266063619_10160251860942878_8499656387955236239_n.jpg

لە دەرەوەی سینەما دەمەتەقێیەک لەگەڵ ئینگمار بێرگمان_بەشی چوارەم و کۆتایی

سازدانی: ئەی. ئەلڤارێس


و/ دلاوەر
١٩٧٥
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
|||| بەشی چوارەم و کۆتایی

ئەلڤارێس:
ئایا لە هەمان قۆناغدا بوو "پێرسونا" تان دروست کرد؟ فیلمێک کە بە بڕوای من باشترین فیلمتانە.
بێرگمان:
بەڵێ. لە هەمان قۆناغدا بوو. دوو ساڵ بوو بەڕێوەبەرایەتی "شانۆی گەل"م لە ستۆکهۆڵم لە ئەستۆ گرتبوو. لە بەرایی پاییزدا یەخەگیری ڤایرۆسێک بووم و نیشانەکانی دەردەسیم تێدا بینرا. وێڕای ئەوەش توانای هاوسەنگیم بزر کرد. بۆ ماوەی چوار مانگ لەسەر کورسی دانیشتم و لە خاڵێکی سەر دیوار ورد دەبوومەوە. ئەگەر گچکەترین جووڵەم کردبا، ئەوا دەتگوت هەموو دنیام بەسەردا دەڕووخێ. هەر بۆیە بیرۆکەیەکم بۆ هات. بیرۆکەی دروست کردنی فیلمێک بە دوو کەسێتییەوە کە یەکێکیان قسە دەکا و ئەویتریان تەنها بێدەنگ دەبێ. لە مانگی یونیدا سیناریۆکەم نووسی و لە ئۆگۆستیدا بردمە بەردەم کامێرا. وێنەگرتنی ئەو فیلمە ژیانی منی ڕزگار کرد. چونکە کاتێک دەستمان پێ کرد، هەستم دەکرد دەست و لاقم لە کۆت و زنجیردان، پاشان کتوپڕ هەموو شت گۆڕا. سەرنجم دا دەتوانم واز لە شانۆی گەل بهێنم. هەستم کرد پیاوێکی ئازادم کە دەتوانم تەڵاق وەربگرم و دەستبەرداری ژیانی کۆمەڵایەتیم لەم شارە ببم و بۆ دوورگە بڕۆم. لەو سەردەمەدا ڕزگارییەکی ترم ئەزموون کرد. هەموو ژیانی خۆمم بە شەڕکردن لەگەڵ مەسەلە ئاینییەکاندا بەڕێ کردبوو. پاشان نەشتەرگەرییەکی سادەم ئەزموون کرد و ماوەی پێنج سەعات بێهۆش بووم. تەواو بێدەنگ. تەواو مەحف و ئازاد. دوای ئەو ئەزموونە پێنج سەعاتییە کە بوونی نەبوو، چیدی لە مردن نەدەترسام. باکم بە هیچ شتێک نەبوو کە لە دەرەوەی ئەم دنیایەدا بوایە. لەو کاتەوە بە دوا چیدی بیرم لە خودا نەکردەوە.
ئەلڤاریس:
چ سەیرە!
بێرگمان:
بەڵێ، سەیرە. لە ئێستادا بڕوام وایە کە هەموو ئەو سیفەتانەی ئێمە بە خودای دەدەین؛ لەوانە: خۆشەویستی، دلۆڤانی و جوانی، هەر هەمووی زادەی مرۆڤن. ئەو سیفاتانە لە ناوەوەی ئێمەوە دێن و بە بڕوای من پەرجۆی ڕاستەقینەش هەر ئەمەیە.
