viber_image_2021-12-14_01-22-54-726.jpg

هێشتا لە باکوور هەر بەفر دەبارێ

بەختیار حەمە سوور

خوێندنەوەی ڕۆمانی «هەزارداڵانی جندۆکان»نووسینی حەسەنێ مەتێ لەلایەن نوسەر {بەختیار حەمە سوور}


ڕۆمانی «هەزارداڵانی جندۆکان» لە نووسینی حەسەنێ مەتێ، لەو چەشنە ڕۆمانانەیە کە دەتوانرێت لە خانەی «ڕۆمانی گوندان»ـدا پۆلێن بکرێت، ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی ڕووداوەکانی لە جوگرافیای گونددا ڕوو دەدەن و کەسێتییەکانی سەر بەو کولتوورەن، بەڵکوو ڕێک بەو مانایەی کە چەق و کەشوهەوای ڕۆمان و ڕووداو و کەسێتییەکان، هەمان دۆخی لادێییانەیان هەیە و سەر بە هەمان دابونەریت و کولتووریی دوورەشارستانییەتن. پێم وایە یەک لە نوختەسەرکەوتنی نووسەر هەر لێرەدایە، ئەویش لە دەرخستنی ئەو کەشە و پاپەندبوون بەو پانتایی و ژیانە ساکارەوە. لە بەرانبەر ئەمەدا، بە تایبەت لە ڕۆمانی کوردیی بەلێشاوی ئەم ساڵانەدا، دۆخێکی پێچەوانە و خەسارێکی گەورە هەیە؛ دەبینین کۆی ڕووداوەکان لە شاردا دەقەومێن، بەڵام زەینییەتی دەق و زمانی گێڕانەوە و گوتاری ڕۆمان تەواو سوننەتی و گوندییانەن (هەرچەند بێ نموونەهێنانەوە، ئەم بۆچوونە ترسنۆکانە و شەرمنۆکانە دەردەکەوێت و هیچ ناپێکێت، بەس با بمێنێت بۆ کاتی خۆی). دەکرێت لە دەقی گێڕانەوەدا شوێن هەمان گوند بێت، کە لەوپەڕی نەریتی و دواکەوتووییدایە و هاوکات دەقەکەش لە ئاست گوتار و گێڕانەوە و بونیادی زماندا دەقێکی تەواو مۆدێرن بێت، ڕیزی ئەو ڕۆمان و چیرۆکانەی سەر بەم تایبەتمەندییەن درێژە و دەتوانرێت درێژتریش بکرێتەوە: «پیدرۆ پارامۆ»ـی خوان ڕۆڵفۆ، «ترسولەرز» و «تازیەدارانی بەیەل»ـی غولامحسێنی ساعێدی، «گوێرەکە»ـی موویان، «لافاو» و «جەژنەکەی کۆکوڤیل»ـی ئێمیل زۆلا، «من و نەنکم و ئیلیکۆ و ئیلاریۆن»ـی نودار دومبازە، «زستانێکی درێژ»ـی کولم تویبێن، «گورگ»ـی هوشەنگ گوڵشیری، «شتەکان لێک دەترازێن»ـی چێنوا ئەچیبێ، «هەڵماتی شین»ـی محەمەدڕەزا سەفدەری، «بەلزاک و کچۆڵە بەرگدرووە چینییەکە»ـی دای سیجی، «بەیتێک»ـی ئیڤان بونین و زۆر ڕۆمان و چیرۆکی تر، ڕەنگە «هەزارداڵانی جندۆکان»ـی حەسەنێ مەتێ لە پێگەی بەشێک لەو دەقانەدا نەبێت، بەڵام بێگومان لەو ڕیزەدایە و ڕۆمانێکی مۆدێرنە.
«هەزارداڵانی جندۆکان» لە ڕێی بەڕێخستنی مامۆستایەک و خێزانەکەیەوە بۆ گوندێکی دوورەدەست و نوستوو لە دۆڵ و دڵی سروشتدا، گوندێک لە باکووری کوردستان، دەکەوێتە سەرپێ. فۆرمی ڕۆمانەکە هەمان فۆرمی سادەلۆگی و ساکاری گوندانەیە، وەک چۆن ڕیتمی گێڕانەوەش خاوخاو و میل‌میل دەچێتە پێش، هەروەک دۆخی ژیان لە گونددا، ئەویش لە حاڵ و کەشێکدا، کە گوند بچووکترین دەستی دنیای نوێی بەر نەکەوتووە و پێنەگەیشتووە و لە نەریت و ئەقڵیەتی خۆیدا، کە تەواو سەرەتایی و تا ڕادەیەک بەریئانەیە، هێواش هێواش هەناسە دەکێشێت.
لە نیوە بەدواوە، ڕۆمانەکە دەچێتە هەوایەکی تر، لەو جێیەدا کە ڕووداوەکان بەرەو تقووسێکی ڕیالیزمی جادوویی هەنگاو هەڵدەگرن، کەشی خورافی و نەریتیی زاڵی نێوان گوندنشینان، تاکێکی شارنشینی و نوێنەری شارستانی وەک مامۆستا، لە خۆیدا گێژ دەدات و بەرەو لێواری شێتبوونی دەبات. ئەمە بە تۆخی دەرخەری ئەو سنوورەیە کە دنیابینیی و بیرکردنەوە و بینینی گوندنشینان بۆ دەوروبەر و هێزە نادیارەکان هەیانە، هەر لەوێدایە کە بە گوژمێک و بازێک، قەرەبووی ئەو سادەیی و ساکارییەی فۆرمەکەی دەکاتەوە، ئەویش بەسوودبینین و جێکەوتن و بانگهێشتکردنی ئەو بیروڕا، پیرۆزیی و ترسانەی لە نەستی گوندنشیناندا نیشتوون، لە نموونەی «بەدەنگهێنانی مردووەکان» و «دەستوەشاندنی جندۆکان».
یەکەم جار و یەکەم کاری ئەم نووسەرەیە کە دەیخوێنمەوە. حەسەنێ مەتێ ساڵی ١٩٥٧ لە شاری ئەرغەنیی سەر بە ئامێدی لەدایک بووە، لە نووسەرە دیارەکانی ئەمڕۆی باکووری کوردستانە، ئێستا لە سوید دەژی. «هەزارداڵانی جندۆکان» لە ساڵی ١٩٩٤ بە کورمانجی بڵاو بووەتەوە و ئەمساڵ ٢٠٢١ فاتمە کاکەسووری لە کورمانجییەوە کردوویەتی بە سۆرانی، ئەم ڕۆمانە لە کارە لەپێشینەکانی نووسەرە. بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانە لە لایەن چاپەمەنی "خانی"یەوە، کارێکی گرنگ و جێبایەخە؛ بە تایبەت بۆ کەسانێک کە کەڵکەڵەی ئاگاداربوون لە دەنگان و ڕەنگانی ئەوانی تری سەر بە هەمان زمان و خاک و ئەدەبیاتیان هەیە.
(*) ناونیشانەکە، ڕستەی هاوڕێیەکی باکوورییمە لە کاتی گفتوگۆماندا، پەیوەندیی بە ڕۆمانەکەوە نییە و هەشیەتی.


ئەم بابەتە 76 جار خوێندراوەتەوە