viber_image_2021-10-11_16-05-11-532.jpg

وتاری دۆریس لیسینگ لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ساڵی ٢٠٠٧

 

وەرگێڕانی: تارا شێخ عوسمان

 

لەناو دەرگاكەدا دەوەستم، لەنێو هەورێك لە تەپوتۆز، دەڕوانمە ئەو ئاراستەیەی پێم وترا دارستانە و هێشتا درەختەكانی نەبڕدراوەتەوە. دوێنێ بەناو چەندین میل سوتماكدا تێپەڕیم كە هۆكارەكەی ئاگركەوتنەوە بوو، لە كاتێكدا ساڵی (١٩٥٦) ناوازەترین دارستان بوو كە لە ژیانمدا بینیبووم، ئەمڕۆش بەتەواوی وێران بووە. دەبێ خەڵك بژێوی خۆیان دابین بكەن، دەبێت داریان دەست بكەوێت بۆ سووتاندن. ئەوە ناوچەیەكە لە باكوری خۆرئاوای زیمبابوی لە سەرەتای هەشتاكاندا، منیش سەردانی هاوڕێیەكم دەكەم كە لە قوتابخانەیەكی لەندەن مامۆستا بوو، ئەو لێرەیە "بۆ یارمەتیدانی ئەفریقیا"، وەك ئەوەی ڕاهاتووین بیڵێین، ئەو كەسێكی باش و نموونەییە، بەڵام ئەوەی لەو قوتابخانەیە بینی، تووشی شۆكی كرد و بە ئاسانی بەری نەدا. ئەم قوتابخانەیە هاوشێوەی هەر قوتابخانەیەكە كە دوای سەربەخۆیی بونیادنراوە، چوار هۆڵی گەورە و فراوانە لە تەنیشت یەكەوەیە و لە خشت دروست كراوە و هەر ئاوا لەنێو تۆزوخۆڵدا فڕێدراوە، هۆڵێك و دوان و سیان و چوار، دوای ئەویش لە سوچێكدا نیوە هۆڵێك دروست كراوە و تایبەتە بە كتێبخانە. هەموو هۆڵێك لە هۆڵە گەورەكان تەختەڕەشێكی تێدایە، بەڵام هاوڕێكەم تەباشیرەكان دەخاتە گیرفانیەوە بۆ ئەوەی نەدزرێن، نە ئەتڵەس و نە گۆی زەوی و نە كتێبی پرۆگرامەكان و نە كتێبی ڕاهێنان و نە قەڵەم لە قوتابخانەكەدا نییە، هەروەها لە كتێبخانەكەش ئەو كتێبانەی نییە كە خوێندكارەكان حەزیان لێیە بیخوێننەوە، بەڵكو كۆمەڵێك زنجیرە كتێبی زانكۆكانی ئەمەریكای لێیە كە تەنانەت جوڵاندنیشیان قورسە وەك پاشماوەی كتێبخانە سپیییەكان و چیرۆكگەلێكی وەك (كۆتایی هەفتە لە پاریس) یان (فیلیستی خۆشەویستی دەدۆزێتەوە)ی تێدایە. بەرانێك لەوێدایە و هەوڵ دەدات لەنێو ئەو گژوگیایەی ڕۆژگار ماندووی كردووە خواردنی خۆی بدۆزێتەوە. بەڕێوبەرەكە دەستی گرت بەسەر پارەی قوتابخانەكەدا و دوورخرایەوە و پرسیارێكی ورووژاند كە هەموان پێی ڕاهاتبوون ئەگەر ئەو لە دۆخێكی زۆر خراپتریشدا بووایە: "چۆن ئەو كەسانە بەو شێوەیە ڕەفتار دەكەن لە كاتێكدا بێگومانن و دەزانن هەموان چاودێرییان دەكەن؟". هاوڕێكەم گیرفانی بەتاڵە، چونكە كاتێك موچەكەی وەردەگرێت، هەموان، خوێندكار و مامۆستا پارەی لێ قەرز دەكەن و واش دیارە كەسیان هەرگیز قەرزەكەی نادەنەوە.

ژمارەی خوێندكارەكان لە هەر پۆلێك لەنێوان شەش بۆ بیستوشەش كەسدایە، چونكە ئەوانەی لە تەمەنی یاسایی خۆیاندا نەچوونەتە بەر خوێندن، دەیانەوێت ئێستا شتەكە چاك بكەنەوە. هەندێك لە خوێندكارەكان هەموو بەیانییەك بە باران یان بە بەر تیشكی خۆر و بەناو ڕووبارەكاندا بە پێ چەندین میل دەبڕن و خۆیان دەگەیەننە خوێندنگەكە، ناشتوانن لە ماڵەوە ئەركەكانیان بنووسنەوە، چونكە لە گوندەكان كارەبایان نییە، ناشتوانرێت بە ئاسانی لەبەر ڕووناكیی چرایەكدا ئەو كارە بكرێت، كچەكانیش بەر لەوەی بێن بۆ خوێندنگە دەبێت ئاو بكێشن و خواردن ئامادە بكەن، دواتریش كە دەڕۆنەوە بۆ ماڵەوە هەمان كار دەكەنەوە.

لەگەڵ هاوڕێكەم لە ژوورەكەی دانیشتین، خەڵك بە شەرمەوە بە سەرماندا دابارین، هەر یەكێكیان داوای كتێبێكی دەكرد، "تكایە كە چوویتەوە بۆ لەندەن كتێبمان بۆ بنێرە"، یەكێكیان وتی "فێری خوێندنەوەیان كردین، بەڵام كتێبمان نییە"، هەر كەسێكم دەبینی داوای كتێبی دەكرد. چەند ڕۆژێك لەوێ مامەوە، تەپوتۆز لە هەموو شوێنێك بڵاو دەبووەوە، ترومپای ئاوەكان لەكار كەوتبوون، دەبوو ژنان لە ڕووبارەكەوە ئاو بهێنن. مامۆستایەكی نموونەیی تر كە لە ئینگلتەراوە هاتبوو دوای ئەوەی بینی ئەو قوتابخانەیە بەو دۆخە گەیشتووە، هێڵنجی دەدا. لە كۆتایی ساڵی خوێندندا، بەرانەكەیان سەربڕی و پارچەپارچەیان كرد و لە مەنجەڵێكی گەورەدا لێیاننا، ئەوە ئاهەنگی كۆتایی ساڵ بوو كە دەمێك بوو چاوەڕێیان دەكرد، گۆشتی بەرانی كوڵاو و ئاوی گۆشت. لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكەدا من گەڕامەوە، دیسان بەناو سووتماكی دارستانەكەدا ڕێگەم گرتەبەر، لەو بڕوایەدا نیم زۆربەی خوێندكارانی ئەو قوتابخانەیە خەڵات وەربگرن. دەبوو ڕۆژی دواتر لە قوتابخانەیەكی باكوری لەندەن وتارێك پێشكەش بكەم، قوتابخانەیەكی نایاب هەموومان ناوی دەزانین، قوتابخانەیەكی كوڕانە و بینای جوان و باخچەی جوانی هەیە.

