viber_image_2021-12-14_01-47-28-263.jpg

کچانی دووکەڵ و ئاگر

خوێندنەوەی کچانی دووکەڵ و ئاگر 
هۆشەنگ شێخ محەمەد

رۆمانی (ئاڤا هوما)

وەرگێڕانی: شەفیقی حاجی خدر


(١)
رۆمانی (کچانی دووکەڵ و ئاگر) یەکێکە لەو نووسینانەی، (کورد) بەشێوە و ناوەڕۆکێکی زۆر قووڵ و زۆر فراوان تێیدا حازرە. کە دەڵێم کورد، هەم وەک تاک هەم وەک کۆ، هەم وەک هۆشیارییەکی تاک و هەم وەک هۆشیارییەکی گشتی. کورد هەموو وێنە مرۆییەکانی ئەم سەردەمە وەردەگرێت، قوربانی، شۆڕشگێڕ، ئازا، شەڕڤان، خەباتکار، مامۆستا، یاخی، ئازاد، چاونەترس، هونەرمەند، سینەماکار، نووسەر، رۆشنبیر، ئارەزووداری ژیان، هەڵگری مێژووییەک کە باری جیهان و دنیا گران دەکات، خاوەنی دەیان و سەدان چیرۆکی مرۆیی ناوازە، میللەتێکی دابەشکراو لەنێوان کۆمەڵێ دوژمن و نەیار و داگیرکار، کە هیچ شتێکی پێ رەوا نابینن تا وەک مرۆڤێکی ئاسایی ئەزموونی ژیان و جیهانی پێ بکات.
(٢)
هەم ناوەڕۆکی رۆمانەکە، هەم تەکنیکی رۆمانەکە، کارئەکتەرەکان، رووداوەکان، گێڕانەوە، گواستنەوەی زەمەن و شوێنەکان، تەنانەت گواستنەوەی بۆشایی و وەستان و پەڕینەوەی وشە و بڕگە و پەرەگراڤ و بەندەکان، بۆ من کارێکی زۆر سۆفییانە بوو! کەم نووسینی وام دیوە، خوێنەر - بەلایەنی کەمەوە بۆ من – لەگەڵ گواستنەوەی بەندەکان، لە بەندێکەوە بۆ بەندێکی دیکە، هەست بکەم منی خوێنەریی سۆفیش، لە حاڵێکەوە بۆ حاڵێکی بەرزتر و لە مەقامێکەوە بۆ مەقامێکی باڵاتر دەگوازرێمەوە! گواستنەوەی نووسین، مرۆڤ و جیهان لەم رۆمانەدا، وەک ئەوەی دەربڕین لە کارێک بکات کە وجوودی بێت و سەر بە جیهانی زمان نەبێت، بەڵکو سەر بە جیهانی واقیعێک بێت، کە توانای گواستنەوە بە خوێنەر بدات، تا لەگەڵ رۆمانەکە بکەوێتە دۆخێکی سۆفییانە و بەرەو بەرزەک و سەروو هەڵبکشێت. لەم رۆمانەدا خوێنەر بەئەقڵ و دڵ بەرز دەبێتەوە، دووباڵت دەداتێ، بەرزت دەکاتەوە، تا باشتر برین و خوێنڕژان و قوربانیدان و بەرخۆدانی خۆشت ببینی!
ئەم رۆمانە لەرێی برین و بەرەنگاری، کوشتن و گیانفیدایی، زیندان و ئازادی، لەهەموویشی گرنگتر لە ڕێی حزووری مرۆییانەوە، خوێنەر بەرەو جیهانێکی باڵاتر بەرز دەکاتەوە! جیهانێک کە تێیدا بیرکردنەوە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ تاریکی و بەرگەگرتنی ئازار و ئەشکەنجەکانی ئەم ژیانە ئیشراق دەکات!
(٣)
