر "فیتاگۆراس و موریدەکانی" بەراود بەو چوار فەیلەسووفە سروشتیەی پێشووتر بکەین، (تاڵیس، ئەنیکسمێدریس، ئەناکسیمانس، هێرکلیتیس) بۆمان دەردەکەوێت، فەیلەسووفە سرووشتیەکان سەر بەنەرتێکی ڕەخنەگرانەن، لەبەشی پێشوودا ئاماژەمان بەوەکرد، کە فەلسەفە بەهۆی هونەری ڕەخنەکارییەوە پێشکەووت، هیچکام لەو فەیلەسووفانە، نەچوونەوە سەرنەریتی مامۆستاکەیان، بەڵکو ڕەخنەیانکردوو لە تەتەڵەیانداو گەشتن بە ئەنجامی نوێ. تاڵیس قوتابییەکانی خۆی بە شێوەیەک ڕاهێنا، کە بۆچوونەکانی ڕەخنەکاری بکەن، بەڵام فیتاگۆراس ئەو بەنەریتەی سڕیەوەو نەریتێکی گوێڕایەڵی داهێنا، دەگێڕنەوە:(کاتێک، یەکێک لە خوێندکارەکانی فیتاگۆراس، کەمووکورتیەک لە هاوکێشەماتماتییەکیەکان بەدی دەکات، دەیدرکێنێت، پاشان لەلایەن فیساگۆرس و موریدەکانیەوە، وەکو سزای ئەوکارە، لەڕۆخی دەریایەک دەیخنکێنن). ئەم ڕووداوە، گەواهی ئەوە دەدات، فیتاگۆرییەکان سەر بەنەریتێکی ڕەخنەگرانە نەبوون، بەڵکو گوێڕایەڵی مامۆستاکەیان بوون و ڕاو بۆچونەکانیان پاراستووەو درێژەیان بە بۆچوونەکانی داوە. سەرەڕایی ئەم ڕووداوەش، شوێن دەستی "فیتاگۆراس" بە مێژووی فەلسەفەو زانستەوە بەدی دەکرێت بە تایبەتی لە بواری ماتماتیک و گەردووناسی و پزیشکیدا. فیتاگۆراس لەگەڵ زانینی هاوکێشەی ماتماتێکدا بۆ تەتەڵکردنی دیاردەکان، حەزێکی زۆری بۆ میوزیک هەبوو، ئەمەش هۆکارێک بوو، میوزێک یارمەتی دەرێکی باشی بێت، لە تەفسیرکردنی دیاردەکان، بە هاوکێشەی ماتماتیکی، ئەو لە ڕامانێکی قووڵدا، نۆتەکانی مویزیک و ژیەکانی دەنگ بەئاگایی دەهێننەوە، لە پەیوەندیەکانی مویزیک بە ژمارەوەو دەنگ بە جیهانەوە. ٭گرنگترین ئاسەواری لەڕوەدا لێرەدا دەردەکەوێت:(بە بەڵگە دەریخستووە، هێزی دەنگەکان شوێنکەوتەی درێژی شەپۆلە دەنگیەکانە، ئاوازەکان بە ژمارەی ڕێژەیی درووست دەبن و، بە ژمارە نیشان دەدرێن). فیتاگۆراس ئەو پەوەندییەی لە جووڵەو دەنگ و ژمارەکاندا بەدیکرد، لە چوارچێوەی تیۆرێکدا سەپاندی بەسەر ڕێساکانی گەردووندا. ئەو درکی بەوەکرد، ئەم جیهانە زیاتر لە ژمارەکان دەچێت، نەک چوار تووخمە سەرەتاییەکە.
فیتاگۆراس یەکەمین فەیلەسووفە، کە بنەمایەکی تیۆری داڕشت بە ئاوێتەکردنی فەلسەفە و بیرکاری (ماماتیک).ئەمەش بە وەرچەرخانێکی گەورە دادەنرێت، لە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا، مرۆڤ بۆیەکەمین جار، تەڵەڵەکردنی پرسیارە فەلسەفییەکانی لەڕێگەی تیۆریا داڕشتن و هاوکێشەی بیرکارییەوە، شەنوکەوکردووەو وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە. ئەم ڕێبازەش بەردەوام لە گەشەکردندا بووە، تا لەسەردەستی "ڕێنە دیکارت" باوکی فەلسەفەی مۆدێرن دەگاتە لووتکە. شوێن دەستی "فیتاگۆراس" بۆ هەمیشە لە مێژووی فەلسەفەدا مایەوە، ئەویش بەهۆی بلیمەتی و داهێنانەکانییەوە. ئەو جگە لە مویزیک لە زۆر بواردا بلیمەت بوو، یەکێک لەو بوارانە ماتماتیک بوو، هەموومان لە خوێندگا لەوانەی فیزیا و بیرکاریدا تیۆری (فیتاگۆراس) فێربووین. فیتاگۆراس بیرۆکەی پێوانەی ڕووبەری چوارگۆشەو شەش لای هینایە ئاراوە، ٭بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانیش بێت، ئەو یەکەم کەسبووە وشەی (کۆسمۆس)ی، بەرانبەر گەردوون بەکارهێناوە.
"فیتاگۆراس" دوای خۆی کاریگەری زۆری لەسەر ئەوانی تردا بەجێ هێشتووە، بەتایبەتی (پلاتۆن) فەیلەسووفی یۆنانی. "برایان ماگی" دەڵێت:(فیتاگۆراس زیاتر لە هەر بیرمەندێکی پێش پلاتۆن، خاوەنی زۆرترین بیرۆکە بنەڕەتیەکانی نێو فەلسەفەی ڕۆژئاوایە، چەندین بیرۆکە کە بەزادەی هزری پلاتۆن ناسراون، لە ڕاستیدا بیرۆکەی فیتاگۆراس بوون).
یەکێک لە هەرە ئەو بیرۆکە مەزنانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا مرۆڤ دەستی کەووتوە، ئەو بیرۆکەیەی (فیتاگۆراسە) ، کە ماتماتیکی گرێداوە بە فەلسەفەوە. ئەمەش دواتر فەیلەسووفانی دوای خۆی درێژەیان پێدا، ئەگەر چاوێک بە مێژووی فەلسەفەدا بگێڕین، دەبینین، لە دوای لەفەلسەفەی فیتاگۆراسەوە تا فەلسەفەی مۆدێرن، پەیوەندیەکی پتەو هەیە، لە نێوان فەلسەفەو ماتماتیکدا. "لایبنیز و ڕێنە دیکارت" دوونمونەی نیو مێژووی فەلسەفەن، کە جگە لە فەیلەسووف زانایی ماتماتکیش بوون.
 