لێرە هەموو هەفتەیەك كەسێكی بەناوبانگ سەردانی مناڵەكان دەكات، بەناوبانگەكان باوك یان دایك یان خزمی خوێندكارێكن، سەردانی كەسێكی بەناوبانگ بۆ خوێندنگە شتێكی ئاساییە لەو شتە تێناپەڕێت كە خوێندكارەكان پێی ڕاهاتوون. کاتێك قسەم بۆ ئەو خوێندكارانە دەكرد، خوێندنگەكەی باكوری خۆرئاوای زیمبابوی بە خۆڵ و تۆزەكەیەوە لە هزرمدا مابووەوە، سەیری ئەو ڕووخسارە ئینگلیزییانەی بەردەمم و ئاماژەكانی سەر ڕوخساریان دەكەم كە دەربڕی پێشبینی ئاساییە و هەوڵ دەدەم باسی ئەوەیان بۆ بكەم كە هەفتەی ڕابردوو بینیومە، پۆلی بێ كتێب و پرۆگرامی خوێندن و ئەتڵەس، تەنانەت نەخشەیەكی هەڵواسراویشیان نەبوو لەسەر دیوارەكان. قوتابخانەیەك مامۆستاكانی دەپاڕانەوە كە كتێبێكیان بۆ بنێردرێت، كتێبگەلێك شێوازەكانی وانەوتنەوەیان بۆ ڕوون بكاتەوە، چونكە ئەوانیش بۆ خۆیان تەمەنیان لە هەژدە و نۆزدە ساڵ تێپەڕ ناكات. بەو مناڵە ئینگلیزانە بڵێم چۆن هەموان داوای كتێب دەكەن "تكایە كتێبمان بۆ بنێرە".

من دڵنیام هەر كەسێك ڕۆژێك وتارێكی پێشكەش كردبێت لە ژیانیدا، ئەو ساتە دەزانێت كە سیمای ئامادەبووان خاڵییە لە هەر گوزارشتێك، گۆیگرەكان ناتوانن لەوە تێبگەن كە دەیڵێیت، هیچ وێنەیەك لە هزریاندا نییە كە بەرامبەر ئەوە بێت كە پێیان دەڵێیت. لەم دۆخەشدا وێنەكانی قوتابخانەیەك لەناو هەورێك لە توپوتۆزدا ڕاكشاوە و بێ ئاوە و ئاهەنگ بۆ كۆتایی ساڵ دەگێڕێت و بەرانی تێدا سەربڕدراوە و لە مەنجەڵێكی گەورەدا لێنراوە، دێتە بەرچاوم. ئایا بەڕاستی قورسە بۆ ئەو مناڵە بەختەوەرانە ئەو هەژارییە لە ڕادەبەدەرە وێنا بكەن؟ هەموو ئەوەی لە توانامدایە بیڵێم ئەوەیە ئەوان بە ئەدەبن. من دڵنیام ڕۆژێك لە ڕۆژان هەندێكیان خەڵات دەبەنەوە.

دوای ئەوەی وتارەكەم تەواو كرد، سەبارەت بە دۆخی كتێبخانەكە و ئەگەری ئەوەی مناڵەكان دەخوێننەوە یان نا، لەو قوتابخانە بەختەوەرە ئەوەم گوێ لێبوو كە هەمیشە و كاتێك سەردانی قوتابخانەی لەو جۆرە و تەنانەت زانكۆكانیشم دەكرد گوێم لێدەبوو، خانمە مامۆستاكە وەڵامی دامەوە و وتی "وەك دەزانیت، زۆربەی قوتابییەكان هەرگیز نەیانخوێندووەتەوە، تەنها نیوەی ئەو كتێبانە بەكاردێنن كە لە كتێبخانەكەدا هەیە". بەڵێ بە ڕاستی دەزانین، چی دەگوزەرێت هەموومان دەزانین. ئێمە لە كولتوورێكی پەرتداین، ئەو بیروڕایانەی كە هیی چەند دەیەیەك لەمەوپێشن بووەتە جێگەی پرسیار، بۆ كچ و كوڕە گەنجەكانمان كە چەندین ساڵ خوێندوویانە شتێكی ئاساییە هیچ لەسەر جیهان نەزانن، ئاساییە هیچیان نەخوێندبێتەوە و زانیارییەكانیان لەسەر هەندێك پسپۆڕیی كورت بێتەوە بۆ نموونە كۆمپیوتەر. ئەوەی بەسەرمان هاتووە داهێنانێكی سەرسوڕهێنەرە، كومپیوتەر و تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت، ئەوە شۆڕشێك نییە، كە ڕووبەرووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، شۆڕشی چاپخانە لە چەند دەیەیەكی كەمدا ڕووی نەداوە، بەڵكو پێویستی بە كاتی زۆر بووە، هزر و شێوازی بیركردنەوەی گۆڕین.

 

هەڵەشەیەكی سەیر

هەموو شتێكمان پەسەند كردووە، هەروەك هەمیشە دەیكەین و هیچ پرسیارێك ناكەین. چیمان بەسەر دێت بەهۆی ئەو شۆڕشی چاپخانەیەوە؟ بە هەمان شێوازیش، بە خەیاڵماندا نەهات بپرسین چۆن ئینتەرنێت ژیان و شێوازی بیركردنەوەمان دەگۆڕێت؟ ئینتەرنێت جادووی لە تەواوی نەوەیەك كردووە بە شتە هیچەكانی، تەنانەت ژمارەیەكی زۆری ئاقڵەكان لە داهاتوودا ددان بەوەدا دەنێن كە بوونەتە خووگیریی ئینتەرنێت، ناتوانن خۆیان ڕزگار بكەن و ئەوەش ئاشكرا دەكەن كە ڕۆژێكی تەواویان بە سەرقاڵبوون بە پێگە و لاپەڕەكان و شتی ترەوە بەسەر بردووە. لە ڕابردوویەكی نزیكدا، هەر كەسێك، تەنانەت ئەوانەی ئاستێكی خوێندەواری مامناوەندیشیان هەبوو ڕێزی پەروەردە و فێركردن و بەرهەمە ئەدەبییە ناوازەكانیان دەگرت. هەڵبەتە ئێمە دەزانین لەو سەردەمە زێڕینەدا خەڵك باسی خوێندنەوەیان دەكرد و خۆیان وا دەردەخست ڕێزی خوێندەواریی دەگرن، بەڵگەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كرێكارانی ژن و پیاو تینوو بوون بۆ خوێندنەوە، دامەزراندنی كتێبخانە و پەیمانگەی كرێكارانیش ئەوە دەسەلمێنن، واتە قوتابخانەكانی هەردوو سەدەی هەژدە و نۆزدەی زاینی و خوێندنەوە و كتێب بەشێك بوون لە فێركردنی گشتی. گەورەكان كاتێك لەگەڵ كەسانی لە خۆیان مناڵتر قسە دەكەن، دەزانن تا چ ڕادەیەك خوێندنەوە بەشێك لە فێربوونیان پێكدەهێنێت، چونكە مناڵترەكان خاوەن زانیارییەكی زۆر سنوردارترن بە بەراورد بە گەورەكان. ئەگەر مناڵەكان توانایان بەسەر خوێندنەوەدا نەشكێت، لەبەر ئەوەیە نەیانخوێندووەتەوە. هەموومان ئەو چیرۆكە خەمناكە دەزانین، بەڵام نازانین كەی كۆتایی دێت. بیر لەو وتەزا كۆنە دەكەینەوە "خوێندنەوە مناڵی كامڵ دروست دەكات". با نوكتەكانی پەیوەست بە زۆرخۆریی لەبیر بكەین، چونكە خواردن تەواو وەك خوێندنەوە نییە -چونكە خوێندنەوە وا لە ژن و پیاو دەكات پڕبن لە زانیاری و مێژوو و هەموو جۆرە زانیارییەكی تر- بەڵام ئێمە لە خۆرئاوا تەنها گەل نین لەسەر ئەم زەوییە بەرینە، ماوەیەك لەمەوبەر هاوڕێیەكم لە زیمبابوی باسی گوندێكی بۆ كردم كە خەڵكەكەی ماوەی سێ ڕۆژ بوو هیچیان نەخواردبوو، بەڵام هێشتا باسی كتێب و چۆنیەتی دەستكەوتنی كتێبیان دەكرد و باسیان لە فێركردن دەكرد.

