viber_image_2021-12-08_02-25-29-897.jpg

سنور شكێن

 

شەماڵ بارەوانی


کتێبێکی تری نوسەرو پزیشکی کۆچکردووی میسری (نەوال سەعداوی)


نەوال بەژنە سنورشکێن و تابووشکێنەکە ناسراوبوو،ژنێکبوو پڕ لەهەست و جوانی، لێوان لێوبوو لەبوێری، ژنێک، بوو بە ناونیشانی مرۆڤ دۆستی و ئایکۆنی ئازادی ، ژنێک بوو سمبولی بەرخودانبوو،بەرگریکارێکی سەرسەخت و بوێری بواری مافەکانی ژن و ئازادیەکانی ژن بوو،
ئەو ژنەی بانگەوازی بۆ تێکشاندنی سنورەکان دەکرد،ئەو ژنەی دژی شوێنکەوتەی کوێرانەبوو،دژی لاسایکردنەوەو تەرجەمەو کۆپیکردن و گواستنەوەی ئەوانیتربوو، ئەو ژنەی هونەرو زانست و مۆسیقا،پزیشکی و چیرۆک و ڕۆمان ،ئابوری و فەلسەفە، شیعرو شانۆو سیاسەتی تێکەڵ کردبوو و هەموو سنورەکانی لە بۆتەی سنوری مرۆڤبووندا تواندەوە،
ئەو ژنەی دەیگوت هیچ سنورێک بۆ داهێنان و هیچ وەستانێک لەبەردەم ئەقڵدا نییە لەبیرکردنەوەی ئازاددا،
ئەو ژنەی دەیگوت فەوزا واتای شێت بوون و دەرچوون لەسنورەکانی ئەقڵ نادات،بەڵکو مانای دەرچون لەبەستەڵەکی ئەقڵ و ئازادکردنی ئەقڵ دەدات، واتای ڕزگارکردنی بیرکردنەوە لەخوڕافەو ڕەهابوونی ئەقڵ لە تێگەیشتنی ئامادەکراو پێشووتر بڕیاری لەسەردراو دەدات، مانای لەقاڵب نەدانی زەین و کۆت و بەندن نەکردنی ئەندێشە دەدات، مانای بەدۆگمایی نەبوونی فیکرو نەخەرەفاندنی ئەقڵ دەدات،
ئەو ژنە بوێرەی دەیگوت:گرنگ نییە بۆمن زەوی بەدەوری خۆیدا دەخوڵێتەوە، یاخود بەدەوری خۆردا،پێدەکەنی و دەیگوت:ئێمە ئازادین، بەو شێوەیه دەخۆڵێینەوە کەحەزمان لێیەتی،بەدەوری خۆمان دەخوڵێینەوە،یان بەدەوری ئەوانیتر، یان بەدەوری هیچ کەسێک، من بەپێی ویستی خۆم ئەقڵم دەخوڵێتەوە،تەنانەت لەکاتی خەوتنیشدا وەکو ساتی بێداربوونم)،
ئەو ژنە یاخی بووەی دەیگوت کێشەکە لەیەک وشەدایە، ئەویش«ترسە»ئەو ترسەی لەمنداڵیەوە پێی پەروەردە دەبین و گۆشدەکرێین، پرۆڤەمان لەسەری پێدەکرێت و پێی ڕادەهێندرێین و تەڵقین دەدرێین، پێی لاوازو ترسنۆک و بێ ئیرادەو بێ هێزو بچوک دەکرێین، ترسان لەسزای ئەو دنیا، کاتێک سنوری قەدەغەکراوەکان ببەزێنیت، ئەو قەدەغەکراوانەی بە بۆماوەیی بۆمان جێماون و لەژێر ناوی سیاسەت یاخود ئەخلاق و ئاییندا، بەسەرمانداسەپێندراون.»
ئەو ترسەی بووە بەفۆبیاو تێکەڵ بە سایکۆلۆجیاو شادەمارو خوێن وجەستەو بیرو هۆشمان بووەو هەموو تەمەنمان لەگەڵماندا دەژیت و بۆچرکەیەک لێما دانابڕێت و جیانابێتەوە،
ئەو ترسە ناسروشتیەی زۆر زوو و هەر
لەبچوکیەوە مروڤەکانی پێ دەتۆقێندرێت،کەسایەتی ژنی پێ دەشوێندرێت و بوونی مرۆڤایەتی پێ تیرۆردەکرێت،
سنور شكێن/
