viber_image_2021-12-17_23-46-08-422.jpg

نامە عاشقانەكان

 

چيرۆك
ئێدواردۆ گاليانۆ
وەرگێڕ: ئارام ڕەشيد


ساڵان تێپەڕين، ساڵانێكى زۆر و نامەكان ماڵەكەيان پڕ كردبوو. سندوقێكى گەورە و قايمى بۆ هەڵگرتنى نامەكان كڕى؛ لەبەرئەوەى گەنجينەى گەورەى ژيانى بوون. بەمجۆرە پێموايە دە ساڵ، پانزە ساڵ تێپەڕين، بيرم نايەتەوە.
ئەوان بەڕێكەوت بە يەكتر ئاشنا بوون، كە فرەتر عەشقە گەورەكان لەم ڕێگەيەوە ئەدۆزرێنەوە، تاڕادەيەك هەميشە بەڕێكەوت، لە بەهەڵە لێدانى ژمارە تەلەفۆنێك، لە بەريەككەوتنێكى بەڕێكەوت. ئەوەى كە لەمان ڕوويدا بەمجۆرە بوو: پياوەكە لە كۆفێيەك وادەى ديدارى لەگەڵ كەسێك هەبوو، كەسەكە نەهات. ئاشكرايە هەراسان لە چاوەڕوانى، ئەو ژنەى لە پشت مێزێكى ناو كۆفێكە بينى، گەش و بەدەماغ. پياوەكە يەك چركە لێى نەوەستا و بەخۆى گوت: "ئێستا مادام تا ئێرە هاتووم، ناتوانم ئەم هەلە لەدەست بدەم."
لە مێزەكە نزيكبووەوە و گوتى: "يارمەتى هەيە؟"
"بە دڵنياييەوە."
شتێكى لەمجۆرە لەو چيرۆكانەى ئەوانى تر بۆت دەگێڕنەوە ڕوو ئەدا، نەوەك لە ژيانى واقعيدا. فرەتر وەختێ دەڵێى: "يارمەتى هەيە؟" وەڵام ئەدەنەوە: "بۆچى؟"
ڕنگبێ ئەويش چاوەڕوانى كەسێكى كردبێت كە نەهاتبوو، كێ دەزانێ، من چوزانم، دەبێ چيرۆكێكى تر بنووسرێ كە تێيدا ژنەكە پێى دەڵێ: "بۆچى؟" بەڵام لەمەياندا ژنەكە بانگهێشتى دانيشتنى كرد و ئەويش دانيشت. ئاشكرايە؛ شتێك نەبوو لەبارەيەوە قسە بكەن.
"چى دەخوێنيتەوە؟"
خراپيى بابەتەكە لەوەدابوو كە پياوەكە هيچ بەرهەمێكى ئەو نووسەرەى كە ژنەكە كتێبێكى دەخوێندەوە، نەخوێندبووەوە. خراپ دەست پێدەكەين، خراپ، فرە خراپ.
"ڕۆژێكى خۆشە."
بەڵام دەسەجێ دەستيانكرد بە قووڵبوونەوە، لەبەرئەوەى ژنەكە گوتى: "بەڵێ، بەڕاستى ڕۆژێكى خۆشە." سەربارى ئەوەى ڕۆژێكى خۆش نەبوو. بەڵام پياوەكە وردە وردە بەسەر شەرمێونييەكەيدا كە لە شەخسيەتيدا بوو، زاڵ بوو. سەرى قسەيان دامەزراند. لە هەوەڵەوە پياوەكە بۆ سەرنجڕاكێشانى ئەو، يەك لەسەر يەك درۆى هۆنيەوە، كە نووسەرە، پاشان دانى پێدانا كە تا ئێستا هيچ بەرهەمێكى ئەميان بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام ئەم درۆيەيان تۆزێك درەنگتر هاتە نێوانەوە، كاتێك بوو كە زياتر يەكتريان ناسى، كاتێك كە لە خواردنەوەى قاوەوە گەيشتبوونە خواردنەوەى عارەق بە كۆكاكۆلاوە.
دواترێك، زانيان زياتر لەوەى پێشتر بيريان لێدەكردەوە، شتگەلێك پێكەوەيان دەبەستێتەوە، باسى فيلمى دڵخوازى خۆيان بۆ يەكتر كرد، لەم ڕووەوە پياوەكە پێى گوت: "دەتەوێ بڕۆين بۆ سينەما، فيلمى "ژيان جوانە"ت بينيوە؟"
ئەويش: "نا."
"كۆتايى هەفتە بڕۆين باشە؟"
"باشە."
ئەو كۆتايى هەفتەيە، من باش نازانم كە بۆ غافڵگيركردنى ئەو بوو يان نا، بەڵام لەو ديمەنەى كە كوڕيژگەكە دەردەكەوت ئەو دەستى بە گريان دەكرد. ئەمە، ژنەكەى خستە ژێر كاريگەرييەوە. من حەزم لێيە وا بير بكەمەوە كە هەر بەڕاستى بەمجۆرە بوو.