ئەلڤارێس:
ئەوە ئێستا من سەرنجی هۆکاری گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی کارەکانی ئێوەدا دەدەم. کەسایەتییە بەراییەکانی فیلمەکانی ئێوە ڕۆحگەلی سەرنجڕاکێش و پێچەڵپێچ بوون، بەڵام هیچکامیان دڵیان نەبوو، یان بەو جۆرە پیشان دەدران کە دڵیان نییە. حاڵیحازر ئێستا ئەوان کەمتر تەنیا و کەمتر بێبەرگری (زیانەوین) ترن. وا نییە؟
بێرگمان:
مرۆڤەکان دەگۆڕێن. خودی خۆتان ئایا لە هەرزەکارییدا هەوڵتان نەداوە خۆتان بناسن؟ کتوپڕ هەستێکی سەیر و فەرامۆشکراوتان بیر دێتەوە، هەستێک کە لە ماوەی ٥٠ ساڵدا لەبیرت کردووە و ئەمەش ڕێک لە کاتێکدا ڕوو دەدا کە ئێوە لە دوورگەیەکی ئارامدا ژیانێکی ڕێکوپێک و دوور لە هەراوزەنا دەست پێ دەکەن و خەڵکانێک بە چواردەورتەوە دەبن کە چێژ لە بوونت لەگەڵیان دەبەی. گرینگ دۆزینەوەی ڕیتمی تایبەتی و کەسەکی ژیانی خۆتانە. من پێم وایە کاتێ ئەو ڕیتمە دەدۆزیتەوە، ئەوا لێدانی دڵت لەگەڵ خرۆشی ڕۆحتدا هاوئامێز دەبێ و ڕیتمی تایبەتیت دەفۆرمێنێ. ناکرێ باوەڕێکی لەم چەشنە وەهم یان ئەفسانە بێت. بەڵکو بەشێکە لە ڕامانی پیشەیی من. ئەگەر ئێوە ژیانێکی ئارامتان هەبێ یان ڕۆژانە لانی کەم بۆ ماوەی سەعاتێک لە ئارامیی تەواوەتی لە سووچێکدا دابنیشن، ئیدی وردە وردە ڕیتمی خۆتان دەدۆزنەوە. بەڵام مەخابن زۆرینەمان وا ناکەین و بە نکوڵی لێ کردنیشی، هەم لە ڕووی لەشیی و هەم لە ڕووی ڕۆحییەوە زەبر لە خۆمان دەدەین. بابەتی گرینگ ئەوەیە مۆڵەت نەدەی خەڵکانی تر و ڕەوش و هەلومەرجەکانی دەرەوە زیان لەو ڕیتمە بدەن. دیارە سترێس هەندێ جار بۆ مرۆڤ گرینگە. باشترە هەندێ جار لەم دوورگەیە بچمە دەرێ و پەنا بۆ ژیانی بە هەڵپەی شار ببەم. ئەوە تەنها هەندێ جار. کاتێ بنیادەم ڕیتمی خۆی دەدۆزێتەوە، هاوکات شتگەلی تریش بەدەست دەهێنێت.
ئەلڤارێس:
لەگەڵ ئەوەشدا، گوشار و سترێس هەروەک تەنیایی، کاکڵەی بنچینەیی فیلمەکانی ئێوەن. بۆ نموونە فیلمی ئایندەی ئێوە، "ڕووبەڕوو"، لەبارەی خۆکوژییەوەیە، کە دەتوانرێ ئەوە وەک جیددیترین گوشاری ڕۆحی/ دەروونی مرۆڤ وەربگیرێت. ئایا کاکڵەی ئەم فیلمە هەروەک "دیمەنگەل لە ژن و مێردایەتییەک"، تەواو کەسەکییە؟
بێرگمان:
