viber_image_2021-12-17_23-27-59-182.jpg

مۆسیقای مەرگی ناوەختە

 

 سەڵاح جەلال

 

لەم ماوەیەدا چاپێکی نوێی ڕۆمانی (مۆسیقای مەرگی ناوەختە) بڵاوکرایەوە، کە نووسینی (سەڵاح جەلال)ە و چاپی یەکەمی لە ساڵ ١٩٩٧دا بڵاوکراوەتەوە. ئەم دەقە وا ناسێنراوە کە بەرهەمێکی یەک ڕستەییە و کاتی ڕۆمانەکەش لە نزیکەی دە خولەکدا ڕوودەدات. لەگەڵ ئەوەی چەند کاراکتەرێک لە دەقەکەدا هەن، بەڵام (شاڵ سەوز و شاڵ سپی) کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەن. شوێنی سەرەکی دەقەکەش گۆڕستانە و تەواوی ڕووداوەکان لەنێو ئەو شوێنەدا بەرحەستە دەبن، بەڵام بەهۆی فلاشباک و مۆنۆلۆگەوە ئاماژە بە شوێن و ڕووداوەکانی دیکە کراوە.

ساتی دەقەکە ئێوارەیەکی درەنگە و (شاڵ سەوز و شاڵ سپی) لەنێو گۆڕستاندان و خۆر لە ئاوابووندایە، شاڵ سپی و مار و مێروو و باڵندەکان وەک هەموو ئێوارەیەکی پێشوو چاوەڕێی هەستانەوەی شاڵ سەوز دەکەن. دوو شینەشاهۆ لە یەکەم ساتی ڕۆمانەکەدا هەڵدەفڕن و بەدەوری گۆڕستانەکەدا سوڕێک دەخۆن. لە کۆتایی دەقەکەدا دەردەکەوێت کە ئەو ئێوارەیە شاڵ سەوز هەڵناستێتەوە، هەربۆیە لەگەڵ تاریکبوونی شاردا، مارومێروو و باڵندەکانیش نائومێد دەبن لەوەی کە چیدی شاڵ سەوز هەستێتەوە، شینەشاهۆکانیش لەگەڵ دەنگە خنکاوەکەی سروشتدا، بەهۆی بەیەکدادانی باڵەکانیانەوە مۆسیقای مەرگی ناوەختی شاڵ سەوز دەژەنن و دواتر دەنیشنەوە.

 

ڕۆمانەکە بەسەر دوو شێوە لە شوێندا دابەشکراوە، گۆڕستان و دەرەوەی گۆڕستان. هەربۆیە دەتوانین دەقەکە بەسەر دوو پانتایی جیاوازدا دابەش بكەین و بەوەش دوو جۆر فەزای جیاواز دروست دەبن، كە ئەوەش دەتوانین وەک فەزای كراوە و فەزای داخراو تەماشای بکەین. فەزای داخراو لە ڕۆمانەكەدا (گۆڕستان)ە، كە وەك چەمكێكی جودا و سنورێكی دیاریكراو بووەتە شوێنی سەرەكی دەقەكە و تێیدا كاراكتەرە سەرەكییەكانی نێو ڕۆمانەكە دیالۆگ و جوڵە و خەون و بیرەوەرییەكانیانی تێدا بەرجەستە دەكەن. دەكرێت بپرسین: بۆ گۆڕستان؟ ڕەنگە هەڵبژاردنی گۆڕستان بۆ شوێنی سەرەكی ڕۆمانەكە، لەو مەدلولەوە سەرچاوەی گرتبێ‌ كە كۆمەڵی كوردی لە سروشتەوە پرسەئامێزە و هەمیشە حەز بە یادەوەرییە تراژیدییەكان و بیرهێنانەوەی كارەساتە غەمگینەكان دەكات. یان دەتوانین گۆڕستان بدەینە پاڵ چەمكی مردن، كە وەك گۆشەگیرییەك هەموو پرسیارە فەلسەفییەكانی بوون و نەبوونی تێدا بەرجەستە كردووە. لێرەشەوە (گۆڕستان) كە بەشێكە لە شار، وەك بێنرخیی ژیان و چارەنووسی ئادەمیزاد كراوەتە شانۆی ڕۆمانەكە، دەكرێت بپرسین لە پانتاییەكی ئاوا داخراودا، كە بانگەشەی مەدلولی مردن ڕابگەیەنێت، چۆن لەبەردەم دەرەوەی خۆیدا سنوری واڵا دەبێت، بە چ شێوەیەك پەیوەندی بە ژیانەوە دەكات و بە ڕووی پانتاییەکی كراوەدا دەکرێتەوە؟ وەك ئاماژەمان پێدا چەمكی مردن دراوەتە پاڵ كەسایەتییە سەرەكییەكانی نێو ڕۆمانەكە، بەڵام مردنی (شاڵ سەوز و شاڵ سپی) لەپێش زەمەنی ڕۆمانەكە، تەنها مردنێكی فیزیكییە و هەر لاشەیان فڕێ‌ دراوەتە گۆڕستانەكەوە، چونكە بە ڕۆح ئاگاداری ژیانن و لەگەڵ ڕووداوەكاندا بیرەوەرییەكانیان ئاوێتە دەكەن و لە گۆڕانكارییەكانیش دەڕوانن و بگرە چاودێریشی دەكەن، تاكو بزانن چ گۆڕانكارییەك بەسەر ژیاندا هاتووە، وەك ئەوەی (شاڵ سەوز) لە گۆڕستانەكەوە دێتە دەرەوە و شار بەسەر دەكاتەوە.