ج.فەلسەفەی فیتاگۆری:

١.جیهان لە چی درووست بووە؟
ئەم پرسە هاوشێوەی فەیلەسووفە سرووشتیەکان، بۆ "فیتاگۆراس"یش مایەی تێڕامان بوو، ئەو پێچەوانەی فەیلەسووفانی خۆی، کە پشتیان بە دەستنیشانکردنی بنەمایەکی ماددی بەستبوو، بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆ چونەکانیان، بەڵام "فیتاگۆرس" شوێن بۆچونەکانی ئەوان نەکەووت، بە بۆچوونی ئەو جیهان لە ژمارە درووستبووە، یان هەرچی لە جیهاندایە، لە بنەڕەتدا لە ژمارە پێکهاتووە. بۆ ئێمە ڕوونە ڕەچەڵەکی ئەو بۆچوونەی لە وردبوونەوەو تێڕامان لە مۆسیقاوە بۆ هاتووە، چونکە ئەو مویزیک ژەنێکی لێهاتووبوو.
ئەگەر لە مۆسیقا وردبینەوە ئەوە ڕوونە، کە جیاوازی نۆتەکان و دەنگەکان، لە بنەمادا جیاوازی نێوان ژمارەکانە، جوانی مۆسیقاو ئەو هاوڕێژەیی لە ئاوێتەبوونی نۆتەکان تێدایە، هاوڕێژەییە، لەنێوان کۆمەڵێک ژمارە. فیتاگۆرییەکان گوتویانە:(بنەمایی ژمارەکان و ڕەگەزی شتەکانن، یان هەموو شتەکان ژمارەن، گەردوونیش پێکهاتووە لە ژمارەو ئاواز). یان وەکو ئەوەی "ئەڕستۆ" لە کتێبی میتافیزیک، بۆمان دەگێڕێتەوە گوتویانە:(ژمارەکان ئەو نموونانەن هەبووەکان شوێنیان هەڵدەگرن بەبێ ئەوەی ئەو نمونانە لە وێنەکانی خۆیان جیاوازبن). واتایی ئەم بۆ چوونە ئەوەیە، کە هەمووشتێک لە جیهاندا ئاوازێکی هەیە، جوڵەی جیهان لەسەر بنەمایی ئاوێتەبوونی کۆمەڵێک ژمارە دامەزراوە. (فیتاگۆراس) لە ڕێگەی داڕشتنەوەی هاوکێشەی تیۆرییەوە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوەو بە بۆچوونی ئەو جیهان لە ژمارە پێکهاتووە.
 

