viber_image_2021-12-17_01-46-03-794.jpg

پێکهاتەی چیرۆکی ئەفسووناویی کوردی بەگوێرەی بۆچوونی ڤلادیمێر پرۆپ

پێکهاتەی چیرۆکی ئەفسووناویی کوردی بەگوێرەی بۆچوونی ڤلادیمێر پرۆپ

مەزهەر ئیبراهیمی 

پێشەکی 

حەکایەت وەک چەشنێکی گرنگی وێژەی زارەکی، ئاوێنەی ئاوات، ڕوانگە، زانیاری و دنیابینیی پێشینان و ڕوونکەرەوەی قوژبنە تاریکەکانی ژیانی مرۆڤە. ڕاز و چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان، بە پێچەوانەی بەرهەمی مێژوونووسان گەلێک زانیاریی بەنرخیان لەسەر دیرۆکی ڕاستەقینەی مرۆڤ و ژیان و بەسەرهاتی خەڵکی ئاسایی و چینی بندەست لە ناخ و ناواخندا حەشار داوە. ناسین و شیکاریی ئەم چیرۆکانە، بێجگە لەوەی تێگەیینمان لە ئەدەبی زارەکی قووڵتر دەکاتەوە، دەکارێت زۆرێک لە ڕاستییە شاردراوەکانی ژیانی پیروکاڵانمان بۆ ڕوون بکاتەوە و زانیاریمان لە پێڤاژۆی پێگەیشتن و پێشڤەچوونی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ بباتە سەرەوە.

چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان بەسەر چەند جۆردا دابەش دەبن کە بریتین لە چیرۆکی ئاژەڵان، چیرۆکی گاڵتە و گەپ، بەسەرهاتی ڕاستەقینە، چیرۆکی دێوی گەمژە، چیرۆکی ئایینی، چیرۆکی زنجیرەیی و چیرۆکی ئەفسووناوی یان پەرییان. چیرۆکە ئەفسووناوییەکان، وەک نموونەی بەرباسی وتاری بەردەست، نوێنەرەوەی ئاواتی بەرەکانی پێشوو و گۆڕەپانی ململانێ و تێکۆشانە بۆ گەیشتن بەو ئاواتانە. ئەگەرچی بناغەی ئەم جۆرە چیرۆکە لە سەر وەهم و خەیاڵ دانراوە، بەڵام «سەدان ساڵ بەر لە دەستپێکردنی ژیانی مێژوویی مرۆڤ ئافرێنراون؛ بۆیە تەنیا ڕۆچنە و تەنیا تیشکێکن کە ڕووناکی دەبەخشنە تاریکخانەی سەدەکانی پێش مێژوو». بە وتەی تۆڵکین «مێژووی چیرۆکە ئەفسووناوییەکان ئاڵۆزتر لە مێژووی ماددیی مرۆڤە و هاوئاستی مێژووی زمان ئاڵۆز و ناڕوونە».

گرنگیدان بە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان لە ماوەی دوو سەدەی پێشوودا بووە هۆی ئەوەی گەلێک چیرۆک لە سەرتاسەری جیهان و بە تایبەت لە ئەورووپادا کۆ بکرێنەوە. دوابەدوای ئەم چالاکییانە، هەوڵی توێژەران بۆ تاووتوێکردن و پۆلێنکاریی چیرۆکەکان پەرەی سەند و شارەزایان بە ڕوانگەی جیاجیاوە ڕوویان لەم مەیدانە کرد. یەکێک لەو بۆچوونە گرنگانەی کە توانی مەیدانی توێژینەوەکانی پەیوەست بە چیرۆکناسی داگیر بکات و ڕێڕەوێکی نوێ بخاتە بەر پێی، پێکهاتەخوازی (بونیادگەری) بوو.

قوتابخانەی پێکهاتەخوازی لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، لەژێر کارتێکەریی بۆچوونەکانی بنیاتنەری زمانناسیی پێکهاتەیی، فێردینان دی سۆسێر، لە ئەورووپا گەشەی سەند. هەروەها لێکۆڵینەوەکانی لێڤی شتراوس-ی فەرەنسی، خاڵی دەستپێکی گەشەی پێکهاتەخوازی و بڵاوبوونەوەی بەنێو زانستە مرۆییەکاندا بوو. ئەم قوتابخانەیە ساڵانێکە باڵی بەسەر ئەم توێژینەوانەدا کێشاوە و بە درێژایی ئەم ماوەیە، توێژەران لە سەرتاسەری جیهاندا هەوڵی پێشخستنیان داوە.

شیاوی سەرنجە کە ڤلادیمێر پرۆپ-ی ڕووسی، پێش گەشەسەندنی پێکهاتەخوازی لە ئەورووپادا، توانی پێکهاتەی چیرۆکە ئەفسووناوییەکان دیاری بکات. ئەم هەوڵەی پرۆپ داڕشتنی پێڕەوێکی لێکەوتەوە کە دەکرێت وەک خاڵی دەستپێکی شیکاریی زانستیانەی پێکهاتەی گێڕانەوە چاوی لێ‌ بکرێت. پرۆپ بە تاووتوێکردنی سەد چیرۆکی جادوویی ڕووسی، ٣١  هێمان یان توخم و ڕەگەزی نەگۆڕ و سنوورداری دەستنیشان کرد کە بنەڕەت و پێکهاتەی هەموو چیرۆکە ئەفسووناوییەکان پێکدەهێنن. ئەم  ٣١ هێمایانە وەک بنەڕەت وان و بینای چیرۆکیان لەسەر بنیات نراوە. پرۆپ چیرۆکەکانی «بە گوێرەی بەشە پێکهێنەرەکانیان و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا و لەگەڵ کۆی چیرۆکەکەدا» تاووتوێ کرد و بچووکترین پارچەی پێکهێنەری ئەم چیرۆکانەی بە «ئەرک» ناودێر کرد.