(شاڵ سەوز و شاڵ سپی) لە ڕووی جەستەوە لە واقیع هەڵاتوون، چونكە بە قێزەون دەیدەنە قەڵەم و دڵپاكی و بێگوناهی ئەوان وای كردووە كە شوێنیان لەو ساتەدا و لەو فەزا پڕ ئاشوبەدا نەبێتەوە. هەربۆیە ڕاكردن لەو دەوروبەرە گۆڕستانی كردووەتە ئەلتەرناتیڤ، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە لە ئاكامی ناكردەیی ئەوانەوە لەو ساتەدا بەرامبەر واقیع سەرچاوەی گرتووە، كە بەمانەوەیان لەنێو گۆڕستاندا تا ڕادەیەك لەدەست ئەوانی دی قوتاریان دەبێت. گۆڕستانیش كە وێنەی (گۆڕو خۆڵ و كێل و كفن وزێوان) مان بەخەیاڵدا دێنێ، دەتوانین وەك دالێك لە بەرامبەر مەدلولی مردندا ڕای بگرین، كە ئەمەش هێڵێك بۆ پەرشوبڵاوی ڕامان و ڕوانینمان دەكێشێ و سنورێك دەبەخشێتە دەلالەتەكان. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئاگاداری ئەوەبین كە هەرچەندە گۆڕستان وەك سنورێكی داخراو دێتە بەرچاو، بەڵام هەڵگری مانایەكی قوڵە و ناكرێت لە ڕووی ماناوە وەک سنورێكی داخراو لێی بڕوانین.