۲. فەلەکناسی:
بەبڕوایی ئەوان جوڵەی خولگەکان ئاوازیان هەیە، وەکو ڕونیشمان کردەوە، ئاواز بریتیە، لە جیاوازی ژمارەکان. بەڵگەی فیتاگۆرییەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچونەکانیان ئەوەیە:(ئەگەر تەنێک بە خێرایی جوڵایەوە، دەنگێک، یان ئاوازێک درووست دەکات، ئەویش بە هۆی لەرینەوەی هەواوە پەیدا دەبێت). بۆچوونەکانیان لە بواری فەلەک ناسیدا، لە باوەڕە ماتماتیکیەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوان دەڵێن:"(ژمارەی کامڵ بریتیە، لە ژمارە(١٠) دە، لە بەرئەوەی ژمارە دە، تایبەتمەندی هەموو ژمارەکانی تری تێدایە). واتا: ژمارە (۱۰) ژمارەیەکی کامڵەو پێکهاتووە، لە هەموو ژمارەکانی تر، (۱تا ۹). ئەوان لە پێشووتردا، بە ئەبجەدیەت ئاماژەیان بە ژمارەکان نەکردووە، بەڵکو هاوکێشەی ئەندازەییان لە شوێنی ژمارەکان دانەوە، واتا ژمارە یەک خاڵێکە و ژمارەی دواتر خاڵی دووەم و دواتریش سێگۆشەو چوارگۆشە و بازنەیە. کەواتە، لەدیدی ئەوانەوە جیهان بریتەیە لە ژمارە دە، چونکە جیهان تایبەت مەندێتی کامڵبوونی تێدایە، هەرچی زەوی و هەسارەکانی ترە، بەژمارەکانی تر، ئاماژەیان پێکردووە.
سەبارەت بەچەقی گەردوون بۆچونیان بەم شێوەیە بووە:(چەقی گەردوون پێویستە ڕوناکی بەخشبێت، چونکە ڕوناکی لەتاریکی باشترە، پێویستە نەجوڵاو نەگۆڕبێت، لە بەئەوەی نەجوڵان لە جوڵان باشترە،زەویش تاریکەو ناکامڵە بۆیە ناکرێت چەقی گەردوون بێت، چەقەکەی ئاگرێکی نەبینراوە دەکەوێتە خوارەوەی زەوییەکەمان).
ئەوان دوو دەستکەوتی گرنگیان پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد، یەکەم: زەویان لە چەقی گەردوون، خست. دووەمیان: ئەوان یەکەمین کەسبوون، کە پیان وابوو، زەوی خڕە. ئەم ڕوانگەیەش لەوەوە هاتووە، کە پیان وابووە، بازنە باشترین شێوەیەو هەموو بەشەکانی یەک سەنتەرەو بەتەواوی ڕێکن. ئەفسووس ئەم بۆ چوونە شوێنی خۆی نەگرتوو، لە توێی کتێبەکانیان مایەوەو تۆزی لێنشت، تا ئەوکاتەی لە "شیشرون" کۆپەرنیکۆس خوێندیەوەو تیۆرەکەی خۆ لەسەر ئەو بنەمایە داڕشتەوە.
 

۳.پرسی مەرگ و سووڕی ڕووح:
ئەڕستۆ بە قوتابییەکانی گووتوە: (ئەگەر باوەڕ بە بۆچوونەکانی فیتاگۆرییەکان بکەین، ئەوا ڕۆژێک دێت، لەم شوێنەدا کۆدەبینەوە)ٚ. واتا: فیتاگۆرییەکان باوەڕیان بەسووڕی ژیان هەبووە، بەبڕوایی ئەوان مرۆڤ پاش مەرگ، ڕووحی دەچێتە جەستەیەکی ترەوە. لەم بارەیەوە بڕوایان وابووە، ڕووحی مرۆڤ پاش مەرگ دەچێتە دۆزەخەوەو بۆ پاش سووتان و پاکبوونەوەی، دەگەڕێتەوە بۆ سەرزەویی و جەستەیەکی ئاژەڵی یان ڕووەکی یان مرۆیی دەپۆشێت. فیتاگۆراس لەم بارەیەوە گووتویەتی:(ئەمە پێنجەمین جارە، ڕووحم دەچێتەوە جەستە، ئێستاش ئەو ئاژەڵەم لە بیرە کە جاری پێشوو، ڕووحم چۆیە جەستەیەوە).ئەم بۆچوونە، لە مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیدا نوێی نیە، بەڵکو میسرییەکان و بابلییەکانیش خاوەنی هەمان بۆ چوون بوون.