 

شیکاری و پۆلێنکاریی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان

زۆربەی سەرچاوەکان، کۆمەڵە چیرۆکەکەی برایانی گریم، کە ساڵی ١٨١٢- ١٨١٤ بڵاو بووەتەوە، بە یەکەم هەنگاو لە بواری کۆکردنەوەی ئەم چیرۆکانەدا دەزانن؛ بەڵام بە بۆچوونی یان رید، سەدەیەک پێش لە برایانی گریم، لە وڵاتی فەرەنسا، شارێل پرۆ هەندێ چیرۆکی کۆکردەوە کە چەند چیرۆکی ناسراوی «پشیلەی چەکمەپۆش»،  «کۆڵوانە سوور»، «سیندرێلا» و «جوانی نوستووی نێو دارستان» لەنێویاندا بوون. پاش کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی چەندین کۆمەڵە چیرۆک، توێژەرانی خۆرئاوایی هەوڵی خۆیان بۆ شیکاریی و پۆلێنکاریی چیرۆکەکان خستەگەڕ. ئەم هەوڵانە بووە هۆی سەرهەڵدانی چەند قوتابخانە و ڕوانگە و ڕێباز کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

١- قوتابخانەی مێژوویی- جوگرافیایی: ئامانجی ئەم قوتابخانەیە، دۆزینەوەی سەرچاوەی مێژوویی و جوگرافیایی چیرۆکەکانە. لە بەناوبانگترین نوێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە، ئانتێ ئارنێ-ی فەنلاندی و ئێستیس تۆمپسۆن-ی ئەمریکییە. ئەم دوو توێژەرە، چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی جیهانیان، بەپێی مۆتیفە سەرەکییەکانیان پۆلێن کرد و لە دووتوێی پێڕستێکدا پێشکەشیان کرد. لە درێژەی ئەم هەوڵەدا، چیرۆکناسیی ئەڵمانی، یۆنگ ئوتێ، هەندێ گۆڕانکاریی تێدا کرد و لە ساڵی ٢٠٠٤دا بڵاوی کردەوە کە بە پێڕستی ئارنێ- تۆمپسۆن- ئوتێ (Uther-Thompson -Aarne) ناسراوە.

٢- لێکۆڵینەوەی پەیوەندیی نێوان وێژەی زارەکی و نووسراو: لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە، دەستنووس و سەرچاوە کۆنەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی مۆتیف و ژێدەری چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان دەپشکنن.

٣- لایەنگرانی قوتابخانەی فرۆید و یۆنگ: ئەم توێژەرانە چیرۆکەکان لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە تاووتوێ دەکەن.

٤- داڕشتەناسی یان مۆرفۆلۆجی، کە بە ناوی پرۆپەوە گرێ دراوە و لە درێژەی وتارەکەدا دەیناسێنین.

 

چیرۆکی ئەفسووناوی یان پەرییان (Fairy tales)

جۆری سەیروسەمەرە و سەرسوڕهێنەری چیرۆک کە بە چیرۆکی پەرییان یان ئەفسووناوی و جادوویی ناسراوە، مەیدانی خەباتی مرۆڤە بۆ لابردنی لەمپەرەکانی ژیانی و سەرکەوتن بەسەر خراپەکارانی ڕاستەقینە و خەیاڵیدا. پاڵەوان لەم ڕێگە پڕمەترسی و تەژی لە ترسەدا بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی نائاسایی و سەرسروشتی و هەروەها بە یارمەتیی یارمەتیدەرانی جادوویی، ئامانج و ئاواتەکانی خۆی و مرۆڤە چاکەخوازەکانی ‌تر دێنێتەدی و ڕەگ و ڕیشەی شەڕ و خراپە لە بن دەردێنێت.

چیرۆکە ئەفسووناوییەکان سەرەڕای ئەوەی باس لەو بوونەوەر و کردەوە خەیاڵاوی و سەرسوڕهێنەرانە دەکەن کە بۆ مرۆڤی ئێستا دوور لە ڕاستین؛ بەڵام هێشتا چێژ و خۆشیی خۆیان لە دەست نەداوە و تەنانەت بە شێوەیەکی نوێ لە ئەدەبی هاوچەرخدا داڕێژراونەتەوە. ڕەنگە هەرمان یان دووبارەبوونەوەی ئەم مۆتیفانە، بۆ نەهاتنەدی ئەو ئاواتە کۆنانە بگەڕێتەوە کە هەنووکەش خەباتی لەپێناو دەکرێت؛ بۆ نموونە ئاواتی وەک زاڵبوون بەسەر سروشتدا، باشترکردنی دۆخی ژیان، لەناوبردنی نایەکسانی و چەوساندنەوە.

پرۆپ چیرۆکی پەرییان بە خاوەن پێکهاتەیەکی تایبەت دەزانێت و ئاوەها پێناسەی دەکات:

چیرۆکی پەرییان بە زیان لێکەوتن یان ئارەزوویەکەوە دەست پێدەکات و بە کەوتنەڕێی پاڵەوان و دیدار لەگەڵ بەخشندە و وەرگرتنی ئامرازێکی ئەفسووناوی پەرە دەستێنێت. پاشان دەگاتە ململانێ لەگەڵ تاوانکاردا و دوایش هەڵاتن و دواکەوتن. زۆر جاران پێکهاتەی چیرۆکەکە ئاڵۆزترە؛ بۆ نموونە، پاڵەوان لە ڕێی گەڕانەوەدا، بە دەستی براکانی دەخرێتە نێو بیرێکەوە، دوای ڕزگاری دەبێت و تاقی دەکرێتەوە و لە ئاکامدا دەگەڕێتەوە نیشتمانەکەی خۆی یان نیشتمانی کچەی دڵخوازی. لە کۆتاییدا ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێت و دەبێتە پادشا.

