viber_image_2021-11-30_02-23-59-646.jpg

مەرگ لە تابوتی ژیاندا

 

ئالان شێرکۆ

 

لە بازاڕی ژیانەوە دەگەڕێمەوە،

 لە سوچێکدا مەرگم بینی:

بە قولاپی ئیزرائیلەوە هەڵواسرابوو!

بینیم،

وێنەی مەرگ کێشراوەو

ژیان بە دڵی خۆی ڕەنگی دەکات!

 لە دادگای مرۆڤ دۆستیدا،

حاکمەکانی عەدالەت

سزای ژیانی نەمری بەسەر مەرگدا دەدەن!

خۆشەویستیم بینی،

ڕوبارێک لە سەرابی دروستکردبوو.

خوێنی مەرگ جۆگەلەیە!

لەم هەرێمەدا،

تاکە دەسەڵاتدار مەرگبوو!

نەژیان ئازادی دەویست،

نەخۆشەویستی

 باوەشی بۆژیان دەکردەوە!

مەرگ،

لە تابوتی ژیاندا زەلیلبووە!

ڕەنگە،

ماچی هەموو تراژیدیاکانی دنیا 

مەرگ چاک نەکاتەوە!

مەرگ بەجۆرێک بریندارە،

ئەگەر باران،

بڕژێتە ئەم بەهارەوەو

 کانی پێکەنینیش بتەقێ!

تازە ئێمە هەرگیز،

 پەڵەی خۆشبەختی نابینین.

ڕەنگە باڵندەکان،

بۆیان یەکلایی نەبێتەوە بەرەو مەرگ یان ژیان بکەونە ڕێ.

دەنا،

ئەم گەرمیان و کوێستانەیان لەچی!

مەرگ هێندە هەناسە سوارە،

دەستی لە بنی هەمبانەی ژیان دەرچووە.

چاوەڕێی بەزەیی خاکە!

 چەقۆی ڕۆژگار،

بە ئاسانی ساڵەکانی تەمەن دەبڕێ.

چ جەلادێکە ژیان؟

لە سووچێکی ئەم خەونەمدا،

مەرگم بینی:

بەجلوبەرگێکی دڕاوەوە  سەمایەک

کە لەعەڕشەوە فێری بووە بۆ زەوی دەکات!

مەرگ،

بەم ژیانە نامۆیە

ئەوەی من  لەخەونم دا دەبینیم،

مەرگ  کاتژمێرەکە خەبەردەکاتەوە.

هەستە هەمدیسان ڕاوڕاوێنە،

مەرگ بەدوای جلەکانیدا.

کاتژمێرەکەش،

بە دوای ئابڕوچونی ژیاندا!

خۆشم سەر لەم خەونە دەرناکەم،

مەرگ براوە دەبێت یان ژیان.

مەرگ،

کڵاوێکی لە سەردایەو تابووت تابووت دەگەڕێت.

بۆ داپۆشینی ئەو ڕوخسارانەی،

هەرگیز قومێک لە ژیانیان نەخواردوە.

ژیانیش،

کڵێسایەکی دروست کردووە.

لەسەر کورسیەکەی،

نوشتە بۆ ئەو خەونانە دەکات

کە ڕێگەیەکیان شک نەبردووە بۆ هاتنەدی!

ژیان،

عەسایەکەی بەدەستەوەیە

ماسییەک نەماوە لەم نیلەدا

پەرچووی نەمری نیشان نەدابێت

مەرگیش،

فیرعەونێکە و موسایەک نەماوە 

سەری نەبڕێت!

مەرگ،

ئاسمانێک نەماوە 

وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی ئێوارەی تێدا هەڵنەواسێت!

ژیانیش،

پەڵە هەورێک نەما نەیکاتە پەیژە.

بۆ گەیشتن،

بەو شەوەی تێیدا دەگاتە پلەی عاشقبوون!

ئێوارەیەک،

مەلەکان ژیانیان لەگەڵ خۆیاندا برد.

لەپشتی مانگدا شاردیانەوە!

ئێستا بەیانیان،

مەرگ هەڵدێت!

  هەور لەخەو هەڵدەستێت،

جلەسپیەکانی خەیاڵ دادەنێت و 

جلە ڕەشەکانی کەتوار لەبەردەکات.

ژیان، بووەتە بوونەوەرێکی ئاسمانی.

ئەی ئەگەر مەرگ،

ڕێگە بدات ژیان بگاتە هەڕەتی لاوێتی.

ئێمە چۆن پێشوازی لێبکەین؟

دڵنیام ئەوسا ئێمەش،

ئارەزوەکانمان بەتەنافی خۆشبەختیدا هەڵدەخەین!

کۆلارەی خەونەکانمان،

بەرەو ئاسمانی هیوا هەڵدەفڕێنین!

کەشتی چارەنوسمان،

لەژێر ئێوارەیەکی پەمەیدا.

بەشاهێدی جریوەی ئەستێرەکان،

بەرەو دەریای پەلکەزێڕینە دەخەینە ڕێ!

جلوبەرگی هەژاری فڕێ دەدەین،

خۆمان بۆ چاوپێکەوتنی ”ڤینۆس“

ئامادە دەکەین!

ئەگەر مەرگ ڕێگە بدات،

دەگەڕێینەوە بۆ منداڵی،

چاوشارکێ لەگەڵ” با“دا دەکەین.

دووبارە،

بەرد دەگرینە بۆقەکان.

بەشوێن هەنگدا،

دەکەوینە دوای شکۆڤەی گوڵ!

لەگەڵ کڕێوەدا،

ڕومەتەکانمان دەتەزێنین و 

لە خەیاڵی بەفردا دەبینە بوکەبەفرینە!

بەڵام ڕەنگە،

ئەم پاراسایکۆلۆژیایە هەرگیز

ژیان لەم خەونە موگناتیزییە خەبەر نەکاتەوە!

مەرگیش،

بەرەو باوەشی تابووتەکەی بنێرێت!

ئێمەش،

دەبین بە مێژوو 

لەنێو دڵی یەکتریدا خۆمان دەکوژین!

هەناسەیەک،

لەنێو شەقامی خوێنەوە هات. ڕایچڵەکاندم،

لەم خەونە خەبەرم بۆوە،

بینیم:

نە بازاڕێک هەیە ژیان بفرۆشێت.

نە قولانجێک خۆشەویستی بوونی هەیە!

ئەوەی چاوەکانم بڕوایان پێکرد،

بینینی مەرگ بوو

لە تابوتی ژیاندا بەرەو گۆڕستان!

 

* ئەم تێکستە خەڵاتی دووەمی ڕوانگەی وەرگرتووە لەسەر ئاستی عێراق لە بەشی شیعر.

 


ئەم بابەتە 225 جار خوێندراوەتەوە