سەر بە ڕێكخراوێكم بە ئامانجی گەیاندنی كتێب بۆ گوندەكان دامەزراوە، كۆمەڵێكی تریش كار لە بوارێكی تردا دەكەن و ئەندامەكانی هەموو ناوچە میللییەكانی زیمبابوی گەڕاون و پێیان وتم گوندەكان بە پێچەوانەی ئەوەی باس دەكرێن پڕن لە كەسانی زیرەك، لە مامۆستایانی خانەنشین و مامۆستا و كەسانی بە تەمەن و ئەو مناڵانەی پشووەكانیان بەسەر دەبن. خۆم ڕاپرسییەكم كرد بۆ ئەوەی بزانم خەڵك لە زیمبابوی حەزیان لێیە چی بخوێننەوە، ئەنجامەكانی پێیگەیشتم هەمان ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە بوو كە لە سوید كرابوو، هیچم لە بارەیەوە نەدەزانی، خەڵك لە زیمبابوی حەزیان لە هەمان ئەو شتانەیە كە ئێمە لە ئەوروپا حەزمان لێیە، هەموو جۆرەكانی چیرۆك، خەیاڵی زانستیی، شیعر، چیرۆكی پۆلیسی، شانۆگەرییەكان، ئەو بەڵگانەی بۆت ڕوون دەكەنەوە چۆن ئەركێكی دیاریكراو ڕاپەڕێنیت، بۆ نموونە كردنەوەی حسابێكی بانكی، هەموو نووسینەكانی شكسپیریش.

كێشەی خەڵكی گوند ئەوەیە نازانن چ كتێبێك دەست دەكەوێت؟ بەم شێوەیە بەرهەمێكی وەك (سەرۆكی كاستربرێدج) بڵاو دەبێتەوە و بەناوبانگ دەبێت، تەنها لەبەر ئەوەی لەوێ دەست دەكەوێت، بەڵام (ئاژەڵی كێڵگە) ڕۆمانێكی بەناوبانگترە. سەرەتا نەرویژ یارمەتی دامەزراوەكەی دەداین و دوای ئەویش سوید، گەر ئەو یارمەتییانە نەبوایە، ئەوا سەرچاوەكانمان بۆ دابینكردنی كتێب وشكی دەكرد. لە هەموو سەرچاوەكانی بەردەستەوە كتێبمان دەست دەكەوت، ئەوەشتان لەبیر بێت نرخی كتێبێكی كاغەزیی باش یەكسانە بە موچەی مانگێك لە زیمبابوی، ئەمە ئەو دۆخە بوو بەر لە فەرانڕەوایی (موگابی) هەبوو، بەڵام ئێستا و لەگەل هەڵئاوسانی دارایی، ئەو نرخە یەكسانە بە موچەی چەند ساڵێک.

كاتێك سندوقێكی كتێبم هەڵگرت، بیرتان بێت سووتەمەنی ئۆتۆمبیلەكان بەئاستەم دەستدەكەوت، دڵنیاتان دەكەمەوە سندوقە كتێبەكە بە فرمێسكی شادیی پێشوازی لێكرا. گرنگ نییە كتێبخانەكە تەنها تەختەیەكی درێژكراو بێت لەسەر چەند پارچە خشتێك، لە ماوەی هەفتەیەكدا كۆرسی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەكرێتەوە و هەموو ئەوانەی فێری خوێندنەوە نەبوون، وانە دەخوێنن، ئەوە وەرزی هاووڵاتیبوونە، بەڵام لە یەكێك لە گوندە دووردەستەكان هەندێك كەس بڕیاریاندا بە زمانی (تونگا) چیرۆك بنووسن، بەهۆی ئەوەی هیچ ڕۆمانێك نەبوو بەو زمانە نووسرابێ، لە زیمبابوی شەش زمان هەیە: چیرۆك بە هەموو ئەو زمانانە هەیە، تووندوتیژن، ئەوانەی باسی دەستدرێژیی بۆ سەر كەسانی نزیك دەكەن، هەندێكیشیان پڕن لە تاوان و كوشتن. دەوترێت هەموو گەلێك ئەو حكومەتەی دەست دەكەوێت كە شایەنیەتی، بەڵام من لەو بڕوایەدا نیم ئەوە بەسەر زیمبابویدا پیادە بێت. دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت ئەو ڕێز و تینویەتییە بۆ كتێب لە فەرمانڕەوایی (مۆگابی)یەوە نییە، بەڵكو ئەو فەرمانڕەواییەی پێشووە، ئەوە فەرمانڕەوایی سپیپێستەكانە. تینوێتی بۆ كتێب دیاردەیەكی سەرسوڕهێنەرە، دەكرێت لە هەموو شوێنێك لە كینیا تا (رأس رجاء الصالح) ببینرێت. ئەوەی پێشوو، گەرچی لە دووریشەوە بێت پەیوەستە بە ڕووداوێكی دیاریكراوەوە، لە شوێنێكدا گەورە بووم كە دەكرێت بە كۆلێتێكی قوڕینەی بە پووش داپۆشراو وەسف بكرێت، ئەو خانوانەش لە هەموو شوێنێك دروست دەكرێت، ئەگەر گژوگیا و قامیشی لێ دەستبكەوێت و گڵی گونجاوی لێبێت، ئەو كۆڵەكانەش هەبن كە دیوارەكان ڕادەگرن. ئەوەش ئەوەیە لە ئینگلتەرای سەكسۆنی دەیبینین. ئەو خانووە گڵەی تێیدا گەورە بووم، چوار ژووری هەبوو كە لە پاڵ یەكدا بوون و پڕبوون لە كتێب، دایكم و باوكم بەوەوە نەدەوەستان كە كتێبیان لە بەریتانیاوە لەگەڵ خۆیان دەهێنا بۆ ئەفریقیا، بەڵكو دایكم لە ڕێگەی پۆستەشەوە كتێبی بۆ مناڵەكانی دەكڕی، كتێبەكان لە كارتۆنی گەورەی قاوەییدا دەگەیشتن، كتێبەكان خۆشی ژیانم بوون، ماڵێك لە قووڕ، بەڵام پڕ لە كتێب. تا ئەمڕۆش نامەم لە كەسانێكەوە پێدەگات كە لە گوند دەژین، ڕەنگە كارەبا و ئاویان نەبێت، وەك ئەو دۆخەی ئێمە هەمانبوو لە كۆلێتە قوڕینە درێژەكەماندا، هەندێك لەوانە دەنووسن و دەڵێن "منیش دەبمە نووسەر"، چونكە "ماڵێكمان هەیە لەو ماڵە دەچێت كە تۆ تێیدا نیشتەجێ بوویت"، بەڵام ئەمە كێشەكەیە، وا نییە؟