 

داڕشتەناسی (Morphology)

داڕشتەناسی یان مۆرفۆلۆجی هەوڵێکە بۆ ناسینی هێما بونیادییەکانی گێڕانەوە. ڤلادیمێر پرۆپ وەک داهێنەری ئەم پێڕەوە، دوای تاووتوێکردنی سەد حەکایەتی جادوویی ڕووسی، توانی بچووکترین یەکەگەلی پێکهێنەری ئەم چەشنە چیرۆکانە دیاری بکات. ئەو پێی وایە بە داڕشتەناسیی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان و بە دیاریکردنی پێکهاتەی گشتیی چیرۆکەکان، ڕێی بەراوردکردنیان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ ئایین و ئوستوورەکاندا خۆش دەبێ و بەم جۆرە دەتوانین تیشک بخەینە سەر هەندێ مژاری وەکو پەیوەندیی شارستانییەتە کۆنەکان و پەیوەندیی نێوان چیرۆکی نەتەوە جۆراوجۆرەکان و هتد.

پرۆپ بە پێچەوانەی توێژەرانی پێشوو خۆی بە تاووتوێکردنی گەڵاڵە و مۆتیڤەوە سەرقاڵ نەکردووە و شێوازێکی نوێی داهێناوە و ئاوەها پێناسەی کردووە: «مۆرفۆلۆجی وەسفی چیرۆکە لە سەر بنەمای پارچە و بەشە پێکهێنەرەکانیان و هەروەها وەسفی هەماهەنگی و گونجانی ئەم بەشانەیە لەگەڵ یەکتردا و لە پەیوەندی لەگەڵ کۆی گشتیی چیرۆکەکەدا».

ناوبراو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی لە ساڵی ١٩٢٨دا لە دووتۆی کتێبێکدا بە ناوی مۆرفۆلۆجیی چیرۆکی پەرییان بڵاو کردەوە؛ بەڵام بایەخی ڕاستەقینەی کارەکەی لە پاش بڵاوبوونەوەی وەرگێڕاوی ئینگلیزیی کتێبەکە لە ساڵی ١٩٥٨دا دەرکەوت. بە وتەی ئالێن داندێس کتێبەکەی پرۆپ کاریگەریی زۆری لەسەر فۆلکلۆرناسان، زمانناسان، کۆمەڵناسان و ڕەخنەگرانی ئەدەبی داناوە و گێڕانەوەناسانێک وەک لێڤی شتراوس، برێمۆن، گرێماس، بارت و تۆدۆرۆڤ لە توێژینەوەکانیاندا کەڵکیان لە پێڕەوەکەی وەرگرتووە. بەپێی بۆچوونی پرۆپ هەموو چیرۆکە ئەفسووناوییەکان یەک پێکهاتەیان هەیە و ئەم پێکهاتەیە تەنیا سی و یەک ئەرک لەخۆ دەگرێت کە بەهۆی حەوت پاڵەوان یان کەسایەتیی سەرەکییەوە جێبەجێ دەکرێن. کەسایەتییەکان بریتین لە: ١- پاڵەوان (مەبەست پاڵەوانی سەرەکییە)، ٢- بەخشندە، ٣- تاوانکار، ٤- یارمەتیدەر، ٥- کچەمیر یان کەسی مەبەست، ٦- بەڕێکەر و ٧- زڕپاڵەوان.

 

ئەرک (Function)

ئەرک بچووکترین هێمانی بنەڕەتیی چیرۆکە و بەپێی بۆچوونی پرۆپ «کردەوەی هەریەک لە کەسایەتییەکانە بەگوێرەی کارتێکەری و گرنگایەتییان لە ڕەوتی پێشڤەچوونی چیرۆکدا». بە وتەی سێلدن و ويدۆسن ئەرکەکان بەشێوەی مەنتقی و ڕێکوپێک بەداوی یەکتردا دێن، ئەگەرچی لە هیچ گێڕانەوەیەکدا هەموویان پێکەوە نابینرێن. ئەرک هێمانی سەرەکی و نەگۆڕی چیرۆکە و ئەوەی دەگۆڕدرێت چۆنیەتیی جێبەجێبوونیانە. ئەم نموونانەی خوارەوە یارمەتی ڕوونبوونەوەی باسەکە دەدەن:

نموونەی ١. پادشا داوا لە پاڵەوان دەکات کچەکەی لە دەست دێو ڕزگار بکات. پاڵەوان بۆ ڕزگارکردنی دەڕوات.

نموونەی ٢. بازرگانێک کوڕەکەی بە شوێن شتێکی سەیروسەمەرەدا دەنێرێت. کوڕە بۆ دۆزینەوەی دەڕوات.

نموونەی ٣. خوشکێک براکەی بە شوێن ئاگردا دەنێرێت. کوڕە دوای ئاگر دەکەوێت.

لەم نموونانەدا ئەوەی هاوبەش و نەگۆڕە و لە هەموویاندا دووپات بووەتەوە، دوو ئەرکی «ناردن» و «ڕۆیشتن»ە. زانیارییەکانی تری وەک پیشە و خزمایەتی و نیاز و ئامانج بگۆڕن و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر پێکهاتەی چیرۆکەکە نییە. کەوابوو لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکاندا بێجگە لە ئەرک یان هێمانە سەرەکییەکان، زۆرێک هێمانی لاوەکیش ئامادەن کە لە چیرۆکێکەوە بۆ چیرۆکێکی‌تر جیاوازن و کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەی گێڕانەوەکان نییە؛ بەڵام دەبنە هۆی فرەڕەنگی و چێژ و خۆشیی حەکایەتە جیاجیاکان. هەندێک لەم هێمانە بگۆڕانە بریتین لە ناو و ناسناو، پیشە، ڕواڵەت و ڕوخسار، زایەند (ڕەگەزی نێر و مێ) و شێوەی هەڵسوکەوت، جۆری پاڵەوان و کەسایەتییەکان، ئامانج، پاڵنەر، کات و شوێن، چۆنیەتیی دەستپێک و کۆتایی گێڕانەوە، وەسفی شت و کەس و بوونەوەران.