دەرەنجامەكەى ئەمە بوو، كە لە خۆشيگەلێكى زياتردا پێكەوە جۆر بوون، بۆ نموونە لە مۆسيقادا. پێى گوت: "ئەم كۆتايى هەفتەيە "ئيسماعيل سيرانۆ" مۆسيقا دەژەنێ."
"ئيسماعيل چى؟"
"بەڵام تۆ حەزت لە مۆسيقارە گۆرانبێژەكانە، وانييە؟"
"هەر بەڕاستى حەزم لێيانە."
پياوەكە ڕازى كرد و ڕۆيشتن. وەختێ سيرانۆ دەستيكرد بە چڕينى ئەو ئاوازە مەستانە، پياوەكە بوێرى پەيدا كرد و دەستى ژنەكەى گرت. وردە وردە بەجۆرێكى خۆلێلانەدراو عاشقى يەكتر بوون، بەڵام نەوەك بەهۆى ئاوازى ئيسماعيل سيرانۆوە، نەوەك بەهۆى مەستانەبوونيەوە، ڕەنگە بەهۆى گريان بەديار "ژيان جوانە"ەوە بووبێ.
بەيانى ڕۆژێك پياوەكە بێدار بووەوە و لەگەڵ هەڵهێنانى چاوەكانيدا زانى هێجگار عاشقى ئەوە، پاشان لە هەمان ئەو كۆفێيەى بەڕێكەوت بە يەكتر ئاشنا بووبوون، وادەى ديداريان دانا. ساتەوەختە گرنگەكان تاڕادەيەك هەردەم لەگەڵ شوێنەكانياندا بەرامبەر دەبن، زۆر دڵنيا نيم لەوەى كە دەيڵێم، بەڵام ڕستەيەكى باشە. بەڵام لە هەمان كۆفێ بوو كە ژنەكە پێى گوت: "دەزانى چى، پێموايە دەبێت لێرە بڕۆم."
"من دەمويست پێچەوانەى ئەمەت پێ بڵێم، ئەوەى كە بە درێژايى تەمەن لەگەڵ من بمێنيتەوە."
ژنەكە گوتى: "خەمت نەبێت، چونكە من چاوەڕوانى گەڕانەوەى ڕۆژێك دەكەم كە بتوانم دووبارە درێژە بەو ڕێگايە بدەم كە دەستمان پێكردووە. سەربارى ئەوەش، هەموو پانزە ڕۆژ جارێك نامەيەكت بۆ دەنێرم و تێيدا باسى هەموو ئەو شتانەت بۆ دەكەم كە دەيانكەم، هەموو ئەوەى كە هەستى پێدەكەم، گشت ئەو دڵتەنگيانەى كە بەرامبەر تۆ هەستيان پێدەكەم، هەموو ئەو شتە كەمانەى كە بۆ بينينى يەكتر نيمانە."
پياوەكە گوتى: "ئێ، باشە. بەڵام ئەگەر نەڕۆيت باشترە."
بەڵام ئەو ڕۆيشت.
ئەوكاتە بوو كە پياوەكە زانى كارى تەواوە، كە خۆى بە عەشق دۆڕاندووە، كە هيچ ئەكسيرێك نييە بتوانێت ئەوى پێ لەبير بكات، كە هيچ دڵنياييەك نييە لەمپەر لە دواى لەمپەرى سەر ڕێگاى لابەرێ، كە ڕاستە عەشق لە نيگاى يەكەمدا بوونى هەيە، ئێ، ڕەنگە عەشقەكانى تريش بوونيان هەبێت؟
ڕێك پاش پانزە ڕۆژ نامەيەكى پڕ لە خۆشەويستى و ماچ و پڕ لە (بيرت دەكەم) گەيشت. پياوەكە گريا و ئەمجارە گريانەكەى هەقيقى بوو. نامەكانى بە خۆشەويستييەوە لەسەر مێزێكى بچووك هەڵدەگرت.
پانزە ڕۆژ تێپەڕى و پانزە ڕۆژى تريش، پانزە ڕۆژى تر و پانزە ڕۆژى تريش، نامەكان كەڵەكە دەبوون. ژيانى بووبوو بە چاوەڕوانكردنى ڕۆژى پانزەهەم، كردنەوەى سندووقى پۆستەكە و بينينى نامەيەكى عاشقانە، كە تێيدا ژنەكە بەڵێنى گەڕانەوە بدات، ژيانى بووبوو بە چاوەڕوانى نامەيەك كە ئەو تێيدا بڵێت بەم زووانە دەگەڕێتەوە.