زانستی پزیشکی:
فیتاگۆرییەکان تیمێک بوون، جگە لەوەی شارەزایی ماتماتیک و فەلەکناسی بوون، زانستی پزیشکیشیان پشتگوێ نەخست، لەم بوارەشدا جێ دەستیان دیارەو کۆمەڵێک بۆچوونیان دەربارەی هۆکارەکانی نەخۆشی و تێکچوونی باری جەستە خستۆتەڕوو. ئەوان زانستی پزیشکیان لەسەر بنەمایی هاوڕێژەیی دژەیەکەکان دامەزراندووە، لەو بارەیەوەش گووتویانە:(ژیان و تەندرووستی هاوڕێژەیین لە هاوسەنگی دژییەکەکاندا، چارەسەرکردنیش، هاوسەنگیکردنیەتی).واتا: زیادڕەوی یان کەمبوونەوە، دەبێتە هۆی نەخۆشی. ئەم نمونەیە، لە بۆچوونی ئەوانەوە نزیکە، بۆ نموونە،پلەی گەرمی جەستە، لە 37% پلەیەکی هاوسەنگە، لەنێوان سارد و گەرمدا. ئەگەر پلەیی گەرمی بەرزبێتەوە یان زیاد بکات، دەبێتە هۆی تێکچوونی جەستەو نەخۆش دەکەوین. کاتێک چارەسەریش وەردەگرین، دەمانەوێت هاوسەنگی جەستەمان ڕابگرین.
بەبڕوایی ئەوان:(باشترین کەشو هەوا، کەشووهەوای مامناوەندە، لە نێوان سارد و گەرمدا) واتا، هەوایی هاوسەنگ پێویستە بۆ جەستەیەکی تەندرووست، زۆرسارد، یان زۆرگەرم دەبێتە هۆی تێکچوونی جەستە. هەرچەندە لە ئێستادا، زانست بەدەرئەنجامی زۆر گەورە گەشتووەو بۆیان دەرکەووتوە، جەستەی مرۆڤ دەتوانێت، لەگەڵ زۆر کەشوهەوادا خۆی بگونجێنێت، بەڵام بۆچوونەکانی ئەوان، کەم بایەخ نەبوون و شوێنی گەورەی داگیرکردووە لەمێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤدا.

پوختە:
"فیتاگۆراس" ڕێچکەیەکی ئایینی فرەڕەهەندی دامەزراند، کە شوێنی پەنجەی بەدرێژایی مێژووی فەلسەفە مایەوە، وەکو یەکەمین فەیلەسووف بنەمایەکی تیۆری داڕشتووە بەهاوکێشە بیرکارییەکان تەتەڵەیی دیاردەکانی جیهانی کردووە. هاوشێوەی فەیلەسووفانی پێش خۆی لە بنەڕەتی ماددەیی کۆڵیوەتەوە، بەڵام پشت لە جیهانی ماتڕیاڵ و هەستەکان دەکات، ئەمەش بەیەکەمین هەوڵ دادەنرێت بۆ بەرزبوونەوە بەسەر جیهانی ماددەدا و بۆ تێگەشتن لە جیهان و دیاردەکانی سرووشت ڕووی کردە هاوکێشە ماتماتییەکان و ئەندازە و ژمارە. ئەو گووتی:(جیهان لە ژمارە درووستبووە). ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو، لەسەر فەیلەسووفەکانی پاش خۆی، ئەو یەکەمین کەسبوو، پەیوەندییەکی لە نێوان ماتماتیک و فەلسەفەدا ڕێکخست. لەبارەی گەردوون ناسیشەوە، فیتاگۆرییەکان یەکەمین گروپبوون، لەوە تێگەشتن کە زەوی چەقی گەردوون نیەو، بۆچوونەکانیان زۆر لە پێش سەردەمەکەی خۆیانەوەبوو و پیان وابوو، زەوی خڕە، نەک تەخت. ئەمەش دوای چەندیین سەدە، لە لایەن کۆپەرنیکۆسەوە پشتڕاستکرایەوەو لەسەر بنەمایی بۆ چوونەکانی ئەوان، کۆپەرنیکۆس شۆڕشێکی دژی نەریتی ئایینی و دەقە دۆگماتیزمەکانی کڵێسادا بەرپاکرد.

سەرچاوەکان:

برایان ماگی: مێژووی فەلسەفە. وەرگێڕانی لە سویدیەوە، عوسمان حمە ڕەشید. چاپ و بەخشی حەمدی.

یوسف کەرەم: مێژووی فەلسەفەی یۆنانی، بەرگی یەکەم. وەرگێڕانی، عومەر عەلی غفور. دەزگای جەمال عیرفان.

ٲرسطو طالیس:ما بعد الطبية. الطبعة الأولى ٢٠١٨. دار زولفقار، ديمشق.

د. جعفر آل ياسين: فلاسفة يونانيون من طاليس إلى سقراط. دار ومكتبة البصائر بيروت – لبنان.طبعة الأولى 2012

Aristotle: metaphysics.trandslated wich and
.inntroduction and comentary by stephen makin
clarendoon prees.oxford.2006


ئەم بابەتە 179 جار خوێندراوەتەوە