نووسین و نووسەران لەو ماڵانەوە سەرهەڵنادەن كە كتێبی تێدا نییە، جیاوازی و ڕێگە سەختەكە لێرەدایە. گوێم لە وتاری هەندێك لە براوە نوێیەكانی نۆبڵ بوو كە بەم دواییە ئەو خەڵاتەیان وەرگرتبوو، بۆ نموونە ئۆرهان پاموك وتی: باوكی (٥٠٠) كتێبی هەبووە، بەهرەكەی لە هیچەوە دەرنەكەوت، ئەو پەیوەندی بە نەریتی دێرینەوە هەبووە، سەیری (ڤ. ئێس. نایپۆڵ) بكەن باس لەوە دەكات ڤیداسی هیندیی زۆر دوور نەبووە لە یادەوەری خێزانەكەیەوە، باوكی هانیداوە بۆ نووسین، پاشان كە دەگاتە ئینگلتەرا سەردانی كتێبخانەی بەریتانیی كردووە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ نەریتە دێرینەكاندا لە پەیوەندیدا بووە. با بڕوانینە (جۆن كۆتزی) بەتەنها پەیوەندی لەگەڵ نەریتە دێرینەكاندا نەبووە، بەڵكو خۆی نەریت بووە، ئەدەبی لە (كیپ تاون) وتووەتەوە، من زۆر بەداخم كە بەشداری یەكێك لە موحازرەكانی نەبووم، چونكە فێركردن لەو هزرە نایابە تایبەتەوە هەڵدەڕژێت. بۆ ئەوەی بتوانین بنووسین، بۆ ئەوەی ئەدەب دروست بكەین، پێویستە پەیوەندیمان بە كتێبخانە و كتێبەوە هەبێت.

هاوڕێیەكم هەیە لە زیمبابوی، نووسەرێكی ڕەشپێستە، هەر خۆی خۆی فێری خوێندەواریی كرد، لە ڕێگەی نوووسراوی سەر كارتۆن و قتووی ئاوی میوەكانەوە. ئەو هاوڕێیەم لە ناوچەیەكدا گەورە بووە، كە پێشتر بە ئۆتۆمبیل پێیدا تێپەڕیوم، زەوییەكە لمین و بەردینە، چەند تۆپەڵە دارێكی لەیەكگیربووی لێرەولەوێی هەیە. كۆلیتەكان هەژارانە و داڕووخاون، هیچ پەیوەندیی بەو كوخانەوە نییە كە ئەوانەی باردودۆخیان باشترە تێیدا دەژین، قوتابخانەیەكی لێیە، بەڵام وەك ئەو قوتابخانەیەیە كە پێشتر باسم كرد، ئەو هاوڕێیەم ئەنساكلۆپیدیای مناڵانی لەناو سەرەنوێلكدا دۆزیبووەوە و لێوەی فێر بووبوو. كاتی سەربەخۆیی لەساڵی (١٩٨٠)دا كۆمەڵێك نووسەری باش لە زیمبابوی هەبوون، هێلانەیەكی ڕاستەقینەی چۆلەكە، ئەوان لەو شوێنەدا گەورە بوون كە پێی دەوترا (ڕۆدیسیا) و لەژێر فەرمانڕەوایی سپیپێستەكاندا بوو، قوتابخانەی مژدەهێنەرەكان قوتابخانەی باشتر -نووسەر لە زیمبابوی دروست ناكرێت-، لەژێر فەرمانڕەوایی مۆگابیدا شتەكە ئاسان نییە. نووسەران بە چەرمەسەری ڕێگەی خۆیان تەی دەكەن، بۆ ئەوەی فێری نووسین و خوێندنەوە بن، چ جای ئەوەی ببنە نووسەر. دەبێت بڵێم فێربوونی خوێندنەوە لەڕێی نوسراوی پاكەتی مرەبا و ئەنساكلۆپیدیای فڕێدراوی ناو سەرەنوێلك شتێكی نائاشنا نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە باسی كەسانێك دەكەین كە بنەماكانی فێركردنی ئاساییان نەبوو، لەو كۆلیتانەدا دەژیان كە ژمارەیەكی زۆری خێزانیان تێدابوو، لەگەڵ دایكێك كە زیاتر لە وزەی خۆی كار دەكات، ڕۆژانە ململانێ دەكات لەپێناو خۆراك و پۆشاكدا. سەرەڕای هەموو ئەو قورساییەی ژیان، نووسەرگەلێك دروست بوون.

پێویستە بوترێت، ئەوە ئەو زیمبابویەیە كە بەر لە سەد ساڵ داگیركرا، ڕەنگە باپیرانی ئەو كەسانە لە چوارچێوەی نەریتە زارەكییەكاندا گێڕەرەوە بووبن، لە نەوەیەك بۆ دوو نەوە پەڕینەوە ڕووی دابێت لەو چیرۆكانەی لە یادەوەریدا لەبەردەكران و دەگەیشتنە گوێگر، بۆ چاپكردن و كتێب، ئای لەو دەستكەوتە! كتێبگەلێك بەڕاستیی لە زبڵدان و سەرەنوێلكی سپیپێستەكاندا پەڕەپەڕە كرابێت، بەڵام كاغەزێكی پێچراوە شتێكە و كتێبی چاپ و بڵاوكراوە شتێكی تری جیاوازە. سەیری زۆر ڕاپۆرتم كرد سەبارەت بە دۆخی بڵاوكردنەوە لە ئەفریقیادا، تەنانەت لەو شوێنانەی زۆر بە شانسترن وەك باكوری ئەفریقیا، بەڵام قسەكردن لە پانتاییەك كە لێوڕێژبێت لە بڵاوكراوەكان بە خەونێك دادەنرێت. لێرەدا باسی ئەو كتێبانە دەكەم كە هەرگیز نەنووسراون، باسی ئەو نوووسەرانە دەكەم كارەكانیان تەواو نەكرد، بەهۆی نەبوونی بڵاوكەرەوەوە، دەنگگەلێك كە نەبیستران، ناتوانرێت ونبوونی ئەم بەهرە و توانایەنە هەڵبسەنگێنرێت، تەنانەت بەر لە قۆناغی بەرهەمهێنانی كتێبیش كە پێویستی بە بڵاوكەرەوە و پارەدانی پێشوەختە و هاندانە، شتێكی تریش كەمە.