 

ئەرک یان هێمانە سەرەکییەکانی چیرۆکی ئەفسووناویی کوردی

پرۆپ لە توێژینەوەکەیدا بۆ هێندێک لە ئەرکەکان، چەند شێوە ڕوودان و چەند ژێرلقی دیاری کردووە؛ بۆ نموونە بۆ ئەرکی «تاوان»، هەژدە جۆری هەڵداوە. لێرەدا هێمانە پێکهێنەرەکانی چیرۆکی ئەفسووناویی کوردی و هەروەها شێوە جۆربەجۆرەکانی ڕوودانی ئەم ئەرکانە بەگوێرەی ڕێژەی ئامادەبوونیان لە زۆرەوە بۆ کەم دەخەینە بەر چاو. لەم بەشەدا جگە لە دەرخستنی لایەنە هاوبەشەکانی چیرۆکی ڕووسی و کوردی، ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی کوردیش دەدەین.

بەپێی پێڕەوی داڕشتەناسیی پرۆپ، لەنێو ئەرکەکاندا حەوت نموونەیان، ڕێگە بۆ گەشەسەندنی چیرۆکەکە و هاتنەکایەی ئەرکەکانی دیکە خۆش دەکەن. ئەم ئەرکانە هەرگیز پێکەوە لە چیرۆکێکدا نابینرێن و بێجگە لە سەرەتا، لە ناوەڕاست و کۆتایی چیرۆکیشدا ئەگەری ئامادەبوونیان هەیە. حەوت ئەرکی باسکراو لە چیرۆکی کوردیدا بەم شێوەیەی ژێرەوەن.

١- دوورکەوتنەوە یان مردن

- ئەندامانی گەنجی خێزان لە ماڵ دوور دەکەونەوە؛

- باوک و دایک و ئەندامانی بەساڵاچوو لە ماڵ دوور دەکەونەوە؛

- مردنی دایک و باوک.

٢- هۆشداری و ئامۆژگاری بۆ نەکردنی کار و ئاکارێکی دیاریکراو

٣- گوێنەدان بە هۆشداری

٤- دەستخستنی زانیاری: تاوانکار هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر قوربانییەکەی دەدات، یان بە پێچەوانەوە، پاڵەوان هەوڵ دەدات سەبارەت بە تاوانکار زانیاری بەدەست بێنێت. ئەم ئەرکە بە کەس یان شتی دیکەش جێبەجێ دەبێت.

٥- پێدانی زانیاری: زانیاری پێویست بە تاوانکار دەدرێت و ئەویش بۆ تێپەڕاندنی ئامانجەکانی بەکاریان دێنێت، یان بە پێچەوانەوە لەسەر تاوانکار زانیاری دەخرێتە بەر دەستی پاڵەوان.

٦- فریوکاری و لەخشتەبردن: تاوانکار هەوڵی لەخشتەبردن و فریودانی قوربانی دەدات.

٧-  هاودەستی و فریوخواردن: قوربانی فریو دەخوات و ڕێ بۆ تاوانکارییەکە خۆش دەکات.

ڕەوتی سەرەکیی چیرۆکی ئەفسووناویی بە ڕوودانی تاوان یان بەهۆی کەمایەسییەکەوە دەست پێ دەکات. لە ڕاستیدا ئەرکی «تاوان/ کەمایەسی» گرنگترین ئەرکە و شادەماری ئەم جۆرە چیرۆکانەیە. پاڵەوانی چیرۆک بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی تاوانکار یان نەهێشتنی کەمایەسییەک دێتە مەیدان و ئەرک و کەسایەتییەکانی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ژێرەوە شێوەکانی ڕووودانی بیست و چوار ئەرکەکەی تری چیرۆکی ئەفسووناویی کوردی دەخرێنە بەر چاو.

٨-  تاوان / کەمایەسی

١-٨ تاوان 

- فەرمانی کوشتن؛

- تەلیسم کردن؛

- هەوڵدان بۆ خواردنی کەسێک؛

- ڕفاندن؛

- دزینی ئامراز یان هۆکاری جادوویی؛

- کوشتن؛

- ناساندنی زڕپاڵەوان وەک پاڵەوانی ڕاستەقینە؛ 

- خستنە نێو بیر؛

- بوونە هۆی بزربوونی کەسێک؛

- فەرمانی دەستبەسەرکردن؛

- دەرکردن و دوورخستنەوە؛

- زیندانیکردن؛

- بریندارکردن؛

- هاوسەرگیریی زۆرەملێ؛

- ئەشکەنجەدان و مژینی خوێنی قوربانی؛

- خستنە نێو دەریا.

پرۆپ هەروەها ئاماژەی بۆ «دزینی ڕووناکیی ڕۆژ» کردووە کە لە چیرۆکە کوردییەکانی بەرباسی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا بەدی نەکرا. بەڵام لە بەرامبەردا دوو شێوەی تاوان لەم چیرۆکانەدا بوون کە لە نموونە ڕووسییەکاندا دەرنەکەوتوون. ئەم دوو شێوە تاوانە ئەمانەن:

- تاوانکار سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی خەڵک داگیر دەکات و هەر جارەو بە قوربانی¬کردنی کچێک بۆ ماوەیەکی کورت ئاوەکە بەر دەدات؛

- تاوانکار قوربانی ناچار بە ئەنجامدانی کاری دژوار و تاقەتپڕووکێن دەکات.

