viber_image_2021-12-05_01-25-35-774.jpg

نهێنی هەناسە كانم

 

هەنار موفتی


چیتر لەپەنجەرە تەڵخ و...
تەماویەكان بۆ نیگاكانت ناڕوانم !
ئیدی زمانم گۆ ناكا وەك جاران
پەردەی شەرم
لەسەر رووخسارم رادەماڵم
هەموو ئەو گرێ كۆێرانە دەكەمەوە
كە رۆژگارەکان بۆیان هێنام!
پاییز ئەكەمە خەڵوەتێك
تا هەنسكە ژانی بێ ئۆقرەیم
بدا بەدەم ((با)دا
ئیتر نایەڵم
زەردە خەنەكانت بمخواتەوە
گۆێ بۆ چرپە نەفرەت لێكراوەكانت ناگرم
نابم بە بەهارت
تا بە لێوت ماچەکانم بچنیتەوە
چیتر وەرزەكانی سەفەرت
ئاوەدانم ناكەنەوە.
دڵم بە توڕەیی و لاساریەكانت دەتەنێ
جارێكی تر .....
باوەشم جێگای تۆی تیا نابێتەوە
ئێستا فرسەتەكان
یادەوەریەكانم لێ ئەڕفێنن
بەختەوەریم لێدەكەن
بە تەرمێكی سارد سارد
وەك هەناسەی منداڵێكی
بێ نەوای سەرشەقام
سارد تر لە هەنسكی ئەو دایكەی
كوڕە تاقانەكەی لە شەڕی براكوژیدا
تائێستاش بێ سەرو شوێنە!
وەك ئەو پیرە مێردەی
لە ناو بازاڕ
بە دیار دووجوت گۆرەویەوە
پەڕاوی سیگار
لەنێو دەستە لەرزۆكەكانیا
بە توتنی ئازار ئەپێچێ و ....
گڕ لە حەسرەتەكانی ژیان بەر ئەدا
بە ئازارتر... لە هەناسەی
ژنە دەست قڵیشاوو ماندووەكانی
بەر بەلەدیەكە !!
كەبەدیار سەبەتەیەک پەڵپینە و گەڵا مێوەوە
هەڵكوڕماون!!
تەنها بەسەیر كردنیان
پڕئەبی لە بێدەنگی
ئێستا من پیاسە و گەڕانی هیچ پاركێك و.... هیچ شەقامێك دڵم خۆش ناكەن!
رقم لە هەموو ئێوارە پر حوزنەكانە
کە ئەمبەنەوە سەر ....
برینە قوڵەكانی دابڕان و..
جودایی !!
کاتێ نەورەسەكانی سەر شەپۆلەكانی دەریا
باڵ لێك ئەدەن و...
سەما بۆ خۆشەویستی ئەكەن!
دڵم.... دائەخورپێ ! لە
گمە گمی كوكوختیەكان
پێشبینی هەواڵی ناخۆش ئەهێنن!!
هێڵنج ئەدەم
لە شەپۆلەكانی دەریا
كاتێ (ئایلان) ئەبینم
بە بلوزی سوورو قۆنەرە شینەكانیەوە
كەس بە هاواری ناگا!!
دڵم پڕە...
پڕتر لە دڵی نیشتمان
كە ئەبینم هەر رۆژەو...
بەدەست باوە پیارێكەوە
دەستدرێژی ئەكرێتە سەر
رووت رووتی ئەكەنەوە
هیچ شۆڕشگێڕێك خاوەنداریەتی ناكا
من ئەمەوێت...
لەو خەوە غەفڵەتیە ڕاچڵەكێم و
بەئاگا بێمەوە!!
چیتر نەبم بە بەشێك لەتۆ
چاوەكانم بۆ روانینت نەڕێژم
ئەمەوێت ...
هەر خۆم بم ، وەك خۆم
چیتر جێ پەنجەكانم
بەسەر نیگاكانتەوە نەمێنێ !
ئەمەوێت ..
تەنیایی خۆم...
لەسەر لافیتە رەشەكانی پرسە بنووسمەوە!
بە هەموو دیوارو كوچەو كۆڵانەكانی شار هەڵیواسم !
ئەمەوێت....
بە هەموو مرۆڤەكان بڵێم
من ژنێكم لە جنسی پەپوولە
سەمای شنەبا
بانسێكی ئەم ڕۆژگارە ئەبەخشم
بە گوڵە دەم بە خەندەكانی نێرگز!
ئەمەوێت....
وەك خۆم بم!!
نە وەك ئەوكەسانەی،..
كە بەرووتدا پێ ئەكەنن!!
لە پشتا ترش و خوێ ئەكەن
بەسەر برین و ئازارەكانتا
ئەمەوێت ...
لە ژوورەكەمدا بێدەنگ بم
بێدەنگ بێدەنگ ...
دوور لەساتەكانی بێزاریم!!
ئەو بێزاریەی،...
كە بۆتە ڕێچكە ڕێی ژیان و تەمەنم!!
ئیتر تۆش،...
پرسەی كەسێكی نادیاری دووریت ئەبێتەئەسەف و ...
تەنها دوو دڵۆپە فرمێسكی پەشیمانی!!
ئەوسا منیش....
بەهەناسەو گڕو تینەوە
لەژێر رێژنە بارانی پاییزدا رادەكشێم و...
سەر ئەخەمە سەر تێكستی شیعرەكانم و...
بە ئەسپایی ئەچرپێنم بە گوێی وشەكان و پێیان ئەڵێم:
ئەگەر ئێوە نەبوونایە،...
باران زاتی ئەوەی نەبوو
رۆحی پەپولەیم بشواتەوە!
ئەگەر ئێوە نە بوونایە
رۆحم ئەچوە سەر كۆڵانەكانی جەفا
ئەگەر ئێوە نەبوونایە
شەقام لەسەر پشت هەڵیدەگرتم
تا ئەو پەڕی دنیا!!
ئەگەر ئێوە نەبوونایە
نە كتێب ئەبوو !!
نەشیعرو
نەفەرهەنگ و
نە قەسیدە
٭٭٭
هەنار موفتی


ئەم بابەتە 76 جار خوێندراوەتەوە