هەمیشە لە نووسەران دەپرسرێت، چۆن دەنووسن؟ بە كۆمپیوتەر؟ بە چاپكەری كارەبایی، یان بە پەڕ، یان بە قەڵەم؟ بەڵام پرسیارە گەوهەرییەكە ئەوەیە: "ئایا فەزایەكت دۆزیوەتەوە؟ ئەو پانتاییە بۆشەی كە پێویستە دەورت بدات كاتێك دەنووسی؟". ئەو فەزایەی لە شێوەی گوێگرتن و هۆشیاربووونە، وشەكان دێن، ئەو وشانەی كە دەیانڵێیت، كەسێتییەكان، بیرۆكەكان و ئیلهامیش. ئەگەر نووسەر ئەو فەزایەی نەدۆزییەوە، ئەوا هۆنراوەكان و چیرۆكەكان بە مرددوویی لەدایك دەبن. كاتێك نووسەران لەگەڵ یەكدا دەدوێن، گفتوگۆكانیان هەمیشە پەیوەستە بەو فەزا خەیاڵكراوەوە، ئەو زەمەنەی ترت "دۆزیوەتەوە؟ باش دەستت پێوە گرتووە؟".

با بەرەو ئاڕاستەیەكی تر باز بدەین دیمەنێكی تەواو جیاواز. ئێستا ئێمە لە لەندەنین، یەكێك لە شارە گەورەكان، لەوێ نووسەری تازەی لێیە، بێ پەروا كونجكۆڵیی دەكەین، ئایا ڕووكەشی جوانە؟ ئەگەر پیاو بوو، ئایا خاوەن كاریزمایە؟ ئایا قۆزە؟ ئێمە گاڵتە دەكەین، بەڵام شتەكە گاڵتە نییە. ئەو هاتووە نوێیە ددانپێدانان و سوپاسی دەست دەكەوێت، ڕەنگە پارەیەكی زۆروزەوەندیش، پاش زرنگانەوەی (پاپاراتزی)[1] لە گوێیەكانیدا، ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت و پیاهەڵدەدرێت و هەموو جیهان دەگەڕێت، ئێمەی بە تەمەنیش كە هەموو شتێكمان تاقیكردووەتەوە، زۆر بەداخ دەبین بۆ ئەم هاتووە نوێیە كە هیچ بیرۆكەیەكمان نییە و ئاگامان لەوە نییە كە ڕوودەدات. ئەو كەسە ژن بێت یان پیاو، هەست بە لەخۆڕازیبوون دەكات، ئەو زۆر شادمانە، بەڵام دوای چەند ساڵێك ڕاوبۆچوونیان دەپرسم، گوێم لێیان بووە دەڵێن "ئەوە خراپترین شت دەبوو ئەگەر ڕووی بدایە". زۆربەی ئەو نووسەرانەی كە بوونە خاوەن ناوبانگێكی زیاد لە پێویست، شتێكی تازەیان نەنووسیوە، یان ئەوەیان نەنووسیوە كە حەزیان لێی بووە، یان ئەوەیان نەنووسیوە كە مەبەستیان بووە. هەرچی ئێمەی بەتەمەنەكانین، حەزدەكەین بە گوێیدا بچرپێنین "ئایا هێشتا فەزاكەت ماوە؟ خۆت، شوێنە تایبەتە پێویستەكەت، ئەو شوێنەی كە دەنگەدەنگی كەسێتییەكان قسەت لەگەڵ دەكەن، تەنها لەگەڵ خۆت، ئەو شوێنەی ڕەنگە خەوی تێدا ببینیت؟ وریابە دەستی پێوە بگرە و مەهێڵە لە دەستت بچێت".

هزرم پڕ لە یادەوەری نایابە سەبارەت بە ئەفریقیا، هەركات حەزم كرد دەتوانم زیندووی بكەمەوە لێی بڕوانم، ئاسمان لە كاتی خۆرئاوابووندا، ڕەنگی ئاڵتوونی و بنەوشەیی و پرتەقاڵیی كە لە شەودا بڵاودەبووونەوە، پەپوولە و مێرووی فڕیو، هەنگەكانی بەسەر دەوەنە بۆندارەكانی (كەلەهاری)دا دەفڕین، یان دانیشتن لەسەر ڕۆخی ڕووباری (زامبیز) كە كورتەگیایەكی كەمی لێ دەڕوا، لەو كاتەی ئاوە ڕەشهەڵگەڕاوە بریسكەدارەكەی دەڕۆیشت، هەموو باڵندەكانی ئەفریقیا هەڵدەفڕین. بەڵێ، فیل و زەڕافە و شێر و ئاژەڵەكانی تر، زەوی پڕبوو لەوانە، هەرچی ئاسمانە، بەشەو هێشتا پیس نەبووبوو، ڕەش و جوانییەكی ناوازەی هەبوو، پڕبوو لەو ئەستێرانەی نەدەنووستن.

بیرەوەری تریشم لایە، لاوێكی ئەفریقی تەمەنی بیست ساڵان بوو، دوو چاوی تەڕی هەبوو، كاتێك دەوەستا و سەیری ئەو شتەی دەكرد كە دەكرا ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێتە كتێبخانە، كاتێك میوانێكی ئەمەریكی بەوێدا تێپەڕی و سەرنجی دا كتێبخانەكەی كتێبی تێدا نییە. یەك سندوقی پڕ لە كتێبی بۆ نارد، لاوەكە بە شكۆوە یەك یەك كتێبەكانی دەرهێنا و نایلۆنی تێوەپێچان، پێمان وت "بەڵام ئەو كتێبانە بە دڵنیاییەوە بۆ ئەوە نێردراون بخوێنرێنەوە"، وەڵامی داینەوە، "نا، بۆ ئەوەیە پیس نەبن، لە كوێ هیی ترم دەست دەكەوێت؟". ئەو لاوە دەیەوێت لە ئینگلتەراوە كتێبی بۆ بنێرین، بۆ ئەوەی ڕێگەكانی فێربوونی بۆ ڕوون بكاتەوە. پیێ وتین "چوار ساڵ لە ئامادەیی خوێندم، بەڵام هەرگیز فێریان نەكردم چۆن وانە بڵێمەوە".

مامۆستایەكم بینی، لە قوتابخانەكەی كتێبی پرۆگرامەكانی نەبوو، تەنانەت تەباشیریشی نەبوو بۆ تەختەڕەشەكەی، لەو پۆلەدا وانەی دەوتەوە كە چەند خوێندكارێكی تێدابوو تەمەنیان لەنێوان شەش بۆ هەژدە ساڵدا بوون. كچێكم بینی تەمەنی نەگەیشتبووە بیست ساڵان، چەوی ناو خۆڵەكەی دەجوڵاند و گۆرانی (دوو كەڕەت دوو یەكسانە بە.....)ی دەوت. كچێكم بینی تەمەنی نەگەیشتبووە بیست ساڵ، كتێبی وانەكان و ڕاهێنان و قەڵەمی نەبوو، ئەلفبای بە شێوەیەك دەخوێند كە بە دارێك پیسییەكەی بەردەمی دەشێواند بۆ ئەوەی پیتەكان بنووسێت. لە كاتێكدا تیشكی خۆر ڕووخسارەكانی دەسوتاند و تەپوتۆز بەرز دەبووەوە، ئێمە "لەوێ" لە ئەفریقیا و لە هەر ناوچەیەكی جیهانی سێیەم بووین، ئەو ناوچانەی جیهان كە دایك و باوكەكان ئومێدیان بە فێركردن بوو تا بتوانن مناڵەكانیان بخەنە بەر خوێندن، بۆ ئەوەی لە هەژاری ڕزگاریان بێت، لەو ناوچانە ئەو تینوێتییە دەبینین بۆ فێربوون و خوێندنەوە.