٨-٢- کەمایەسی 

- نەبوونی هاوژین؛ 

- نەبوونی پارە و بژێوی ژیان؛

- نەبوونی یارمەتیدەری جادوویی؛

- نەبوونی شتی سەیر و سەمەرە.

٩- داوای یارمەتی لە پاڵەوان و بەڕێکردنی

- یەکێک کارەساتەکە بۆ پاڵەوان ئاشکرا دەکات؛

- پاڵەوان بێ ئەوەی داوای لێ بکرێ ئامادەی چارەسەرکردنی کەمایەسییەکە دەبێت؛

- ڕەوانەکردنی پاڵەوان بەپێی فەرمان؛

- داوای یارمەتی لە پاڵەوان؛

- سکاڵاکردن بە شینگێڕی و چڕینی چەمەری.

١٠- دەربڕینی ئامادەیی: پاڵەوان ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەردەبڕێت.

١١- کەوتنەڕێ: پاڵەوان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە لە ماڵ دەردەچێت.

١٢- دیدار لەگەڵ بەخشندەدا

- سڵاو و پرسیار و وەڵام؛

- شەڕ و ململانێ؛

- داوای بەزەیی و لێبووردن لە پاڵەوان؛

- تاقیکردنەوەی پاڵەوان؛

- داوای ڕزگارکردن؛

- داوای ناوبژیوانی و دابەشکردنی چەند ئامرازێکی جادوویی.

یەکێک لە بەخشندە گرنگەکانی چیرۆکی کوردی خدری زیندوویە. خدر بێ هیچ چاوەڕوانییەک دێتە سەر ڕێگەی پاڵەوان و ڕێی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجی پیشان دەدات. ئەم ڕێنوێنییە هەندێ جار لە خەودا ڕوو دەدات. جاری وایە دێوێک لەگەڵ پاڵەواندا ڕێکدەکەوێت و لە بەرامبەر هێنانی شت یان کەسێکدا ئامرازێکی ئەفسووناوی پێشکەش بە پاڵەوان دەکات.

١٣- هەڵسوکەوت و کاردانەوەی پاڵەوان

- کاردانەوەی ژیرانە؛

- سەرکەوتن بەسەر بەخشندەی دوژمنئاسادا؛

- ڕزگارکردنی دیل؛

- بەزەیی پێداهاتنەوە و لێبووردن؛

- سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکانی بەخشندەدا؛

- گزی و فێڵکردن؛

- جێبەجێکردنی خزمەت و داواکاریی تر.

١٤- وەرگرتنی ئامراز یان هۆکاری ئەفسووناوی

- ئامراز یان بوونەوەری جادوویی خزمەتی خۆی پێشکەش بە پاڵەوان دەکات؛

- ئامرازی جادوویی بە پاڵەوان دەدرێت؛

- ئامرازی جادوویی لەخۆوە ئاشکرا دەبێت؛

- شوێنی ئامرازی ئەفسووناوی بە پاڵەوان پیشان دەدرێت؛

- ئامرازی جادوویی دروست دەکرێت؛

- ئامرازی جادوویی دەڕفێنرێت؛

- هۆکاری جادوویی دەخورێ یان دەخورێتەوە.

شێوەکانی تری ئەم ئەرکە لە چیرۆکی کوردیدا بەم جۆرەن:

- زۆر جار خدری زیندوو لە جیاتی پێدانی ئامرازی ئەفسووناوی، پاڵەوان ئامۆژگاری دەکات و چۆنیەتیی لەناوبردنی تاوانکارەکەی پێدەڵێت؛ 

- بەخشندە بە شۆردنی کچەپاڵەوان بە ئاو یان بارانی ئەفسووناوی، جوانییەکی سەرسوڕهێنەری پێدەبەخشێت؛

- بەخشندە فەن و فێڵی جادووکردن فێری پاڵەوان دەکات، یان توانای سەیر و سەمەرەی پێدەبەخشێت؛ لەوانە، توانای تێگەیشتن لە زمانی گیانلەبەران و هتد.

١٥- ڕاگواستن

- پاڵەوان بە سواری ئەسپ دەگاتە شوێنی مەبەست؛ 

- پاڵەوان بە ئاسماندا دەفڕێت؛

- ڕێی پیشان دەدرێت؛

- دڵۆپە خوێنی سەر ڕێگە دەبێتە ڕێپیشاندەری پاڵەوان.

لە چیرۆکی کوردیدا جگە لەمانە خوری و دەنکەگەنم و ئاگر و هەندێ شتی دیکە پاڵەوانی چیرۆک دەگەیەننە شوێنی مەبەست؛ بۆ نموونە، کاتێ پاڵەوان خەریکی چێشتلێنانە و ئاگرەکەی لێ دەکوژێتەوە، لە دوورەوە تیشکی ئاگرێک دەبینێت و بەرەو لای دەچێت.

١٦- ململانێ

- پاڵەوان لە گۆڕەپانی شەڕدا بەرەوڕووی تاوانکار دەبێتەوە.

لە نموونە ڕووسییەکاندا سێ شێوەی دیکە هاتووە کە لە نموونە کوردییەکاندا نەبینران. ئەم سێ شێوە ململانێیە بریتین لە: پێشبڕکێ، کایەی وەرەق (Card game)و کێشانی قورسایی.

١٧- سەرکەوتن 

- سەرکەوتن لە گۆڕەپانی شەڕدا؛

- کوشتنی تاوانکار بەبێ شەڕ و پێکدادان.