کوردبوون، ژنبوون، خۆرهەڵاتیبوون، منداڵبوون، گەنجبوون، پیربوون و چەندین وردەبوونی دیکەش لەنێو بوونی دەوردەردا، پارچەیەک لە ئەزموونی پڕ ناسۆر و واتاداری ئێمەی کورد پێکدەهێنن. ئەم هەموو وردە بوونانە، سەرئەنجام وەک کتێبێکی موقەدەس، سەرگوزەشتەی کەسێک یان چەند کەسێکی وەک لەیلا و چیا و (فەرزاد کەمانگەر) تۆماردەکات، پەیامێکی زەمینی پاک بە جیهاندا بڵاودەکاتەوە و تەئویل و تەفسیرێکی نوێ بەو وردەبوونانە دەداتەوە، تا مرۆڤ بتوانێت باشتر و چاکتر ئەزموونی بوونی دەوردەر بکات. ئەم ئەرکەش لەرێی (وشە) جێبەجێ دەکات. زمانی مرۆڤگەلێک، کە دەیانەوێت بە (وشە) دڵ بە ئینسانەکان بدەنەوە، ئازادی بە ژیان و جوانی و ستاییش بە بوون. ئەم بوونە دەوردەرە لەم رۆمانەدا (کوردبوون)ە! وردەبوونەکانی تریش وەک ئەوەی ئەستێرە بن و سەر بەهەسارەی خۆری (کوردبوون) بن!
(٤)
خەیاڵی ئەم رۆمانە، خەیاڵی مێژووی نوێ و دێرینی ئێمەیە، ئەو خەیاڵەی نایەوێت لە ژێر پەتی سێدارە و زەبر و زەنگی چەوسێنەران دەست لە جوانی و ئازادی و بەها ئینسانییەکانی هەڵبگرێت. خەیاڵی کات و شوێنێک لەنێوان خەونی خۆش و واقیعی تاڵدا، خۆزگەی بچووکی کەسەکان دەگوازێتەوە، خۆزگەی قسەکردن بە زمانی دایک، خۆزگەی مێژووییەک منداڵان گوێ لەگێڕانەوەکانی بگرن، ژنێک بە ئازادی لەسەر شەقامێک، یان لە باخێکدا پێبکەنێت، دەیان خۆزگە و هیوای بچووک کە لەو سەری دنیادا کەس بیری لێناکاتەوە. ئەو خۆزگە بچووکانە دەبنە خورپەی شەیتانی و خوای دوژمنان توڕە دەکەن! بەڵام ئەم خەیاڵەی لەنێو ئەم رۆمانەدا هەیە، (خەیاڵی کوردبوون) بە خواوەندی دوژمنان ناگیرێت و گەمارۆیان دەدات!
(٥)
زۆر خۆشحاڵبووم کورد رۆماننووسێکی وەک (ئاڤا هوما)ی هەبێت، هەم زیرەک و هەم بوێر و خانومان! رۆمانەکەی لە فەرشی ژنێکی کوردی دەستڕەنگین دەچێت، کە هەر بەندێکی چنینەکەی بەدەم وتنەوە و چڕینی دەیان گۆرانی و سترانی بەرخۆدان و ئارەزووی ژیانکردن و ئەزموونێکی شەرەفمەندانە و گەورەی بۆ ژیان هەبێت چنیوەتەوە، (ئاڤا هوما)ش وەک ئەو ژنە دەستڕەنگینە، جگەلە هونەرە بەرزەکەی، بە کەسەر و فرمێسک و تلانەوەی بوونێکی گران، ئازاردەر، بەڵام ئازایانە فەرشی رۆمانێکی بۆ چنیوین، کە مێژووی ئەدەبی و رۆمانی کوردی شانازی پێوە بکات.
هەروەها زۆریش خۆشحاڵبووم کە وەرگێڕێکمان هەیە ناوی کاک (شەفیقی حاجی خدر)ە، کە زمانی رۆمانەکەی وەها وەرگێراوە، کە هەست نەکەی (ئاڤا هوما) ئەم رۆمانەی بە کوردی نەنووسیوە! سوپاسی (شەفیقی حاجی خدر) دەکەم بۆ وەرگێرانی ئەم رۆمانە، ماندووبوونێکی زۆری بینیوە، ئەرکێکی گەورەی کێشاوە، شاکارێکی وەرگێڕدراوی پێشکەش کردووین! وەرگێڕانەکە بەتەنیا کارێکی گەورە و گرانە بۆ مێژوو و خەیاڵ و زمان و ئەدەبی کوردی!


ئەم بابەتە 40 جار خوێندراوەتەوە