تكاتان لێ دەكەم هەر یەكەتان وای دانێن لە یەكێك لە ناوچەكانی ئەفریقیان، لەناو دوكانی پیاوێكی هیندی و لە وەرزێكی هەرە وشكی ساڵدا. كۆمەڵیكی زۆر ڕیزیان گرتووە و وەستاون، زۆربەیان ژنن و جۆرەها گۆزە و تەنەكەیان پێیە، ئەو دوكانە هەموو ئێوارەیەك لە شارەوە ئاو دێنێت بۆ ئەو خەڵكە، بۆ ئەوەی ئەمبارەكانی ئاوی ماڵەكەیان پڕ بكەن، خەڵكیش لەو شوێنە چاوەڕوانن. بازرگانە هیندییەكە دەستەكانی خستووەتە سەر مێزی دوكانەكەی و سەیری ئەو ژنە ئەفریقییە دەكات كە دەچەمێتەوە بۆ كاغەزێكی لووولدراو كەوا دیارە لە كتێبێك لێكراوەتەوە، ئەو ژنە گەنجە (ئانا كارنینا) دەخوێنێتەوە. بە هێواشی دەیخوێنێتەوە، وشەكان حونجە دەكات، وا دیارە كتێبەكە ئاڵۆزە، ئەو ژنە گەنجە دوو مناڵی پێیە لە قاچی ئاڵاون و دووگیانیشە. هیندییەكە خەمبار دەبێت بۆ سەرپۆشی سەری ژنەكە كە دەبوو ڕەنگی سپی بووایە، بەڵام خۆڵ و تۆز بۆزی كردووە، ئەو خۆڵ وتۆزە قۆڵ و سنگیشی داپۆشیوە. پیاوە دوكاندارەكە بەهۆی حەشاماتەكەوە پەستە، هەموویان تینوویانە، ئاوی پێویستی نییە بۆ هەموان، ئەو تووڕەیە، چونكە دەزانێت كەسانێك لە دەرەوەی دوكانەكەی و لە پشت هەورێك لە تەپوتۆزەوە لە تینوێتیدا دەمرن. برا گەورەی دوكاندارەكە تا پێی كرا بەرگەی ئەو دۆخەی گرت، بەڵام وتی كە پێویستی بە حەوانەوەیە و كۆچی كرد بۆ شار، وا دیارە بەهۆی وشكەساڵییەوە نەخۆش كەوتووە. ئەو پیاوە خۆهەڵقورتێنە، خۆی پێ ناگیرێت لە ژنەكە دەپرسێت "چی دەخوێنیتەوە؟" ژنەكە وەڵامی دایەوە "ڕۆمانەكە پەیوەندی بە ڕوسیاوە هەیە".

"ئەی دەزانیت ڕوسیا كەوتووەتە كوێوە؟". ڕاستەوخۆ ژنەكە نیگایەكی پڕشكۆی بۆ دەكات، سەرەڕای ئەوەی چاوەكانی بەهۆی تەپەتۆزەوە سووربوونەتەوە، "یەكەمی پۆلەكەمان بووم، مامۆستاكەم وتی تۆ باشترینی". ژنەكە دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوە و دەیەوێت پەرەگرافەكە تەواو بكات. هیندییەكە سەیری دوو مناڵەكە دەكات، هەڵدەستێت دوو شوشە (فانتا)یان بداتێ، بەڵام دایكەكە دەڵێت "فانتا تینوتریان دەكات". هیندییەكە دەزانێت بۆی نییە ئەوە بكات، بەڵام دەچێتە لای سندوقە پلاستیكییەكەی نزیكی كە لەژێر مێزەكەدایە و دوو پەرداخ ئاو دەردەهێنێت و دەیدات بە دوو مناڵەكە، سەیر دەكات ژنەكە سەیری دوو مناڵەكەی دەكات كە ئاو دەخۆنەوە و بێئاگایانە لێویان دەجوڵێنن. پەرداخێك ئاو دەداتە ژنەكە، زۆر ئازار دەچێژێت كاتێك سەیری ژنەكە دەكات كە ئاوەكە دەخواتەوە خەریكە لە تینوێتیدا بخنكێت. ئێستا ئەو سەتڵە نایلۆنەكەی دەدات بە كابرای دوكاندار، ئەویش بۆی پڕ دەكات لە ئاو، ژنەكە و مناڵەكانی زۆر بە سەرنجەوە سەیری دەكەن بۆ ئەوەی یەك دڵۆپ ئاو نەكەوێتە سەر زەوییەكە. دووبارە سەر دەخاتەوە سەر پەڕە كاغەزەكان و بە هێواشی دەیخوێنێتەوە، ئەو چەند ڕستەیە سیحری لێ دەكەن و دووبارە دەیخوێنێتەوە. "ڤارینكا بەو لەچكە سپییەی دابووی بە قژە ڕەشەكەیدا، زۆر سەرنجڕاكێش بوو، مناڵەكانی لە دەوری بوون بە شادی و خۆشییەوە یاریی لەگەڵ دەكردن، لە هەمان كاتدا پەرۆش بوو، چونكە بیری لەوە دەكردەوە ڕەنگە ئەو پیاوەی خۆشیدەوێت هاوسەرگیریی لەگەڵ بكات.

كولنیشاف شانبەشانی ڕێی دەكرد و نیگای سەرسامبوونی بۆ دەكرد. سەیری ڤارینكای دەكرد و هەموو ئەو شتە جوانانەی بیر دەكەوتەوە كە لە لێوەكانی ئەو كچەوە گوێی لێیان بوو، هەروەها باشییەكانی ڤارینكای بیر دەكەوتەوە.

هێواش هێواش بۆی دەركەوت لە بەرامبەر ئەو ژنەدا هەست بە شتێكی دەگمەن دەكات، هەستێك كە تەنها جارێكی تر و ماوەیەكی زۆر پێش ئێستا كە لاو بووە هەیبووە.

خۆشی ئەوەی بەتەنیشت ئەو ژنەوەیە زیاتر و زیاتر دەبوو، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی قارچكێكی گەورەی خستە ناو سەبەتەی ژنەكەوە و سەیری چاوەكانی دەكرد و سەرنجی ئەو پشێوییە بەختەوەرانەیە و ئەو ترسەی دەدا كە باڵی بەسەر ڕووخساری ڤارینكادا كێشا بوو. ژنەكەش هەستی بە شەرم دەكرد و بە بێدەنگی زەردەخەنەی بۆ دەكرد كە مانای زۆری لە خۆی گرتبوو".