١٨-  دەستنیشانکردنی پاڵەوانی ڕاستەقینە 

- کچەمیر ئەنگوستیلە یان دەسماڵێک دەداتە پاڵەوان؛

- کچەمیر بە داخکردن یان بە پەنجەی خوێناوی پاڵەوانی ڕاستەقینە دیاری دەکات.

شێوەیەکی تری دەستنیشانکردن لە چیرۆکی کوردیدا بەم چەشنەیە کە پاڵەوان دوای کوشتنی تاوانکار لووت و گوێ و لێوی دەبڕێ و هەڵیاندەگرێ و دواتر بەهۆیانەوە خۆی بە کچەمیر و کەسانی تر دەناسێنێت. ئەم ڕووداوە لە چیرۆکی کوردیدا زۆر دووپات بووەتەوە و بە پێچەوانەی شێوەکانی تری دەستنیشانکردن، لێرەدا پاڵەوان خۆی ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات. هەروەها لە شێوەیەکی دیکەدا پاڵەوان داخ و نیشانی خۆی لە ڕان و سمتی زڕپاڵەوانەکان دەدات و لە کۆتایی چیرۆکەکەدا ڕسوایان دەکات.

 

١٩- چارەسەرکردنی کێشە و کەمایەسی

- کێشە و کەمایەسییەکە لە ئەنجامی کارەکانی پاڵەواندا چارەسەر دەبێت؛

-  کێشە و کەمایەسییەکە بەهۆی بەکارهێنانی هۆکارێکی جادووییەوە چارەسەر دەبێت؛

-  بەدەستهێنانی شتی مەبەست بە کەڵکوەرگرتن لە زۆر یان زیرەکی؛

-  ڕزگارکردنی دیل؛

-  شکاندنی تەلیسم؛

-  زیندووکردنەوەی مردوو.

٢٠- گەڕانەوە: پاڵەوان دوای بەدیهاتنی ئامانجەکەی بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە.

٢١- ڕاوەدوونان

- هەوڵی تاوانکار بۆ لەناوبردن یان خواردنی پاڵەوان؛

- ڕاوەدوونان بە گۆڕینی ڕواڵەت؛ بۆ نموونە تاوانکار لە ڕواڵەتی شت یان گیانلەبەرێک وەدوای پاڵەوان دەکەوێت.

لە چیرۆکی کوردیدا جاری وایە تاوانکار لە جلوبەرگی دەروێش یان سواڵکەرێکدا بەدوای پاڵەواندا دەگەڕێت. لە هەندێ چیرۆکیشدا کچەپاڵەوان لە ڕواڵەتی مایین و ئاسک و دار و بێشکە و ئێزینگدا لە دەستی تاوانکار هەڵدێت و تاوانکاریش بە دەرکردنی فەرمانی سەربڕین و بڕینی دار و سووتاندنی بێشکە هەوڵی لەناوبردنی دەدات.

٢٢- ڕزگاری 

- پاڵەوان بە ئاسماندا دەرباز دەکرێت یان بە سواری ئەسپ هەڵدێت؛ 

- پاڵەوان بە فڕێدانی شانە، سابوون، تەشتی ئاو و شتی تر لەسەر ڕێی تاوانکار ئاستەنگ و بەربەستی بۆ دروست دەکات؛

- پاڵەوان بە گۆڕینی ڕواڵەت لە دەستی تاوانکار هەڵدێت.

٢٣-  نەناسراوی: پاڵەوان بە نەناسراوی دەچێتە شار و وڵاتێکی دیکە، یان دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمانەکەی خۆی. پاڵەوانی چیرۆکی کوردی بۆ ئەم مەبەستە زۆرجار خۆی وەک کەچەڵێکی بێدەسەڵات دەناسێنێت.

٢٤-  فشە و هووشەی زڕپاڵەوان: زڕپاڵەوان یان پاڵەوانی درۆیینە دەیەوێت سەرکەوتنەکانی پاڵەوانی ڕاستەقینە بداتە پاڵ خۆی.

٢٥- کاری دژوار: کچەمیر یان باوکی بۆ تاقیکردنەوەی پاڵەوان داوای جێبەجێکردنی کاری دژواری لێ دەکات و بەم چەشنە هەلی خۆناساندن بۆ پاڵەوانی ڕاستەقینە هەڵدەکەوێت. کاری دژوار لە چیرۆکی کوردیدا زیاتر بریتین لە هەڵهێنانی نهێنی، یان هێنانی چیرۆک و بەسەرهاتێک، بەدەستهێنانی دەرمانێکی ناوازە، یان هێنانی شتێکی سەیروسەمەرە.

٢٦-  ئەنجامدانی کاری دژوار: پاڵەوان بە تێپەڕاندنی فەرمانی پادشا یان کچەکەی ورە و هێزی خۆی دەسەلمێنێت.

٢٧-  ناسینەوە: کچەمیر بەپێی نیشانەیەک کە لەسەر جەستەی پاڵەوانی داناوە، یان بەهۆی دەسماڵ و ئەنگوستیلەیەک کە پێشتر پێی داوە دەیناسێتەوە و لە زڕپاڵەوانی جیا دەکاتەوە. هەروەها هێز و ئازایەتی و جێبەجێکردنی کاری دژواریش دەبنە هۆی ناسینەوەی پاڵەوانی ڕاستەقینە.

٢٨- سووک و ڕسواکردن: سەرنەکەوتنی زڕپاڵەوان لە جێبەجێکردنی داواکاریی کچەمیر و پادشا دەبێتە هۆی وەدرۆکەوتن و دەرکەوتنی ڕاستی و لە ئەنجامدا سووک و ڕسوابوونی. لە هەندێ چیرۆکدا تاوانکار هەموو کارە ناشیرین و نەشیاوەکانی دەخاتە ئەستۆی پاڵەوانی قوربانی و گەلێک گرفتی بۆ چێ دەکات. لە کۆتاییدا پاڵەوانی قوربانی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی ڕووی ڕاستەقینەی تاوانکار دەردەخات.

٢٩- گۆڕانی ڕواڵەت یان ڕەوشی ژیانی پاڵەوان: لە بەشی کۆتایی هەندێک چیرۆکدا یارمەتیدەری جادوویی ڕەوش یان ڕواڵەتی پاڵەوان دەگۆڕێت. ئەم ئەرکە لە چیرۆکی کوردیدا بە دەگمەن ڕوودەدات.

- یارمەتیدەر کۆشکێک بۆ پاڵەوان دروست دەکات؛

- یارمەتیدەر جلوبەرگی نوێ بۆ پاڵەوان دابین دەکات.

٣٠- سزادانی تاوانکار: ئەم ئەرکە هەمیشە جێبەجێ ناکرێت و جاری وایە تاوانکار یان زڕپاڵەوان دەبەخشرێت و سزا نادرێت.

٣١- هاوسەرگیری و پادشایەتی: کوڕەپاڵەوان لە زۆرینەی چیرۆکەکاندا لەگەڵ کچ یان کچانی دڵخوازیدا هاوسەرگیری دەکات و دەبێتە پادشا. لەوانەشدا کە پاڵەوانەکەی کچە لە کۆتاییدا شوو بە کوڕەمیرێک دەکات.

 

ئەنجام

ئەنجامی داڕشتەناسیی زیاتر لە سەد چیرۆکی ئەفسووناویی کوردیی ناوچە و پارچە جیاجیاکانی کوردستان و بە زارە ڕەنگامەکانییەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنرێت کە ئەم حەکایەتانە خاوەن هەمان پێکهاتەن کە ڤلادیمێر پرۆپ لە توێژینەوەکەی خۆیدا خستوویەتەڕوو. ناوبراو بە تاووتوێکردنی سەد چیرۆک ئەوەی دەرخست کە ٣١ ئەرک یان هێمانی سەرەکی و نەگۆڕ ژێرخانی ئەم چیرۆکانە پێکدەهێنن.

چیرۆکی ئەفسووناویی کوردی، زیاتر بە ئەرکی «دوورکەوتنەوە و دەرکەوتن لە ماڵ» یان «تاوانکاری»یەوە دەست پێدەکەن و بە ئەرکی «هاوسەرگیری و پادشایەتی» و «چارەسەرکردنی کێشە و کەمایەسی» و «سزادانی تاوانکار»ەوە کۆتاییان پێدێت. لە حەفتا لە سەدی ئەم چیرۆکانەدا دوو ئەرکی گرنگی «ململانێ پاڵەوان و تاوانکار» و «ئەنجامدانی کاری دژوار» دەبینرێت و ڕەوتی پێشڤەچوونی چیرۆکەکان بەم دوو ئەرکەوە گرێ دراوە.

ئەگەر بمانەوێ بە گوێرەی ئەرکە سەرەکی و جێگیرەکان چیرۆکی ئەفسووناویی کوردی پێناسە بکەین، دەتوانین بڵێین لە زۆربەی زۆری ئەم چیرۆکانەدا تاوانکاری یان کەمایەسییەک پاڵەوان دێنێتە مەیدانەوە و بەخشندە یارمەتیدەرێکی ئەفسووناویی پێ دەدات کە بەهۆیەوە  بەسەر تاوانکاراندا سەردەکەوێت و کێشە و کەمایەسییەکان چارەسەر دەکات. هەندێ چیرۆکیش بە هەڵاتن و ڕاوەدوونان پەرە دەستێنێت. پاشان پاڵەوان بە نەناسراوی دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمانی خۆی، یان ڕێی دەکەوێتە وڵاتێکی دیکە و لەوێ بە ئەنجامدانی کاری ئەستەمی داواکراوی پادشا یان کچەکەی لێوەشاوەیی خۆی دەسەلمێنێت و زڕپاڵەوان ڕسوا دەکات. لە کۆتاییشدا پاش سزادانی تاوانکار هاوسەرگیری دەکات و دەبێت بە پادشا.

شیاوی ئاماژەیە لەگەڵ ئەوەی ئەرک و هێمانە سەرەکییەکانی چیرۆکی ئەفسووناویی کوردی و ڕووسی و هەروەهاش نموونەی هاوشێوەی نەتەوەکانی دیکە وەکو یەکن، بەڵام هەروەها کە بە نموونە ئاماژەیان پێ درا، لە چۆنیەتیی جێبەجێبوونی هەندێک ئەرکدا جیاوازی و ناهاوچەشنی دەبینرێت کە هۆیەکەی بۆ جیاوازیی فەرهەنگ و کەلەپوور و دابونەریتی نەتەوەکان دەگەڕێتەوە.

 

سەرچاوەکان:

١- پراپ، ولاديمير. ريشەهاي تاريخي قصەهاي پريان. ترجمة فريدون بدرەاي، تهران: توس، ١٣٧١.

٢- ريخت شناسي قصەهاي پريان. ترجمة فريدون بدرەاي. چاپ دوم. تهران: توس، ١٣٨٦.

٣- تالكين، جي. آر. آر. «دربارة داستان پريان». ترجمة مراد فرهادپور، ارغنون، شمارة 25، ١٣٨٨.

٤- رید، یان. داستان کوتاه. ترجمة فرزانه طاهری. چاپ سوم. تهران: مرکز، ١٣٨٥.

٥- سلدن، رامان و پيتر ويدوسون. راهنماي نظرية ادبي معاصر. ترجمه عباس مخبر. چاپ سوم. تهران: طرح نو، ١٣٨٤.

٦- محجوب، محمدجعفر. ادبیات عامیانه ایران. تهران: چشمه، ١٣٨٢.