ساڵەكان تێپەڕين، ساڵانێكى زۆر، نامەكان تاڕادەيەك لە ماڵەكەدا جێيان نەدەبووەوە، سندوقێكى گەورە و قايمى بۆ هەڵگرتنى نامەكان كڕى، لەبەرئەوەى گەنجينەى گەورەى ژيانى بوون، چونكە بۆ خوێندنەوەى ئەو نامانە دەژيا كە ئەو دەينووسين، لەبەرئەوەى ئەوى لە هەر كەسێكى تر زياتر خۆشدەويست، بەمجۆرە وابزانم دە ساڵ، پانزە ساڵ تێپەڕين، لە بيرم نييە.
ڕۆژێكيان ژنەكە بێ هيچ چۆن و بۆچييەك؛ لە نووسين وەستا، ڕۆژى پانزەهەم پياوەكە سندوقى پۆستەكەى بە بەتاڵيى بينى و ناخى دوولەت بوو.
ئێستا بەس دەيتوانى بە يادەوەرى بژى، بە دووبارە خوێندنەوەى ئەو نامانەى كە ئەو بەوپەڕى خۆشەويستييەوە بۆى نووسيبوو. ئەو نامانە گەنجينەى گەورەى ژيانى بوون.
ڕۆژێك پياوەكە لە ماڵ چووە دەرەوە -چونكە دەبوو بڕواتە دەرەوە- چەند دز هاتنە ماڵەكە. بە بينينى سندووقە گەورەكە دووجار بيريان نەكردەوە، لەبەرئەوەى پێيانوابوو سندووقەكە گەنجينەيەكى گەورەى تێدا هەڵگيراوە؛ سامانێكى مەزن. بەڕاستى وانەبوو. سندووقە گەورە قايمەكەيان لەگەڵ خۆيان برد.
وێناى نائومێدى كەسايەتييە سەرەكييەكەمان بكە؛ وەختێ دەگەڕێتەوە ماڵەوە و دەزانێ ئەو شتەيان دزيوە كە ئەو لە هەموو شتێك زياتر خۆشى دەويست.
زۆرجار دزەكان كەسانى باشن، لەمەشياندا وابوون؛ كەسانى باش بوون. بەڵام وێناى سيماى دزەكان بكە لە كاتى كردنەوەى سندووقەكەدا كە كۆڵێك نامەى عاشقانە ئەدۆزنەوە، كۆمايەك ڕاگەيەندراوى مەحاڵ. سەرۆكى دزەكان تۆزێك تووڕە بوو. هەڵبەت سندووقەكە قوورس بوو و بردنى بۆ فەرمانگەى پۆليس، بەهايەكى كەمى نەبوو.
پياوەكەى ئێمەش، تاڕادەيەك بەدەم گياندانەوە؛ بەناو كوچە و كۆڵانەكانى شاردا سەرگەردان بوو، بە ئومێدى ئەوەى نامەيەك بدۆزێتەوە، بە ئومێدى ئەوەى كەسێك باس لە سندووقێكى گەورە و قايمى پڕ لە نامە بكات، بێئەوەى بزانێ دەبێ چى بكا.
ئەوەى سەرۆكى دزەكان گوتى ئەمە بوو، كە دەبێ نامەكان بسووتێنن ياخۆ بيانخەنە ناو ڕووبارەوە، بەجۆرێك كە دەسبەجێ بفەوتێن. بەڵام لاوترين دزيان لەوانى تر باشتر بوو، بيرۆكەيەكى گەورە هات بە مێشكيدا.
ڕۆژێكيان پياوەكەى ئێمە، پاش ئەوەى هەموو عەسر و ئێوارە گەڕابوو، گەڕايەوە ماڵەوە و بە كردنەوەى سندووقى پۆستەكە، هەڵيبێنە چى بينى؟ نامەيەك... دزەكان بڕيارياندا بوو نامەكانى بۆ بنێرن، بەڵام بەوجۆرەى كە ژنەكەى فەرمانى پێكردبوون، ڕێك پانزە ڕۆژ جارێك نامەيەك بنێرن.
ئێستا پياوەكە سەرلەنوێ ژيابووەوە، بە ئومێدى گەيشتنى ئەو ساتانەى نامەيەكى تێدا بخوێنێتەوە، كە ژنەكە بڵێت:
"بەم زووانە دەگەڕێمەوە."
* ئێدواردۆ گاليانۆ (1940 - 2015) بەناوبانگترين نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووسى ئورۆگوايى. كتێبى (دەمارە كراوەكانى ئەمريكاى لاتين) يەكێكە لە بەناوبانگترين بەرهەمەكانى و ڕۆمانە سێيينەكەى (يادگەى ئاگر) بۆ زۆربەى زمانەكانى جيهان وەرگێڕدراوە.
#چيرۆك
#ئێدواردۆ_گاليانۆ
#ئارام_ڕەشيد


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە