viber_image_2021-12-02_02-15-24-065.jpg

جوبران خەلیل جوبران

 

جوبران خەلیل جوبران.. کۆی کارە عەرەبی و ئینگلیزییەکان، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی، دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٢١.

نووسەری لوبنانی (جوبران خەلیل جوبران) یەکێکە لەو نووسەرانەی کە کاریگەریی بیر و ڕوانین و ئەدەبەکەی بۆ چەندین ساڵ دوای خۆی دەمێنێتەوە، نەک تەنها مانەوە، بەڵکو وەک نووسەرێکی خاوەن ڕوانین بەردەوام پێگە و تایبەتمەندی خۆی دەبێت. جوبران لەو نووسەرانە نییە، کە دوای ماوەیەک وەک ئەرشیف و نووسینەوەی مێژووی ئەدەب ئاماژەی پێ بدرێت، بەڵکو ئەو خۆی دروستکەری مێژووی ئەدەبە و یەکێکە لە ستوونە گەورەکانی ئەو مێژووە. شێوازی نووسین و ڕوانینی ورد و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی، وای کردووە بۆ هەتاهەتایە وەک نووسەری هەموو سەردەمەکان درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.

حوبران بەتەواوی شارەزایی هەردوو زمان و ئەدەبی ئینگلیزی و عەرەبی بووە، ئەوەش بەهۆی دابەشبوونی ژیان و خوێندنی لەنێوان ئەمەریکا و لوبناندا. جگە لە نووسین، شێوەکار بووە و خاوەنی چەندین تابلۆیە. سەرەتا بە زمانی عەرەبی دەینووسی، بەڵام دوای ئاشنابوون بە (ماری هاسکڵ) چەند بەرهەمێکی بە زمانی ئینگلیزی نووسی. هەر لەسەر داوا و خەرجی ئەو خانمە، بۆ خوێندنی هونەر چووە پاریس. ڕوانینی کراوە و گوزارشت لە خاڵە هەستیارەکانی ڕۆحی مرۆڤ لە کارەکانی ئەم نووسەرەدا، بووە هۆی ئەوەی کە بەرهەمەکانی هەموو سنوورەکان ببڕێت، هەربۆیە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە بۆ هەموو زمانێک پێویستە.

کۆبەرهەمی (جوبران خەلیل جوبران) لەلایەن وەرگێڕی بەتوانا (ئازاد بەرزنجی)یەوە کراوە بە کوردی و لە دووتوێی شەش بەرگدا چاپ کراوە و کۆی بەرهەمە عەرەبی و ئینگلیزییەکانی نووسەری لەخۆگرتووە. کارە عەرەبییەکان پێکهاتوون لە (مۆسیقا- ١٩٠٥، بووکی نواڵان- ١٩٠٦، ڕۆحە یاخییەکان- ١٩٠٨، باڵە شکاوەکان- ١٩١٢، ئەسرین و زەردەخەنە- ١٩١٤، کەژاوەکان- ١٩١٩، باهۆزەکان- ١٩٢٠، شتە جوان و دانسقەکان- ١٩٢٣، شیعرە کێش و سەروادارەکانی). کارە ئینگلیزییەکانیش پێکهاتوون لە (خواوەندەکانی زەوی- ١٩٣١، سەرگەردان- ١٩٣٢، لم و کەف- ١٩٢٦، پێشەنگ- ١٩٢٠، یەسووع کوڕی مرۆڤ- ١٩٢٨، دێوانە- ١٩١٨، پێغەمبەر- ١٩٢٣، باخچەکەی پێغەمبەر- ١٩٣٣، لازارۆس و خۆشەویستەکەی، نابیناکە). وەرگێڕ بەرهەمە عەرەبییەکانی لە عەرەبییەوە و بەرهەمە ئینگلیزییەکانیشی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی، واتا کۆی بەرهەمەکان لە زمانی یەکەمەوە گوێزراونەتەوە.

وەرگێڕانی کۆبەرهەم بەتەواوی کۆی ڕوانین و جیهانبینی ئەو نووسەرەمان پێ دەناسێنێت، بەتایبەتی بۆ نووسەرێک کە پێگەیەکی بڵندی هەبێت لەنێو دونیای ڕۆشنبیریدا. وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانەش خۆی لە خۆیدا پرۆژەیەکی گەورەیە و لەنێو دونیای وەرگێڕانی ئێمەدا هەمان پێگەی دونیای نووسەرەکی دەبێت. جوبران نووسەری سەردەمێک و تەوژمێکی تایبەتی نەبووە، کە لە کاتێکی دیاریکراودا وەک ئەدەبێکی باوی ئەو سەردەمە تەماشا بکرێت و دواتر وەک ئەرشیفی سەردەمە بمێنێتەوە، بەڵکو بەرهەمەکانی جوبران هەڵگری کۆمەڵێک ڕوانین و جیهانبینی کراوە و ماوەدرێژن و خۆیان بە سەردەمێکی دیاریکراوەوە نابەستنەوە. ئەم تایبەتمەندییەش لە هەر نووسەرێکدا هەبێت، زۆر پێویستە بۆ هەموو زمانەکان بگوێزرێتەوە، بۆ ئەوەی خوێنەری هیچ زمانێک لەو بەرهەمانە بێبەش نەبێت.

بە وەرگێڕانی ئەم کۆبەرهەمەی جوبران خەلیل جوبران، ئێمە وەک خوێنەری کورد دوو جار خۆشحاڵین، جارێک بەهۆی گوێزانەوەی ئەم کارە گرنگە بۆ سەر زمانی کوردی و جارێکی تر لەبەر ئەوەی ئەم کارە گرنگە لەلایەن وەرگێڕێکی بەتوانا و خاوەن سەلیقەی وەک (ئازاد بەرزنجی)یەوە کراوە بە کوردی. لەبەر ئەوەی بەتەنها هەر ئەوە گرنگ نییە بەرهەمی گەورە و خاوەن پێگەی ڕۆشنبیری بکرێت بە کوردی، بەڵکو پێویستە بەرهەمەکە بە وەگێڕانێکی تۆکمە و باش وەربگێڕدرێت، ئەگەر نا، بەرهەمەکە پێگە و جیهانبینی خۆی لەدەست دەدات.

جوبران لە بەرهەماکانیدا هەوڵی داوە بەشێوازی تایبەتی خۆی گوزارشت لە شتەکان بکات و زۆر گرنگی بە چۆنێتی دەربڕینی وشە و دروستکردنی وێنە و ڕیتمی دەربڕینەکانی داوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم نووسەرە شارەزایی لە مۆسیقا و وێنەکێشان و زماندا هەبووە، وەک دەوترێت بە وشە وێنەی کێشاوە. سەرەڕای ئەوەش لە میتۆلۆژیا و ئاییندا شارەزا بووە، ئەوەش وای کردووە لە نووسینەکانیدا وەک ڕەمز و وێنە سود لەو دوو بوارە وەربگرێت. ئەم نووسەرە لە بەرهەمەکانیدا لەگەڵ ئەوەی بەشێوەیەکی فەلسەفی و شێوازێکی تایبەت بیرۆکەی بەرهەمەکانی لەسەر هێڵێکی جێگیر و تۆکمە بەرەو پێشەوە دەبات، لە هەمان کاتدا سۆز و خۆشەویستی و هەستەکانی مرۆڤی لەبیر نەکردووە و هەردوو لایەنەکەی پێکەوە گرێ داوە. هەربۆیە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە ئاسان نییە و پێویستی بە وردبینی و سەلیقە و توانایەکی باش هەیە لە هەردوو زمانەکەدا.

لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە، خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەدا هەست بە ڕۆحێکی مۆدێرن دەکات، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرکەوتنی نووسەر بە ڕوانین و بەرهەمەکانی خۆرئاوا. جوبران کەسێکی مرۆڤدۆست بووە، لەگەڵ ئەوەی لە هەڵوێست و کردارەکانیدا هەوڵی داوە خزمەت بە گەل و وڵاتەکەی بکات، بەڵام هەموو هەڵوێستەکانی لە ڕوانگەیەکی مرۆڤدۆستانەوە بووە. وەک چۆن ئاواتی ئەوەی دەخواست میللەت و وڵاتەکەی ژیانێکی شایستە و ئازادیان هەبێت، بە هەمان شێوە خواستی ئەوە بووە هەموو میللەتێک بە ئازادی بژی. هەر ئەو شێوە بیرکردنەوەش بووە وا دەکات کە بڵێت (من هەموو جیهان بە نیشتمانی خۆم دەزانم).

لێرەدا بەشێوەیەکی گشتی لەم کۆبەرهەمە دەڕوانین و ئاماژە بەها و گرنگی کارەکانی جوبران دەدەین، چونکە ئەم پرۆژەیە چەندین کتێبی جیاوازی لە ژانر و ڕوانین و شێوازدا لەخۆ گرتووە و هەر یەکەیان خوێندنەوەی تایبەتی پێویستە. هەربۆیە ئەوەی گرنگە بۆ خوێنەرانی ئێمە، بوونی کۆبەرهەمی نووسەرێکی گەورەیە لە کتێبخانەی کوردیدا. بە وەرگێڕانی کۆبەرهەمی (جوبران خەلیل جوبران)، شاکارێکی تر دەچێتە ڕیزی ئەو کار و بەرهەمە گرنگانەی وەرگێڕی خاوەن سەلیقە و بەتوانا (ئازاد بەرزنجی) پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە. ئەنجامدانی ئەم کارەش، جێگەی ستایشە و پێویستە بە ئەندازەی بەرهەمەکە ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوونی وەرگێر بگیرێت. ڕێزگرتن لە وەرگێڕ، بە پلەی یەکەم خوێندنەوەی بەرهەمەکەیەتی، چونکە ئامانجی وەرگێڕان گوێزانەوەی بەرهەمی زمانی دیکەیە بۆ خوێنەرانی زمانێکی تر.

بەهۆی کارە زۆر و بەپێزەکانی ئەم وەرگێڕەوە، ئێمە وەک خوێنەر ساڵانێکی زۆرە لەسەر زمانێکی پارا و ڕەوان و بە سەلیقە ڕاهاتووین، کە ئەوەش ڕۆژ بەڕۆژ متمانەی زیاتری لای خوێنەر دروست کردووە. کاتێک وەرگێڕێک ئەو متمانەیە دروست دەکات، ئیدی خوێنەران دەتوانن بێ دوودڵی دەست بدەنە ئەو کتێبەی کە ئەو وەرگێڕە دەیگوێزێتەوە بۆ زمانەکەی خۆی. دروستکردنی ئەو متمانەیەش ئاسان نییە، بەڵکو ئەوە بەرهەمی پرۆسەیەکی درێژە و خۆماندووکردن و سەلیقە و باکگراوندێکی ڕۆشنبیری زۆری دەوێت. لە پرۆسەی وەرگێڕاندا بەتەنها هەر ئەوەندە بەس نییە کە وەرگێڕ هەردوو زمانەکە بەباشی بزانێت و شارەزایی داڕشتن و ڕستەسازی و فەرهەنگی هەردوو زمانەکە بێت (کە ئەوانە مەرجی سەرەکی وەرگێڕانن)، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە وەرگێڕ خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوان بێت و خوێنەرێکی باش و بەردەوام بێت، بەوەش دەزانێت کە چ بەرهەمێک وەردەگێڕێت. بەپێی ئەو ئەزموونەی لەگەڵ بەرهەمەکانی ئەم وەرگێڕەدا هەمانە، هەموو ئەو ئەدگارانەی ئاماژەمان پێدا، لەم وەرگێڕەدا هەن و بە کارەکانی توانیویەتی متمانەی خوێنەری ئێمە بەدەست بهێنێت.

 

 

* جوبران خەلیل جوبران.. کۆی کارە عەرەبی و ئینگلیزییەکان، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی، دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٢١.


ئەم بابەتە 58 جار خوێندراوەتەوە