 

سەرچاوەی چیرۆکە تاوتوێکراوەکان:

١- ئیبراهیم حەسەن، مەولوود. تێرنەخۆرە. هەولێر: بەدرخان، ٢٠٠٨.

٢- ئەحمەد، ئارارات. قوتووی عەتار (قوتووی یەکەم). سلێمانی: ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، ٢٠٠٤.

٣- قوتووی عه‌تار (قوتووی دووەم). هەولێر: ئاراس، ٢٠٠٨.

٤- قوتووی عه‌تار (قوتووی سێیەم). سلێمانی:  ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، ٢٠١٢.

٥- ئیسماعیل شێخانی، سەعدوڵڵا‌. تێکستی چه‌ند هه‌قایه‌تێکی فۆلکلۆریی کورده‌واری. به‌غدا، ١٩٨٧.

٦- بەرزنجی، عەدنان. چیرۆکی فۆلکلۆری. سلێمانی: سەردەم، ٢٠٠٧.

٧- بەکرەجۆیی، ڕێبوار. چه‌ند چیرۆکێکی فۆلکلۆریی ناوچه‌ی پشده‌ر. هەولێر: ئاراس، ٢٠٠٨

٨- توحدی، کلیم الله‌. درخت چهل دستان (بیست ویک افسانة‌ کردی خراسان). مشهد: انتشارات محقق، ١٣٧٩.

٩- تەقی، جەلال. شه‌وانی گوێ ئاگردان (بەرگی یەکەم)، ١٩٨٤.

١٠- شه‌وانی گوێ ئاگردان (بەرگی دووەم). سلێمانی، ٢٠٠١.

١١- جەعفەر، حەجی. جاره‌کی ژ جارا. دهۆک:  ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، ٢٠٠٧.

١٢- جەماڵ، ڕێبوار. ختکه‌سوور. چاپی دووەم. هەولێر: ئاراس، ٢٠٠٧.

١٣- بازی زێڕین. سلێمانی:  ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، ٢٠١١.

١٤- جندی، حە‌جی و ئەمین عەودال. فۆلکلۆرا کورمانجا. هەولێر: ئاراس، ٢٠٠٨.

١٥- جووتیار، خالید. دێو (بەرگی یەکەم). سلێمانی: سەردەم، ٢٠٠٧.

١٦- جەهانفەرد، سەجاد. ئه‌فسانه‌یل وڵات میدیا (بەرگی یەکەم)، سلێمانی:  ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، ٢٠٠٩.

١٧- ئه‌فسانه‌یل وڵات میدیا (بەرگی دووەم)، سلێمانی:  ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، ٢٠١١.

١٨- ئه‌فسانه‌یل وڵات میدیا (بەرگی سێیەم)، سلێمانی:  ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، ٢٠١٤.

١٩- حاجی زەڵمی، ئیبراهیم. دێوە چەرمه و دێوە سیاوه. سلێمانی: ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، ٢٠١٤.

٢٠- حەمەساڵح تۆفێق، محەمەد. هۆنراوه‌ و چیرۆکی فۆلکلوریی کورده‌واری (بەرگی یەکەم). سلێمانی: وەزارەتی ڕۆشنبیری، ٢٠٠٠.

٢١- درويشيان، علي اشرف. افسانەها و متل هاي كردي. چاپ پنجم، تهران: چشمه، ١٣٨٦.

٢٢- رودنكو، م. ب. افسانەهاي كردي. ترجمة كريم كشاورز، تهران: علمي فرهنگي، ١٣٩٠.

٢٣- سسیل، اردیشانه‌ و سسیله‌ سسیل [جلیل، اردوخان و جلیل جلیل]. افسانه‌های کردان. ترجمة‌ امیرحسین اکبری شالچی. تهران: نشر ثالث، ١٣٨٦.

٢٤- سەلیمی، هاشم. چیرۆک و ئەفسانەی موکریان. ؟.١٣٩١.

٢٥- سەمەدی، عەبدوڵڵا. حەوت خاڵی غەریب. مەهاباد: ئیحسان، ١٣٩٢.

٢٦- شادی، ئەحمەد. چه¬پکێک چیرۆکی فۆلکلۆری. سلێمانی:  ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، 2005.

٢٧- شاڕۆخ، عەزیز. چیرۆک و بەیتی کوردی. هەولێر: ئاراس، ٢٠٠٤.

٢٨- سەفاری، باقی. ئه‌فسانه‌ی هه‌ورامان. تاران: ئیحسان، ١٣٨٢.

٢٩- عومەر خۆشناو، هێمن. کانیی خومان. سلێمانی:  ئەنستیتۆی که‌له‌پووری کورد، ٢٠١٣.

٣٠- فتووحی، سواره و ڕەسووڵ وەیسی. ڕاز (بەرگی یەکەم). هەولێر: موکریانی، ٢٠١٤.

٣١- گرده‌سۆری، جەماڵ. هەنجیری چل تام. هەولێر: موکریانی، ٢٠٠٨.

٣٢- لیسکۆ، ڕۆژی. چیرۆکی کۆنی کوردی (داستان‌های کهن کردی) و ٤٢٠ په‌ند و زاراوه‌. وەرگێڕانی محەمەد ڕیانی. تاران، ١٣٧٠.

٣٣- مان، ئۆسکار. تحفە مظفریه‌. پێشه‌کیی مامۆستا هێمن. مەهاباد: سەیدیان، ١٣٦٤.

٣٤- محەمەد شێلازی، جەمیل. چیڤانۆکێت کوردی (بەرگی یەکەم‌)، دهۆک: موکریانی، ٢٠٠١.

٣٥- مەخمووری، پیرداود. سووری چاوشین. هەولێر: ئەکادیمیای کوردی، ٢٠١١.


ئەم بابەتە 65 جار خوێندراوەتەوە