پێمان دەڵێت لەزارۆکینیەوە ئێمە فێری بەپیرۆزکردنی سنورەکان و ترسان لەدیاردەو شتەکان و بەعەیبکردنی ماف و ئازادیەکان کراوین،فێری ڕێز گرتن لەدابی چەوسانەوەی ژن و کۆشتنی ژنان کراوین، فێری ئایدیۆلۆژیای جیاکاری ڕەگەزی و بەکەم سەیرکردنی ڕەگەزی مێینە کراوین! فێری ترسان و تۆقانکراوین،
ئێمە لەگەڵ ترس لەدایک دەبین، لەگەڵ ترسدا دەژین و بەترسیشەوە دەمرین،
ژیان هەمووی بە بەترس دەوردراوە،
ترس لەباوک، ترس لەهاوسەر،ترس لەبرا، ترس لەخێزان، ترس لەکۆمەڵ، ترس لەخوداوەند،ترس لەمردن،ترس لەدۆزەخ،ترس، ترس ،ترس!
سیستەمی پەروەردەو خوێندنمان لەسەر ترس دامەزراوە، وتارو ئامۆژگاری پیاوە ئایینی و واعیزەکانمان بەترس ئاخێندراوە،سیستەم و سیاسەت و کاروباری دەوڵەتمان لەسەر ترس ڕۆنراوە،
ترس ئەو کابوسەی بوێریمانی پێ قوتدراوە،ترس ئەو جەلادەی ژیانمانی پێ سەرکوتکراوە، ترس ئەو دیکتاتۆرەی کەرامەتی کەسەکانی پێ شکێندراوە،ترس ئەو خوداوەندەی مرۆڤەکانی پێ بەکۆیلەکراوە،
ترس ئەو جەحندەمەی بوونی ژنی پێ ئەتکراوەو سوتێندراوە، ترس ،ترس، رس.
ئەو ترسەی وامان لێدەکات
هەزارا جار بەهۆیەوە بمرین، لەکاتێکدا لەگەڵ بوێری و نەترساندا تەنها جارێک دەمرین!
ئەو ترسەی لەنێوماندا کراوە بە عەقیدەو ئایین، بە ئایدۆیۆلۆژیاو سیستەم و مەزهەب، ترس کراوە بە کلتورو یاساو داب و نەریت، نەوە بۆ نەوە، بۆ یەکتری دەگوازینەوە،پێڕەوی کردن لە ترس ئەرک و ئەخلاقە،فەرمانی خێڵ و بیرو باوەڕە، نەترسان و لادان لەیاسای ترس ، شکاندنی سنوری پیرۆزیەکان و بتی پیرۆزیە، بەڕەلایی و دژایەتی کردنی یەزدانە!.
لێرە ترس بنەمای بوونە، سەراپای ژیان بەبۆمبی ترس مین ڕێژکراوە، ژیان لەسەر ترس ڕۆنراوە، ترس گەوهەری بوون و ماکی ژیانە،مرۆڤ بەترسنۆکی مرۆڤەو بوون بەترسەوە واتادارو ژیانیش هەر بەترسەوە جوانە!
سنور شكێن/
پێمان دەڵێت
بنووسە کچەکەم بنووس،
تا بەنەمری بمێنیتەوە،
نووسین لەژنەکان و کۆیلەکان قەغەکرابوو
ئەوان بەمەرگ مەحکوم بوون و مردنیان بۆ نوسرابوو
مانەوە تەنها بۆ خوداوەندەکان بوو
بۆ نێرەکان بوو
لەمنداڵیمدا من دەترسام،
بەهۆی ترسی زۆرمەوە گۆڕایەڵیم دەنواند
بۆ فەرمانەکانی خوداوەندو پاشا،
بۆ نیشتمان و باوک و دایکم
هەمیشە ناوی دایکم لەکۆتایی دەهات
لەکاتێکدا من جگە لەئەو هیچترم نەدەبینی
ئەو یەکەم ڕوخساربوو بینیم و
یەکەم دەنگیش بوو ببیستم
ئەو دەستپێکبوو
کەچی پاڵیان پێوەنا
بۆ دواوە
دایکم بەنهێنی دەینووسی و
وشەکانی لەژێرزەویدا حەشاردەدا
ئەو وەکو من دەترسا
تامرد
کچەکەم تۆهاوشێوەی من مەبە
بنووسە بنوس ڕۆڵەکەم تا نەمریت و
بەنەمری بمێنیتەوە..
 