بەڵێ، من چەندین جار بیرۆکەی خۆکوشتنم بۆ هاتووە. ڕێک وەک ئێوە، بەڵام کاری داهێنەرانە ڕزگاری کردووین. من هەمیشە ئیش دەکەم و ئێوە ناتوانن کاتێ خەریکی وێنەگرتن یان مۆنتاژی فیلمێکن خۆتان بکوژن. من ئیرەییتان پێ نابەم، لەبەرئەوەی وەک نووسەر ئێوە زۆر تەنیان. بەڵام من لەگەڵ خەڵکدا ئیش دەکەم- ئەکتەران و تەکینیککاران – و ئەم ئامادەییە لەگەڵ خەڵکدا ڕزگارم دەکا. ئێوە سەعات چوار لە کاتێکدا شەیتانەکان چۆک لەسەر سینگت دادەدەن و دۆزەخ بە دەوری سەرتاندا دەسووڕێتەوە، لە خەو بێدار دەبنەوە، بەڵام ناچارن سەعات شەش لە جێگاکەتان هەستن و بۆ هۆڵی شانۆ، یان ستۆدیۆی فیلمسازی بڕۆن. زۆر زوو دەرگیری بابەتەکان دەبین، بابەتی هونەری، وێرانکارییەکانی خەڵک. ئەوکات هەست دەکەن کە ئێوە و ئەودوای ئەندامانی گرووپەکە تەنها ئەندامانی یەک لەشن و ناوتان کۆمپانیای فیلمسازییە. پاشان لە فیکرەوە دەچیت "ئای خودێی دلۆڤان، ئەوە خۆ ئەمڕۆ بەیانی نیازم وا بوو خۆم بکوژم، چ خەیاڵێکی تووڕەهات!" هەربۆیە ئەگەرچی یەخەگیری سترێس دەبم، بەڵام هەوڵ دەدەم بەسەر کێشەکاندا زاڵ ببم. من مرۆڤێکم چێژ لە ئیشکردن لەگەڵ ئەکتەراندا دەبەم. بە درێژایی ساڵانێک کە لەم دوورگەیەدا دەژیم، تەنانەت بۆ یەک چرکەش بیرم لە خۆکوشتن نەکردووەتەوە.
ئەلڤارێس:
لەبەرئەوەی دوورگەکە زۆر جوانە؟
بێرگمان:
نا لەبەرئەوەی کە هەموو شتەکان زۆر ڕاستەقینەن. هەستی هەڤگریی ئێوە بە تەرزێکی تەواو قاییل دەبێ و بابەتەکانی پەیوەست بە ژیانی ئێوەوە، شێوەی واقیعییانەی وردی خۆی، نە کەمتر و نە زیاتر بەدەست دێنێ. ئەگەر تووڕە ببم و بچمە دەرەوە و لە کەنار دەریا هاوار بکەم، ئەوا ڕەنگە باڵندەیەکی گەمژە لە چڵێکەوە بفڕێت، بەڵام ئەگەر لە ستۆدیۆ هاوار بکەم ئەوا دنیا بەسەر یەکدا قڵپ دەبێتەوە و هەمووان لەوبارەیەوە دەدوێن. ئیدی تێگەییشتنێکی هەڵەم بەرامبەر بە خۆم لەلا دروست دەبێ. لە دوورگە کەس گرینگییم پێ نادات.
ئەلڤارێس:
ئایا کاتێک لە دوورگەیت، سەختتر کار دەکەی؟
بێرگمان:
نا، هەرگیز. نزیکەی چوار سەعاتێک لە ڕۆژدا. لە دەی بەیانییەوە تا یەک و لە یەکی پاشنیوەڕۆوە تا سێ ئیش دەکەم. پاشان سەعاتێک دەخەوم. دوای ئەوە بۆ گوند دەڕۆم و ڕۆژنامە و نامەکانم وەردەگرم. عەسران بە زۆریی کتێب دەخوێنمەوە، یان تەماشای فیلم دەکەم، یاخود بۆ دیداری هاوڕێکانم دەڕۆم. من کۆمەڵێکی زۆر فیلمی دڵخوازی خۆمم هەن، کۆمەڵەیەکی تەواو تەکووز و پیشەیی.