ئەم بەشە چاپكراوە لەگەڵ چەند ژمارەیەك گۆڤاری كۆن و هەندێك ڕۆژنامە كە وێنەی چەند كچێكی تێدابوو بە پۆشاكی ژێرەوە لەسەر مێزی دوكانەكە دانرابوون. ئێستا كاتی ئەوەیە ژنەكە دوكانی هیندییەكە جێبهێڵیت و بگەڕێتەوە بۆ گوندەكەی كە چوار میل لەو شوێنەوە دووربوو. لە دەرەوە دەنگی تووڕەیی و سكاڵای ژنانی ناو ڕیزەكە دەبیسترێت، بەڵام هیندییەكە هێشتا ئارام بوو، دەزانێت ئەو ژنە گەنجە لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەگەڵ ئەو مناڵانەی لێوەی ئاڵابوون چی دەچێژێت، ئەو ئامادەبوو ئەو پارچە پەخشانەی پێشكەش بكات كە بەو ڕادەیە سیحری لێ كردبوو، بەڵام ناتوانێت بڕوا بەوە بكات ئەو ژنە قاوەییە بەو سكە گەورەیەیەوە بەڕاستی لەوە تێبگات كە نووسراوە. هۆكاری ئەوە چی بوو كە نزیكەی سێیەكی ڕۆمانی (ئانا كارنینا) لەسەر مێزی ئەو هیندییە بوو؟ شتەكە بە ئاسانی ئەمەیە.

یەكێك لە گەورە لێپرسراوانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەر لەوەی بڕوات بۆ گەشتێك كە تێیدا چەندین ئۆقیانووس و دەریا دەبڕێت لە كتێبخانەیەك ئەو كتێبەی كڕیبوو، كاتێك چووە بەشی پلە تایبەتەكان لەناو فڕۆكەكەدا كتێبەكەی كرد بە سێ پارچەوە. ئەو كارەی كرد و ئاوڕی دایەوە بۆ سەرنشینەكانی لەگەڵی بوون، دەیزانی هەندێك بە سەرسوڕمانەوە لێی دەڕوانن، هەندێكیشیان كەیفخۆش دەبن، دوای ئەوەی لەسەر كورسییەكەی دانیشت و پشتێنی سەلامەتی بەست، بە دەنگێكی بەرز بۆ هەموو ئەوانەی گوێیان لێ بوو وتی "ئەمە ئەمەیە كە هەمیشە لە گەشتە دوورودرێژەكانمدا دەیكەم، مرۆڤ حەز ناكات كتێبێكی قورس و گەورەی پێبێت". پیاوەكە ڕاهاتبوو لەسەر ئەوەی كە قسە بكات خەڵك گوێی لێ بگرن، وتیشی "هەمیشە لە گەشتەكانمدا وا دەكەم، گەشتكردن ئەو هەموو ماوە درێژە بەشی خۆی قورسە". كاتێك خەڵكەكە ئاوڕیان بۆ دایەوە، ڕوونی كردەوە "نا، دڵنیاتان دەكەمەوە ئەمە تەنها شێوازی منە بۆ گەشتكردن".

ڕۆمانەكەی دەناسی و حەزی لێبوو، ئەم شێوە سەیرەی بۆ خوێندنەوە چێژێكی زیاتری دەدا بەو كتێبەی بە پێی پێویست ناسرابوو. هەر كە لە خوێندنەوەی بەشێكی دەبووەوە، كچە میوانداری ناو فڕۆكەكەی بانگ دەكرد و بەشەكانی دەگەڕاندەوە بۆ سكرتێرەكەی كە لە پلەیەكی هەرزانتردا دانیشتبوو. ئەم هەڵسوكەوتە سەرنجی سەرنشینەكانی ڕاكێشا، هەر بەشێكی ئەو ڕۆمانە ڕوسییە بەناوبانگە دەگەیشتە بەشی پشتەوەی فڕۆكەكە لاپرسەنی و سەركۆنەكردنیشی دەورووژاند. دەبێت ئەم شێوازە زیرەكانەیەی خوێندنەوەی (ئانا كارنینا) هەستێكی تایبەتی لای سەرنشینانی فڕۆكەكە دروست كردبێت. لەو كاتەدا هێشتا ژنە گەنجەكە دەستی بە مێزی دوكانەكەوە گرتبوو، مناڵەكانیشی دەستیان بە چمكی چاكەتەكەیەوە بوو، پانتۆڵێكی جینزی لەبەردا بوو، چونكە ژنێكی سەردەمیانە بوو، بەڵام تەنوورەیەكی خوری قورسی بەسەردا كردبوو كە بەشێك بوو لە پۆشاكی نەریتیی ئەو گروپەی سەر بەوان بوو، ئەمەش یارمەتی مناڵەكانی دەدا دەستبگرن بە لۆچەكانی تەنورە قورسەكەیەوە. نیگایەكی سوپاسگوزارانەی بۆ هیندییەكە كرد، دەیزانی ئەو پیاوە خۆشیدەوێت و خەمبارە بەو دۆخەی تێیدایە، چووە دەرەوە بۆ ناو هەوری تەپوتۆزە پەرشوبڵاوەكە. مناڵەكان دەستیانكرد بە گریان و قووڕگیان پڕبوو لە تۆزوخۆڵ، شتەكە زۆر تاقەتپڕوكێن بوو، بەڵێ، زۆر قورس بوو هەنگاو بە هەنگاو ئەو تۆزوخۆڵە تێپەڕێنێت كە لەبەر پێیدا نیشتبوو و هەست بە نەرمونیانی بكات، قورس بوو، قورس بوو، بەڵام ئەو لەگەڵ ئەو سەختییە ڕانەهاتبوو؟

ئەو چیرۆكەی خوێندبوویەوە لە هزریدا مابوو، بیری دەكردەوە "ئەو ژنە تەواو لە من دەچێت، بە لەچكە سپییەكەی سەری، وەك من مناڵەكانی بەخێو دەكات، ڕەنگە من ئەو ژنە ڕوسییە بم، ئەو پیاوەش كە لەوێیە، ئەو پیاوە خۆشی دەوێت داوای لێ دەكات شووی پێبكات". ئەو زیاتر لەو پەرەگرافەی نەخوێندبووەوە، بیری كردەوە "بەڵی دێتە داخوازیم، دەمبات بۆ دوور لە هەموو ئەمانە، لەگەڵ دوو مناڵەكەم دەمبات، خۆشی دەوێم و ئاگای لێم دەبێت".

چەند هەنگاوێك دەڕواتە پێش، سەتڵە ئاوەكەش قورسایی خستووەتە سەر شانی. بەردەوام دەبێت لە ڕۆیشتن و مناڵەكان گوێیان لە شڵپەی ئاوی ناو سەتڵەكەیە لە نیوەی ڕێگە دەوەستێت، سەتڵەكە دادەگرێت. دوو مناڵەكە دەكڕوزێنەوە و دەست دەدەن لە سەتڵەكە، ژنە گەنجەكە لەو بڕوایەدایە باشترە سەرەكەی لانەبات، بۆ ئەوەی تۆزوخۆڵ نەچێتە ناوی، بە هەرحاڵ تا نەگاتە ماڵەوە ناتوانێت سەری سەتڵەكە لابەرێت. بە دوو مناڵەكەی دەڵێت چاوەڕوان بن، دەبێت هێز بداتەوە بەر خۆی و بەردەوام بێت.