سنور شكێن/
یاخیبوننامەیەکەو خاتو نەوال لەمیانیدا پێمان دەڵێت یاخیبوون چیەو چۆن یاخی بین و لەچی یاخی بین و کەی یاخی بین،
سنور شكێن/
کتێبێکە خاتونی نوسەر، تێیدا داوای نەترسان و بوێری، داوای یاخوی بوون و هەڵوێست نواندن دەکات، داوای شکاندنی سنورەکان و بەزاندنی سنورە دەستکردەکان دەکات،ئەوسنورە سورو شین و ڕەش و سەوزانەی لەبەردەم خوستەکانی مرۆڤ بەگشتی و لەنێویشیاندا ژن بەتایبەتی کێشراون، ئەو سنورانەی لێدانە لەمرۆڤ بوونی مرۆڤەکان، لەتیرۆرکردن و کوشتنی خولیاکانی ژن،لەسەرگەردانکردنی مرۆڤ و شێواندنی شیرازەی ژیان،
سنورشکێن/
پێمان دەڵێن هەموو بتەکان تێک بشکێنن، ئەو بتانەی زۆر دیکتاتۆرانە ڕۆنراون و مرۆڤەکان ناچار دەکرێن، کڕنۆشی سەرشۆڕی و ناچاریان بۆ بەرن، بتی داب و نەریت، بتی خێزان،بتی پیاوسالاری، بتی جڤاک ، بتی مەزهەب، بت ، بت ،بت، هەموو بتەکان،
سنور شکێن داوای لابردنی تەڵبەندەکان دەکات، ئەو تەڵبەندانەی بوونەتە ڕێگر لەگەیشتنی ژن بەمافەکانی. بە سەربەستی و خواستەکانی،
سنور شکێن داوای چونە دەرەوە دەکات لەتونێلی نێرسالاری، لەو تونێلە نێرسالاریەی بوونی ژنی تێدا زیندانیکراوە،کەسایەتی ژنی تێدا قۆڵبەست و بێدەنگ کراوە،
ماوەتەوە بڵێم:سنورشکێن/
کتێبێکە کۆمەڵێک وتار، چیرۆک و شیعر،لەخۆی دەگرێت، کتێبێکە سیخناخە لە مرۆڤ بوون و ویژدان و جوانی، کتێبێکە پڕیەتی لەوانەی یاخی و بوون و نەترسان و بوێری،
کتێبێک، تێیدا نەوالی هەمیشە زیندوو بانگەوازی بۆ هەڵوەشانەوەی سنورەکان و شکاندنی بتەکان دەکات،
:سنورشکێن/
پێمان دەڵێت:بێدەنگی دیکتاتۆر دروستدەکات،
ئەو ژنەی سازش لەسەر مافەکانی دەکات، بێدەنگ دەبێت لەبەرامبەر ئەو ستەمەی لەدەرحەقیدا دەکرێت،بەدەستی خۆی بتی دیکتاتۆریەت و خێزانێکی چەوسێنەرو کومەڵێکی نێرسالارو هاوسەرێکی تۆتالیتارو باوکێکی دیکتاتۆرو برایەکی ستەم کار دروستدەکات.
ژن چۆن ئازاد دەبێت، دابنیشێت و لەچاوەڕوانیدا بمێنێتەوە،
دەرگاکان هەمووی کڵۆم درابن و
هەموو شوێنێک بە پۆلیس تەنرابێت؟
نا هەرگیز بەو جۆرە ژن ئازاد نابێت،
نا نابێ بێدەنگ بین، نابێ بێ هەڵوێست بین،
نابێ بەبێ دەنگی بمرین.
نەخێر بەبێ دەنگی نامرین
بەبێ ھاوار لە تاریكی ھەنگاو نانێین
دەبێ یاخی بین و یاخی بین
پێ بە زەویدا دەكێشین و
ئاسمان دێنیینە لەرزین
نامرین
تاوەكو بەربەستەكان نەشكێنیین ...
نامرین
تا شیشی زیندانەکان نەشکێنین
تا دیواری ستەم نەڕۆخێنین،
تا بیری نێرسالاری لەدارنەدەین و
دیواری پاتریارکی نەڕمێنین
تاسنورێک بۆ سنورەکان دانەنێین و
مافەکانی ژن بەتەواوی بەدەست نەهێنین
نامرین نا،
تا جیاوازی ڕەگەزی بە گۆڕی لەبیرچونەوە نەسپێرین و چەوسانەوەی ژن کۆتایی پێ نەهێنین
تا یەکسانی جێندەری لەدەستورو ئەقڵەکان
نەچەسپێنین و
ژن لەچنگی دێوەزمەی پاتریارکی دەرنەهێنین.

 
 

 


ئەم بابەتە 118 جار خوێندراوەتەوە