ئەلڤارێس:
ڕەنگبی ئێوە گەییشتبنە ڕێگەچارەی کەسەکیی گونجاو، بەڵام ئایا ئێوە گەشبینن سەبارەت بە ئەزموونی سوێدییەکان لە ڕۆنانی بەهەشتی زەمینیی؟
بێرگمان:
ڕاستیت دەوێ نەء. بەڵام دەبێ ددان بەوەدا بنێم کە هەوڵدان بەهەرحاڵ شتێکی جوانە. شتێکی نزیک لە دەروونشیکارییە: بۆی هەیە ٥ یان ٨ یاخود ١٠ سەعات بخایەنێت. بۆیشی هەیە تەواوی ژیانتان داگیر بکا، بەڵام هەمیشە ئومێد بۆ گەییشتن بە سەرکەوتن، بوونی هەیە. کێشەکە لەوێدایە هەموو شت دواجار لەگەڵ بوونەوەرێکدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە ناوی ئینسانە، بوونەوەرێک کە بە بڕوای من بونیادی بوونێکی بێ سەروبەرەی هەیە. ئەگەر توانیبات ڕەفتاری خۆتان لەگەڵ خەڵکانی تردا لە دەرەوەڕا تەماشا بکردایە، ئەوا بەو دەرەنجامە دەگەییشتن کە هیچکام لەو ڕەفتارانە ئەقڵانی و مایەی تێگەییشتن نین. ناتوانرێ هیچکام لەو ڕەفتارانە لە ڕووی ئایینی یان سیاسییەوە ڕاڤە بکرێن. ئێمە تەنها پێکهاتەیەکی سەیرین، ئەزموونێکی سەیرین لە ژیانی ماددییدا. وا بزانم ڕۆژێک لە ڕۆژان دیار نامێنین و مێرووەکان دەگەڕێنەوە. لەبەرئەوەی تاقە پێکهاتەی کامڵی زەوی، مێرووەکانن. کاستلەر تیۆرەیەکی هەیە و باوەڕی وایە مێشکی مرۆڤ لە وەرەمێکی شێرپەنجەیی دەچێت. ئەو پێی وایە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە کەللەی مەیمووندا شتێک ڕووی داوە و لەسەر مێشکە گچکە و کامڵەکەی ئەو، مێشکێکی تر وەک خانەی شێرپەنجەیی گەشەی کردووە. ئەم مێشکە نوێیە پێکهاتەکی گەمژانەیە کە لەگەڵ هیچکام لە بەشەکانی تری ئەم جیهانەدا پەیوەندی و هاوگونجانی نییە. ڕایەڵی نێوان ئاوەزی نوێ و ئاوەزی کۆن زۆر دژوار و هەندێک جار مەحاڵە. لەبەرئەوە جۆری مرۆڤ هەمیشە ئازار بەو شێرپەنجە مێشکییەوە دەکێشێت. ئێمە ناچارین لەبری ئەو مێشکە کۆنەی کە بۆ بەڕێوە بردنی شتگەلی بەرایی سادە و تاسەر ئێسک ڕەسەنی ئێمە بەس بوو، بە کۆڵ ئەم مێشکە ناپێویست و ناکردەگی و قەبەیە لەگەڵ خۆمان بەملاولادا کێش بکەین. من ئەم تیۆرەیەم خۆش دەوێ. ڕەنگە ڕاست نەبێ، بەڵام بە باشی لەگەڵیدا هەڵ دەکەم. لەبەرئەوەی بەرامبەر بە ئایندەی بەشەر زۆر خەراپ ڕەشبینم. هێشتا وا بیر دەکەمەوە کە ژیانکردن شتێکی خۆشە.
ئەلڤارێس:
پێتان وایە ئەگەر تەنها ئەو مێشکە گچکەیەی مەیموونمان هەبوایە، ئەوا هەموو شت مایەی چ بێزاری و ماندووییەک دەبوو!
بێرگمان:
بێگومان. منیش نامەوێ بگەڕێمەوە سەرەتای ڕێگاکە. من هەموو شتێکم بەو شێوەیەی کە هەن، خۆش دەوێن. بێدار بوونەوەی سەعات چوارانم لەکاتێکدا کە تا سەر لێواری مەرگ زەندەقم چووە، خۆش دەوێ. بەڵێ، من چێژ لە زەندەقچوون تا سەر لێواری مەرگ دەبەم. ئەو چێژە بە هیچ شتێک ناگۆڕمەوە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
فۆتۆکە: فیلمی "پێرسونا"
ساڵی ١٩٦٦
بە پاڵەوانێتی: بیبی ئەندێرشون و لیڤ ئولمان


ئەم بابەتە 63 جار خوێندراوەتەوە