کەسێتی (شاڵ سەوز) کەسێتییەکی سەرەكی ڕۆمانەكەیە و زۆربەی ڕووداوەكان لەسەر شانی ئەو وەستاون و بەڕێوە دەچن. شاڵ سەوز لە ساتی ڕۆمانەكەدا لەسەر تەختەبەندی گۆڕێك كەوتووە چاوەڕێی مردنی دەكرێت، هەربۆیە دەبێت لە ڕێگەی ڕاوی دەقەکەوە بگەڕێینەوە بۆ دە ڕۆژ پێش مردنی شاڵ سەوز، چونكە لە كاتی دەقەكەدا كە ماوەیەکی زۆر کورت دەخایەنێت، ناتوانرێت لەو ماوە كورتەدا نهێنی ئەو كەسێتییە ئاشكرا بكرێت. هەربۆیە ڕۆماننووس لە ڕێگەی فلاشباكەوە باس لە دە ڕۆژ پێش مردنی شاڵ سەوز دەكات، كە ئەو دە ڕۆژەش حەفتا ساڵی تەمەنی شاڵ سەوزە. لە ماوەی ئەو دە ڕۆژەدا شاڵ سپی بەردەوام دەیەوێت لە ڕێگەی پرسیارەكانیەوە بیۆگرافیای شاڵ سەوز ئاشكرا بكات و زۆربەی پەیڤین و وەڵامەكانیش بەشێوەی مۆنۆلۆگ دەخرێتە ڕوو. شاڵ سەوز لە سەرەتای ڕۆمانەكەوە تا كۆتایی، لەسەر تەختەبەندەكە كەوتووە و چاوەڕێی هەستانەوەی دەكرێت، بەڵام ئەو ئێوارەیە وەك ڕۆژانی تر هەڵناسێتەوە. تەواوی دەقەکە لەسەر پرسیارێکی شاڵ سپی وەستاوە بەرامبەر شاڵ سەوز، کە دەیەوێت ژیانی خۆی بۆ باس بکات. دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، ڕەنگە زۆر لە خوێنەران وا هەست بکەن کە شاڵ سەوز وەڵامی پرسیارەکەی شاڵ سپی نەداوەتەوە، چونکە لە ساتی دەقەکەدا هیچ وەڵامێک بۆ شاڵ سپی نابینرێت، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ و لە ڕێگەی فلاشباک و مۆنۆلۆگەوە سەرجەمی ژیانی شاڵ سەوز دەخرێتەڕوو.

 

لەم ڕۆمانەدا وێنەکان زۆر بە چڕیی خراونەتەڕوو، کە وا دەکات خوێنەر بۆ ماوەیەک لەسەر هەموو گوزارشتێک پشوو بدات و بکەوێتە هێڵکاری وێنەکان لە زهنی خۆیدا. هەرچەندە سیمبولەکانی ئەم دەقە بەشێوەیەکی پچڕپچڕ دەردەون، بەڵام سەرجەمی ئاماژە سیبمولییەکان پەیوەندییەکی ئاوێتەیان بە بونیادی ڕۆمانەکەوە هەیە و هەر سیمبولێک وێنای شێوەیەک لە ئاستی ڕوانینی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری سەردەمەکەی دەکات. دوو شینەشاهۆکە دیارترین سیمبولی دەقەکەن، کە لە سەرجەمی بەشەکانی ڕۆمانەکەدا ئامادەن و جگە لە مەدلوولی ئایین و دەسەڵات، مردنی شاڵ سەوزیش ڕادەگەیەنن.

خستەڕووی بابەت و زانیاری لەسەر کاراکتەر و ڕووداوەکان، دابەشکراوە بەسەر تەواوی دەقەکەدا، هەربۆیە زۆر جار خوێنەر وا دەزانێت ڕووداوێک یان کەسێتییەک گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و دەرکەوتنێکی کاتیی هەیە، بەڵام کاتێک ڕۆمانەکە تەواو دەکات، پێویست بەوە دەکات جارێکی تر بە هەموو ئەو دەرخراوانەدا بچێتەوە کە بەشێوەیەکی پچڕپچڕ لە دەقەکەدا بینیونی. هەربۆیە هەموو ئەو کارە چڕ و وردانەی لە چۆنێتی بەرجەستەکردنی وێنە و زمان و کەسێتی و ڕووداوەکاندا کراوە، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی ورد هەیە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕۆمانە لەو دەقانە نییە کە خوێنەرێک بتوانێت وەک بەسەرهات و چیرۆکێکی چێژبەخش بیخوێنێتەوە، بەڵکو دەبێت لە کاتی خوێندنەوەدا ئەوە بزانێت کە بەرامبەر دەقێکی تا ڕادەیەک ئاڵۆز و پڕ سیمبول و وێنەی چڕ وەستاوە.

 

* مۆسیقای مەرگی ناوەختە، ڕۆمان، سەڵاح جەلال، چاپی چوارەم، سلێمانی ٢٠٢١.


ئەم بابەتە 46 جار خوێندراوەتەوە