ژنە گەنجەكە بیری كەوتەوە مامۆستاكەی باسی كتێبخانەیەكی كرد گەورەتر لە سەنتەری بازرگانی، تەلارێكی گەورەی پڕ لە كتێب، زەردەخەنەیەكی كرد و بە پەرۆشەوە بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن و تۆزوخۆڵ لە ڕووخساری دەنیشت، وتی "من زیرەكم، مامۆستاكەم وتی من زیرەكم، زیرەكترین خوێندكاری قوتابخانەكە، ئەمە ئەوە بوو مامۆستاكەم پێی وتم، مناڵەكانم وەك خۆم زیرەك دەبن، دەیانبەم بۆ كتێبخانەكە، دەبنە مامۆستا، مامۆستاكەم وتی دەتوانم ببمە مامۆستا، مناڵەكانم دوور لێرە دەژین. پارەیان دەست دەكەوێت، لە نزیك كتێبخانەكە نیشتەجێ دەبن و ژیانێكی خۆشیان دەبێت".

ڕەنگە بپرسن، كۆتایی ئەو بەشەی چیرۆكە ڕوسییەكە چی بوو كە لەسەر مێزی ئەو دوكانەی هیندییەكە بوو؟ ڕەنگە ئەوە چیرۆكێكی جوانی لێ بەرهەم بێت و ڕەنگە ڕۆژێك لە ڕۆژان كەسێك بیگێرێتەوە، ئەوەتا ئەوە كچە هەژارەكەیە بەردەوامی بە ڕێگەكەی دەدا، بیرۆكەكانی سەرقاڵی كردوون، ئەو ئاوەی تینوێتی مناڵەكانی پێ دەشكێنێ و خۆشی قومێكی لێ دەدات، ئەوەتا بەردەوامە لە ڕێگەكەی، بەناو خۆڵوتۆزی ترسناكی وەرزی وشكەساڵیی ئەفریقیادا.

ئێمە كۆمەڵێكی بەبەخت بووین لە جیهانە هەڕەشەلێكراوەكەماندا، جادووكردن و تەنانەت تەنزیش بە باشی دەزانین، چەند وشە و بیروڕایەك هەیە زۆر بەكەمیی بەكاری دەهێنین بە ڕادەیەك زۆر كۆن بووە، ڕەنگە حەز بكەین هەندێك وشە نۆژەن بكەینەوە كە هێزی خۆیان لەدەستداوە. گەنجینەیەكی ئەدەبیمان هەیە كە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ میسرییە دێرینەكان و گریك و ڕۆمانەكان، ئەو سامانە ئەدەبییانە لەوێن، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ و سەرلەنوێ هەر كەس بەپێی پێویست بەخت یاوەری بێت و دەستی پێیان بگات. بیهێننە بەرچاوتان، گەر وانەبوایە ئای لە هەژاری و بەتاڵیمان! زمانگەلێك و هۆنراوە و مێژوومان بە میراتی بۆ ماوەتەوە و هەمانە، ئەم میراتییەش لەو جۆرانە نییە كە تەواو دەبێت، ئەو میراتییانە بەردەوام لەوێن، كەلەپوورێك لە چیرۆك و گێڕانەوەشمان هەیە كە گێڕەرەوە دێرینەكان بۆیان بەجێهێشتووین، ناوی هەندێكیان دەزانین و ناوی هەندێكی تریان نازانین، مێژووی گێڕەرەوەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای سەردەم، ئەو زەوییەی لە ناوەڕاستی دارستانێكدایە و درەختەكانی بڕدراوەتەوە و لە ئاگردانێكی گەورەدا ئاگر كراوەتەوە و كاهینە پیرەكانی بەدەوریدا گۆرانی دەڵێن و سەما دەكەن. كەلەپوری چیرۆكی ئێمە لە ئاگر و جادووەوە سەریهەڵداوە، واتە لە ڕۆحی جیهانەوە، ئەمڕۆش هێشتا لەوێ پارێزراون. لە هەر چیرۆكنووسێكی سەردەمی نوێ بپرسیت، باسی ئەو ساتانەت بۆ دەكات كە هەمیشە ڕوودەدەن كاتێك دەستی بەر ئاگرەكە دەكەوێت، یان ئەوەی حەز دەكەین ناوی بنێین ئەو ساتەی ئیلهامی بۆ دێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە زۆر كۆنەكان، واتە سەرەتای ڕەچەڵەكی مرۆڤەكان، بۆ ئەو تووندەبایانەی ئێمە و جیهانەكەمانی دروست كرد.

چیرۆكنووسیی لە ناخی هەر یەكێكماندا شاردراوەیە، دروستكەری چیرۆك هەمیشە لەگەڵماندایە. با وای دابنێین كە جەنگ بە ماڵویرانكارییە ترسناكەكەی بڵاودەبێتەوە، كە ئەمەش وێناكردنی ئاسانە. با وای دابنێین كە لافاو هەستاوە و شارەكانمان دەسڕێتەوە و ئاستی ئاوی دەریاكان بەرز دەبنەوە. بەڵام گێڕەرەوە لەوێ دەمێنێتەوە، چونكە ئەوە خەیاڵمانە لە خۆشی و ناخۆشیدا دروستمان دەكات و دەمانپارێزێت و داهێنانمان تێدا دەكات. كاتێكیش پارچەپارچە دەبین و ئازار دەچێژین و تەنانەت كە وێرانیش دەبین، ئەوا چیرۆكەكانمان سەرلەنوێ داماندەڕێژنەوە و دروستمان دەكەنەوە. گێڕەرەوە و دروستكەری خەون و ئەفسانە و بوونەوەری ئەفسانەیی و باڵندەی سیمرخە، كە بە باشترین شێوە و لە بەرزترین پلەی داهێناندا نوێنەرایەتیمان دەكەن. ئایا ئێمەی قورسبوو بە خواردن و بە كەنتۆرە پڕ لە جلەكانمان و خنكاو بە شتی پڕوپووچ، وا دەزانین لەو ژنە گەنجە هەژارە باشترین كە بەناو تۆزوخۆڵدا قاچەكانی بەدوای خۆیدا كێش دەكات و خەون بەوەوە دەبینێت مناڵەكانی بخوێنن؟ لەو بڕوایەدام كچەكەی سەرەتا و ئەو ژنە گەنجەی باسی كتێب و فێركردنیان دەكرد لە كاتێكدا ماوەی سێ ڕۆژ بوو نانیان نەخواردبوو، ڕەنگە لە كۆتاییدا ئەوان دەستنیشانی بكەن ئێمە كێین؟

 

* محاضرات الحائزين على جائزة نوبل الادب 200-2010، ترجمة: عبد الودود العمراني، مراجعة: وفاء التومي- الدار العربية للعلوم ناشرون- الطبعة الاولى- بيروت 2011.



١- بەو كەسانە دەوترێت كە دوای كەسە بەناوبانگەكان دەكەون و بەدزییەوە وێنەیان دەگرن و دەیفرۆشنەوە بە ئاژانسە بەناوبانگەكان- و.ک.


ئەم بابەتە 106 جار خوێندراوەتەوە